یاسای چەک و دیاردەی چەکداری

5 ساڵ لەمەوپێش



پارێزەر: لوقمان مستەفا ساڵح

ئەگەرچی پەرلەمانی کوردستان لە یەکەم خولی خۆیدا لە ساڵی 1992 یاسای قەدەغەکردنی چەکی دەرکردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو یاسایە وەک پێویست جێبەجێ‌ نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدا تەواوی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بەردەوام داوای قەدەغەکردنی ئەو دیاردەیەیان کردووە. دیاردەی چەک هەڵگرتن، بەڕێپێدراوو بێ مۆڵەتەوە، بەهەموو شێوەکانیەوە، کارەساتێکی وای خوڵقاندوە، هیچ کەسێک لە هەرێمی کەردستان نەتوانێت، بە ئاسو دەیی ژیان بگوزەرێنێت،چونکە زۆربەی ئەو تاوانانەی کە ئەنجام دە درێت، لەرێی چەکەوەیە، تائێستا نەتوانراوە پێشی لێ بگیرێت، دوبارە بونەوەی تاوانەکان وای کردووە کە هاوڵاتیان متمانەیان بە دامودەزگا تایبەتمندەکان نەمێنێت.

هەندێک لەیاساناسان پێیان وایە دەبێت یاسای قەدەغەکردنی چەک دووبارە لەپەرلەمان هەموار بکرێتەوە، بەڵام بە پێجەوانەوە هەندێکیان رایان وایە حکومەتی هەرێم دووبارە پێویستی بەیاسای قەدەغەکردنی چەک نییە، چونکە ئەو یاسایە، کەموکوڕییەکی ئەوتۆی نییە. یاسای مۆڵەتدان و قەدەغەکردنی چەک وەک هەر یاساکانی تر حکومەت کاری لەسەر نەکردووە، ئەمەش بۆ کەمتەرخەمی حکومەت دەگەڕێتەوە، چونکە وەک ئاماژەمان پێکرد یاساکە کەموکوڕییەکی وای نییە، ئەگەر کەسانێک لەپەرلەمان یاخود یاساناسان پێیان وابێـت، کەموکوڕی لە یاساکەدا هەبێت. چەک هەڵگرتن یان هێشتنەوەی چەک لەماڵەکاندا دیاردەیەکی بەرچاوە و ئەو کەسانەش کە چەک هەڵدەگرن، راستە زۆربەیان مۆڵەتی یاساییان نییە، بەڵام ئەوانەشی کە مۆڵەتی یاساییان هەیە لەکات و دەرفەتی گونجاودا هەمان تاوانی پێ ئەنجامدەدەن.

دیاردەی چەک هەڵگرتن یان هەڵگرتنی چەک و هێشتنەوەی لەماڵەکاندا دەکرێت زیاتر بۆ شەڕی ناوخۆیی بگەڕێنینەوە، چونگە ئەوکات شارەکان جێگای دڵنیایی خەڵک نەبوون، لەبەر ئەوەی شەڕی نەگریسی ناوخۆ وای کردبوو، کە خەڵک متمانەیان بە حکومەت نەبێت، هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی سەقامگیربونی ئاشتی لەهەرێم، دیاردەی چەک هەڵگرتن کەمێک بەرەو کاڵبونەوە رۆیشت، بەڵام لەگەڵ شەرفرۆشتنی داعش بەکوردستان، جارێکیتر ئەودیاردەیە سەری هەڵدایەوە.
هەرچەندە قەدەغەکردنی چەک بەپێی یاسا بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەگەڕێتەوە، «بەپێی یاسای چەک بەماددی 29 بەهەموو شێوەیەک چەک قەدەغەیە. بەڵام زیاتر بەپێی مادەی (21) لەیاسای چەک، سزا بۆ ئەو کەسانە هەیە، کە مۆڵەتیان نییە و چەکی ئاگرینیان لەژێردەستدایە، سزاکەش بریتییە لە «بەندکردن کە لەیەک ساڵ کەمتر نەبێت، غەرامەی مادیشی لەگەڵ دەبێت»، بەڵام تائێستا لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، وەک پێویست کار بەو یاسایە نەکراوە،بەڵکو زیاتر رووی لە سزای دارایی بوە، وەک لەوەی سزای بەندکردنی بەسەردا بسەپێنێت. هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆ نکۆڵی لەوە ناکات، خەڵک بەبێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن،خۆیان گوتەنی لەگەڵ ئەوەی بارودۆخی سیاسی هەرێمیان لەبەرچاوگرتوە، بەڵام کەم تازۆر ڕوبەروی ئەودیاردەیە بونەتەوە،بەڵام وەک پێویست نەیان توانیوە هەندێ رێکاری یاسایی بگرنەبەر،هەندێ جاریش روبەروی کێشەی زۆر بونەتەوە، لەبەرئەوەی زۆربەی ماڵەکان چەکیان هەیە، تەنانەت ماڵی وا هەیە چەکی قورسی وەک بیکەیسیشی هەیە، ئیتر چۆن بتوانرێیت ئەو بارودۆخە چارەسەر بکرێت؟ ئەو کەسانەش چەک هەڵدەگرن، هەریەکەیان سەر بەحزبێکن، حزبەکانیش هەموو پاسەوانیان هەیە.

لەماددەی 16ـی یاسای چەک هاتووە، «بەهەموو شێوەیەک بازرگانیکردن بەچەک قەدەغەیە»، بەڵام بازاڕی چەکفرۆشتن لەزۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا هەیە، بەڵام دەزگا ئەمنیەکان دەڵێن لەلایەن ئێمەوە کۆنتڕۆڵ کراون و لەژێر چاودێریدان، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەشوێنی چەکفرۆشەکانی کوردستان هەن، ئەگەرچی چەک فرۆشتن لەلایەن دەزگای ئاسایشەوە سنووردار کراوە و بەردەوام لە ژێر چاودێریدایە، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە ئاسایش بزانێـت کێ چەک دەفرۆشێت و کەسی چەککڕیش ئەو چەکەی بۆچییە، بەڵام ئەو کەسانەی گەر نەیانەوێـت ئاسایش پێیان بزانێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ نەکەن، دەچن لەدەرەوەی بازاڕی چەکفرۆشەکان، مامەڵەی خۆیان ئەنجامدەدەن.
وەزارەتی ناوخۆ نکۆڵی لەوە ناکات بازاڕی چەکفرۆشی نەبێت، بەڵام ئەوە رەت دەکاتەوە بەمۆڵەتی ئەوان ئەو بازاڕە کرابێـتەوە،لەو جێگایانەی بەئاشکرا چەک دەفرۆشرێت و بازرگانی پێوە دەکرێت، بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆیان نییە و هەموویان بەقاچاخچێتی دەیکەن. چەند جارێک هەوڵی ئەوە دراوە ئەو دیاردەیە نەمێنێت، بەڵام وەک خۆی لێ هاتۆتەوە، بەڵام ئەوە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەهەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بەچەک هەتا ئەو چەکانەش کە بۆ راو بەکار دەهێنرێت، دەبێت مۆڵەتیان هەبێ.

بەپێی یاسا ئەرکی قەدەغەکردنی چەک لەئەستۆی وەزارەتی ناوخۆیە و وەزارەتی ناوخۆ بێتوانایی خۆی نیشان دەدات، بۆ قەدەغەکردنی چەک ، چونکە پێویستیان بەپشکنین هەیە، بەڵام ناتوانن پشکنینێکی گشتی لەشارەکانی کوردستان بکرێت، چونکە کەم ماڵ هەیە چەکی نەبێت، لەبەر ئەوە ناتوانرێت ئەو پشکنینە ئەنجام بدرێت، بەهۆی بونی چەک هەڵگرێکی زۆرە و هەرکەسە و سەر بەحزبێکە و حزبەکەی پشتگیری لێ دەکات، هەر بۆیە بنبڕکردنی دیاردەی چەک هەڵگرتن بە قسەکردن زۆر ئاسانە، بەڵام جێبەجێکردنەکەی گرانە،هەندێکی بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و دوژمنداریەوە، هەندێکیشی بەهۆی پاڵپشتی کردنی هەندێ لە لێپرسراوان لە کەسانێک کە بۆ کاری تایبەتی خۆیان دەگەرێتەوە.!!

 بوونی دیاردەی چەک شکۆی یاسا دەشکێنێت و هەیبەتی ناهێڵێت، بازرگانی ڕەش بەچەکەوە دروست دەبێت و لە دەرەنجامدا ژیانی مەدەنی لە کۆمەڵگەدا دەسڕدرێتەوە.لەو بارودۆخەشدا خەڵکی وا هەست دەکەن نە دامودەزگا یاساییەکان هەیبەتیان هەیە و نە دامودەزگا مەدەنییەکان چالاکییان پێ دەکرێت، نە متمانەشیان بە پۆلیس و ئاسایش دەبێت تا ژیانیان بپارێزێت، واتا روانینێکی نایاسایی و نامەدەنی و سەربازیی لا دروست دەبێت کە پێی وایە تەنیا بە چەکەکەی خۆی، خۆی پێ دەپارێزرێت».

بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ووشیاریی خەڵکەکە زۆر گرنگە کە بزانێت ئەو چەکەی بۆچییە،ئایا بۆ بەرگری کردنە لەخاکی نیشتیمان، یان بۆ بەرگریکردنە لەخۆپاراستن‌و هەر دەستدرێژیەک کە بۆ بەرگریکردنی رەوایی لەخۆیو سەروماڵی، چونکە ئەگەر سەیری رابردو بکەین، ئەو کاتانەی گەلی کورد دەچەوسایەوەو ستەمی لێ دەکرا، ئەوکات بە ئاواتەوەبوین هەمو ماڵێک لەگوندەکان چەکی هەبێت، بۆئەوەی لەکاتێک کە حکومەت هێرشی بۆبهێنابایە، ئەوان بەرگرییان لەشەرەف‌و کەرامەتی خۆیان بکەن، بەڵام بۆ ئەم زروفە نابێت، بۆیە لەئێستادا ئەرکی هەموو لایەکە بەراگەیاندن‌و رێکخراوەکان‌و هەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگایەوە ئەو دیاردەیە نەمێنێت، چونکە دیاردەیەکی ناشارستانیەو لەگەڵ ژیانی سەردەمدا نایەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار