47 کاریکاتێریستی باشورو ڕۆژهەڵات لەسلێمانى و سنه‌ پێشانگا ده‌کەنه‌وه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



لۆڤا محه‌مه‌د

پێشانگایەکی هاوبەشی کاریکاتێری بۆ هونەرمەندانی باشورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەشاری سلێمانی کرایه‌وه‌و ٤٧ کاریکاتێریست تێیدا به‌شداربوون به‌ ١٧٩ تابلۆی کاریکاتێری. بڕیاره‌ پێشانگاکه‌ له‌سنه‌ش بکرێته‌وه‌.

بەختیار سەعید، سەرپەرشتیاری ناوەندی حه‌وت ڕەنگ و پێشانگاکە، بە ‌هاوڵاتی وت «ماوەی دوو ساڵ زیاترە ناوەندەکەمان وەکو ناوەندێکی هونەری کار بۆ هونەری کاریکاتێری دەکات و چەندین پێشانگای تایبەت بەو هونەرەمان کردوەتەوە».

سەبارەت بە پێشانگاکەش ڕایگەیاند کەپێشانگاکە لەنێوان کاریکاتێریستانی باشورو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە لەژێر ناوی «ژینگە ژیانە»  که‌ تێیدا ٤٧ کاریکاتێریست بەشداریان تێداکردووە کە ١٢ کاریکاتێریستیان خه‌ڵکى باشور بوون و ٣٥ کاریکاتێریستەکەی دیکە لەڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشداربوون.
لەپێشانگاکەدا ١٧٦ تابلۆی کاریکاتێری نمایش کران کە هەریەکێک لەکاریکاتێریستەکان بە پێنج تابلۆ بەشداریان کردبوو کە سێ تابلۆیان تایبەت بوو بەژینگەو لەدوو تابلۆکانی دیکەدا ئازاد بوون کەچیان کێشابێت و نمایشی بکەن.

بەختیار سەعید نیگەران بوو لەوەی کە بەشێک لەکاریکاتێریستەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەیانتوانیبوو خۆیان لەپێشانگاکەدا ئامادەبن و تەنها وێنەکانیان ئامادەییان هەبووه‌.

وتی «بەهۆی ئەوەی کە دۆخی خەڵکی ڕۆژهەڵات باش نیەو لەسەر سنوریش لەکاتی هاتنیان بۆ باشور بڕێک پارەیان لێوەردەگیرێت، بۆیە نەیانتوانیوە کە لەپێشانگاکەدا ئامادەبن، بەڵام بڕیارە لەمانگی ١١دا لەشاری سنە بۆ دووەمین جار پێشانگاکە بکەینەوە».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار