مەملەکەتی باوکان

2018-12-06 07:39:50



کورتیلە چیرۆک

: دابان عەتار

)بەڵێ من یەکێک بووم لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی ئەو بیردۆزە، تەنانەت لەوانەیە ئێوە لە هاوڕێکانمەوە بیستبێتتان، من چەندە سەرسەختبووم، بە شێوەیەک جاری وا هەبووە سەرکوتم کردوون لەسەر ئەوەی، کە بڕوایەکی پێچەوانەیان دەربڕیوە. هەرگیز باوەڕم نەدەکرد شتێکی وا ڕووبدات، ئاخر تێ بگەن! بۆ من تا ئەوکاتە باوەڕنەکردەبوو(ئەم دێرانەم لەنێو دوو کەوانە داناوە، چونکە دەشێ لەم چیرۆکەدا چەندجارێک دووبارەبێتەوە.

ڕۆژێکیان خۆم گەیاندە نەخۆشخانەی دەروونی، لە تەنیشت نەخۆشخانەی جمهوری لە هەولێر لەو دەرگەیەی دەکەوتە بەرانبەر پردی شۆرش چوومە ژوورەوە. خۆم گەیاندە یەکێک لە ژوورەکان، کۆمەڵێک نەخۆشی تێدابوو.

بزانن من خەریکی لێکۆڵینەوەکەم بووم لەسەر چەند جۆرێکی نەخۆشی نیڕۆسی، هەر بۆ ئەو مەبەستەش هاتبوومە ئەو نەخۆشخانەیە، تا بیروڕای دکتۆرەکان وەرگرم و  چاویشم بە چەند نەخۆشێک بکەوێت. ئا با لەبیرم نەچێ:

)من یەکێک بووم لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی ئەو بیردۆزە، تەنانەت لەوانەیە ئێوە لە هاوڕێکانمەوە بیستبێتتان، من چەندە سەرسەختبووم، بە شێوەیەک جاری وا هەبووە سەرکوتم کردوون لەسەر ئەوەی، کە بڕوایەکی پێچەوانەیان دەربڕیوە. هەرگیز باوەڕم نەدەکرد شتێکی وا ڕووبدات، ئاخر تێ بگەن! بۆ من تا ئەوکاتە باوەڕنەکردەبوو.)  خۆم بە ژووری ژمارە سێدا کرد. ئەوەی لە ژوورەکەدا بینیم نەکردەبوو! بەڵێ، بەڵێ، دەڵێم ئەوەی بینیم زۆر سەرسوڕهێنەر بوو!  فڕۆیدم بینی لەچەرپای ژمارە سێ ڕاکشابوو، سەرنجی لە پانکەی سەقفەکە گیرکردبوو، بە پەنجەی شایەتومانی کونەلووتی دەکۆڵیەوە. دووسێجار چاوەکانمم هەڵگلۆفت، بەڵام ئەو دیمەنەی بینیم ڕاستی بوو. خۆم گەیاندێ و بەهەرحاڵێک بووە فڕۆیدم دواند.

بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان لە ساڵی ١٩٣٩ کۆچی دوایی کردبوو، کەچی ئێستا ٢٠١٧ یە و ئەو دەبینم لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر! بەڵێ دڵنیام خۆی بوو. لێیمپرسی:

- ئەوە لێرە چی دەکەی ؟

ئەویش بەدەم کۆڵینەوەی لووتیەوە ئەم قسانەی پێ گوتم:

 

-(بەڵێ من یەکێک بووم لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی ئەو بیردۆزە، تەنانەت لەوانەیە ئێوە لە هاوڕێکانمەوە بیستبێتتان، من چەندە سەرسەختبووم، بە شێوەیەک جاری وا هەبووە سەرکوتم کردوون لەسەر ئەوەی، کە بڕوایەکی پێچەوانەیان دەربڕیوە. هەرگیز باوەڕم نەدەکرد شتێکی وا ڕووبدات، ئاخر تێ بگەن! بۆ من تا ئەوکاتە باوەڕنەکردەبوو). من هاتمە ئیرە بۆئەوەی تاقیکاری لەسەر لێکۆڵینەوەکەم فراوانتربێت، بەوەی لە شاری جیاجیا ئەو تاقیکردنەوەیەم ئەنجام بدەم لەسەر مرۆڤی خاوەن کولتووری جیاواز. هەرچەندە پێش بێمە ئیرە وامدەزانی، کە مرۆڤی هەموو کولتوورەکان هەر بەتەنێ یەک پاڵنەڕ هەڵیان دەسووڕێنێ. دەبوایە تاقیکاری لەسەر چەند نەخۆشێکی نیڕۆسی بکەم.

-ئەدی چی وای لێ کردی خۆت بکەویە ئەم ژوورەوە و لەگەڵ نەخۆشەکانی ئێرە بەند بکرێیت؟

قاقایەکی لێدا! خۆی گرمۆلەکرد و دواتر چاوانی بۆ دووریان ڕوانی، بەردەوام بوو:

- بیردۆزەکەم لیرەوە کەوتە ژێر پرسیارەوە. سەرنجم دا، لێرە ئەوەی هەیە هەر لەبەرگیراوەی باوکەکانە، کەسێک بوونی نییە بەناوی کوڕەوە، تەنانەت ئەو کوڕانەش، کە دەیانەوێ لەباوک هەڵگەڕێنەوە لە کۆتاییدا هەر لەبەرگیراوەکانی باوکەکانیان. باوکانی ئیرە ڕۆژانە وێنەکانی خۆیان لە کوڕەکانیاندا   لەبەردەگرنەوە. هاهاها تۆیش باوکی لەکاتێکدا کوڕی خۆشتی، ههههه کوڕە باوکەکە هاهاهاا...

بەپەلە خۆم گەیاندە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە تا لێی بپرسم: فڕۆید چی دەکرد لەوێ و چۆن هێنابوویان بۆ ئەوێ. بەڕێوەبەرەکە بۆ ساتێک لێم ڕاما، بزەی هاتێ دواتر سەری ڕاوەشاند و لە ژێر لێوەوە گوتی:

- لاحول ولا لەدەستی ئەم نەخۆشانە!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار