وتەبێژی پەکەکە بۆ ھاوڵاتی: پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و پەکەکە نەبووە بەڵام ھەندێ جار ناردنی پەیام ھەبووە

5 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی
سەرحەد ڤارتۆ وتەبێژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی ئەمریکا لەدژی سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە بۆ ئەوەیە پارتەکەی بکاتە دەرەوەی پڕۆسەی پرسی چارەسەرکردنی کیشەی کورد، هەروەها جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ناردنی پەیام لەنیوان هەردولادا هەبووە بەلام پەیوەندی راستەوخۆ لەنیوانیاندا نەبووە.
ھەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خەڵاتێکی ١٢ ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ ھەر کەسێک کە شوێنی سێ سەرکردەی پەکەکە ئاشکرابکات، بەجۆرێک پێنج ملیۆن دۆلار بۆ موراد قەرەیلان و چوار ملیۆن دۆلار بۆ جەمیل بایک و سێ ملیۆن دۆلار بۆ دران کاڵکان دانراوە.

ئەو سێ کەسە سێ لە دیارترین سەرکردەی پەکەکەن کە نزیکەی دەیەیە لەشەڕێکی چەکداری سەختدایە لەگەڵ سوپای تورکیا.

سەرحەد ڤارتۆ وتەبێژی پەکەک لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ ھاوڵاتی دەڵێت "بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ ئەوەیە پەکەکە بکرێتە دەرەوەی سیاسەتی کورد و ھەرێمایەتی و درێژکراوەی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکەی ساڵی ١٩٩٩ یە لەدژی سەرۆک ئاپۆ، بۆ ئەوەیە کورد بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربھێنێت".

عەبدوڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری پەکەکە لەساڵی ١٩٩٩ ەوە لە زیندانی ئیمراڵیدایە لە تورکیا و پەکەکە بەردەوام ژمارەیەک وڵات لەناویاندا ئەمریکا بەوە تۆمەتباردەکات کە لەپشت دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی یەوە بوون بە تورکیا.

سەرحەد ڤارتۆ وتی "ھۆکاری بە ئامانج گرتنی پەکەکە لەلایەن ئەمریکاوە ئەوەیە پەکەکە داینەمۆی بزوتنەوەی کوردییە و مافەکانی دەپارێزێت، ئەوەش لەبەرژەوەندی ئەمریکا و وڵاتی دیکە نییە".

بڕیارەکەی ئەمریکا ھاوکات بوو لەگەڵ سەرھەڵدانی گرژییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان تۆپبارانکردنی سنوری کۆبانێ کە ھاوسنورە لەگەڵ تورکیا و لەژێر کۆنتڕۆڵی یەکینەکانی پاراستنی گەلدایە کە لەلایەن ئەمریکاوە پڕچەک کراون.

تورکیا بەردەوام یەپەگە بە درێژکراوەی پەکەکە دادەنێت، بەڵام ئەمریکا وەکو ھاوپەیمانێک لەشەڕی دژی داعشدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکات و ھاوکارییان دەکات، ئەوەش بەردەوام نیگەرانی توندی تورکیای لێکەوتووەتەوە.

وتەبێژی پەکەکە ئاماژەی بەوەدا، ئەوان پێیانوانیە ئەو بڕیارە بۆ ھێورکردنەوەی توڕەیی تورکیا بێت لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان و بڕیارێک نەبێت لەدژی پەکەکە "چونکە ئەم بڕیارە ھەر تەنھا ھی ئەمڕۆ نییە، بەلکَو پێشتر ئەمریکا چەندین بڕیاری لەدژی پەکەکە و سەرۆکی ئێمە داوە".

وتیشی "ئەو بڕیارەی ئەمریکا بڕیارێکی کاتی نییە و تەنھا بۆ ڕازیکردنی تورکیا نییە، پێویستە ئەوە بەباشی ببینین کە ئەمریکا بەرنامەیەکی ھەیە و دەیەوێت بەو بڕیارە دەستوەردان لە سیاسەتی ناوخۆی کورد بکات و دەیانەوێت پەکەکە بکەنە دەرەوەی ئەو سیاسەتە، لەکاتێکدا پەکەکە ھێزەی ھەرە گەورەی سیاسەتی کوردە".

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نزیکەی چوار دەیەیە لەشەڕێکی خوێناویدایە لەگەڵ سوپای تورکیا و پێگەی سەرەکیشی لە چیا سەختەکانی قەندیلە لەسێگۆشەی سنوری تورکیا و ئێران و عێراق.

بڕیارەکەی ئەمریکا لەدژی سێ سەرکردەکەی پەکەکە ھاوکاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی زیاتری شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا کە لە ساڵی ٢٠١٥ و دوای دوو ساڵ ئارامی بەھۆی پڕۆسەی ئاشتی یەوە دەستیپێکردووە.

وتەبێژی پەکەکە باسی لەوەدەکات، ھەموو کەس باش ئەوەدەزانێت سەرکردەکانی پەکەکە ٤٠ ساڵە لە چیاکانی کوردستان تێکۆشان دەکەن، ھەوڵدان بۆ بە ئامانج گرتنیان شتێکی نوێ نییەو پێشتر بە ئامانج گیراون "ئێمە بەردەوام و بەھەموو شێوەیەک رێوشوێنی خۆمان ھەیە بۆ ئەگەری ھەر ھێرشێکی لەو شێوەیە".

ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان پێیانوایە ئەو بڕیارە لەبەرژەوەندی ئەمریکادا نییە، چونکە پەکەکە و سەرکردەکانی لەناو ھەموو گەلی کوردا شوێنێکی تایبەت بەخۆیان ھەیە و دوای ئەو بڕیارە گومانی گەلی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان بەرانبەر سیاسەتەکانی ئەمریکا زیاتر بووە.

بڕیارەکەی ئەمریکا لەدژی پەکەکە پاش ماوەیەکی کەم ھات لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن کە بەھۆی دەستگیرکردنی قەشە ئەندرۆ برەنسنی ئەمریکییەوە لەتورکیا گەیشتبووە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

لەبارەی ئەو بڕیارەکەی ئەمریکا تا چەند چاوەڕوان کراو بووە لەلای پەکەکە، سەرحەد ڤارتۆ وتی "سیاسەتی ئەمریکا دیارە، دژایەتیکردنی پەکەکە شتێکی نوێ نییە لەلایەن ئەو وڵاتەوە، لەماوەی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵی ڕابردووی تێکۆشانی ئێمە لەدژی تورکیا، ئەمریکا ھەمیشە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بووە و بە ئاشکراش ئەوەی وتووە و رۆڵی گەورەشی ھەبووە لە دەستگیرکردنی ئاپۆدا".

وتیشی "بێگومان بڕیارێکی چاوەڕوانکراو بوو، ئێمە باش دەبینین ڕەوشی سیاسی چییە، ھێزە نێودەوڵەتییەکان چۆن کاردەکەن و بەرنامەیان چییە".

لەبارەی ئەوەی تائێستا ھیچ پەیوەندییە لەنێوان ئەمریکا و پەکەکەدا بوونی ھەبووە، سەرحەد ڤارتۆ باسی لەوەکرد، پەکەکە ھێزێکە لەسەر زەوی شەڕدەکات، "بێگومان ھێزە ھەیە بەگەلێک شێوە پەیام بڵاودەکەنەوە و دەنێرن و ناڕاستەوخۆ ھەوڵیانداوە پەیوەندی دروستبکەن، بەڵام ھیچ پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئەمریکا و پەکەکە نییە".
وتەبێژی پەکەکە ڕەخنەی لەبەشێک لەلایەنەکانی ھەرێمی کوردستان گرت ، کە بەوتەی ئەو ھەڵوێستیان نیشاننەداوە لەدژی بڕیارەکەی ئەمریکا، لەکاتێکدا پەکەکە بەردەوام ھەڵوێستی خۆی بەرانبەر ھەر بڕیارێک نیشانداوە کە دژی لایەنە کوردییەکان بوبێت.

"چەندین حزبی کوردستانی ھەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو بڕیارەوە دیارینەکردووە و بێدەنگیان ھەڵبژاردووە، ئەوەش جێگەی رەخنەیە و پێویستە ھەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن".

لەبارەی ئەوەی تاچەند ھەوڵیانداوە حزبە کوردییەکان نێوەندگیری پەکەکە بکەن لەگەڵ تورکیا و ئەمریکا، سەرحەد ڤارتۆ وتی "لەرەوشێکی وەک ئێستادا پێویستییەکی لەو شێوەیە نییە، ئەگەر ئەو ھێزانە بیانەوێت ھەوڵێکی لەو شێوەیە بدەن دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێمە ببەستن".

ئەو سێ سەرکردەیەی کەجەکە کە ئەمەریکا پارەی دیاریکردوە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنیان رۆڵی سەرەکیان بینیوە لە پارێزگاریکردن لە پەکەکە دوای دەستگیکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٩٩.

لەو کاتەدا ئۆجەلان فڕیندرا، پەکەکە سەرقاڵى بەڕێوەبردنى شەشەمین کۆنگرەى خۆى بوو. لە دواى ڕفاندنى ئۆجەلان پەکەکە حەوتەمین کۆنگرەى خۆى بەشێوەى نائاسایى بەڕێوە برد. پەکەکە تاوەکو ئێستا ١١ جار کۆنگرەى بەڕێوە بردووە و نۆ جار ئاگربەستى یەکلایەنەى ڕاگەیاندووە. پەکەکە سێ جار لۆگۆى خۆى گۆڕیوە.

 لە دواى عەبدوڵا ئۆجەلانەوە لەلایەن کەسانى وەک موردا قەرەیلان و جەمیل بایکەوە سەرۆکایەتیى کراوە. سوپاى تورکیا لە ماوەى جەنگ لە دژى پەکەکەدا زیاتر لە چوار هەزار گوندى باکوورى کوردستانى تێکدا. بەهۆى ئەو جەنگەوە زیاتر لە ٢٥ هەزار ئەندام و لایەنگرى پەکەکە و هاوڵاتیى کورد گیانیان لەدەستداو زیاتر لە٢٠ هەزار هێزی سەربازی وە ئەندامانی میتی تورکیە کوژراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار