ژیان دۆستی ڕەمزی شارستانییەتی هەر کۆمەڵگایەکە!

6 ساڵ لەمەوپێش



رێبوار عارف

لەم ساڵانەی  ڕابردودا لێرەو لەوێ حاڵەتگەلێکی تایبەت بەدیدەکرێت کەسیمای سەرهەڵدان و گەشەکردنی دیاردەی جوان و شارستانی بەدوای خۆیاندا رادەکێشێت. دیاردەیەک کە دەیەوێ پێمان بڵێت ئەم کۆمەڵگایە شایستەی ئەوەیە کەچیدیکە لەو ڕابردووە شەڕەنگێز و پڕ تووندوتیژییەدا نەمێنێتەوە. دیاردەەیەک ئەگەرچی لەئێستەدا ژمارەیان بە ئەندازەی پانتایی کۆمەڵگا فراوان نییە، لە هەندێک ناوچەدا ڕۆژ بەڕۆژ ڕێژەی ئەو کردارانە زیاترو زیاتر پەرەدەستێنێت. ئەو کردار یان نەریتانە خۆیان لە کردنەوەی قەفەزەکان و ئازادکردنی کەو، باڵندەو ئاژەڵە کێوییەکاندا دەبیننەوە،  کە ناوبەناو کۆمەڵێک ئینسانی جوانی لە دەوری یەک کۆدەبنەوەو لەپڕێکدا وێنەو گرتەی ئازادکردنی ژمارەیەک لە ئاژەڵ و گیانلەبەرانمان نیشان دەدەن. ئەم کردەیە لەکاتێکدایە کەیەک بەیەکی ئەو ئینسانانە بەکارێک کە ئەنجامی دەدەن، هەست بە غرور و شانازییەکی تایبەت دەکەن، بەڵام تەنیا بەوەوە ڕاناوەستێت و  ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەخەڵکانی ژیان دۆست شادو دڵخۆش دەکەن!
بەرنامەیەک کە لەم ڕۆژانەدا سەرنجی ڕاکێشام، چاوپێکەوتنێکی کەناڵی ڕووداو بوو لەگەڵ بەڕێزێک بەناوی کاک سیروان و خێزانەکەی، سەبارەت بە ئەزمونی ئاژەڵدارییان. زۆنی کامێرەکە بەنێو ئاپۆڕەی سەگ و پشیلەکاندا گوزەری دەکرد... کاتێک کە گوێبیستی ئەو ژن و پیاوە دەبین، مرۆڤ هەستی بە ئاسودەدی و ڕاوەستانێکی تایبەت دەکرد سەبارەت بە کارێک کە شایستەی ڕێزلێنانە. داستانەکە بەمشێوەیە دەستپێدەکات؛ ژمارەیەکی زۆر سەگ و پشیلە لە ماڵەکەیاندا سەرگەرمن و ئەوانیش بەسیمایەکی حەزین و پڕ لە بڕوا بەخۆبونەوە بە گەروویەکی گیراوەوە چیرۆک و داستانەکانی ڕۆژانەیان دەگێڕایەوە، سەبارەت بە دەستپێکردنی ئەم کارەو کۆکردنەوەو بەخێوکردنی سەگ و پشیلەکان. بەجۆرێک لە ئێستەدا ئەو خێزانە 27 سەگ و 15 پشیلەیان هەیەو لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردودا زیاتر لە 200 سەگ و سەد پشیلەیان گرتووەتەخۆ، پاش چارەسەرکردنیان بەخشیویانن بە کەسانێک کە ئارەزومەندن بۆ بەخێوکردنیان.
کاتێک کە هاوژینەکەی کاک سیروان دەستی بەگێڕانەوەی چیرۆکەکان کرد، ئاماژەی بەو دووڕیانە کرد کەچۆن گوشارێکی کۆمەڵایەتی زۆریان لەسەر بووەو سەرزەنشتەکانی ڕۆژانە پاڵیان پێوەدەنێن بەئاراستەی دەستهەڵگرتن لەم ئاکارە «گڵاوە» بەردەوامبوونی فشاری کەسانێکی دەوروبەریان بۆ وازهێنان لەم نەریتەی کە لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتیانەوە بە گڵاو گوناه و عەیبە تومارکراوە.
ئەوەی لەمبارەیەوە دەمەوێت قسەیەکی لەسەر بکەمك ئەو دووریانەیە لەنێوان بەردەوامبوونی ئەم کارەو ڕێگرییەکانیدا. تۆبڵی ئەم هەموو تانەو تەشەرە بۆچی بێت؟! ئەی ئەو لێبڕان و بەردەوامبوون ، بێ باکییە چۆنە لەم کۆمەڵگایەدا مللی ڕێدەگرێت، لەکاتێکدا تۆ لە نزیکترین خەڵکانی دەوروبەرت تا نەیارانی فکری و فەرهەنگی کۆکن لەسەر ئەوەی کەبڵێین نا، عەیبە، شورەییە، گڵاوە!
ئەوەی کە لەنێوان دوالیزمی ڕاڤه‌کردنی ئەم حاڵەت یان حاڵەتانەدا، پێویستیان بە تیاڕامان و بەدواچوونێکی زیاترە، ناسینی هۆکارەکانی ئەم دوو ئاڕاستەیە، ئاخر بیرو ڕای زاڵ، سەرگەرمی تەنگ پێهەڵچنینی ئەو نەریتە ژیاندۆست و شارستانیەتەیە کە دەیەوێت لەبەرامبەر بەو نەریتە شەڕئەنگیزو پڕ لە تووندوتیژییەدا سونەتگەلێکی تر بکاتە هێمای پێکەوە ژیانی ئینسان و بوونەوەرەکانی تر، کە ئەویش ئاشتبوونەوەیە لەگەڵ جیهانی ئاژەڵ و سروشت و هەموو بوونەوەرەکانی تردا. بەڵام دیارە ژیاندۆستی لەسەر زەمینێکی ئاسایش و ئارام بەرهەم دێت و شتێکی ئیرادەگەرییانە نییە، شەڕ و نا ئارامی تەنیا جەسەدی ئینسانەکان لەگۆڕ نانێت، تەنیا بیناو باڵەخانەکان وێران ناکات، بەڵکو لەڕاستیدا دنیایەک وێرانکاریی کۆمەڵایەتی و کلتوری گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت، بەجۆرێک کە بە تەواوی مانا تەنگ بەهەر جریوەیەکی ئنیسان دۆستانە هەڵدەچنێت. ئاخر تۆ لەکاتی جەنگدا کاتێک دەبینیت خۆشەویسترین کەسانی دەوربەرت لە خوێندا دەگەوزێن، مەحاڵە بیر لە باڵندە و ئاژەڵەکان بکەیتەوە،  قانونمەندییەکانی جەنگ قانومەندی وەحشیانەیە، تۆ لە جەنگەڵستانێکدا دەژیت کە هیچ بنەماو پێوانەیەکی ئینسانی تێدانیە. بۆیە کاتیک کە قسەکردن لەسەر ژیان دۆستییە، ئەوا مرۆڤ پێویستی بە دۆخێکی ئاسایش و ئاسودەییە کەتیدا بژی. دەنا ژیان دۆستی گەر مەحاڵیش نەبێ ئەوا بەتەواوی مانا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بارودخی گشتی بێ بەهابونی حورمەتی ئینسانیمانەوە! کەواتە با کەمێک بێینەوە سەر جەنگ و کاریگەرییەکانی کە چۆن لەم کۆمەڵگایەدا ملیۆنەها ئینسانی ڕاپێچی گۆڕستانەکانی مەرگ کردووە.
جەنگ و نائەمنی تەنیا جەستەمان لە گۆڕنانێن!
ئەگەر تەنیا ڕووداو و وێرانکارییەکانی دوای شەڕی جیهانی دووەم لەبەرچاوبگرین، گومانی تیدانییە کە قوربانییەکانی کۆمەڵگای ئێمە لەم گوزەرە خوێناوییەدا چەند ملیۆنێک ئینسان تێدەپەڕێنێت!  شەڕو پێکادانەکانی ناوخۆی عیراق بە کوردستانیشەوە تا سەردەمانی هەشت ساڵ شەڕی ئێران و عێراق، ئەنفال و کیمیاباران، سەردەمانی هەردوو جەنگی گەورەی یەکەم و دووەمی خلیج، اعدام و تۆپبارانەکان، گەمارۆی ئابوری کە سەدان هەزار منداڵ لەبرسا مردن. هەروەها بەدرێژایی ئەم مێژووە شەڕەکانی ناوخۆی ئەم حزبە قەومی و مەزهەبییانە...! بەمشێوە ئەم مێژووە خوێناوییە درێژەی پێدراوە تا قوناغی لە گۆڕنانی بەعس، ئەویش بەنرخی گیانلەدەستدانی سەدان هەزار ئینسانی تر. با لێرەدا واز لە ئاماری شەڕ و کوشتارەکانی دواتر بهێنین کە زۆرجار بەنزیک لە ملیۆنیک ناودەبریت. نابێت لەبیرمان بچێت یەکێک لە کاریگەرییە مەترسیدارەکانی یەک بەیەکی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە، بارگاوی بوونی کۆمەڵگایە لە ڕێگەی پیسبوونی ژینگەو بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدارەکانەوە.هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کە بێدەربەست بوونی ئەم دەسەڵاتە سەبارەت بە ژیان و ئاسایش و تەندروستی کۆمەڵگا، گەیشتۆتە لوتکە. فاکتەری دووەم بۆ دوورکەوتنەوە لە دۆخی ژیاندۆستی و ئاشتبوونەوە لەگەڵ گیانلەبەر و ئاژەڵەکان، دەوری ئاین و هەموو ئەو داب ونەریتانەیە کە مەرگ دۆستی و تووندتیژی و قێزهاتنەوە بە دوای خۆیدا دێنێت. کاتێک کە زۆرێک لە ئاژەڵەکان لە ڕوانگەی ئاینەوە پیس و گڵاو و نەفرەت لێکراو وەڕزکەرن؛ ئیتر هەر ڕێژەیەک لە نزیککەوتنەوە لە ئاژەڵ بەرانبەرە بە پەراوێزخستن و فتوادان و ناشیرینکردن و تەحریمکردن. هەموو ئەمانە لەکاتێکدا زۆر مەترسیدار و زیانبارتر دەبن کە دەسەڵات نەک هەر تەنیا لە لوتکەی نابەرپرسیاریدایە، بەڵکو لەڕاستیدا سنوری تراژیدیاکانی ڕۆژانەی فراوانترکردوەتەوەو بەپێچەوانەشەوە بەشێک لەم ئالودەکردنەی ژینگەو دوورکەوتنەوە لە ئاژەڵ لە تونێلی نەخشەو پیلانەکانی ئەوانەوە دەردەچێت. ئەمە جگە لە دەیان پەندو دەربڕین و زاراوەی پڕ لەسوکایەتی کردن کە زۆرجار ئاژەڵەکان، بۆ هێما بەکردەوەیەکی ناپەسەند بەکاری دەهێنرێت؛ لە چەشنی «ئەڵێی کەرە، دەنگی لە دەنگی کەر دەچێت، کەرباب، کوڕی کەر، سەگ باب، وەک سەگ بیتۆپێنە، ئەڵێی حەیوانە، لە حەیوان بوو، سەگ ببینم و ئەو نەبینم، ئەڵێی سەگی گڵاوە...» ئەمانەو دەیان دەربڕینی تر پاشگرن بۆ ناشیرین نیشاندانی ئاژەڵ و دورخستنەوەیان لە ژیانمان. ئالێرەدایە گەر کاتێک کەسێک سەرگەرمی بەخێوکردن و پارێزگاریی کردنە لە هەر ئاژەڵێک ئیتر فشار و سەرزەنشتکردن دەبێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی ئەو کەسە؛ بۆیە دەبینین دەرککردنی هاوژینەکەی کاک سیروان کارێکی دژوار نییە. کەچۆن تا دوریانی وازهێنان لەم نەریتە ژیان دۆستیە دەڕوات، بەڵام ورەو بڕیاری بەرزترە، بۆیە بەردەوام دەبێت. 
ماوەتەوە بڵێین هەموو تەقەلاکانی ڕۆژانەی هەرتاکێکمان کارێکی شایستەیە کە دەبێت لەهەوڵی گەشەپێدان و فراوانکردنەوەیاندا بین، بەڵام هەقیقەت ئەوەیە کە ڕیشە داکوتانی ئەم حاڵەتانەو کۆمەڵایەتی کردنەوەی ئەم نەریتانە لە گرەوی بەرپرسیارکردنی دەسەڵات و هەڵپێچانی هەموو ئەو ڕێگرییانەیە کە بەربەست دروست دەکات، لەبەردەم نزیکبوونەوەو ئاسایکردنەوەی ژیانمان لە ئاژەڵ و لە ژینگەیەکی تەندرووستدار و بێ کێشە. لەگرەوی بوونی دەسەڵاتدارییەک دایە کە ئینسان و ئینساندۆستی بە ناوەندو بڕیاردەری سەرەتاو کۆتایی بزانێت. لەگرەوی دوورکەوتنەوە لە جەنگ و تووندتیژی لە ستەم و نابەرانبەری و هەڵاواردن. دوورکەوتنەوە لە کۆی ئەو کلتورو جیهانبینیەتە کۆنەپەرستانەی کە نزیکبوونەوە لە ئاژەڵ بەخەتاو هەڵەیەکی گەورە دەزانێت، بۆیە لە ئیفلاس بوونی خۆیاندا دەیانەویت بە وشەی گڵاو ئەو نەریتگەلە دیوارەکانی دورکەوتنەوەی مرۆڤ ئاژەڵ هەڵچنن!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار