تورکیا بەرەو شکستی ئابووری دەچێت و ئەردۆغان سەرقاڵی کوردە

خەمی گەورەی تورکەکان لە ٢٠١٩ دۆخی ئابوورییانە لەکاتێکدا پێشتر خەمیان پەکەکە بوو

5 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

لە درێژەی تویتە دەم بە هاوارەکانی ترەمپدا، یەکشەممەی پێشوو سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئەگەری لێدانی کوردەکان لە لایەن تورکیاوە هاتە دەنگ و هەڕەشەی «وێرانکردنی ئابوری تورکیا»ی کرد گەر ئەو وڵاتە هێرش بکاتە سەر کوردەکان، ئەم وتە نوێیەی ترەمپ جیاواز لە وتەکانی پێشووی هات و بووە مایەی توڕەیی و سەرسوڕمانی تورکیا. بەڵام بۆچی ترەمپ لەم کاتەدا هەڕەشەی لێدان لە ئابوری تورکیا دەکات؟

خراپبونی باری ئابوری گەورەترین خەمی تورکەکانە لە ٢٠١٩دا
بە پێی دواین ڕاپرسی لەسەر ئابوری تورکیا کە لە ناو تورکیادا لە لایەن کۆمپانیای (ئیپسۆس)ی تایبەتمەند بە بیروڕا و ڕاپرسی ئەنجامدراوە، دەرکەوتوە کە ٥٩%ی هاوڵاتیانی تورکیا بە ڕەشبینی تەماشای باری ئابوری ئێستا دەکەن و بۆ ساڵی ٢٠١٩ ڕەشبینن و چاوەڕێی باشتربوونی باری ئابوریان ناکەن.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا ڕێژەی هەڵئاوسانی دراوی لیرەی تورکی ٢٥.٢%دا زیادبوونی بەخۆوە دی و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٨دا بە ڕێژەی هەڵئاوسان بە ٢٠.٣% مەزەندەکرا. لە ئێستادا خەمی سەرەکی هاوڵاتیانی تورکیا لە بابەتی پەکەکەوە بۆ خراپبوونی باری ئابوری گۆڕدراوە. بە پێی ڕاپرسیەکە، ٢٠%ی بەشداربووان بیر لە دۆزینەوەی کاری دوەم دەکەن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان. 

(یالجین قەرەتەپە)، کە پسپۆڕی ئابوری تورکیایە بە ڕۆژنامەی (شینهوا)ی چینی دەڵێت کە دروستبوونی قەلەقی لای گەلی تورکیا لەسەر باری ئابوورییان نیشانی دەدات کە ئابوری وڵاتەکەیان بەرەو خراپبوون دەچێت. 

یالجین دەڵێت «گەشەی ئابوری لە تورکیا بۆ ١.٦% دابەزی لە کۆتاییەکانی ساڵی پاردا و من پێم وایە ئابوری وڵاتەکەمان لە ٢٠١٩دا بەرەو خراپترچوون دەچێت، هەر بۆیە تێدەگەم بۆچی زۆرێک لەوانەی لە ڕاپرسیەکەدا بەشداربوون ڕەشبینن.»

لە سەرەتای ٢٠١٨دا بە پێی ڕاپرسییەکەی (ئیپسۆس)، ٥١%ی بەشداربووانی تورک شەڕی دژ بەپەکەکەیان بەگەورەترین کێشە بینیوە بەڵام لە کۆتایی ساڵدا تەنها ١٣% شەڕی دژ بە پەکەکەیان بە گەورەترین کێشە داناوە.

ئەردۆغان نکۆڵی لە خراپبوونی ئابوری تورکیا دەکات
ئەم هەینیە لە وتارێکیدا لە کۆبونەوەیەکی ئاکپارتیدا لە ئەنقەرە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند کە گەشەی ئابووری تورکیا بۆ ساڵی ٢٠١٨ نەیارانیان توشی سەرسوڕمان دەکات. ئەو دەڵێت: «پشتیوان بە خوا جارێکی تر دەرسێکی ئەوانە دادەین کە تورکیا وەک وڵاتێکی ڕوخاو و مردوو نیشاندەدەن. سەرەڕای ئەو پلانگێڕیانەی دژمان دەکرێت لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو و قەرزە نێودەوڵەتیەکان و هەڵئاوسانی ئابوری، ڕاپۆرتی گەشەی ئابووریمان هەموان سەرسام دەکات.» 

تا ئێستا بانکی جیهانی گەشەی ئابوری تورکیای بۆ ساڵی ٢٠١٨ بە ٣.٥% مەزەندەکردوە بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژەیە بەرەو خراپتر بڕوات
ڕاوێژکارەکەی ئەمریکا تورکیای توڕەترکرد

جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا،لە سەردانێکیدا بۆ ئیسرائیل کە بڕیاربوو لەوێوە سەردانی تورکیا بکات بۆ دانوستان و دانیشتن لەگەڵ بەرپرسە تورکەکان سەبارەت بە پلانی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سوریا، لە وتارێکیدا لە ئیسرائیل بەرپرسانی تورکیای توڕەکرد و ململانێیەکی نوێی خولقاند. 

ئەو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە یۆرشەلیم ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا دوای دڵنیابوون لە نەمانی داعش  و دڵنیابوون کە دۆستە کوردەکانیان سەلامەت دەبن دەکشێنەوە، ئەم وتەیە ئەردۆغانی تەواو توڕە کرد و دوای سەردانکردنی تورکیا، ئەردۆغان ئامادەنەبوو لەگەڵ ڕاوێژکارە ئەمریکیەکە دابنیشێت و بە نوێنەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای دانەنا. 
ڕۆژنامەی (دەیلی سەباح)ی تورکی کە بە ئینگلیزی دەردەچێت و لایەنگری حکومەتی تورکیایە لە توڕەییاندا، ستافەکەی ترەمپیان تۆمەتبارکرد بە پلانگێڕی دژی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکیان. ڕۆژنامەکە دەنوسێت: «بۆڵتن کودەتایەکی بێدەنگ دژی ترەمپ ئەنجامدەدات. ئەو هەڵەیەکی گەورەی کرد لە سەپاندنی مەرجی ناواقعی بەسەر تورکیادا لە کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکادا.»

ڕاوێژکارە ئەمریکیەکە ترەمپی خستە ئەمری واقعەوە
دوابەدوای وتەکانی بۆ پاڵپشتی کوردەکان، توڕەبون و ئامادەنەبوونی ئەردۆغان بۆ کۆبونەوە لەگەڵ بۆڵتن، وایکرد ڕاوێژکارەکە زوو بگەڕێتەوە واشنتۆن. زۆرێک لە ڕاوێژکارانی تری ترەمپ وتە توندەکەی بۆڵتنیان بە ناحەکیمانە لە قەڵەمدا و یەکێک لە ڕاوێژکارەکان بە ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست) دەڵێت: «هەموو کارەکەیان تێکدا، پێویستی نەدەکرد ئاوابێت. گەر زیاتر بیریان بکردایەتەوە دکرا دانوستان لەگەڵ تورکیا کرابا.»

بەڵام دوای پاڵپشتیکردنە زەقەکەی بۆڵتن بۆ هێزە کوردیەکانی سوریا و توڕەکردن و دانەنیشتن لەگەڵیا لە لایەن ئەردۆغانەوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە کەوتە ئەمری واقعەوە و یەکشەممە لە تویتێکدا چۆن ئەردۆغان دەرگای دانوستانی لە بۆڵتن داخست، ئەمیش دەرگای دانوستانی بەڕووی ئەردۆغاندا داخست و هەڕەشەی لێکرد گەر هێرش بکاتە سەر کوردەکان لە ڕووی ئابووریەوە وێرانی دەکات. 

تویتەکەی ترەمپ لەسەر هەرەسپێهێنانی ئابووری تورکیا، نیگەرانی ئەنقەرەی لێکەوتەوەو رۆژی دواتر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەریەکە لە ترەمپ و ئۆردۆگان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، لەو پەیوەندییەدا ترەمپ جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە نابێت تورکیا «مامەڵەی خراپ» لەگەڵ کوردەکاندا بکات.

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند ترەمپ لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەل رەجەب تەیب ئۆردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێی راگەیاندوە کە مامەلەی خراپ لەگەل کوردو ئەو هێزانەدا نەکات کە هاوپەیمانی ئەمریکان لە سوریا.

دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکەیدا رایگەیاندبوو کە ئەوان لە سوریا دەکشێنەوە بەڵام ناوچەیەکی ئارام بە درێژایی ٢٠ میل لە باکوری سوریا درووستدەکەن، ئەگەربێت و تورکیاش هێرشی بکاتە سەر ئابوریەکەی هەرەس پێدێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار