گوڵ و خۆڵەمێش. نامە و نامەكارییەكانی نێوان محەمەد شوكری و محەمەد بەڕادە

2019-01-10 09:07:08



­­­­

شوان ئەحمەد

(گوڵ و خۆڵەمێش) نامە و نامەكاریی نێوان دوو هاوڕێی نوسەرە (محەمەد شوكری و محەمەد بەڕادە) كەبەدرێژایی بیست دانە ساڵ (1975-1994)، یەكتریان بەسەر كردۆتەوەو لەڕێی نامە نوسینەوە، شەرحی خاڵی خۆیان بۆ یەكدی كردووە.

دەست پێشخەری بڵاوكردنەوەی ئەو نامانە، بۆ محەمەد بەڕادە دەگەڕێتەوە كەساڵی 2006 چاپی یەكەمی لەلایەن خانەی (الجمل)ەوە بڵاودەكرێتەوە. بڵاوكردنەوەشی بەدەست پێشخەری محەمەد بەڕادە)، لەو باوەڕەوە بووە كەئەزموونی محەمەد شوكری (وەك ناوێكی دیاری نێو ئەدەبی عەرەبی)، چ ژیان و چ نووسینەکانی، شایستەی ئەوەیە خەڵک و خوا ئاگاداری بن و بخوێنرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەزمونێكی تایبەت و كەم وێنەیە.

محەمەد شوكری وەك چۆن لەبەرهەمە ئەدەبیەكانیداو هەروەها لەژیانی ڕۆژانەشیدا، ڕاستگۆ و بێ‌ دەمامك نوسیویەتی و ڕەفتاری كردووە، لەو نامانەشیدا بێ‌ پەردە دەپەیڤێت و ئەوەی لەناخیدایە بەیانی دەكات.

***

(یەكێك لەو نامانەی محەمەد شوكری ئاڕاستەی محەمەد بەڕادەی كردووە)

 

 

ئازیزم محەمەد

 

ئەمە دوانزەهەمین ڕۆژمە لەنەخۆشخانە. من ئێستاكێ‌ لەقاوەخانەی (نیپۆن)م و هەر لەوێشەوە، ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم. دكتۆر (ئەلجعێدی) ڕێم پێدەدات كەی بمەوێت بڕۆم و بێم. هیچ كەس لەوانەی هامشۆو ڕۆتی ئەم قاوەخانە كلاسیكیە دەكەن، ناناسم.

پێشتر كەتەمەنم یانزە یان دوانزە ساڵان بوو، لێرە كارم كردووەو كۆپ و پیاڵەم شۆردووە.

لەنێو نەخۆشخانەدا بەتەنیا پیاسە دەكەم، یاخود لەگەڵ نەخۆشێك لەنەخۆشەكاندا دادەنیشم و ئەویش نەهامەتیەكانی ژیانی خۆیم بۆ باس دەكات. مەگەر بەدەگمەن، گەرنا لێرە گوێت لەبیرەوەرییەکی جوان و خۆش نابێت. گەر بیرەوەریەكی جوانیشت گوێ‌ لێبێت، ئەوا هەر ئاوێتەیە بەخەمۆكی.

بەڵام بیرەوەری پوخت و جوان لەكوێیە؟

لەم نەخۆشخانەیەدا خەریكە دووبارە، هەستی نوسین دامدەگرێت. سەروەختێك لێرە هاتمە دەرێ‌، هەوڵدەدەم ژیانم بەرەو باشتر بەرم. لە(تەتوان)دا شتێ‌ نیە سەبوریم بدات. بۆیە یان لەنەخۆشخانە دەمێنمەوە، یاخود لەم قاوەخانەیە دادەنیشم و قاوە فڕدەكەم.

دەوروبەری سەعات دەی بەیانی دێمە ئێرە. بەشێوەیەكی سەیر مێشكم ساف و ئەقڵم ڕوونە. لەوەتەی داخڵ بەنەخۆشخانە بووم، قەرەی مەی خواردنەوە نەکەوتووم.

عەبدولعەزیزی برام هات بۆلام. ژنی هێناوەو سێ‌ قڕتێكەوتووی هەیە! پەنجا درهەمی دامێ‌. نانی نەخۆشخانەكە بەشم ناكات.

تا 21-12-1977 لێرە دەمێنمەوە، پاشان دەگەڕێمەوە بۆ تەنجە، تا بەشێوەیەكی هاكەزایی دەست بەكاربكەمەوە، بۆخاتری ئەوەی چێژ لەپشووەكەم ببینم، بێ‌ ئەوەی ترسی ئەوەم هەبێت غیاب بدرێم. ڕۆژی دواتر سەرلەنوێ‌ دەگەڕێمەوە بۆ نەخۆشخانە، تاپشووەكەم بەسەربەرم.

ئێمە لەم وڵاتەدا خراپ پیر دەبین. تەندروستیم بەهۆی چاودێری دكتۆر (جعێدی)یەوە، زۆر باش بووە. هیوادارم لەبری من و گەر بتوانیت، نامەیەكی سوپاسگوزاری بۆ بنووسیت.

دەبینیت لەبارەی وردەكاری ژیانم لەم ماوەیەدا، بۆت دەنوسم. لەكاتێكدا بەهۆی tranxene کاس و وڕم..

ئەو ڕەبۆیەی لەیلا( لەیلا شەهید هاوسەری محەمەد بەڕادەیە) بەدەستیەوە دەناڵێنێ‌، منیش دووچاری بووبووم. وەلێ‌ ڕەبۆكەی من پەیوەندی بەمێشك و دەمارەوە هەبوو، نەك شتێكی دی.

ئایا دەستنووسی ژیاننامەكەمت لەسوهێل ئیدریس وەرگرتەوە؟

 

 

سڵاوی دۆستانەم

 

محەمەد شوكری

١٩ - ١٢ - ١٩٧٧

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار