فەڕەنساو سەرەتایەکی تازە؟

5 ساڵ لەمەوپێش



مەریوان وریا قانع

سەرەتا

لە سەرەتای مانگی یازدەوە شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزاییدەربڕین سەرتاسەری فەرەنسای گرتەوە، بەتایبەتی لە شارە گەورەکانی ئەو وڵاتەدا و لەپێش هەمووانیشەوە لە پاریسی پایتەختدا. سەرەتا ناڕەزایەتییەکە ناڕەزایی کۆمەڵێک شۆفێر بوو کە دژ بە بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین چوونە سەر شەقامەکان، بەڵام لە هەفتەکانی دواتردا گەشەیکردوە بۆ بزوتنەوەیەکی گەورەی ناڕەزاییدەربڕین کە لە فۆرمێکی بچوکتر و جیاوازتردا وڵاتانێکی وەک بەلجیکا و هۆڵەنداشی گرتۆتەوە. ناڕازییەکان ھێلەکێکی زەردیان لەبەردایە و هەر بەناوی ئەم ھێلەکەشەوە و وەک ”ناڕەزایی ھێلەکە زەردەکان“ چوونە ناو مێژووی ئەو وڵاتەوە. ئەم نووسینە هەوڵدانێکی سەرەتاییە بۆ تێگەیشتن لەم بزوتنەوە تازەیە و لەهەندێک لە کێشەکان و ئاسۆکانی گەشەکردنی.

سەرەتا با لەو خاڵەوە دەستپێبکەم کە کولتوری ناڕەزاییدەربڕین لە ئەوروپادا، زۆربەی جار، کولتوری ناڕەزاییدەربڕین و خۆپیشاندانی ھێمن و ناتوندوتیژە، بەڵام یەکێک لە ئاکارەکانی ئەم بزوتنەوە تازەیە ئامادەگیی تووڕەبووێکی کۆمەڵایەتیی گەورە و بەرفراوانە کە پەنابردن بۆ توندوتیژیی وەک یەکێک لە ئاکارە سەرەکییەکانی بزوتنەوەکە دەردەخات، لانیکەم لەناو فەرەنسا خۆیدا. لەناو شاری پاریس خۆیدا، خۆپیشانداران، لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆو دەستەویەخەدابوون لەگەڵ پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکاندا و بە بەرچاوی کامێراکانەوە بڕێکی زۆر لە توندوتیژیی پیادەکرا و وێنەکانی بە دونیادا بڵاوبووەوە.

بێگومان سەرەڕای پەنابردن بۆ بەکارھێنانی توندوتیژیی و تاڵانکاریی و شڕەخۆریی، سەرەڕای شکاندن و سوتاندن و لێدان و پەلاماردان و گرتن،  ناکرێت ئەم بزوتنەوە بەرفراوانەی ناڕەزاییدەربڕین بۆ ئەم ڕەهەندە تایبەتە کورتبکرێتەوە. ئەوەی ڕووئەدات سەرەتاکانی تەقینەوەی کۆمەڵێک ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیی گەورەیە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دۆخی سیاسیی و ئابوریی ئەم سێ دەیەی دوایی مێژووی ئەوروپاوە هەیە. واتە پەیوەندیی بە دروستبوونی ئەو ژینگە سیاسیی و ئابورییەوە هەیە کە لەسەرەتای ساڵانی هەشتاوە لەژێرناوی ”نیولیبرالیزم“دا لە بەشی هەرەزۆری ئەوروپادا سەروەردەبێت. بەڵام ئەم نیولیبرالیزمە چ مانایەکی هەیە و ھێڵە سەرەکییەکانی کامانەن؟

نیولیبرالیزم و ڕووتکردنەوەی ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“

نیولیبرالیزم بە مانا هەرە سادە و هەرە ڕاستەوخۆکەی ھێما بۆ ئەو سیاسەت و ستراتیژە ئابورییانە دەکات، کە لە ڕێگایانەوە دەوڵەت بە قازانجی کۆمپانیا و ھێزە ئابورییە گەورە و زەبەلاحەکان کاردەکات و قورسایی خەرجیی و داهاتەکانی خۆی دەخاتە سەر چینی ناوەڕاست و چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. ئەمەش زۆر ڕەهەندی تایبەتی هەیە کە یەکێک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی بریتییە لە گۆڕینی سیاسەتی دانانی باج و کۆکردنەوەی داهاتی دەوڵەت خۆی. لەم سیاسەتە تازەیەدا دەوڵەت ئەو ڕۆڵی چاودێرییکردن و سنووردانان و ڕێگرتنە سەرەتاییانە وازلێدەھێنێت کە بەهۆیانەوە ئازادیی ئیشکردن و کەڵەکەکردنی سەرمایەی کۆمپانیا گەورە و فرەنەتەوەییەکان و کەڵەکەکردنی سەرمایە لای نوخبە هەرە دەوڵەمەندەکەی سەرەوەی کۆمەڵگا، سنوورداردەکات. لە شوێنێکی وەک ئەمریکادا لە ساڵانی سی و چل و پەنجادا ڕێژەی باج لەسەر ئەو کۆمپانیا و نوخبە دەوڵەمەندە لەسەروی ٩٠% بووە، لە حەفتاکاندا دادەبەزێت بۆ ٨٠% و لە ئێستادا زیاتر دابەزیوە بۆ ٣٨%. لەپاڵیدا دەیەها میکانیزمی نوێ هاتۆتەکایەوە کە بەهۆیانەوە ئەم کۆمپانیایانە دەتوانن خۆیان لە باجبەخشین بدزنەوە. لەبەرامبەر ئەمەدا دەوڵەت قورسایی باج کۆکردنەوە دەگوازێتەوە بۆسەر شانی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا. بەکورتیی، نیولیبرالیزم، بە مانا هەرە سادەکەی، مانای سیاسەتی دزییکردن لە هەژاران و بەخشینی ئەو دزییە بە دەوڵەمەندانی وڵاتەکە. مرۆڤ پێویست ناکات مارکسیی بێت بۆئەوەی نیولیبرالیزم بەو مانایە ببینێت و پێناسبکات. ئەم ستراتیژیەتی دزیکردنەش فرەجۆرە، بەڵام هەرە ئاشکراکانیان بریتیە لە بەرزکردنەوەی نرخی شت و مەک و بەرزکردنەوەی باج لەسەر چینەکانی خوارەوە، لەکاتێکدا داهاتی ئەم چینانە یان ئەوەتا وەکخۆی ماوەتەوە یاخود دابەزیوە. سەرجەمی ئەم سیاسەتانەش لە قازانجی کۆمپانیا فرەنەتەوەیی و بانکەکان و دەوڵەمەندانی وڵاتەکەدا. ئەم دۆخی دزیکردنەیە ڕاڤەی ئەو دروشمە دەکات کە هەندێک لە خۆپیشاندەرانی پاریس بەرزیان کردۆتەوە: ”پارەکانمان بدەنەوە“.

لەژێر سایەی ئەم سێ دەیە لە سیاسەتی نیولیبرالیدا ئەوەی لە ئەوروپادا پێیدەڵێن ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“، welfare state، بەتەواوی لاوازکراوە و زۆربەی ئەو کەرتانەی کە جاران ئەم دەوڵەتە خاوەنداریی دەکردن و  بەڕێوەیدەبردن، لە ئێستادا بەتایبەتیی کراون و خراونەتە بەردەمی لۆژیکی ”بازاڕیی ئازاد“ەوە، واتە بەناو پرۆسەیەکی بەرفراوانی بە خەسخەسەکردندا تێپەڕیون. لەوانەش، بۆ نموونە، بەشێکی بەرچاوی سیستمی خوێندن و سیستمی تەندروستیی و هاتوچۆ و پارەی خانەنشینیی و سیستمی بانک و زۆر شتی تر. ئەمەش مانای لابردنی ئەو کۆمەکەی کە دەوڵەت لەم کەرتانەدا بە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگای دەکرد. بە کورتیەکەی ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“، کە بە شێوەیەکی ڕێژەیی لە خەمی ھێزە لاواز و پەراوێزیی و هەژارەکانی ناو کۆمەڵگادا بوو، لە سی ساڵی ڕابردوودا بە تەواوی بچووک و لاوازکراوە هۆڵەندییەکان دەڵێن ئەم دەوڵەتە ”ڕووتکراوەتەوە و جل و بەرگیی لەبەردا نەھێڵدراوە“.

قەیرانەکانی چینی ناوەڕاست

وەک ووتم ھێزی گەورەو سەرەکیی پشتی ئەم ناڕەزاییدەربڕینە بەشی خوارەوەی چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگای فەرەنسییە، ئەمانەش لە ڕاستیدا بەشە هەرە هەژارەکەی کۆمەڵگای فەرنسیی نین، بەڵکو کەسانێکی خاوەن کار و پیشەی تایبەتن و ڕۆژانە کارەکانی خۆیان بەوپەڕی بەرپرسیاریەتیەوە ئەنجامئەدەن، بەڵام کێشەیان لەوەدایە ئەو بڕە پارەیەی پەیدایدەکەن، بەشی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆیان و ژیانی خێزانەکانیان ناکات. ئەمانە ئیشێکی زۆر بەرامبەر بە داهاتێکی کەم دەکەن. بەم مانایە ئەو ئابورییە نیولیبرالەی لە سەرەتاکانی ساڵانی هەشتاوە بووە بە ئابوریی باڵادەستە بە دۆخێک گەیشتوە توانای سەرلەنوێ بەرهەمهێناوە و پاراستنی چینی ناوەڕاستی نەماوە. ئەم فۆرمە لە سەرمایەداریی چینی ناوەڕاست وێراندەکات و بەشێوەیەکی شاقوڵیی کۆمەڵگا بۆ دەوڵەمەندان و هەژاران دابەشدەکات. ئەگەر مێژووی کاپیتالیزم، بەتایبەتی لە سەدەی بیستەمدا، مێژووی دروستکردنی چینێکی ناوەندی گەورەبێت، ئابووریی نیولیبرال ڕاوەستانی ئەم پرۆسەیە و هەڵوەشاندنەوەی ئەم چینە ناوەڕاستەیە.

بێگومان گرفتی ئەم بەشە گەورەیە چینی ناوەڕاست تەنها ئەوە نییە کە داهاتەکەیان کەمە و ناتوانن پێگە کۆمەڵایەتییەکەی خۆیان بپارێزن و سەرلەنوێ بەرهەمبهێننەوە، بەڵکو هاوکات هەستێکی قووڵیش بەوە دەکەن کە لەناو کۆمەڵگای فەرەنسیدا تەنهاکەوتون و کەس نییە گوێیان لێبگرێت، بەتایبەتیی نوخبە سیاسیی و حومکڕانانی وڵاتەکە و دەزگا نێودەوڵەتییە زەبەلاحەکان و چینە دەوڵەمەندەکانی سەرەوەی کۆمەڵگا. ئەم خۆپیشاندەرانە پێیانوایە ئەو نوخبەیەی لە پاریسدا حوکمڕانیی دەکات، توانای بینینی ئەمانی نەماوە و وەک نەبوو مامەڵەیان دەکات. کاتێکیش لەڕێگای خۆپیشاندانەوە هەوڵی ئەوە ئەدەن کە ببینرێن، ئەودەم گوێیان لێناگیرێت و وەڵامی داواکارییەکانیان نادرێتەوە. پەنابردن بۆ توندوتیژیی یەکێکە لەو ئامرازانەی بەهۆیەوە دەیانەوێت ببینرێن. بە کورتییەکەی ئەمانە ئەو بەشە گەورەیەی چینی ناوەڕاستن کە هەم تەواو ناڕازین بەرامبەر بەو دۆخەی کە هەیە و دروستکراوە، هەم گومانی گەورەشیان بەرامبەر دەسەڵاتداران لەلا دروستبووە و باوەڕیان بەوە نەماوە کە بتوانن و بیانەوێت کێشەکانیان چارەسەربکەن.

دۆخی دەرونیی چینی ناوەڕاست

شارەزایانی کۆمەڵگای فەرەنسیی و کۆمەڵگا ئەوروپییەکانی تر باس لە گۆڕانی دۆخی دەرونیی چینی ناوەڕاست لە ئەوروپادا دەکەن. ئەم چینە لە ئێستادا لەناو ترسێکی گەورە و ئاڵۆزدا دەژیی، ترسێکی گەورەی لە ئایندە هەیە، باوەڕی وایە ئیشکردنی زۆر و خۆماندووکردنی بەردەوام چیتر دڵنیایی نابەخشێت و گەرانتی سەرکەوتن ناکات. ئەم دۆخە دەرونییە تایبەتە شتێک نییە ئەمڕۆکە دروستبووبێت، بەڵکو، وەک وتمان، دەرەنجامی قەیرانە گەورەکانی ئەو سیستمە ئابوریی و سیاسییە نیولیبرالەیە کە سێ دەیە زیاترە لە ئەوروپادا باڵادەستە. کەسانێک هەن باس لە کۆتایی ”کاپیتالیزم بۆ هەمووان“ و کۆتایی ”کاپیتالیزمی میلەت“ و باس لە کۆتایی ”دەوڵەتی خۆشگوزەرانیی“ دەکەن. ئەوەی دروستبووە سەرمایەدارییەکی بێچاودێریی و بێ لانیکەمی کۆنترۆڵکردنە، سیستمێکە نوخبەیەکی بچووکی بەجیهانیبوو دەوڵەمەند بەڕێوەدەبات و مانا و یاسا و ئەخلاقیەتەکەی دادەڕژێت. زۆرینەی چینەکانی خوارەوە و بەشێکی گرنگی چینی ناوەڕاستیش، نەک تەنها بۆ هەژاریی و نائومێدییەکی گەورە بەجێدەھێڵێت، بەڵکو تەواو ناکاریگەر و پەراوێزیش دەخات و پەراوێزیش خستوە. زۆرینەی ئەم ھێزە پەراوێزخراوانەی خەڵکی لادێ و شارە بچووک و مامناوەندییەکانی دەرەوەی پاریس و شارە گەورەکانی فەرەنسان.  ئەمەش وایکردوە ڕق لە حکومەت و ڕق لە سیستمە سیاسیی و ئابورییەکە، بگوازرێتەوە بۆ ڕق لە پاریس خۆشی کە لەوێناکردنی ئەمانەدا بووە بە شاری کۆمپانیا فرەنەتەوەییە زەبەلاحەکان، کە باج نادەن، بە شاری نوخبەیەکی حوکمڕانی دابڕاو لەسەرجەمی کۆمەڵگاکە.

بزوتنەوەیەکی بێسەر

وەک ھێمام پێکرد، ئەم بزوتنەوەیە لە بەشی خوارەوەی چینی ناوەڕاستەوە هاتووە، لە شوێنێکی وەک فەرەنسادا، لە دوو هەزار شارەوانیدا ئامادەیە. بەڵام ڕەنگە کێشەی ژمارە یەکی ئەوەبێت کە تا ئێستا بەبێ نوێنەر و سەرکردە و ئۆرگانی رەسمییە. بزوتنەوەیەکە بەبێ پارە و بەبێ دەزگا دروستبووە، پارت و ئۆرگانی سیاسیی دیاریکراویان لە پشتەوە نییە، ناوەندێک یان پێگەیەک نییە کە ئاراستەیەکی گشتییان پێببەخشێت. ئەوەی لەنێوان بەشدرابووە جیاوازەکانی ناو ئەم بزوتنەوەیەدا هاوبەشە هەستکردنیانە بەوە کە ئەوان زیانێکی گەورە و بەردەوام لە هەلومەرجێک دەکەن، کە ئەوان بەشدار نین لە دروستکردنیدا. ئەم هەستە گشتییە لەناو یەک ستراتیژیی ناڕەزاییدەربڕینی ئاشکرا و لەناو یەک پرۆگرامی سیاسیی هاوبەشدا، کۆنەبۆتەوە. لە دۆخکیشدا دروستبووە کە لەبەرامبەر بە دەوڵەت و نوخبەی نیولیبرال و ھێزە سیاسییە تەقلدییەکاندا، ھێزی کۆمەڵایەتیی تر لەئارادا نییە کە ئەم بزوتنەوەیە لەناو ستراتیژ و سیاسەتێکی تۆکمە و بەھێزدا بەرجەستەبکات. هەندێک مارکسیی خۆشباوەڕ و کورتبین ئەم جوڵەیە وەک ”شۆڕشی کرێکاران“ وێنادەکەن و هەندێک ڕەشبینیش کورتیدەکەنەوە بۆ ”بزوتنەوەیەکی ڕاستیستی“ی و ”نیمچە فاشیستیی“.

 بەڵام ئەوەی لە ڕاستییەوە نزیکە ئەوەیە کە ”ھێلەکە زەردەکان“ لەناو خۆیاندا ھێندە دابەش و جیاوازن، بە قسەی نووسەرێکی هۆڵەندیی پێدەچێت لە ئاستی کردەیدا ”تاقە شتێکی هاوبەش کە هەیانبێت ھێلەکە زەردەکانیان بێت“. هەندێک لە بەشداربووان باوەڕی تەواویان بە پەنابردنی تەواوەتی بۆ توندوتیژیی هەیە، هەندێکی تریان تەواو ئاشتیخوازن، هەندێکیان چەپگەر و هەندێکیان ڕاستڕەون، هەندێکیان ڕاسیستن و هەندێکیان ھیومانیست، هەندێکیان دیموکراس و هەندێکیان دژەدیموکرسن، هەندێکیان پێشکەوتنخواز و هەندێکیان کۆنەپارێز، کەسانێکی تێدایە داوای کۆتاییهێنان بە کاپیتالیزم دەکەن، کەسانێکی تر هەن دژ بە کۆچبەر و بیانییەکانی ناو ئەورپان، تەنانەت کەسانی تری تێدایە داوای گەڕانەوەی سیستمی شاهانە و کۆتایی سیستمی کۆماریی لە فەرەنسادا دەکەن. ژمارەیەکیان دژ بە ئەوروپای یەکگرتوون، هەندێکی تران دژ بە سیاسەتی باجوەرگرتنی دەوڵەتن، کەسانێکی تریان دژ بە کۆچبەر و پەناهەندەن، هەندێکی دیکەیان دژ بە میدیان.

ئەم هەمەڕەنگیی و جیاوازییە ناوەکییە خاڵێکە وادەکات ئەم بزوتنەوەیە بشێت هەم بە ئاقارێکی دیموکراسییانەدا بڕوات و لە دۆخی سەرکەوتنیدا دەسکارییەکی گەورەی سیستمە سیاسیی و ئابورییەکە بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی دادپەروەرییەکی گەورەتردا، بکات، بەڵام دەشێت بە ئاراستەی دروستکردنی سیستمێکی ڕاسیستیی و دەسەڵاتگەر و نادیموکراسیشدا بڕوات کە زیانێکی گەورە بە کۆمەڵگای فەرەنسیی و کۆمەڵگاکانی تری ناو ئەوروپا، بگەینەێت. هەردوو ئەگەرەکە ئامادەن، ئەوەی شوێنی دڵخۆشییە عەقڵە ڕەخنەیی و دیموکراسەکانی ناو ئەوروپا خۆی، هەردوو دیویی دیاردەکە دەبینن و کورتی ناکەنەوە بۆ یەکێک لە دەرکەوتەکانی بەتەنها.

ئەوەی دەکرێت و لەم ئاستەدا بیڵێین ئەوەیە ئەم بزوتنەوەیە، بە پێچەوانەی شۆڕشی فەرەنسیی و یاخیبوونی خوێندکارانی ساڵی ١٩٦٨ ەوە، کە هەردووکیان هەڵگریی ئایدیۆلۆژیایەکی چەپگەر و ھیومانیستیی و گەردونیی بوون، ئەم ھێزە ناڕازییە تازانە بەرنامەیەک یان دروشمێک یان دیدێکی هاوبەش کۆیانناکاتەوە. ئەوەی هەیە بڕێکی ھێجگار گەورەیە لە بێزاریی و تووڕەیی و نائومێدیی.

تەحەدای سیستمی دیموکراسیی

ناڕەزاییدەربڕینی ئەم جارەی فەرەنسا تەنها تەحەدای نوخبە سیاسییە نیولیبرالە حوکمڕانەکە و پایتەختی وڵاتەکە ناکات، بەڵکو تەحەدای سەرجەمی سیستمی دیموکراسیی خۆشی، وەک سیستمی باڵادەست دەکات. لە دوای جەنگی جیهانی دووهەم و کۆتاییهاتنی فاشیزمەوە، سیستمی دیموکراسیی بەڕادەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی تەحەدای گەورە نەبۆتەوە. ئەوەی ڕووئەدات تەعبیر لە توڕەبوون و ناڕەزاییدەربڕینێک دەکات کە لای نزیکەی ٧٠% کۆمەڵگای فەرەنسیی ئامادەیە. ئەوانەی لە سەر شەقامەکان ناڕەزایی و توڕەیی و نائومێدییەک دەیانجوڵێنێت  کە لە ناو زۆرینەی دانیشتوانی کۆمەڵگای فەرەنسیی و بەشەکانی تری کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا، ئامادەیە. ئەمانە تا ڕادەدەیکی زۆر باوەڕیان بەو پارتە سیاسیانە نەماوە کە لەناو سیستمی دیموکراسیی ئەمڕۆکەی فەرەنسادا ئامادەن و وادەکەن سیستمە سیاسییەکە ئیشبکات. چوونە سەر شەقام بەو ژمارە گەورەیە، مانای گواستنەوە لە پەنابردن بۆ دەزگا رەسمییەکانی سیستمی دیموکراسییەوە، واتە بۆ پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان و ئۆرگانەکانی تری ئەنجامدانی کاری سیاسییەوە، بۆ شەقام وەک ڕووبەرێکی ناسیاسیی. ئەمە وادەکات چەندان شارەزا ئەم بزوتنەوەیە بە بزوتنەوەیەکی ”دژە سیاسەت“ ناوببەن.

شتێک لە ئومێد

بە بۆچونی من، ڕووە گەش و گرنگەکەی ئەم تووڕەبوونە کۆمەڵایەتییە و گواستنەوەی بۆ ناو شەقام و گۆڕەپانە گەورەکانی ناو شارەکانی ئەوروپا، لەوەدایە کە بەگژاچوونەوەیەکی بەھێزی ئەو سیاسەتە نیولیبرالەیە کە نوخبە حومکڕانەکانی ئەوروپا، لە سێ دەیەی ڕابردوودا، بەسەر کۆمەڵگا ئەوروپییەکاندا سەپاندویانە. نوخبەیەکی نیولیبرال کە بەشی زۆری کۆمەڵگاکەی خۆیان، بە تایبەتی چینەکانی خوارەوەی ئەو کۆمەڵگایە، بە گەمژە و نەزان و گەلحۆ دەزانن و وەک بوونەوەری بچووک و ھیچ لەباردانەبوو وێنایاندەکەن.

خاڵێکی گرنگی تر تێگەیشتنە لەو ڕاستییە سادەیە کە ئەو سیستمە سیاسیی و ئابورییەی سەروەرکراوە توانای پاراستنی چینی ناوەڕاست و چینەکانی خوارەوەی نەماوە. فۆرمێک لە سەرمایەداریی سەرەوە کە هەموو شتێک وەک بازاڕ و کۆمپانیا مامەڵەدەکات، لە مامەڵەکردنی دەوڵەت و سیاسەت و کەرتە گشتییەکانەوە بگرە، بۆ مامەڵەکردنی کۆمەڵگا خۆی وەک بازاڕێکی گەورە. نیولیبرالیزم لە سێ دەیەی ڕابردوودا تێگەیشتنێکی بۆ سیاسەت و حوکمڕانیی باڵادەستکردوە کە هەموو شتێک وەک کۆمپانیا ببینێت و مامەڵەبکات، دەوڵەت وەک کۆمپانیا، کۆمەڵگا وەک کۆمپانیا، زانکۆ وەک کۆمپانیا، نەخۆشخانە وەک کۆمپانیا، قوتابخانە وەک کۆمپانیا، ھتد... ئەم بەکۆمپانیاکردنەی سیاسەت و حوکمڕانیی و خوێندن و فێربوون و خزمەتگوازرییە گشتییەکان، ئەو لۆژیکەیە کە تا ئێستاش بەبێ تەحەداکردنێکی ڕاستەقینە کاردەکات و ماوەتەوە. ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێت سەرەتای تەحاداکردنێکی ڕاستەقینەی ئەم لۆژیکە بێت.

بەڵێنەکانی ماکرۆن بە خۆپشیاندەران لە دواهەمین دەرکەوتنیدا دەشێت شتێک لە دڵنیایی، لانیکەم بە ژمارەیەک لە گروپە ناڕازییەکان بەخشیبێت. بەڵێنەکانی ماکرۆن بەڵێنی ئابورییبوون کە هەرە دیارەکانیان، بەرزکردنەوەی لانیکەمی داهاتبوو بە بڕی ١٠٠ ئێرۆ لە مانگێکدا، لابردنی باج لەسەر داهاتی ئەو سەعاتە زیادانەی ئیشکردن کە کەسێک ئەنجامیانئەدات، لابردنی باج لەسەر موچەی خانەنشینکراوان، داواکردن لە خاوەنکار و کۆمپانیاکان کە ساڵانە یەک موچەی زیاد بە کارمەندەکانیان بدەن. پێشتریش باجی لەسەر وزە و سوتەمەنی لابرد.

پێدەچێت ئەم سیاسەتانە چارەسەرێکی کاتیی بۆ خواستیی بڕێک لە خۆپیشاندەران کردبێت، بەڵام ئەو هۆکارە بونیادیی و قووڵانەی کە ئەم شەپۆلەی لە ناڕەزایەتیدەربڕین دروستکردوە ھێشتا ماونەتەوە و بەردەوامن.

ئەمستردام

دیسەمبەر ٢٠١٨

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار