کورد بە ١٤% ی پشکی بوودجەی عێراق رازییە

پەرلەمانتارێکی پارتی: پێشبینی دەکەم کێشەی داراییمان لەگەڵ بەغدا نەمێنێت

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی حکومەتی عێراقە وەڵامی تێبینییەکانی بداتەوە لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠١٩ەوە، تا پڕۆژەکە بخاتە کارنامەی کۆبوونەوەکانیەوە و دەنگی لەسەر بدات.

کۆتایی مانگی ١٠ی ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەی بودجەی ٢٠١٩ی پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد بەمەبەستی پەسەندکردنی.

رۆژی ١٢ی مانگی ڕابردوو، پەرلەمان لەکۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی گۆڕانکاریکردنی کرد لە پڕۆژە بودجەکەدا و بڕیاریدا لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ حکومەت بۆ گۆڕانکاریکردن لە پڕۆژەکە پێکبهێنرێت.

لیژنەکە لەلایەن فوئاد حسێن وەزیری داراییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت کە ژمارەیەک پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی و نوێنەرانی حکومەت تێیدا ئەندامن و تێبینییەکانیان لەبارەی پڕۆژەی بودجەوە ئامادەکردووە و بەرزیان کردوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی پەسەندکردنی.

بەختیار شاوەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی وت «لیژنەکە تاوتوێی تێبینییەکانی کردووە و کۆیکردوونەتەوە و ئاڕاستەی حکومەتی کردووە، بەڵام بەهۆی تەواونەکردنی کابینەی حکومەتەوە تا ئێستا وەڵامەکەی نەگەڕاوەتەوە و تاڕادەیەک وەستاوە».

پێشیوایە، جگە لە کێشەی تەواونەکردنی کابینەکە، حکومەت کێشەی بۆ دروستبووە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، «پێموایە حکومەت چاوەڕوانی ئەوەدەکات نرخی نەوت جێگیر بێت ئەوکاتە جارێکی تر تێبینییەکان وەربگرێت و بینێرێتەوە بۆ پەرلەمان».

یەکێک لەو خاڵانەی کە لیژنە هاوبەشەکەی حکومەت و پەرلەمان کاریان لەسەر کردووە، پەیوەستە بە پشکی کوردەوە لە پڕۆژەی بودجە کە لە رەشنوسی پڕۆژەکەدا بە لەسەدا ١٢ دیاریکراوە.

بەختیار شاوەیس وتی «دوای ئەوەی داوامان کرد پشکی کورد زیاد بکرێت، پێشبینی ئەوەدەکەین بکرێتە بەلەسەدا ١٤ و ئومێدمان زۆرە».

رونیشیکردەوە «ئێمە داوای لەسەدا ١٧مان کردبوو، بەڵام ئەوان حسابی ئەوەدەکەن کە بەپێی داتای وەزارەتی پلاندانان ڕێژەی دانیشتوانی سێ پارێزگاکەی هەرێم لەسەدا ١٤ یە».

ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی دەکات لەمساڵدا پڕۆژەکە لەپەرلەمان دەنگی لەسەر نەدرێت و بۆ ساڵی داهاتوو بمێنێتەوە.

باسی لەوەشکرد، لەئێستادا پرسی ئەوە هاتووەتە ئاراوە کە کار بە ڕێژەی یەک لەسەر ١٢ بکرێت، تا ئەوکاتەی بودجە پەسەند دەکریت.

بەپێی رەشنوسی پڕۆژەی بودجەی عێراق، بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ بڕی ١٢٨.٤ ترلیۆن دینارە کە دەکاتە ١٠٨ ملیار دۆلار و ٢٢.٨ ترلیۆن دینار (١٩ ملیار دۆلار) کورتهێنانی هەیە.

هەر بەپێی پڕۆژەکە، عێراق ڕۆژانە دەبێت سێ ملیۆن و ٨٨٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و بە نرخی ٥٦ دۆلار بیفرۆشێت، هەرێمی کوردستانیش ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا بکات.

فوئاد حسێن وەزیری دارایی لەکۆبوونەوەی مانگی ڕابردوی پەرلەمانی عێراقدا باسی لە گرنگی کات کرد بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەی بودجە و ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەکە قابیلی گفتوگۆکردن و پێداچونەوەیەو لەماوەی دوو هەفتەدا کارەکان لەو بارەیەوە تەواو دەکرێن.

وتیشی کە حکومەت ئامادەیە بەشێوەیەکی ئیجابی مامەڵە لەگەڵ تێبینی پەرلەمانتاران و ئەندامانی لیژنەی دارایی بکات لەو بارەیەوە.

لە پرۆژە بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا پشکی کورد تێیدا بە ٨ ترلیۆن و ٩٧٠ ملیار دینار دیاریکراوە لەگەڵ پێدانی مانگانەی ٤٤ ملیار دینار لەبودجەی هێزە وشکانیەکان بۆ پێشمەرگە.

دانا جەزا ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەدا، پرسی سیاسی باڵی کێشاوە بەسەر پرسەکانی دیکەدا، لەناویاندا پڕۆژەی بودجە.

وتیشی «لیژنە هاوبەشەکەی حکومەت و پەرلەمان تێبینییەکانیان لەسەر پڕۆژەکە ڕادەستی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و چاوەڕوانی وەڵامین، وەزیری دارایی هەفتەی ڕابردوو هاتە پەرلەمان و پێی وتین کە هەموو تێبینییەکان بە هەند وەردەگرن و هەوڵدەدەن چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزنەوە».

باسی لەوەشکرد، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە پشکی هەرێمی کوردستانە لە پڕۆژە بودجەی ٢٠١٩ کە ئاڕاستەیەک هەیە بۆ ئەوەی زیاد بکرێت بۆ لەسەدا چواردە بۆ پازدە.

دانا جەزا ئەوەشی خستەڕوو، ئومێدی زۆر هەیە پشکی هەرێم زیاد بکرێت، چونکە تا ئێستا هیچ کوتلەیەک دژایەتی ئەو پرسەی نەکردووە و تاڕادەیەک قبوڵکراوە.

لەبارەی پشکی پێشمەرگەوە کە لە پڕۆژەکەدا لەچوارچێوەی هێزە وشکانییەکاندا بودجەی بۆ دانراوە، ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی خستەڕوو هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە بودجەکە دیاری بکرێت، نەک هەر بەو شێوە کراوەیە لەسەر وەزارەتی بەرگری بێت.

جگە لەو هەوڵانە بۆ زیادکردنی بەشە بودجەی هەرێم، لە ئێستادا حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنە کوردییەکان لە هەوڵدان بۆ ئەوەی موچە و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بخرێتە سەر  حکومەتی ناوەندی.

دانا جەزا وتی «هەوڵەکە بۆ ئەوەیە موچە و ئیمتیازانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون بخرێتە سەر بودجەی سیادی، ئەگەر پرسەکان بەو شێوەیە بڕۆن تەسەوردەکەم کێشەی داراییمان لەگەڵ بەغدا نەمێنێت، بەتایبەتی ئەگەر حکومەتی هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لەڕێکەی بەغداوە بفرۆشێت و پارەکەی بچێتەوە بەغدا».

جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستی پەسەندکردنی پڕۆژەی بودجە، بۆ ئەوەی پڕۆژەکان نەوەستن و بەردەوام بن.

ههرێمى کوردستان داواى ئیستحقاقى کۆمپانیا نهوتییهکانى کردووه له پرۆژه بودجهى 2019دا، کە شایستەی کۆمپانیا نەوتیەکان لە سەرجەم کێڵگە نەوتیەکانی عێراق لهبودجهى سیادیدا برى 12 ترلیۆن دیناری بۆ دانراوە، لهوبڕهش بۆ هەرێمی کوردستان 360 ملیار دینار دیاریکراوه.

بەڵام ههرێمى کوردستان داواى لهسهدا 14ى ئهو 12 ترلیۆن دیناره دهکات که ترلیۆنێک و 600 ملیار دینار دەکات. بەپێی بەدواداچوونی هاوڵاتی گفتوگۆیەکی زارەکی لە نیوان بەغداو هەرێم کراوە کە ئهو 12 ترلیۆن دیناره لاببرێت و بخرێتهوه ناو بودجهى گشتى ئەگەر رێکەوتن لەسەر ئەوە بکرێت ئهوکات پشکی هەرێم بەرزدەبێتەوە.

بەرزبوونەوەی پشکی هەرێم لە بودجەی عێراقدا یارمەتی هەرێم دەدات کە بتوانێت پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران هەڵبگرێت، کە بەپێی داتاکانی حکومەت یهک ملیۆن و 249 ههزار موچهخۆرى ههیه بە فەرمانبەرو خانەنشینەوە کە مانگانه 870 ملیار دینارى پێویستە بۆئەوەی بەبێ پاشەکەوت مووچە بدات. حکومەتی هەرێم تا ئەم کاتەش بۆ دابینکردنی مووچە پشت بە دوو سەرچاوەی داهات دەبەستێت، یەکێکیان حکومهتى عێراقە کە مانگانه 317 ملیار دینار بۆ ههرێمى کوردستان دهنێرێت.

سەرچاوەکەی تریش دیاریکردنی برى 378 ملیار دینارە کە وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌کان دەیدات بە وه‌زاره‌تى دارایى بۆ پێدانى موچه‌ی فەرمانبەران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار