سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغی: به‌رهه‌م ساڵح و ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵیدان ناتوانن هاوپه‌یمانى هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌

2018-11-08 14:48:17



سازدانى: ئارا ئیبراهیم
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغى ئه‌ندامی ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌ری هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری رایده‌گه‌یه‌نێت به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆکی پێشووى هاوپه‌یمانی و ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵیدا چونه‌ته‌وه‌ ناو یه‌کێتى ناتوانن هاوپه‌یمانى هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.

له‌م چاوپێکه‌وتنه‌وه‌ى هاوڵاتیدا سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغى باس له‌ کۆبوونه‌وه‌ى گشتى هاوپه‌یمانى ده‌کات که‌ سبه‌ینێ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

هاوڵاتى: کێ به‌شدارى کۆبونه‌وه‌ى گشتى  هاوپه‌یمانى ده‌کات؟
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغى: ئه‌نجومه‌نى به‌رێوه‌بردن نیوه‌یان دێت، ئه‌وانه‌ى خۆیان یه‌کلایکردۆته‌وه‌ که‌ ده‌چنه‌وه‌ ناو یه‌کێتى و له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی پێشووى هاوپه‌یمانی دا بوون ئه‌وانه‌ خۆیان رۆشتون و پێیان نه‌وتراوه‌ وه‌رن بۆ به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که‌. ئه‌ندامانى به‌رێوه‌بردن 15 که‌سن و نیوه‌یان پێیانوتراوه‌ و به‌شدارده‌بن، بێجگه‌ له‌مانه‌ ئه‌نجومه‌نى گشتى که‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ سه‌د که‌سه‌ به‌شدار ده‌بن.

له‌ 19ى مانگى ئه‌یلولى ئه‌مساڵه‌وه‌ که‌ ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ى دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح کراوه‌ تا ئێستا ئاماده‌کاریمان کردووه‌ بۆ کۆبونه‌وه‌، خۆت ده‌زانى رۆژانه‌ هه‌ندێکیان ده‌رۆنه‌وه‌ نێو یه‌کێتى و هه‌ندێک خۆى ده‌ستله‌کارده‌کرێشێته‌وه‌، ئه‌وانه‌شى دڵنیاین له‌وه‌ى که‌ سه‌دا سه‌د هاوپه‌یمانین، ئه‌وانه‌ به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که‌ ده‌که‌ن.

هاوڵاتى: ئه‌ندامانى دامه‌زرێنه‌رى هاوپه‌یمانى چه‌ندیان ماون و چه‌ندیان چونه‌ته‌وه‌ ناو یه‌کێتى؟
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغى: ئه‌ندامانى دامه‌زرێنه‌ر من و مامۆستا ئارام قادر و مامۆستا محه‌مه‌د ره‌ئوف ماوینه‌ته‌وه‌و ئه‌وانى تر خانم ره‌حیمى تێدا بووه‌ پێشتر سه‌ربه‌خۆ بووه‌و یه‌کێتى نه‌بووه‌، پێى وتراوه‌ به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که‌ بکات، ئه‌وانى تر پێیاننه‌وتراوه‌.

هاوڵاتى: به‌پێى یاساى حزبه‌کانى هه‌رێم ئه‌وانه‌ى دامه‌زرێنه‌رن مافى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هاوپه‌یمانى هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌؟
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغى: ئه‌و یاسایه‌ى هاوپه‌یمانى پێ دامه‌زراوه‌ یاساکه‌ى به‌غدایه‌ که‌ له‌ ساڵى 2015 ده‌رچووه‌، به‌پێى یاساکه‌ ده‌ڵێت هه‌ر قه‌واره‌یه‌کى سیاسى له‌هه‌موو عێراق ده‌توانێت ئیشى خۆى بکات، سه‌رۆکی پێشووى هاوپه‌یمانی و ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵیدا چونه‌ته‌وه‌ ناو یه‌کێتى ناتوانن هاوپه‌یمانى هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌، چونکه‌ به‌پێى یاساى ئه‌حزابى عێراقى و به‌پێى په‌یره‌وى ناوخۆى هاوپه‌یمانى ئه‌وه‌یه‌ که‌ هاوپه‌یمانى وه‌ک قه‌واره‌یه‌ک ده‌توانێت خۆى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ نه‌ک وه‌ک سه‌رۆکه‌که‌ى یا ئه‌ندامانى دامه‌زرێنه‌رو به‌رێوه‌بردن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یان نییه‌، ده‌بێت یا له‌کۆبونه‌وه‌ى گشتى یان له‌ کۆنگره‌دا ئه‌و بریاره‌ بدرێت.

هاوڵاتى:کۆبونه‌وه‌تان ئامانجى چییه‌؟ ئایا ناوى هاوپه‌یمانى ده‌گۆرن؟
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغى: سبه‌ینێ کۆمه‌ڵێک ته‌وه‌ر قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌کرێت که‌ گرنگه‌ بۆ داهاتووى هاوپه‌یمانى بۆ داهاتوو یه‌کلایبکاته‌وه‌، یه‌کێک له‌وانه‌ خۆ رێکخستنه‌وه‌و دیاریکردنى سه‌رۆک یان ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى یا هاوسه‌رۆکى له‌ئارادایه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ده‌کرێت، ئه‌ندامانى گشتى بریار ده‌ده‌ن سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ى چۆن ده‌بێت و بریارى له‌سه‌ر ده‌درێت.
له‌سه‌رو به‌ندى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى کوردستاندا ئێمه‌ خه‌ریکى هه‌موارکردنه‌وه‌ى په‌یره‌و بووین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و هه‌مواره‌ى ئاماده‌مان کردووه‌ قسه‌ى له‌سه‌ر بکرێت و ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت.
خاڵێکى تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێستا له‌ناو هاودیدانى هاوپه‌یمانى که‌ بریاریانداوه‌ بمێننه‌وه‌ ده‌نگۆیه‌ک هه‌یه‌ که‌ پێیانوایه‌ بۆ قۆناغى داهاتوو ناکرێت هه‌ر به‌ناوى هاوپه‌یمانیه‌وه‌ کار بکه‌ین، به‌ڵام ده‌نگێکیش هه‌یه‌ ده‌ڵێن له‌به‌رئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى پێى ناسراوین و پێى دامه‌زراوین دوو په‌رله‌مانتارمان له‌به‌غدا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ ده‌کرێت سبه‌ینێ یه‌کلایببێته‌وه‌.

هاوڵاتى: به‌ڵام به‌رپرسانى یه‌کێتى ده‌ڵێن دوو ئه‌ندامه‌که‌ى هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ فراکسۆنى یه‌کێتى کار ده‌که‌ن له‌به‌غداو ته‌نها راگه‌یاندنى ماوه‌؟
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغى: به‌پێى ئیستحقاقى ده‌نگه‌کانى هاوپه‌یمانى دوو ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراقمان هه‌یه‌، له‌ئه‌نجامى تۆمارکردنى هاوپه‌یمانى بۆ دیموکراسى و دادپه‌روه‌رى له‌ ئه‌نجامى به‌شداریکردنى له‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران هێنانى رێژه‌ى 130 هه‌زار ده‌نگ دوو کورسیمان به‌ده‌ست هێناوه‌.
به‌پێى هه‌موو پێوه‌رێکى یاسایى و سیاسى و ئه‌خلاقى ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مان، ئه‌ندامى هاوپه‌یمانین.

هاوڵاتى: ئایا قسه‌تان له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ کردووه‌ که‌ له‌سه‌ر هاوپه‌یمانى ماون یا له‌گه‌ڵ فراکسۆنى یه‌کێتین له‌به‌غدا؟
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغى: هه‌تا ئێستا ئه‌وان ئه‌ندامى هاوپه‌یمانین هیچ جوڵه‌و لێدوانێک و داواکارییه‌کیان نه‌کردووه‌ که‌ له‌نێو هاوپه‌یمانى نامێننه‌وه‌، وتویانه‌ هه‌تا هاوپه‌یمانى بمێنێت ئێمه‌ش ئه‌ندامى هاوپه‌یمانین.
ئه‌و هاودیدانه‌ى له‌گه‌ڵ رێبوار که‌ریم مه‌حمود و عه‌بولبارى دانیشتون تازه‌ به‌ ده‌ق وتویانه‌ که‌ ئه‌ندامى هاوپه‌یمانین تا هاوپه‌یمانى بمێنێت.

هاوڵاتى: سه‌رۆکی پێشووى هاوپه‌یمانی داواى کردووه‌ هاوپه‌یمانى هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌و نه‌مێنێت یا ناوه‌که‌تان بگۆڕن؟
سه‌رگوڵ قه‌ره‌داغى: من له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا نه‌بووم که‌ ئه‌و داوایه‌ى کردووه‌، به‌ڵام بیستومه‌ سه‌رۆکی پێشووى هاوپه‌یمانی داواى کردووه‌ هاوپه‌یمانى هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌ یا لانى که‌م ناوه‌که‌ى بگۆڕن.

هاوڵاتى: ئایا ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانى درێژه‌ به‌کارى خۆى ده‌ده‌ات له‌رووى داراییه‌وه‌ چى ده‌که‌ن؟
سه‌رگوڵ قه‌رداخى: من زانیاریم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار