120 هه‌زار مووچه‌خۆری هه‌رێم ده‌خرێنه‌ سه‌ر به‌غدا

2018-12-12 06:15:33



ئارا ئیبراهیم

موچه‌ى 120 هه‌زار شه‌هیدو زیندانیانى سیاسى و که‌مئه‌ندامى سه‌نگه‌ر ده‌خرێته‌ سه‌ر حکومه‌تى عێراق و به‌غدا راسته‌وخۆ موچه‌ و مینحه‌کانیان بۆ دەنێرێت و راده‌ستى وه‌زاره‌تى شه‌هیدانى هه‌رێمی کوردستانی ناکات، که‌مترین مووچه‌ى هەریەک له‌وانه‌ش ملیۆنێک و 200 هه‌زار دینار دەبێت و پلەدارەکانیش مووچەکانیان زیاتر دەبێت.

وه‌زاره‌تى شه‌هیدانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌رێگه‌ى لیژنه‌یه‌کى باڵاوه‌ گفتوگۆکانیان چڕ کردۆته‌وه‌ بۆ هاوتاکردنى موچه‌ى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى و که‌مئه‌ندامانى سه‌نگه‌ر و سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ى به‌ده‌ستى رژێمى پێشوى عێراق توشى زیانى گیانى بونه‌ته‌وه‌، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات که‌ که‌مترین موچه‌یان یه‌ک ملیۆن و دوسه‌د هه‌زار دینار ده‌بێت.

فوئاد عوسمان، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى شه‌هیدانى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت "لیژنه‌که‌مان له‌سه‌ر ئاستى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق دروست بووه‌و ئه‌میندارێتى حکومه‌تى عێراق پێکى هێناوه‌ و  چه‌ند راسپارده‌یه‌کى به‌رزکراوه‌ته‌وه‌ بۆ حکومه‌ت و گه‌شتۆته‌ لاى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که‌ لیستى ناوى سه‌رجه‌م شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى دراونه‌ته‌ به‌غدا که‌ ژماره‌یان 108 هه‌زار ده‌بێت جگە لە ١٢ هەزار مووچەخۆری کەمئامدامانی سەنگەر.

 له‌ئێستادا حکومه‌تى هه‌رێم مانگانه‌ بڕى 43 ملیار دینار مینحه‌یان بۆ دابین ده‌کات، و ساڵانه‌ش بۆ خزمه‌تگوزارى خوێندن و ته‌ندروستى که‌سوکارى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى بڕى 30 ملیار دینار له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ خه‌رج ده‌کرێت.

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ به‌هاوتاکردنى مینحه‌و موچه‌ى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى که‌مترین موچه‌یان یه‌ک ملیۆن دودو سه‌د هه‌زار دینار ده‌بێت به‌پێى یاساى یاساى ژماره‌ 3 و 4ى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى  عێراق و ماف و ئیمتیازاته‌کانیشیان زیاتر ده‌بێت و ده‌گاته‌ نزیکه‌ى 100 ملیار دینارى مانگانه‌.

هه‌روه‌ها وتیشى "داوامان کردووه‌ موسته‌حه‌قاتى که‌سوکارى شه‌هیدان به‌ماف و ئیمتیازاته‌وه‌ زیندانى سیاسى و که‌مکئه‌ندامى سه‌نگه‌ر، ئه‌وانه‌ى توشى زه‌ره‌ر بوون به‌ده‌ستى رژێمى پێشوو  ئومێد ده‌که‌ین له‌داهاتوى نزیکدا گوێبیستى بریارى حکومه‌تى عێراقبن".

به‌پێى به‌دواداچونى رۆژنامه‌ى هاوڵاتى که‌مئه‌ندامانى سه‌نگه‌ر له‌ ژماره‌یان نزیکه‌ى 12 هه‌زار که‌س ده‌بێت و به‌ پله‌ى جیاوازى سه‌ربازى خانه‌نشین کراون که‌ له‌ پله‌ى ملازم تا لیواى تێدایه‌ و بودجه‌ى مانگانه‌یان زیاتره‌ له‌ 15 ملیار دینار.

فوئاد عوسمان له‌باره‌ى که‌مئه‌ندامانى سه‌نگه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌ى رونکرده‌وه‌ که‌ به‌پێى ماده‌ى 132ى ده‌ستورى عێراق ئه‌وانیش قه‌ره‌بوو ده‌کرێنه‌وه‌و موچه‌کانیان ده‌خرێته‌ سه‌ر به‌غدا.

له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌ په‌رله‌مانتارێکى کورد له‌به‌غدا لیژنه‌ى یاسایى ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات که‌ عێراق لارى نییه‌ له‌وه‌ى که‌ موچه‌و مینحه‌کان هاوتا بکرێت، به‌ڵام ئاماده‌ نییه‌ بودجه‌که‌ بداته‌ ده‌ست وه‌زاره‌تى شه‌هیدان. 

به‌هار مه‌حمود، په‌رله‌مانتارى فراکسۆنى گۆران  له‌ لیژنه‌ى یاسایى  په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت "ئه‌مه‌ بریارى په‌رله‌مانى عێراقه‌  که‌ ماف و ئیمتیازاتى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى یه‌کبخرێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى عێراق، له‌م خوله‌ى په‌رله‌مان که‌ ده‌ستبه‌کاربووین له‌هه‌رفراکسۆنێکى کوردى که‌سێک ده‌ستنیشان کرا تا به‌دواداچونى بۆ بکه‌ین، له‌ فراکسۆنى گۆران به‌نده‌ به‌دواداچونى بۆ ده‌کات".

هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد له‌ به‌دواداچونه‌کانیاندا سه‌ردانى  سه‌رۆکى ده‌زگاى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسیان کردووه‌و لاریان له‌وه‌ نییه‌ که‌ موچه‌و مینحه‌کان هاوتا بکرێت و بخرێنه‌ سه‌ر به‌غدا، به‌ڵام" سه‌رۆکى ده‌زگاى شه‌هیدانى عێراق پێى راگه‌یاندم که‌ ئاماده‌ نین بودجه‌ى موچه‌و مینحه‌ى شه‌هیدان ته‌سلیمى وه‌زاره‌تى شه‌هیدانى حکومه‌تى هه‌رێم بکه‌ین، به‌ڵکو ئێمه‌ لاى خۆمانه‌وه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى بۆ داده‌مه‌زرێنین و راسته‌وخۆ موچه‌و مینحه‌کان دابه‌ش ده‌که‌ین پێویست ناکات وه‌زاره‌تى شه‌هیدان بمێنێت".

په‌رله‌مانتاره‌که‌ى گۆڕان ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه‌ که‌ دۆسیه‌ى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى و به‌رکه‌وته‌ى چه‌کى کیمیایى و که‌مئه‌ندامانى سه‌نگه‌ر لاى عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زایرانى عێراقه‌.

به‌هار مه‌حمود ئه‌وه‌شى خسته‌روو که‌ سه‌ردانى فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى عێراقیان کردووه‌ که‌ داوایان لێ کردووه‌ له‌ پرۆژه‌ بودجه‌ى 2019ى عێراقدا جێگه‌ى هاوتاکردنى موچه‌و مینحه‌ى شه‌هیدان و زیندانیانى سیاسى و که‌مئه‌ندامانى سه‌نه‌گر بکرێت و وه‌زیرى دارایى پێى راگه‌یاندوون که‌" ده‌بێت لیستى ناوى که‌سه‌کانى لابێت و پاره‌ى له‌به‌رده‌ست بێت تا کارى تێدا بکات".
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار