گۆڕانکارییه‌ ناوخۆییه‌کانى یه‌کگرتوو به‌رده‌وام ده‌بن

سه‌ره‌ڕای گۆڕانکارییه‌ نوێیه‌کانى یه‌کگرتوو سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ده‌توانێت خۆى بۆ پۆستى ئه‌میندار کانیدید بکاته‌وه‌

2018-11-15 16:59:22



هاوڵاتى
یه‌کگرتووى ئیسلامى کوردستان گۆڕانکارى له‌ چه‌ند پۆستێکى باڵادا کرد، له‌ چوارچێوه‌ى گۆڕانکارییه‌ ناوخۆییه‌کانى ئه‌و حزبه‌ که‌ له‌دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌ستیپێکردووه‌.

گۆڕانکارییه‌کان له‌ کۆبونه‌وه‌ى ڕۆژى دوشه‌ممه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کگرتوودا بڕیارى لێدرا، له‌سه‌ر بنه‌ماى راسپارده‌کانى ئه‌و کۆنفرانسه‌ى به‌م دواییانه‌ ئه‌نجامیدا به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى گۆڕانکاری ناوخۆیی.

خه‌لیل ئیبراهیم که‌ له‌چوارچێوه‌ى گۆڕانکارییه‌کاندا به‌سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى سیاسی دیاریکراوه‌ به‌ هاوڵاتى وت "گۆڕانکارییه‌کان له‌ ئێستادا سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى و سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى سیاسی و سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى بانگه‌واز و کارگێڕه‌کانى گرتووه‌ته‌وه‌ و گۆڕانکارییه‌کانیش به‌رده‌وام ده‌بێت".

له‌ چوارچێوه‌ى گۆڕانکارییه‌کاندا، هادى عه‌لى کراوه‌ به‌ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى له‌ شوێنى سه‌عید عه‌لى عه‌بۆ، هه‌روه‌ها خه‌لیل ئیبراهیم له‌ شوێنى محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د بووه‌ته‌ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن و محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د بووه‌ته‌ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى بانگه‌واز، غازى سه‌عید بووه‌ته‌ سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێکردن له‌ دهۆک.

ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ى یه‌کگرتوو دواى دابه‌زینى ڕێژه‌ى ده‌نگه‌کانیان دێت له‌ هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلولى په‌رله‌مانى کوردستان و که‌مبونه‌وه‌ى کورسییه‌کانیان له‌ 10 کورسییه‌وه‌ بۆ پێنج کورسی.

خه‌لیل ئیبراهیم وتى "هێشتا مه‌ڵبه‌نده‌کانیش ماون که‌ گۆڕانکارییه‌کان ده‌یانگرێته‌وه‌ و هه‌ڵبژاردن بۆ به‌رپرسه‌کانیان ده‌کرێت، به‌ڵام به‌گشتى گۆڕانکارییه‌کان سزادان نییه‌ و پێداچونه‌وه‌ى ناوخۆیی حزب و ئاڵوگۆڕى پۆسته‌کانه‌".

باسى له‌وه‌شکرد، پڕۆسه‌ى گۆڕانکارییه‌کان زۆر ناخایه‌نێت و له‌ماوه‌ى دوو بۆ سێ هه‌فته‌دا ته‌واو ده‌بێت.

جگه‌ له‌و گۆڕانکارییانه‌، یه‌کگرتووى ئیسلامى بڕیاریداوه‌ بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ کۆبوونه‌وه‌ى گشتى حزبه‌که‌ پێشبخات که‌ هه‌ر چوار ساڵ جارێک ئه‌نجام ده‌درێت و بڕیاربوو له‌ مانگى پێنجى 2020 ببه‌ستێرێت، به‌ڵام پێشخراوه‌ بۆ مانگى 11ى 2019.

خه‌لیل ئیبراهیم بڕیارى پێشخستنى کۆنگره‌ى حزبه‌که‌یان به‌ "گرنگ" ناوده‌بات و ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو که‌ ئه‌وان تێبینیان له‌سه‌ر هه‌یکه‌لیه‌ت و هه‌ندێ پرسى دیکه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌ کۆنگره‌دا یه‌کلایی ده‌کرێنه‌وه‌.

له‌سه‌ر پۆستى ئه‌میندارى یه‌کگرتوو که‌ ئایا له‌ کۆنگره‌دا گۆڕانکارى تێدا ده‌کرێت یان نا، خه‌لیل ئیبراهیم وتى "ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌بڕیارى خۆیه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌پێی په‌یڕه‌وى ناوخۆش ده‌توانێت خۆى بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌که‌ کاندیدبکاته‌وه‌".

سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین که‌ له‌ ساڵى 1994 بۆ 2013 ئه‌منیدارى یه‌کگرتوو بوو، له‌ کۆنگره‌ى شه‌شه‌مى ئه‌و حزبه‌دا له‌ ساڵى 2012 خۆى بۆ پۆسته‌که‌ کاندیدنه‌کرده‌وه‌، به‌ڵام له‌ کۆنگره‌ى حه‌وته‌مى ئه‌و حزبه‌ له‌ ساڵى 2016 جارێکى تر خۆى بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌که‌ کاندیدکرده‌وه‌و به‌ ئه‌میندارى یه‌کگرتوو هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌.

سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى سیاسی یه‌کگرتوو جه‌ختیکرده‌وه‌ له‌سه‌ر بڕیارى حزبه‌که‌ى بۆ ئۆپۆزسیۆن بونیان و به‌شدارینه‌کردنیان له‌ کابینه‌ى نوێی حکومه‌تى هه‌رێم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار