زێدەکانی سابیر سدیق

5 ساڵ لەمەوپێش



گریانە

زێدی یەکەمم

...

رەنگە لەوێ .. ئێستا مانگەشەوێکی شین شین بێ

مناڵان دەستیان بگاتە ئەستێرە

یا ، نم نم باران ببارێ

یا رەنگە .. گەورەکان ، چاویان بە هەور رشتبێ

لەو گوندە ..

*

ئاخۆ خۆر سەعات چەن هەڵبێ !

تا خۆرنشین .. چەن باڵندە بە ئاسمانیدا تێپەڕێ !

دەبێ بەرزترین نزا

سەوزەڵەترین گۆرانی

سەر زاری خەڵکی ئەو گوندە چی بێ !!

کە منی لێ بە مناڵ بووم .

*

ئاخۆ کچەکانی جوانترن

یا گوڵەکانی بەرهەتاو

دڵی خەلکەکەی رۆشنترە

یا کانیاو ..

*

چەن مانگەشەوی ئەوێم خۆش دەوێ

جەندە بارانی ئەوێم خۆش دەوێ

ئەوێ وەک دەڵێن ، پڕە لە سەربوردەی سەیر سەیر

لە حیکایەتی جیا جیا 

لە درەختی گەورە گەورە

لە بۆنی گژ و گیای دەس با ..

*

کێ بوو !

لەو بەیانیە تەڕەدا

دەسی لە ترپەی دڵم دا،

*

ئاخۆ دایکم ! بە هەموو ماندبوونەوە

چ رەنگێک و ، چ خەیاڵێکی خۆش و

چ زەردەخەنەیەکی روونی بووبێ !

کە گوێی لە یەکەمین گریانی من دەبێ !

لەو بەیانیە تەڕەدا

ئاخۆ .. من بۆچی گریابم ؟

ئەوانیتر  .. منیان بە چێ ژیر کردبێ

ئەوانیتر،

خەڵکی ئەوگوندە،

کە منی لێ بە مناڵ بووم .. !!

TACK GÖTEBORG

سوپاس ێۆتۆبۆری 

زێدی دووەمم

..................

چاوەکانم تێر بوون لە رەنگ  

رۆحم لە جوانی پایز

هەناسە لە شیعر

 دەروون لە هێمنی دەریا

*

 میهرەبانی بە راستی هەیە

 ژیان وەک خۆی ، بە راستی هەیە

 .. هەموو کەس دەتوانێ  لێرە

پەنجەرە و باڵکۆن و گوڵی هەبێ

 لەهەر کوێ دڵ حەز کا

 دەتوانی مەلە بکەیت،

، لە گەڵ ژنێک قاوە بخۆیتەوە  دەتوانی

، ختووکەی دڵی بدەی تا ناوەڕاستی شەو بە قسەی خۆش

 دەتوانی بە باسکیل بچیت بۆ شاری یاری

 یا هیچ نەبێ .. ! دەتوانی

 پێڵاوی ئازادی لە پاکەیت

 تا ئەوسەری دنیا راکەیت

*

 

سوپاس .. بۆ سنەوبەر و نەورەسەکانت و بەفر

چ زستانێ !  بۆ شەوەکانی زستانی تۆ ،

بۆ رۆژەکانی هاوینی تۆ ،  چ هاوینێ !،

سوپاس بۆ مامۆستاکانی ( ئەسەفی )*

بۆ ، پۆستەچیە رووخۆش و چاو شینەکان

بۆ باخی پاشا و جادەی مێخەک*

سوپاس بۆ ( ئۆسە )*

دەتگوتت چڵە ریحانەیە

 بە ماچ ژیری دەکرمەوە

کە من بۆ وەتەن دەگریام ئەوسا ،

  سوپاس بۆ هەموو شتەکانی تۆ

 سوپاس

 کە دەهێڵی لێرە بمرم

 سوپاس

 ( ێۆتۆبۆری )

کە دەهێڵی

لێرە بمرم

..............................................

**

ئەسەفی* .. خوێندنی فێربوونی زمانی سەرەتای سویدی بۆ کۆچبەر  

ناوی باخچە و جادەیەک* .. لەشاری ێتۆبۆری وڵاتی سوید

( ئۆسە )* ناوێ یەکێک بوو لە مامۆستاکانم بۆ فێربوونی زمانی سەرەتای سویدی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار