یه‌کێتى هۆکارى "چه‌قبه‌ستنى دانوستانه‌کان" ئاشکراده‌کات

2019-01-10 08:31:00



هاوڵاتى

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى رایگه‌یاند، دانوستانه‌کانى پێکهێنانى حکومه‌ت چه‌قى به‌ستووه‌ و پارتى ده‌یه‌وێت له‌ ژێر فشارى ده‌ستگیرکردنى ژماره‌یه‌ک کادیرى یه‌کێتیدا، حزبه‌که‌یان ناچار به‌ملدان به‌ داواکارییه‌کانى بکات.

چه‌قبه‌ستنى گفتوگۆکان دواکه‌وتنى پێکهێنانى حکومه‌تى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌، له‌کاتێکدا زیاتر له‌ 100 رۆژه‌ هه‌ڵبژاردن کۆتایی هاتووه‌و هێشتا ئاسۆى پێکهێنانى کابینه‌که‌ نادیاره‌.

بڕیاربوو له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا به‌ کۆبوونه‌وه‌ى نێوان پارتى و یه‌کێتى گه‌ڕێکى دیکه‌ى دانوستانى پێکهێنانى حکومه‌ت ده‌ستپێبکاته‌وه‌، به‌ڵام کۆبوونه‌وه‌که‌ بۆ کاتێکى نادیار دواخرا.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد به‌ سایتى هاوڵاتى وت "له‌کۆتایی ساڵى رابردووه‌وه‌ دانوستانه‌کان چه‌قى به‌ستووه‌ و تا ئێستا ده‌ستى پێنه‌کردووه‌ته‌وه‌، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ین پڕۆسه‌که‌ ده‌ستپێبکاته‌وه‌، به‌ڵام ده‌بێت پێش ئه‌وه‌ ئاماده‌کاریی بۆ بکرێت".

چه‌قبه‌ستنى دانوستانه‌کانى پارتى و یه‌کێتى هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ کێشه‌کانى نێوان ئه‌و دوو حزبه‌ که‌ به‌هۆى ده‌ستگیرکردنى ژماره‌یه‌ک له‌کادیره‌کانى هه‌ردولاوه‌ له‌لایه‌ن یه‌کتریه‌وه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌.

له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا ئه‌و دوو حزبه‌ به‌شێک له‌ کادیره‌کانى یه‌کتریان ئازادکرد، به‌ڵام یه‌کێتى ده‌ڵێت هێشتا ژماره‌یه‌ک کادیریان ئازاد نه‌کراون.

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتى "ده‌ستپێنه‌کردنه‌وه‌ى دانوستانه‌کان په‌یوه‌ندى به‌و پرسه‌وه‌ هه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ چاوه‌ڕواننه‌کراو بوو، چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌ نه‌بووین ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ وه‌کو کارتى فشار به‌کاربهێنرێت، ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌که‌ زۆرتر په‌یوه‌ندى به‌ شێوه‌ى ره‌فتارى سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌".

وتیشى "ئه‌گه‌ر پارتى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانى به‌و شێوه‌یه‌ ره‌فتاربکات، چۆن ده‌کرێت له‌ ژێر فشاردا مل به‌ هاوپه‌یمانه‌کانى بدات بۆ داواکانى".

له‌ماوه‌ى که‌متر له‌ مانگێکدا پارتى و یه‌کێتى چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامدا بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت، هه‌روه‌ها پارتى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش کۆبووه‌وه‌، به‌ڵام دانوستانه‌کان هێشتا رێککه‌وتنیان لێنه‌که‌وتووه‌ته‌وه‌.

ئه‌سه‌سه‌رد باسى له‌وه‌کرد، ئه‌گه‌ر پرسی ده‌ستگیرکردنى کادیره‌کانیان یاساییه‌، ئه‌وان خۆیانى لێ بێده‌نگ ده‌که‌ن، "به‌ڵام مه‌سه‌له‌که‌ یاسایی نییه‌ و په‌یوه‌ندى به‌دۆخى ئێستاوه‌ هه‌یه‌، به‌ دیاریکراوى په‌یوه‌ندى به‌و ته‌گه‌رانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌به‌رده‌م پێکهێنانى کابینه‌ى نوێی حکومه‌تدان".

تا ئێستا دیار نییه‌ دانوستانه‌کانى پێکهێنانى حکومه‌ت که‌ى ده‌ستپێده‌که‌نه‌وه‌، له‌کاتێکدا 100 رۆژ زیاتر به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌ى 30ى ئه‌یلولدا تێپه‌ڕیوه‌ که‌ تێیدا پارتى پله‌ى یه‌که‌م و یه‌کێتى دووه‌م و گۆڕانیش پله‌ى سێ یه‌میان به‌ده‌ستهێنا.

به‌رپرسانى پارتى پێشتر چه‌ند جارێک یه‌کێتیان به‌ هۆکارى دواکه‌وتنى پێکهێنانى کابینه‌ى نوێ تۆمه‌تبارکردووه‌ و ده‌ڵێن یه‌کێتى داواى پشکى زیاتر له‌ قه‌باره‌ى خۆى ده‌کات. یه‌کێتى به‌فه‌رمى چه‌ند جارێک رایگه‌یاندووه‌ که‌ داواى "شه‌راکه‌تى راسته‌قینه‌ ده‌کات" له‌ کابینه‌ى نوێدا.

له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا فرسەت سۆفی ئەندامى شاندی دانوستانکاری پارتی به‌ میدیاى فه‌رمى حزبه‌که‌ى راگه‌یاندبوو "گفتوگۆکان لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا بەردەوام دەبن، ھەوڵەکانیش بۆ پێکھێنانی حکوومەت جدین".

وتیشى "پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستاندا لەسەر ھێڵە."

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار