ئێران بەرگەی ئابڵوقە دەگرێت؟

6 ساڵ لەمەوپێش



BBC، هاوڵاتی

دووشەممە قۆناغی دووەمی ئابڵوقە توندەکانی ئەمریکا بەسەر ئێراندا سەپێندرا. حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئەو وڵاتەش هەوڵەکانی ئەمریکا بەشکستخواردوو ناودەبات و دەڵێت: «شکی تێدانیە کەئەمریکا لەم پلانگێڕیەیدا دژ بەئێران سەرکەوتوو نابێت و وردە وردە دەکشێتەوە

ئابوری ئێران بەشێوەیەکی سەرەکی لەسەر هەناردەکردنی نەوت بەندەو ئەم قۆناغە نوێیەی ئابڵوقەکان کە کەرتی وزە دەکاتە ئامانج زیانێکی کوشندە بەئابوری ئەو وڵاتە دەگەیەنێت.

یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری کردوە کەکۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان بەردەوامبن لەمامەڵەکردنی دارایی لەگەڵ ئێران. بەڵام ئایە ئەم کۆمپانیایانە ئامادەن بەرژەوەندیە ئابوریەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بخەنە مەترسیەوە و مامەڵە بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئەمریکا تێکبدەن لەسەر ئێران؟

ئەمریکا بۆچی ئابڵۆقەی بەسەر ئێراندا سەپاندوە؟

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەمساڵدا لەڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا کشایەوە و ڕێککەوتنەکەی بە «بەرباد» ناوزەند کرد کەپێشتر لەساڵی ٢٠١٥دا لەلایەن شەش وڵاتەوە لەگەڵ ئێراندا واژۆکرا لەسەر سنوردارکردنی پرۆگرامە ئەتۆمیەکەیان لەبەرانبەر لابردنی هەموو ئابڵوقە ئابوریە نێودەوڵەتیەکان لەسەریان.

هەموو ئەو ئابڵوقانەی کەدوای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە لابران ئێستا ئەمریکا تاکلایەنانە سەپاندوویەتیەوە بەسەر ئێراندا.

بەڵام وڵاتانی تر، کە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاش لەخۆدەگرن، پێیان وایە کەئێران پابەندبووە بەڕێککەوتنەکەوە و بەڕاستەوخۆ خستوویانەتەڕوو کەئامادەنین پاڵپشتی ئەمریکابن لەسەپاندنی ئابڵوقەی ئابوری بەسەر ئێراندا.

پێگەو هەژموونی ئەمریکا لەبازرگانی نێودەوڵەتیدا هێندە بەهێزە کەتەنها ڕاگەیاندنی سەپاندنی ئابڵوقە ئابوریەکان بەسەر ئێراندا بەس بوو بۆ جێهێشتنی بەلێشاوی کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان لە ئێران و کشانەوەی بەرژەوەندیەکانیان، هاوکات هاوردەی نەوتی ئێران لەکزبووندایە.

ئابڵۆقەکەی ئەمریکا چۆن کار دەکات؟

دوایین قۆناغی ئابڵۆقەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ڕێگری دەکات لەهەر کۆمپانیایەک کەمامەڵە لەگەڵ ئێران بکات کەمامەڵە لەگەڵ ئەمریکا بکات.

جگە لەمەش بەهۆی ئابڵۆقەکانەوە هەر کۆمپانیایەکی ئەمریکی کەمامەڵەی ئابوری لەگەڵ هەر کۆمپانیایەکی تر بکات کە لەئێراندا کاربکات دوچاری سزا دەبێتەوە.

لە دووشەممەوە ئابڵوقە خراوەتە سەر بانکی ناوەندی ئێران دوای ئەوەی لەمانگی ئابدا و لەیەکەم قۆناغی ئابڵوقەکەدا ئابڵوقە خرایەسەر مامەڵەکردنی ئاڵتون و کانزاو ئوتومبێل.

ئەمریکا بەئاشکرا ڕایگەیاندوە کە ئامانجی کۆتایی لەبنهێنانی بازرگانی نەوتی ئێرانە، بەڵام لەئێستاداو بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێگا بەهەشت وڵات دەدات کەهاوردەی نەوتی ئێران بکەن تاوردە وردە دەرفەتیان هەبێت هاوردەی نەوتی ئەو وڵاتە کەمبکەنەوە، بەپێی سەرچاوەکانی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس ئەو وڵاتانە ئیتاڵیا و هیندستان و یابان و کۆریای باکور لەخۆدەگرن.

خۆلادانی ئێران لەئابڵوقە ئابوریەکە

یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەوەی ڕێگا خۆشبکات بۆ بازرگانی کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکان لەگەڵ ئێران و دووچاری سزای دارایی لەلایەن ئەمریکاوە نەبنەوە میکانیزمێکی پارەپێدانیان دابینکردوە کەوادەکات ئەم کۆمپانیایانە سیستەمی دارایی ئەمریکا تێبپەڕێنن لەمامەڵە بازرگانیەکاندا.

وەک بانکێکی سەربەخۆ، ئەم میکانیزمە پێشنیارکراوە ڕێگەدەدات بەکۆمپانیاکان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ئێران نەکەن بەڕاستەوخۆو پارە نەچێتە دەرەوەو ناوەوەی ئێران.

بەم شێوەیە، گەر ئێران نەوت هەناردەی وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا بکات، کۆمپانیا نەوتیە ئێرانیەکە پارەکە دەدات بەم دەزگای پارەپێدانە و بەڕاستەوخۆ مامەڵەی پارە لەنێوان دوو لایەنەکەدا ڕوونادات.

ئێران دەتوانێت دواتر ئەو پارەیەی دەچێتە ئەم دەزگایەوە بەکاریبهێنێت بۆ کڕینی شتومەک و پێویستی لەوڵاتەکانی یەکێتی ئەوروپا.

یەکێتی ئەوروپا هەروەها داواکاریەکی پێشکەشکردووە کە هەموو زیانە داراییەکانی بەهۆی ئابڵوقەکەانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەریانکەوتوە وەریبگرنەوە.

کەواتە ئێران خۆی ڕادەگرێت؟

بەم پلانەی یەکێتی ئەوروپاشەوە، نرخی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا لەلایەن کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانەوە زۆریان لەسەردەکەوێت و مەترسی سزایان لەسەرە.

بۆ نمونە، گەر کۆمپانیایەکی گواستنەوەی نەوت بیەوێت نەوتی ئێران لەم ڕێگە نوێیەوە بکڕێت کەیەکێتی ئەوروپا پێشنیاریکردوە هێشتا هەر مەترسی سەپاندنی سزایان لەسەر هەیە و پێدەچێت مامەڵە بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا لەدەستبدەن.

بەوتەی (ڕیچارد نێفیو)، پسپۆڕی ئابڵۆقەو لێکۆڵەرەوەی پایەبڵند لەزانکۆی کۆڵۆمبیای ئەمریکا، ئابوری ئێران بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەست نیە بە سیستەمی دارایی ئەمریکاوە بەڵام کێشەیەکی تر لەئارادایە. ئەو دەڵێت: «کێشەکە ئەوەیە کەزۆرێک لەو لایەنانەی مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن ئەوان پەیوەستن بە سیستەمی دارایی ئەمریکاوەو ئەمەش ساردیان دەکاتەوە لەئامادەییان لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لەترسی لەدەستدانی مامەڵە بازرگانیەکانیان لەگەڵ ئەمریکادا

بەپێی پێشبینیەکانی ئەو، کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکان زیاتر ئامادەییان دەبێت لەکۆمپانیا گەورەکان تا لەڕێگای ئەو سیستەمە نوێیەی یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری کردوە کار لەگەڵ ئێراندا بکەن. جگە لەمەش بەوتەی پسپۆڕێکی تر مامەڵەکردن بەم سیستەمە پێدەچێت سزای لاوەکی لێ بکەوێتەوەو بەسەر کۆمپانیاکاندا بسەپێندرێت.

لێکتێگەیشتنێکی کاتی؟

ئەمریکا جەخت لەوەدەکاتەوە کەبڕی هاوردەی نەوتی ئێران بۆ سفر داببەزێنێت بەڵام بەوتەی (سکۆت لوکاس) پرۆفیسۆری سیاساتی نێودەوڵەتی لە زانکۆی بێرمینگهام، ئەمە ڕێگەچارەیەکی مەنتیقی نیە چونکە نرخی نەوت بەرزدەکاتەوە.

جگە لەمەش ڕازیبوونی چین بەسەپاندنی ئابڵوقەکان زۆر گرنگە، کە لەئێستادا زیاترین مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا هەیە.

دوایین جار کەئابڵوقەی ئابوری بەسەر ئێراندا سەپێندراو کەرتی نەوتی کرایە ئامانج لەساڵی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٦ هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بەڕێژەی ٥٠% دابەزی.

بێ شک، هەناردەی نەوتی ئێران ڕوو لەدابەزین دەکات لەگەڵ ئەم ئابڵوقە ئابوریەی ئێستاشدا، بەڵام ئاشکرایە کەئێران و دۆستە ئابوریەکانی ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن تا پەیوەندیە بازرگانیەکانیان بهێڵنەوە.

پسپۆڕێک لەئەنجومەنی ئەوروپا بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات و دەڵێت «مەخەڵەتێن، ئەم ئابڵۆقانە زۆر ئازاربەخش دەبن بۆ ئێران، بەڵام پێشتر ئەو وڵاتە چەندین ئابڵوقەی تری تێپەڕاندووە

ئێرانیەکان بەزۆر دەبێت بیر لەشێوەی نوێ بکەنەوە بۆ فرۆشتنی نەوت و بۆ ئەم مەبەستەش پشت بەمێژووی چەند ساڵەی ژیانیان لەژێر ئابڵۆقەی ئابوریدا دەبەستن.

بۆ پڕکردنەوەی پەیوەندیە بازرگانیەکانی لەگەڵ ئەوروپیەکانیشدا لەدەستیداوە، ئێران بەرەو ڕۆژهەڵات دەڕوانێت و هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی لەگەڵ ڕووسیا و چین دەدات.

وەرگێڕانی: یاد قوربانی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار