حکومەتی هەرێم یادی ١٠ ساڵەی بەرهەمهێنانی گاز لە کوردستان دەکاتەوە
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
حکومەتی هەرێم ئێوارەی دووشەممە له ڕێوڕه‌سمێكدا لە هەولێر یادی ١٠ ساڵەی بەرهەمهێنانی گازی لە هەرێمی کوردستان کردەوە بە ئامادەبوونی نوێنه‌رانی وڵاتانى بیانی و وه‌به‌رهێنه‌رانی ناوخۆ و بیانی.
لە ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد.
ئه‌مه‌ش ده‌قى وتاره‌كه‌یه:
ئاماده‌بووان و میوانانى به‌ڕێز،
ئێواره‌تان باش..
هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن بۆ ڕێوڕه‌سمى یادى ده ساڵه‌ى به‌رهه‌مهێنانى غاز له‌لایه‌ن كۆمپانیا و هاوبه‌شانى غازه‌وه له هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تیش كـۆمپانیاى دانه غاز و كۆمپانیاى نه‌وتى هیلالى ئیماراتى.
به‌خێرهاتنێكى تایبه‌تى به‌ڕێز حه‌مید جه‌عفه‌ر سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى هه‌ردوو كۆمپانیاكه، یاوه‌رانى و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نه‌كه، ده‌سته‌ى ڕاوێژكارانى كۆمپانیا و هه‌موو ئه‌و میوانه به‌ڕێزانه ده‌كه‌ین كه به‌تایبه‌تى بۆ به‌شداریكردن له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، له ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌وه ته‌شریفیان هێناوه‌ته هه‌ولێر. هه‌موو لایه‌كتان زۆر به‌خێر بێن. هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنى به‌ڕێزان كونسول و نوێنه‌رانى وڵاتان له هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین، كه ئه‌وانیش ئه‌م ئیواره‌یه له‌گه‌ڵمان به‌شدارن. زۆر به‌خێربێن.
نیسانى ساڵی 2007 زیاتر له یازده ساڵ پێشتر، له چوارچێوه‌ى پلانێكى ستراتیژیدا بۆ وه‌به‌رهێنان و سوودوه‌رگرتن له سامانه سروشییه‌كانى كوردستان و به‌كارهێنانى له‌پێناو پێشخستنى وڵات‌دا، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گرێبه‌ستى كاركردنى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى دانه غاز بۆ به‌رهه‌مهێنانى غاز له كوردستان ئیمزا كرد، ئۆكتۆبه‌رى ساڵى دواتر له ماوه‌یه‌كى پێوانه‌ییدا كۆمپانیاكه له كێڵگه‌ى غازى كۆرمۆر له گه‌رمیان، سه‌ركه‌وتووانه ده‌ستى به به‌رهه‌مهێنان كرد.
ئێستا، كه ده ساڵ به‌سه‌ر به‌رهه‌مهێناندا تێده‌په‌ڕێت، وێڕاى هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا و سه‌ره‌ڕاى ئه‌و دۆخه سه‌خت و دژواره‌ى له ئه‌نجامى شه‌ڕى داعش به‌سه‌ر كوردستاندا هات، دره‌نگیش بێت، ئه‌مڕۆ ده‌بینین كه ئامانجه‌كانى سیاسه‌ت و ئه‌و پلانه ستراتیژییه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له بوارى وزه‌دا، ورده ـ ورده دێنه دى و ڕۆڵێكى گه‌وره له به‌ره‌وپێشبردنى هه‌موو كه‌رته‌كاندا له كوردستان، ده‌گێڕن.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان به درێژاییى ئه‌و ساڵانه‌ى كه پلان و ستراتیژ و سیاسه‌تى خۆمان له بوارى وزه‌دا په‌یڕه‌و كردووه، ده‌بوایه به هیچ شێوه‌یه‌ك كۆڵ نه‌ده‌ین و له هه‌مان كاتدا ڕووبه‌ڕووى چه‌ندین گرفت و كێشه‌ى جددى له‌گه‌ڵ به‌غدا و چه‌ندین فشارى حكوومه‌ته‌كانى عێراق و كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ستى ده‌ره‌وه‌ش ببینه‌وه و داكۆكى له به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و مافانه‌مان بكه‌ین كه له ده‌ستوورى عێراقى فیدرالدا هاتوون و ڕێگه‌مان پێ ده‌ده‌ن بۆ سوودى وڵاته‌كه‌مان، وه‌به‌رهێنان له بوارى وزه و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان له هه‌رێمی كورستان بكه‌ین.
یه‌كێك له‌و كۆمپانیا و لایه‌نه كارایانه‌ى وێڕاى هه‌موو به‌ربه‌ست و ناخۆشی و سه‌ختییه‌كان له‌م كاروانه‌دا هاوڕێمان بوون، كۆمپانیاكانى دانه غاز و نه‌وتى هیلال بوون. ئه‌وان كاتێك هاتن ڕیسكیان كرد و ئاماده بوون له‌گه‌ڵ ئێمه كار بكه‌ن، كه زۆرێك له كۆمپانیا بیانییه‌كان ئاماده نه‌بوون بێنه هه‌رێمى كوردستان و وه‌به‌رهێنانى تێدا بكه‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش ئێمه له حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وپه‌ڕى ڕێز و پێزانینمان بۆ ئه‌وان هه‌یه.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
پاش ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌گشتى دۆخیكى سه‌ختیان به‌ڕێ كرد و توانییان به‌سه‌ر تیرۆرستانى داعشدا سه‌ركه‌ون، ئێستا له كاتێكدا حكوومه‌تێكى تازه له به‌غدا له‌سه‌ر كاره، هیوادارین بتوانین هه‌موو كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین و پێكه‌وه به‌ره‌و بنیاتنانى ئاینده‌یه‌كى باشتر بۆ ته‌واوى عێراق، هه‌نگاو بنێین.
دوایین ڕێككه‌وتنى هه‌ردوو حكوومه‌تى فیدرال و هه‌رێمی كوردستان و ده‌سپێكردنى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى كه‌ركووك له ڕێگه‌ى بۆرییه نه‌وتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه بۆ به‌نده‌رى جه‌یهان له توركیا، ئاماژه‌یه‌كى ئه‌رێنییه كه سوودى بۆ داهاتى گشتیى عێراق ده‌بێت و ڕۆڵى ده‌بێت له چاره‌سه‌ركردنى هه‌ندێ له كێشه داراییه‌كانى كه ئه‌مڕۆ عێراق دووچاری بووه‌ته‌وه. هیوادارین قۆناغى داهاتوو، قۆناغى لێكگه‌یشتن و چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولامان بێت.
لێره‌دا به ده‌رفه‌تى ده‌زانم دووپاتى بكه‌مه‌وه كه وێڕاى پشتگیریمان له حكوومه‌تى به‌ڕێز د. عادل عه‌بدولمه‌هدى، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردن و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى هه‌موو كێشه‌كان به‌پێى میكانیزمه ده‌ستوورییه‌كان، بكه‌وێته پرۆسه‌یه‌كى جددیى گفتوگۆوه و پێكه‌وه كار بكه‌ین بۆ دابینكردنى ته‌واوى ئه‌و مافانه‌ى كه ده‌ستووری عێراق به هه‌موو لایه‌كى داوه.
هیوادارین هه‌موومان سوود له وانه‌كانى ڕابردوو ببینین كه به ئه‌زموون سه‌لماندوویه‌تى ئاڵۆزكردنى كێشه‌كان و به‌كارهێنانى لۆژیكى هێز هیچ سوودێكى نه‌بووه و هه‌مووان لێى زه‌ره‌رمه‌ند بوون، به پێچه‌وانه‌وه لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن، به سوودى هه‌مووان و به سوودی عێراق ته‌واو ده‌بێت.
به‌ڕێزان،
یه‌كێك له ده‌ره‌نجامه هه‌ره ئه‌رێنى و دیاره‌كانى به‌رهه‌مهێنانى غاز له هه‌رێمى كوردستان، هاوبه‌شیكردنیه‌تى له به‌رهه‌مهێنان و زیادكردنى ڕێژه‌ى ته‌زووى كاره‌بادا. وه‌زاره‌تى كاره‌با سوودمه‌ندى یه‌كه‌م و سه‌ره‌كیى به‌رهه‌مهێنانى غازه كه غاز ده‌داته وێستگه‌كانى هه‌ولێر و چه‌مچه‌ماڵ و (1500) مێگاوات كاره‌با دابین ده‌كات.
چاوه‌ڕاون ده‌كرێت له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا (300) مێگاواتى تر له‌سه‌ر ئه‌م ڕێژه‌یه زیاد بكات كه له‌گه‌ڵ پلانه‌كانى تر‌ى وه‌زاره‌ت بۆ به‌رهه‌مهێنانى زیاترى ته‌زووى كاره‌با، پێشبینى ده‌كرێت له ئێستاوه تا مانگى ئادارى داهاتوو به سێ قۆناغ ڕێژه‌كانى پێدانى كاره‌باى نیشتمانى به هاووڵاتیان به شێوه‌یه‌كى به‌رچاو زیاد بكات.
له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونى جێبه‌جێكردنى سیسته‌مى پێوه‌رى زیره‌كیش كه وه‌ك هه‌نگاوێكى سه‌ركه‌وتوو له چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى چاكسازیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ستى پێكردووه، له ماوه‌ى كه‌متر له دوو ساڵى داهاتوودا وه‌زاره‌تى كاره‌با له كۆتاییى ئامانجى خۆى نزیك ده‌بێته‌وه كه ده‌یه‌وێت به دابینكردنى غازى پێویست و گۆڕینى زۆربه‌ى وێستگه‌كانى كاره‌با بۆ به‌كارهێنانى غاز، كاره‌باى به‌رده‌وام بۆ هاووڵاتیان دابین بكات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ى له كاتى جێبه‌جێكردنى ته‌واوى پلانى حكوومه‌ت بۆ به‌كارهێنانى غاز له به‌رهه‌مهێنانى كاره‌بادا، ساڵانه به سه‌دان ملیۆن دۆلار ده‌گه‌ڕێته‌وه خه‌زێنه‌ى حكوومه‌ت.
له كاتێكدا ئه‌مڕۆ به‌تایبه‌تى له كه‌رتى كاره‌با و به‌رهه‌مهێنانى ته‌زووى كاره‌بادا ده‌ره‌نجامه‌كانى به‌رهه‌مێهنانى غاز له هه‌رێمى كوردستان ده‌رده‌كه‌ون، دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بایه‌خ و په‌ره‌ى زیاتر به بوارى وزه به‌گشتى و وه‌به‌رهێنان له سامانه سروشتییه‌كاندا به‌تایبه‌تى ده‌دات و بۆ بنیاتنانى ژێرخانى گشتى و كه‌رته‌كانى تر، به‌تایبه‌تیش كه‌رته‌كانى كشتوكاڵ، پیشه‌سازى و گه‌شتیارى به‌كارى ده‌هێنێت و دڵنیاین له داهاتوودا ده‌توانین هه‌نگاوى باش له‌مباره‌یه‌وه بنێین.
هه‌رێمى كوردستان خاوه‌نى سامانێكى سروشتیى زۆره. له ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كانه‌وه، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌سپێشخه‌ریى به‌رچاوى بۆ هاندانى وه‌به‌رهێنانى بیانى له بواره‌كانى نه‌وت و غازدا.
له‌م بۆنه‌یه‌دا جاریكى تر داوا له كۆمپانیاكانى بوارى وزه له جیهان ده‌كه‌م كه ڕوو بكه‌نه هه‌رێمى كوردستان و له كه‌رته‌كانى وزه و سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێمدا وه‌به‌رهێنان بكه‌ن. داوایان لێ ده‌كه‌م چاو له دانه غاز و نه‌وتى هیلال بكه‌ن كه تا ئێستا به بڕى ملیارێك و چوارسه‌د ملیۆن دۆلار وه‌به‌رهێنانیان له هه‌رێمى كوردستان كردووه و پلانیان هه‌یه له ماوه‌ى چه‌ند ساڵى داهاتوودا به چه‌ندین ملیار دۆلارى تر لێره وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.
دانه غاز له پڕۆژه‌كه‌یدا بۆ به‌رهه‌مهێنانى غاز سه‌ره‌تا به به‌رهه‌مهێنانى (80) ملیۆن (پێ سێجا) ده‌ستى پێكرد، دواتر گه‌یاندییه (300) و له‌م هه‌فتانه‌ى دواییشـدا گه‌یشـتووه‌تـه (400) ملیۆن (پێ سێجا)، ده‌یـه‌وێـت لـه مـاوه‌ى دوو ـ سێ ساڵى داهاتووشدا، بۆ زیاتر له دوو ئه‌وه‌نده به‌رهه‌مهێنان زیاد بكات. پڕۆژه‌كه هه‌روه‌ها ڕۆژانه زیاتر له (100) تۆن غازى شل به‌رهه‌م ده‌هێنێت كه بۆ دابینكردنى پێداویستییه‌كانى ناوخۆ له غازى ماڵان به‌كار ده‌هێنرێت، ئه‌مه جگه له دابینكردنى زیاتر له دوو هه‌زار ده‌رفه‌تى كارى هه‌میشه‌یى و (20) هه‌زارى تر‌ى كاتى بۆ هه‌رێمی كوردستان.
كه‌رتى تایبه‌ت ڕۆڵێكى گه‌وره و سه‌ره‌كى له پێشخستنى ئابووریى هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه، بۆیه له‌ژێر ڕۆشناییى ده‌ستوورى عێراقدا، ئۆكتۆبه‌رى ساڵی 2007 یاساى نه‌وت و غازمان له هه‌رێمى كوردستان ده‌ركرد كه چوارچێوه‌یه‌كى ڕیكخراوى بۆ وه‌به‌رهێنان له كه‌رتى نه‌وت و غازدا فه‌راهه‌م كرد و له ماوه‌یه‌كى پێوانه‌ییدا بووه هۆى به‌ره‌وپێشچوونى ئه‌و كه‌رته. ئێستاش به هه‌مان شێوه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌موو پشتیوانى و ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات و هانى كه‌رتى تایبه‌تى بیانى و خۆماڵى ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى له هه‌موو كه‌رت و بواره‌كان و به‌تایبه‌تیش له كه‌رتى نه‌وت و غازدا له هه‌رێمى كوردستان وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.
له كۆتاییدا، دووباره ده‌مه‌وێ زۆر سوپاسى كۆمپانیاكانى دانه غاز و نه‌وتى هیلال و هاوبه‌شه ئه‌ورووپییه‌كانیان (OMV – MOL و RWE) وه‌ك هاوبه‌شانى كۆمپانیاى (پێرل پترۆلیۆم) بكه‌م بۆ ئه‌و كارانه‌ى له هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامیان داوه.
زۆر سوپاس بۆ به‌ڕێز د. ئاشتى هه‌ورامى، وه‌زیرى سامانه سروشتییه‌كان و تیمى وه‌زاره‌ت، بۆ ئه‌و كار و خزمه‌تانه‌ى له‌م بواره‌دا كردوویانه. هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌خوازم. سوپاستان ده‌كه‌م كه متمانه‌تان به هه‌رێمی كوردستان كرد و هاتن بۆ ئه‌وه‌ی لێره وه‌به‌رهێنان بكه‌ن.