بودجەی پێشمەرگە یەک لەسەر پێنجی بودجەی حەشدە و "ئەوەشی بۆی دیاریکراوە زامن نییە"

6 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم ڕایگەیاند، بودجەی پێشمەرگە لەبودجەی گشتی ٢٠١٩ی عێراق، یەک لەسەر پێنجی بودجەی حەشدی شەعبی یە و ئەوەشی بۆی دیاریکراوە زامن نییە.

ئامانج ڕەحیم لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوک نوسیویەتی لە ناو خشتەی نەفەقاتی سیادی پڕۆژە بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ بە ناونیشانی (حسابکردنی بەشی پارێزگاکانی باکوور) بڕی ٢ ترلیۆن و ٢٦ ملیار و ٧٤٥ ملیۆن دینار تەرخانکراوە بۆ دەستەی حەشدی شەعبی کە دەکاتە نزیکەی ١٧٠ ملیار دینار مانگانە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ پێشمەرگەش ڕێژەی ١٢.٦٧٪‏ لە بوودجەی مووچەی مونەتسیبی ھێزیی ووشکانی وەزارەتی بەرگری عێراق کە دەکاتە ٣٧ ملیار دینار مانگانە تەرخانکراوە کە یەک لەسەر پێنجی بوودجەی حەشدە، بە بێ ھیچ تەرخانکراوێک بۆ تەجھیز و ڕاھێنان و تەسلیحی پێشمەرگە.

ئامانج رەحیم رونیکردووەتەوە "بێ گومان تەرخانکردنی ٣٧ ملیار دینار مانگانەش بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر نەفەقاتی فیعلیی وەزارەتی دیفاعە نەک تەرخانکراویی ناو خشتەی نەفەقاتی سیادی واتە ئەو ٣٧ملیار دینارەش زامن نیە".

باسی لەوەشکردووە، بە پێی ئەمەش پێویستە ھەرێمی کوردستان ١٢.٦٧٪‏ ی مووچەی ھەر حەشدێکی شەعبی و تەنانەت جندی وەزارەتی دیفاعێش بدات لەگەڵ تەجھیز و ڕاھێنان و چەکدارکردنیان، چونکە بەشە بوودجەی ھەرێم دوای داشکاندنی نەفەقاتی سیادی و حاکیمە دەبێت.

ئامانج رەحیم ئەوەشی خستووەتەڕوو "لە ساڵانی ٢٠٠٥ تاوەکو ٢٠١٤ ەش ھەرێمی کوردستان لە بەشی ١٧٪‏ ی بوودجە ناتەواوەکەی خۆی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگەی دابین کردووە، لە کاتێکدا ھەرێم لەو ساڵانە لە ١٧٪‏ ی بوودجەی وەزارەتی بەرگری عێراقی لە ئەستۆ گرتووە".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار