پەرلەمانتارانی ھاوپەیمانی لەبەغدا: بەردەوامبونی ھاوپەیمانی بە جۆر و پێکھاتەی ئێستای ئاسان نییە

6 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

پەرلەمانتارانی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەبەغدا ڕایدەگەیەنن،  بەردەوامبونی ھاوپەیمانی بە جۆر و پێکھاتەی ئێستای ئاسان نییە.

لەبەیاننامەیەکدا ئەو دوو پەرلەمانتارە ئاماژەیان بەوەکردووە، "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ھەر بڕیارێک سەبارەت بە ئایندەی ھاوپەیمانی دەدرێ، بڕیاری ھەمووان بێت. جا ئەو بڕیارە بە ھەڵوەشاندنەوە بێ یان بەردەوامی. ئێمە پێمانوایە بەردەوامبونی ھاوپەیمانی بە جۆر و پێکھاتەی ئێستای ئاسان نییە و باش نییە.".

ھەڵوێستی ئەو دوو پەرلەمانتارە دوای ئەوەدێت کە ھاوپەیمانی ئەمڕۆ بڕیاریدا وەکو حزب بەردەوام بێت.

دەقی بەیاننامەکە:

بەڕێزان ھاودیدانی ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری
ئەندامانی دامەزرێنەر
ئەنجوومەنەکانی بەڕێوەبردن و گشتی

سڵاوێکی گەرم

ئاشکرایە لای ھەمووتان بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ھەر لەسەرەتاوە پێکەوە کارمانکرد بۆ سەرخستنی قەوارەی ھاوپەیمانی. ئەوکاتیش کە ئەرکی سەرۆک لیستیمان پێدرا، بێوچان ماڵە و ماڵ و بازاڕ و کوچە و کۆڵانەکان گەڕاین و پەیامی ھاوپەیمانیمان دا بە گوێی خەڵکدا. خۆ ئەگەر ھەڵبژاردنەکان پاک و بێگەرد بوونایە ئەوا بەدڵنیاییەوە ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی ھاوپەیمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەبوون.

سەبارەت بە داھاتووی ھاوپەیمانیش ئێمە ئەم خاڵانەی خوارەوە دەخەینە بەردەم بەڕێزتان:

١. ھاوپەیمانی پێش ئەوەی قەوارەیەکی سیاسی بێت، پەیامێکی روونی خزمەتکردنی خەڵکە. ھەربۆیە پەیامی ھاوپەیمانی و ئەو بەڵێنانەی بە خەڵکمان داوە وەک خۆی کاری بۆ دەکەین و سوورین لەسەری.

٢. ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ھەر بڕیارێک سەبارەت بە ئایندەی ھاوپەیمانی دەدرێ، بڕیاری ھەمووان بێت. جا ئەو بڕیارە بە ھەڵوەشاندنەوە بێ یان بەردەوامی. ئێمە پێمانوایە بەردەوامبونی ھاوپەیمانی بە جۆر و پێکھاتەی ئێستای ئاسان نییە و باش نییە. 

٣. ئێمە تاوەکو ئەو ساتەی ھاوپەیمانی بمێنێت وەک فراکسیۆنی ھاوپەیمانین و تێکەڵی ھیچ فراکسیۆنێکی تر نەبووین. ھاوھەڵوێستیشین لەگەڵ ھەر ھێزێک کە بەراستەقینە کار بۆ بەدیھێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات.

٤. پەیوەندی ئێمە راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێز (دکتۆر بەرھەم ساڵح) بەردەوامە و بۆ ھەموو پرسەکان لەگەڵ بەڕێزیان گفتوگۆ دەکەین و بەردەوامیش دەبین. پشتگیری تەواوی بەڕێزیانین بۆ ئەو بەرنامە و پلانانەی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی عێراق و کوردستان ھەیەتی.

بەھیوای سەرکەوتن بۆ ھەڵگرانی پەیامی خزمەتی خەڵک

د. عەبدولباری مەجید
د. رێبوار کەریم

ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار