لەبارەی رادەستکردنی گولەن بە تورکیا ترەمپ وەڵامی رۆژنامەنووسان دەداتەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، ئەوان لە ئێستادا ھەڵسەنگاندن بۆ پرسی رادەستکردنەوەی، فەتحوڵڵا گولەن ناکەن کە تورکیا داوای دەکات.

ترەمپ لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ ویلایەتی کالیفۆرنیا لە کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە. 

ترەمپ لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا فەتحوڵڵا گولەن رابەری بزافی خزمەت رادەستی تورکیا دەکرێتەوە یان نا وتی "لە ئێستا ئەمە شتێک نییە ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەین. با بزانین چیمان پێ دەکرێت بۆ تورکیا، ھەموو کات ھەوڵی ئەوەمان داوە".

ترەمپ لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا وتی "لە ئێستادا پەیوەندی باشمان ھەیە. ھەروەکو دەزانن قەشەی ئایینی برۆنسنیان لە چەند ھەفتەی رابردوودا ئازادکرد. لەگەڵ سەرکۆمار (ئەردۆغان)پەیوەندی زۆر باشمان ھەیە. ئەو دۆستی منە. کەسێکی بەھێز و توند و زیرەکە".

لە وەڵامی پرسیارێکی پەیوەندیدار بەوەی کە سی ئای ئەی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان فەرمانی کوشتنی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی داوە، ترەمپ رایگەیاند کە تاکو ئێستا زانیاری لە سی ئای ئەی وەرنەگرتووە، بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، مایک پۆمپیۆ و بەرپرسانی ھەواڵگری باسی ئەم بابەتە دەکات. 

ترەمپ وتی "تاکو ئێستا بە ئێمە وتراوە کە ئەو (بن سەلمان) ھیچ رۆڵێکی لەم کارەدا نەبووە. چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە چی بە ئێمە دەڵێن". 

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاند کە سعوودیە ھاوبەشێکی گرنگی پێشخستنی ئابووری و دامەزراندنە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار