"زۆرینەی" دامەزرێنەرانی ھاوپەیمانی ڕونکردنەوەیەک بڵاودەکەنەوە

6 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

"زۆرینەی رەھای" دامەزرێنەرانی ھاوپەیمانی رایدەگەیەنن، ئەو حزبە نوێیەی بەناوی "ھاوپەیمانی نیشتیمانی"یەوە ڕاگەیەنراوە، درێژکراوەی ھاوپەیمانی نییە.

ئەمڕۆ بەبەشداری بەشێک لە سەرکردەکانی ھاوپەیمانی کۆبونەوەیەک لە ھەولێر بەڕێوەچوو، کە تێیدا ناوی ھاوپەیمانیان گۆڕی بۆ "ھاوپەیمانی نیشتیمانی" و ئارام قادریان بەسەرۆک ھەڵبژارد.

"زۆرینەی رەھای" دامەزرێنەرانی ھاوپەیمانی لەرونکردنەوەیەکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو حزبە نوێیە، درێژکراوەی سیاسی و یاسایی و دەستوری ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری نییە.


روونکردنەوەکە:

سەبارەت بە کۆبونەوەی بەشێک لەھاودیدان لە ھەولێر
ڕونکردنەوەیەک لە ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری،  بۆ ڕای گشتی.

 ئەمڕۆ لەشاری ھەولێر، بەئامادەبونی تەنھا ٣ سێ کەس، لەکۆی ١٤ چواردە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و بەھاوبەشی تەنھا ٢ دووکەس لە کۆی ١٥ پانزە ئەندام لە ئەندامانی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و کەمایەتیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی ھاوپەیمانی و بەدەر لە رێکارە سیاسی و یاساییە رەواکان کە ئایندە و چارەنووسی ھێزە سیاسییەکانی  پێ دیاری دەکرێت، کۆبوونەوەیەکی نادەستووری، بەناوی ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ئەنجامدرا.

ئێمە وەکو زۆرینەی رەھای دەستەی دامەزرێنەر و ئەنجوومەنەکانی بەڕێوەبردن و گشتی ھاوپەیمانی رایدەگەیەنین:-

١ - چارەنوس و ئایندەی ھاوپەیمانی، بەگوێرەی ڕیکارە حزبی و بڕیاڕە یاساییەکانی یاسای ژمارە ٣٦ ساڵی ٢٠١٥ پارتە سیاسیەکان لە عێراق کە ھاوپەیمانی لەسەر دامەزراوە، دیاریدەکرێت و لەم رووەوە ھەنگاوی سیاسی و یاسایی راست و دروست، بە بڕیاری زۆرینەی ھاوپەیمانی، بۆ زۆرینەی ئۆرگانە گرنگەکانی ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانی دەستیپێکردوە و ھەرئەوەش دواتر دەبێتە بڕیاڕی فەرمی و دەستووری ھاوپەیمانی.

٢ -  بەگوێرەی نەریت و پەیڕەوە باوەکانی حیزبایەتی، بڕیاری گۆڕینی ناو و بەرنامە و سەرکردایەتی و ستراکچەری ھاوپەیمانی، وەک ھەر پارتێکی سیاسی، لەدەستی زۆرینەی دامەزرێنەران و ئەنجوومەنەکانی بەڕێوەبردن و گشتی دایە، بۆیە ئەوەی ئەمڕۆ لەھەولێر ئەنجامدرا، تەنھا پەرچەکردارێکی نایاسایی و ناحزبیە و ھیچ کاریگەریەکی لەسەر بڕیاڕی زۆرینەی ھاوپەیمانی نابێت، کە پێشووتر دەستیکردوە بەوەرگرتنی رێوڕەسمە سیاسی و یاسایی و دەستووریەکان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ھاوپەیمانی کەھەڵوەشاندنەوەیەتی، بەگوێرەی ڕێکارە داواکراوە حیزبی و یاساییەکان لەیاسای دامەزراندنی پارتە سیاسییەکانی عێراق .

٣- ئەو ٣ سێ ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەران، کەدیارە رێگای جیاوازیان ھەڵبژاردوە، ھیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و بەڕێز و پێزانینەوە ھاوکاریانین، بەڵام دەبوو ئەوان وەک زۆرینەی موتڵەق بڕیاریان لەچارەنووسی ھاوپەیمانی نەدایە و لەچوارچێوەی مافی خۆیان دەستیان ببردایە بۆ دامەزراندنی قەوارەیەکی نوێ کە  ئەوکات دەیانتوانی پشتیوانی ئەوانە بەدەستبھێنن، کە لە ھاوپەیمانی خوازیاری درێژەپێدەری کاری سیاسین لەگەڵ ئەوان، نەک بەم جۆرە ئەوان مافی زۆرینە بەخۆیان بدەن ، بۆیە داواکاریشین بەزوویی ئەو پێشێلکاریە راست بکەنەوە، کە لە کۆبوونەوەی ھەولێر تێیکەوتن و رێز لەبڕیاری زۆرینەی ھاوپەیمانی بگرن و دووربکەونەوە لە بەکارھێنانی ناو و لۆگۆی ھاوپەیمانی، کەپێشوتر بەزۆرینە و کەمینە، یەکلایی کراوەتەوە.

٤- بەڕێزگرتن لە بنەماکانی ھاودیدبوون و ھاوڕێیەتیمان، ھیوای سەرکەوتن بۆ «ھاوپەیمانی نیشتیمانی» وەک حیزبێکی سیاسی نوێ دەخوازین و بەڕوونی رایدەگەیەنین: کەو ئەو حزبە نوێیە، درێژکراوەی سیاسی و یاسایی و دەستوری ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری نییە،  ئێمە لەو بارەوە بەگوێرەی دەستوری ھاوپەیمانی و یاسای ژمارە ٣٦ پارتە سیاسیەکانی عێراق، پێشوتر بەزۆرینە بڕیاڕمانداوە کە ھاوپەیمانی وەک ڕەوتێکی سیاسی ھەڵدەوەشێنینەوە بۆیە لەو بارەوە ھەر ھەنگاو و کردار و گوفتارێک بەپێچەوانەی ئەوەوە پەسندکراو نابێت و ڕێکاری یاسایی و سیاسی بنەبڕی بەدوادا دێت.

ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری
٩ / ١١ / ٢٠١٨

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار