چۆن توندوتیژیی دەوەستێنین؟

2019-01-04 16:19:44



کاروان ئیبراهیم

لە کاتێکدا وەک پیاوێک ئەم وتارە دەنوسم، کە زۆربەی زۆری توندوتیژییەکان لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرێن، ئەو پیاوانەی کە زیهنییەتێکی کۆنەپارێزیان هەیە و ئەقڵیەتێکی کلاسیکی زاڵە بەسەریاندا، ئەو ئەقڵیەتە کلاسیکییە نێرسالارییە دابەزیوەتە ناو هەموو کۆمەڵگە، کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارانەیە، زیهنییەتی پیاو چووەتە ناو هەموو خانەکانی  کۆمەڵگەوە.

هەر بۆیە زۆر جار دەبینین ژنێک توندوتیژی دەکات بەرامبەر بە ژنێک، ژنێک بەشداری دەکات لە ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنێکی دیکە، ژنێک بەشداری دەکات لە کوشتنی ژنێکی دیکە، بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئەو ژنە بووەتە پیاو. ڕاستە جەستەی ژنە، بەڵام بیرکردنەوەی، خەیاڵ و کەسایەتی وەکو پیاوێکە، وەکو پیاوێک بیرئەکاتەوە، وەکو پیاوێک هەڵسوکەوت دەکات، لەبەرئەوە زۆر جار دەبیستین ژنێک توندوتیژی دەکات، چونکە کەلتوری نێرسالاریی زۆر زاڵە لە کوردستان و چووەتە هەموو شوێنێکەوە، زۆر ژنیشی کردوە بە پیاو لە مەسەلەی توندوتیژیدا.

زۆر جار ژن دەبینین ڕێک وەکو پیاو بیر ئەکاتەوە، وەکو پیاو سەیری دونیا ئەکات، وەکو پیاو سەیری ژنانی دیکە ئەکات، کارەساتەکە لێرەدایە، ئەوەی کە دەبێت بگۆڕدرێت چییە لە کوردستان؟ گۆڕینی زیهنییەتە، گۆڕینی بیرکردنەوە و کەسایەتییە، گۆڕینی پەروەردەیە، مامۆستا هەیە ژنە، پیاوسالارانە بیر ئەکاتەوە، جیاوازی ئەکات لەنێوان کچان و کوڕاندا لە پۆلدا، وەکو پیاوێک وانەکان ئەڵێتەوە، لەناو خێزانیشەوە هەر لە منداڵییەوە دەیان سنور بە دەوری کچدا دەکێشرێت، هەر لە منداڵییەوە کەسایەتی و ئەقڵیەت و وزە و تواناکانی سنوردار ئەکرێت، ئەوەی کە لە کوردستاندا پێویستە بگۆڕدرێت گۆڕینی کەسایەتییە، گۆڕینی بیرکردنەوە و تێڕوانینی ئینسانی کوردە بۆ ژیان، بۆ ژینگە، بۆ ژن، بۆ ئازادیی. هەتاوەکو ئەو تێڕوانینانە نەگۆڕدرێت، ئەو ڕووداوەی چەمچەماڵ دواهەمین ڕووداو نابێت، هەروەک چۆن ئەوە یەکەمین ڕووداوی تراژیدی نییە لە کوردستان کە تێیدا ژنێک بخرێتە ناو دۆزەخی ئاگرەوە، یەکەمین و دواهەمین ڕووداو نابێت، دەیان و سەدان ڕووداوی لەو شێوەیە دووبارە ئەبێتەوە.

لە کوردستانی عێراق ئەقڵیەتێک هەیە، کە ئەو ڕووداوانە دووبارە دەکاتەوە، ژن وەکو شەرەف و ناموسی برا، باوک و هاوسەر و بنەماڵە دەبینرێت، کاتێک ئەم شەرەف و نامووسە غەڵەتێکی بچوک دەکات، حەق بە خۆیان ئەدەن بیکوژن، کێشە گەورەکە، تراژیدیاکە لێرەدایە، بینینی ژن وەکو شەرەف و ناموس.

ئەوەی کە پێویستە ئەوەیە کە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لە کوردستانی عێراق دروست ببێت، کە بتوانێت تێڕوانینی کورد بەرامبەر بە ناموس و شەرەف بگۆڕێت، ئەبێت وا بیربکەینەوە، کە وڵات و نیشتیمان ناموسی ئێمەیە، خاک شەرەفی ئێمەیە، پاستنی ژینگە و چاندنی نەمام شەرەفی ئێمەن، ئازادیی شەرەفی ئێمەیە، پێشکەوتن و قەبوڵکردنی یەکتر و ڕێزگرتن شەرەفی ئێمەن، نەک کوشتنی ژن، برایەک، پیاوێک، ئەبێ وا بیر بکاتەوە کە هەرگیز ماف بە خۆی نەدات کە خوشکەکەی بکوژێت، هاوسەرەکەی بکوژێت، هەروەکو چۆن ئەو کچە یان ئەو ژنە ناتوانێت بە ناوی شەرەف و ناموسەوە براکەی خۆی یان هاوسەرەکەی خۆی بکوژێت.

پیاوێک هەزار تاوانی گەورە بۆ خۆی بە ڕەوا دەبینێت، بەڵام بۆ خوشکەکەی، یان هاوسەرەکەی لەسەر هەبوونی مۆبایل ئەیکوژێت، لە کوردستان کچ هەبووە کوژراوە لەبەرئەوەی مۆبایلی پێ بووە.

دەبێت ئێمە باس لەو شۆڕشە کۆمەڵایەتییە بکەین کە پێویستە لە کوردستانی عێراق دروست ببێت، شەرەف و ناموسی ئێمە ئەبێ ژینگە بێت، ژینگەی کوردستانی عێراق پیس بووە، لە شوێنێکی وەکو گەرمیان کە باس لەوە دەکرێت لە ١٥ ساڵی داهاتوودا ئەبێتە بیابان، لە شارۆچکەی کەلار ٣٪ سەوزاییە، لە کاتێکدا بە پێی ستانداردی جیهانیی ئەبێت لانی کەم ٢٥٪ی سەوزایی بێت، لە شارۆچکەی چەمچەماڵ ڕێژەی سەوزایی ناگاتە ٥٪، ئەمە ئەبێت شەرەفی ئێمە بێت نەک کوشتنی ژن، تۆ لە جیاتی نەمام بچێنیت، دێی هاوسەری خۆت ئەسوتێنیت، کێشەکە لە پەروەردە و زیهنییەتی ئینسانی کوردایە، لە سیستەمدایە، لە میدیاوە بیگرە هەتا پۆلەکانی خوێندن، لە خێزانەوە بیگرە تاوەکو مزگەوتەکان و سیستەمی سیاسی، هەرهەمووی وێرانە، تاکێکی وا دروست دەکات کە هاوژینی خۆی بسوتێنێت، من دڵنیام ئەمە دواهەمین ڕووداو نابێت.

تەنها یەک ڕێگە دەتوانێت ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی سوتاندنی سێوانەکان بگرێت، ئەویش شۆڕشێکی کۆمەڵایەتییە لە کوردستانی عێراق، کە تێڕوانینی ئینسانی کورد، ژنی کورد، گەنجی کورد، پیاوی کرد بگۆڕێت بەرامبەر بە ژیان، بەرامبەر بە ژینگە، بەرامبەر بە وڵات و شەرەف و ناموس، بینینی ژن وەکو شەرەف و ناموس یەکێکە لە دواکەوتوترین و کۆنترین بیرکردنەوەکان کە تا ئێستاش لەم ناوچەیە ماوە.

لە کوردستانی عێراق توندوتیژی تەنها بەرامبەر بە ژن نییە، بەڵکو توندوتیژی بەرامبەر بە ژینگە هەیە، هەرچی پیاوی کورد هەیە حەز ئەکەن کڵاشیکۆفێکیان بە دەستەوە بێت و بچن ئاسک و کەروێشک لەم وڵاتە بکوژن، باڵندەیەکی جوان لەسەر دارێک ئەخوێنێت حەز ئەکەن بیکوژن، ئەیکوژن، کوشتویانە. لە کوردستان باڵندە و ئاژەڵی کێوی نەماوە، چونکە مرۆڤی ئەم وڵاتە حەزیان بە کوشتن هەیە، ئەمە توندوتیژییە بەرامبەر بە ژینگە، پیسکردنی ژینگە، بڕینەوەی دار، ئەوانە هەمووی توندوتیژییە بەرامبەر بە ژینگە، هەروەکو چۆن توندوتیژی هەیە بەرامبەر بە ژن، توندوتیژی هەیە بەرامبەر بە ئاینی جیاواز، بەرامبەر بە بیکردنەوەی جیاوا، واتا توندوتیژیەکە تەنها بەرامبەر بە ژن نییە.

لەبەرئەوەی کەسایەتی مرۆڤی کورد وێرانە، پەروەردەیەکی تێکوپێکشکاو کراوە، لەبەرئەوە لە هەموو شوێنێکەوە توندوتیژی هەیە، بەڵام ئێمە هاتووین لێرەدا زیاتر باسی توندوتیژییەکانی سەر ژن دەکەین، ئەگینا توندوتیژی بەرامبەر بە پیاوی کراوە و پیاوی دیموکراتیش هەیە، ئەو پیاوانەی باوەڕیان بە ئازادیی ژن هەیە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، سوکایەتیان پێدەکرێت، گاڵتەیان پێدەکرێت، یەک دنیا سوکایەتی بەو پیاوانە دەکرێت کە ژن وەکو شەرەف و ناموس نابینن.

کارەساتەکە لە بیرکردنەوەدایە، لە تێگەیشتندایە، لە تێڕوانیندایە بۆ ژیان، ئەوە پێویستە بگۆڕدرێت، بە چی دەگۆڕدرێت؟ بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دیموکراتی مۆدێرن، کە کۆمەڵگەی کوردی بگۆڕێت، لە خوێندنگەکانەوە، لە زانکۆکانەوە، کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، هەموویان پەیوەندیان بە یەکەوە هەیە، کە بتوانن ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی سێوان بگرن.

ئەوەی لە کوردستانی عێراق ڕوویداوە و ڕوودەدات، تراژیدیایەکە لە کەم وڵاتی دنیا بوونی هەیە، ئێمە دەڵێین کورد وەکو گەلێکی ئاشتیخواز، گەلێکی ژیاندۆست، گەلێکی فیداکار و قارەمان و کۆڵنەدەر و گەلێکی چەوساوە و زوڵملێکراو ناسراوە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە کوردستان بەرامبەر بە ژن دەکرێت، زاڵمانە و وەحشیگەریانەیە، وێنەی لە ناوچەکانی دیکەی دونیا کەمە، ئەم تاوانانە وێنەیەکی ناشرینی کورد نیشانی دونیا دەدات، کە زیانی گەورەی بۆ دۆزی کورد هەیە، کورد گەلێکی چەوساوەی زوڵملێکراوە، ئێستاش بەو شێوەیە ژنانی خۆی دەکوژێت، دۆزەکەی دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بەوەی کە ئەمە گەلێکی بەربەرییە و مافی ئەوەی نییە بە ئازادیی بژی.

لە کۆتایدا تەنها ئەوە دەڵێم، تەنها شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەتوانێت کۆتایی بە تراژیدیاکانی کۆمەڵگەی کوردی بێنێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار