گەورەترین هەڵبژاردن لەئەمریکا بەڕێوەچوو

5 ساڵ لەمەوپێش



کۆنگریسی ئەمریکا لەدوو ئەنجومەن پێکدێت، ئەنجومەنی نوێنەران (٤٣٥) ئەندامن کەهەر ویلایەتێک بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتوانی ئەندامی هەیە لەم ئەنجومەنەدا، هەروها ئەنجومەنی پیران کە (100) ئەندامن و بەیەکسانی هەر ویلایەتێک لە (50) ویلایەتەکە، دوو ئەندامی هەیە، کۆی گشتی ئەندامانی کۆنگریس لە (535) ئەندام پێکهاتووە.

لەناوەڕاستی هەموو خولێکی سەرۆکایەتی ئەمریکادا هەڵبژاردنێکی گەورە بۆ (کۆنگرێس) بەڕێوەدەچێت پێی دەگوترێت (Midterm Election) لەم هەڵبژاردنەدا (470) ئەندامی کۆنگرێس لە کۆی (535) ئەندام هەڵدەبژێردرێن بەم شێوەیەی خوارەوە:
تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران کە (435) ئەندامن لەگەڵ (3/1)ی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران کە (35) ئەندامن هەڵدەبژێردرێن، هەروها (39) حاکمی ویلایەت و چەندان کاربەدەستی تری حکومەتی وولایەتەکان و فیدڕاڵ هەڵدەبژێردرێن.
لە مێژووی زۆربەی هەڵبژاردنەکانی کۆنگریسی ئەمریکادا، ئەو پارتە براوە بووە کەئۆپۆزۆسیۆن بووە، بۆیە چاوەڕواندەکرێت لەم هەڵبژاردنەی ئەمڕۆدا دیموکراتەکان زۆربەی کورسیەکانی ئەنجومەنی نوێنەران ببەنەوە، واتە چاوەڕواندەکردێت پارتەکەی ترەمپ (کۆماریەکان) بدۆڕێنن.

ئەم حاڵەتەش بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتە ڕۆژهەڵاتیەکانە کەهەمیشە حزبە دەسەڵاتدارەکان براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانن، پێموایە بەم شێوازە دەنگدەری ئەمریکی دەیەوێت باڵانسێک ڕابگرێت لەنێوان دەسەڵاتەکان، بۆ ئەوەی هەموو جومگەکانی دەسەڵات بەدەست سەرۆک و حزبەکەی سەرۆکەوە نەبن.
لەم هەڵبژاردنەدا ئەگەری زۆرە دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران براوەو باڵادەست بن، لەم حاڵەتەشدا تارادەیەک بەربەست بۆ سەرۆک ترەمپ دروست دەبێت و هەندێک کۆسپ و تەگەرە دەکەونە بەردەم هەندێک لەپڕۆژەکانی ترەمپ، چونکە دەسەڵاتەکان لەئەمریکادا بە شێوەیەک دابەشکراون هەمیشە هاوسەنگیەک هەیە لەنێوان هەرسێ دەسەڵاتەکەدا:
(دەسەڵاتی دادوەری یان دادگاکان - دەسەڵاتی یاسادانان یان کۆنگریس - دەسەڵاتی سەرۆک یان حکومەت و جێبەجێکردن) بۆیە لەهەندێک پرسی چارەنوسسازو گرنگدا ترەمپ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ کۆنگریس بۆ نموونە (بەیاساکردنی بەڵێن و پڕۆژەکانی هەڵبژاردن و پرسی هەڵگیرساندنی شەڕ یان وەشاندنی گوزی گەورەی سەربازی یان هەندێک ڕێکەوتننامەی گەورە ....هتد) 

بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی ناوەندەکانی ڕاپرسی ئەمریکا نزیکەی (70٪)ی کاندیدانی کۆنگرێس یاساناسن و دەرچووی کۆلیژی یاسان، ئەم هۆکارەش نهێنی سەرکەوتنی کۆنگریسی ئەمریکا بووە لەمێژووی خۆیدا، چونکە کۆنگرێس کۆمەڵێک ئەرکی لەئەستۆدایە وەک: داڕشتن و دەرکردنی یاسا و ڕێساکان و چاودێریکردنی سەرۆک و دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکومەت) هەروەها پەسندکردنی بوجەی ئەمریکا کەزەبەلاحترین بوجەیە لەسەر ئاستی جیهان، لەگەڵ کۆمەڵێک ئەرکی تر.
لەئەگەری گرتنەدەستی جڵەوی کۆنگریس لە لایەن دیموکراتەکانەوە (وەک چاوەڕواندەکرێت) ئەوا ترەمپ وەک پێشتر دەستکراوە نابێت لە سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەدا، چونکە دیدگای دیموکراتەکان لەگەڵ دیدگای ترەمپ و کۆماریەکان جیاوازن، بەڵام لەم حاڵەتەشدا سەرۆکی ئەمریکا دەتوانێت بەردەوام بێت لەجێبەجێکردنی بەڵێنەکانی کەمپینی هەڵبژاردن و چونکە سەرۆکی ئەمریکا خاوەن دەسەڵاتێکی فراوانە، لەدوو ساڵی ڕابردووشدا ترەمپ توانیویەتی تاڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بێت لەجێبەجێکردنی بەشێکی زۆری بەڵێنەکانی، چونکە ترەمپ لەئێستاوە چاوی بڕیوەتە خوڵی دووەم و دەیەوێت بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی ئەمریکا خۆی کاندید بکاتەوە.

 دەرەنجامی هەڵبژاردنی  هەرچۆنێک بووبێت، ترەمپ بەردەوام دەبێت لەشێوازە تایبەت و ناوازەکەی خۆی و بەدیدگای (سیاسەت لەخزمەتی ئابووریدا) درێژە بەسیاسەتی دەرەوە دەدات لەمەڕ کێشەکانی جیهان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، لەو باوەڕەشدا نیم کە گۆڕانکاریەکی بنەڕەتی ڕووبدات بەسەر شێوازی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار