کورد چاوه‌ڕوانى وه‌ڵامى ئه‌سه‌ده‌و لارییشی لە ٢٠ میلی ناوچەی ئارام نییە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

دانوستانهکانى نێوان رۆژئاواى کوردستان و حکومهتى سوریا بهردهوامه، بهڵام تا ئێستا هیچ رێککهوتنێکى لێنهکهوتووهتهوه، لایهنى کوردى چاوهڕوانى وهڵامى ئهو نهخشه رێگایهیه که بۆ رێککهوتن خستوویهتییه ڕوو. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا بە وریاییەوە دەروانێت لەناوچەیەکی پێشنیارکراوی ئارام لە سنوورەکانی تورکیا.

دانوستانهکان لهدواى بڕیارى کشانهوهى هێزهکانى ئهمریکا له سوریا له 19ى مانگى رابردوودا دهستیپێکرد و تا ئێستا چهند کۆبونهوهیهک به نێوهندگیریی روسیا له مۆسکۆى پایتهختى ئهو وڵاته بهڕێوهچوون.

ئامانج له دانوستانهکان گهیشتنه به ڕێککهوتن لهبارهى چارهنوسى ئهو ناوچانهى لهدهست هێزهکانى سوریاى دیموکراتدایه، بهتایبهتى ناوچه کوردنشینهکان که لهدواى سهرههڵدانى شهڕى ناوخۆى سوریاوه کورد خۆبهڕێوهبهرى تێدا ڕاگهیاندووه.

خاڵى هاوبهشى کوردانى رۆژئاواى کوردستان و رژێمى سوریا له دانوستانهکاندا بریتییه له یهکێتى خاکى سوریا و پاراستنى سنورهکان لهلایهن سوپاى سوریاوه، ئهوهش پێدهچێت گهیشتن به ڕێککهوتنى نێوانیان ئاسان بکات.

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتی یەکێتیى دیموکراتی (پەیەدە) به هاوڵاتى وت «دانوستانهکان لهلایهن ئهنجومهنى سوریاى دیموکراتهوه ئهنجام دهدرێن و ئهوان لهگهڵ حکومهتى سوریا لهبارهى گهیشتن به چارهسهر له دانوستاندان».

وتیشى «گهیشتن به چارهسهرى سیاسیى پێویسته، ئێمه وهکو رۆژئاواى کوردستان چارهسهرى نامهرکهزیمان دهوێت، لهگهڵ ئهوهشدا جهخت له یهکپارچهیی سوریا دهکهینهوه، بهڵام دهبێت سیستمێکى لامهرکهزى بێت که مافى کورد و سهرجهم پێکهاتهکانى تێدا پارێزراو بێت».

دواى چهند دهیهیهک له پهراوێزخستنیان، کوردانى سوریا لهساڵانى شهڕى ناوخۆى سوریادا توانییان سیستهمى خۆبهڕێوهبهرى دابمهزرێنن و کۆنترۆڵى سێ یهکى روبهرى خاکى سوریا بکهن، لهکاتى شهڕیشدا لهدژى داعش توانیان پشتیوانییهکى گهورهى ویلایهته یهکگرتووهکان بهدهستبهێنن. بهڵام بڕیاره لهناکاوهکهى واشنتۆن بۆ کشانهوهى سهربازهکانى لهسوریا هانیدان پێداچوونهوه به مامهڵه و پهیوهندییهکانیان لهگهڵ ئهمریکا بکهنهوه.

له دانوستانهکاندا ئهنجومهنى سوریاى دیموکرات نهخشه رێگایهکیان بۆ گهیشتن به چارهسهر خستووهتهڕوو، چاوهڕوانى وهڵامى مۆسکۆ دهکهن لهو بارهیهوه، پێش ئهوهى لهگهڵ دیمهشق لهو بارهیهوه بگهنه رێککهوتن.

نهخشه رێگاکه تایبهته به پاراستنى سنورهکان لهگهڵ تورکیا، دۆزینهوهى رێگهیهک بۆ جێکردنهوهى سیستهمى خۆبهڕێوهبهرى باکورى سوریا له دهستور، گرهنتى بهیهکسانى دابهشکردنى داهاتهکانى باکورو رۆژههڵاتى سوریا دەدات.

ساڵح موسلیم وتى «تا ئێستا دۆخهکه وهک خۆى ماوهتهوه و رێککهوتن نهکراوه،  ئهنجومهنى سوریاى دیموکرات چاوهڕوانى وهڵامدانهوهى نهخشه رێگاکهیهتى لهلایهن سوریاوه، تا دهست به قۆناغێکى نوێی دانوستان بکهن.

لهئهگهرى رێککهوتنى کوردانى رۆژئاواو رژێمى سوریادا، دوو گهورهترین ناوچهى سوریا یهکدهگرنهوه، که ماوهى ههشت ساڵه بههۆى شهڕى ناوخۆییهوه لێکترازاون، لهوکاتهشدا تهنها بهشێکى باکورى خۆرئاواى سوریا دهمێنێتهوه که لهژێر دهسهڵاتى ئۆپۆزسیۆنى رژێمى بهشار ئهسهددایه کهلهلایهن تورکیاوه پشتیوانى دهکرێن و رکهبهرى ههریهکه له یهکینهکانى پاراستنى گهل و حکومهتى دیمهشقدایه.

چاوهڕواندهکرێت لهدواى گهیشتن به ڕێککهوتن، سنورهکانى باکورى سوریا رادهستى سوپاى سوریا بکرێت، بهڵام یهکینهکانى پاراستنى گهل (یهپهگه) لهناوچهکانیان بمێننهوه.

تا ئێستا ئهمریکا ههڵوێستى خۆى لهبارهى دانوستانهکانى کوردانى رۆژئاواى کوردستان و رژێمى سوریاوه دهرنهبڕیوه، لهکاتێکدا کوردانى رۆژئاوا هاوپهیمانى ئهمریکان لهشهڕى دژى داعشدا و واشنتۆن دژى رژێمى سوریایه.

بهدران چیا کورد یهکێک له بهرپرسه دیارهکانى رۆژئاواى کوردستان سهرهتاى ئهم مانگه به ئاژانسى رۆیتهرزى راگهیاندبوو، دانوستانهکان پهیوهندى به پرسى کشانهوهى هێزهکانى ئهمریکاوه نییه له سوریا، بڕیارى کۆتایش رێککهوتنه لهگهڵ دیمهشق و بهو ئاڕاستهیه کاردهکهن، تهنانهت ئهگهر ئهمریکاش ناڕازیی بێت لهو بارهیهوه.

باسى لهوهشکردبوو، تۆپهکه له ئێستادا له گۆڕهپانى روسیا و دیمهشقدایه.

تا ئێستا دیار نییه ئهو دانوستانانه ڕێککهوتنى لێدهکهوێتهوه یان نا، بهڵام ههفتهى رابردوو سوپاى سوریا رایگهیاند له چوارچێوهى رێککهوتنى نێوانیان لهگهڵ یهپهگه، بهشێک له هێزهکانى یهپهگه له منبج کشاونهتهوه و سوپاى سوریا شوێنى گرتوونهتهوه.

ساڵح موسلیم دهڵێت «گهشبینى یان رهشبینى لهبارهى دانوستانهکانهوه پهیوهندى به حکومهتى سوریاوه ههیه، که تاچهند دێته پێشهوه له دانوستانهکاندا».

بهرپرسانى سوریا تا ئێستا چهند جارێک گهشبینى خۆیان نیشانداوه بهبهرهوپێشچوونى دانوستانهکان لهگهڵ کوردانى رۆژئاوا و باس لهوهدهکهن که دانوستانهکان له قۆناغى کۆتاییدایه، بهڵام بهرپرسانى رۆژئاوا ئاماژه به بهرهوپێشچوونى دانوستانهکان ناکهن.

رۆژى نۆى ئهم مانگه، فهیسهڵ میقداد جێگرى وهزیرى دهرهوهى سوریا رایگهیاندبوو، حکومهتى وڵاتهکهى لهپهیوهندیدایه لهگهڵ کوردهکان لهدواى دهستوهردانهکانى تورکیا و جگه له گفتوگۆ هیچ بژاردهیهکى دیکهیان لهبهردهمدا نییه.

ئاماژهى بهوهشکردووه، دانوستانهکان له قۆناغى کۆتاییدایه و گهشبینن بهوه.

لهدواى بڕیارى کشانهوهى هێزهکانى ئهمریکا له سوریا، دهسهڵاتدارانى ئهمریکا لهسهرووى ههموویانهوه دۆناڵد ترهمپ سهرۆکى ئهمریکا چهندین جار داواى پاراستنى کوردانى رۆژئاواى کوردستانیان له سوریا کردووه، بهڵام ئهو بهڵێنانه نهبوونه هۆى ساردکردنهوهى کوردانى رۆژئاواى کوردستان له دانوستانهکانیان لهگهڵ ئهسهد.

دۆناڵد ترهمپ سهرۆکى ئهمریکا لهچهند رۆژى رابردوودا ههڕهشهى وێرانکردنى ئابورى تورکیاى کرد، ئهگهر هێرشبکاته سهر کوردانى رۆژئاواى کوردستان، ههروهها داواى له کوردانى رۆژئاوا کردبوو تورکیا توڕه نهکهن.

ههروهها له پهیوهندییهکى تهلهفۆنیدا لهگهڵ رهجهب تهیب ئهردۆغان سهرۆک کۆمارى تورکیا، ترهمپ ههمان هۆشدارى دایهوه به تورکیا، لهگهڵ ئهوهشدا جهختیکردهوه لهسهر بهرهوپێشبردنى پهیوهندییه ئابورییهکانى نێوانیان.

ههرچهنده تورکیا وهڵامى ههڕهشهکانى ترهمپى دایهوه، بهڵام ئهردۆغان رایگهیاند که کێشهیان لهگهڵ کورد نییه، کێشهى ئهوان لهگهڵ ئهو گروپانهدایه که به مهترسی بۆ سهر وڵاتهکهى ناویبرد، له ئاماژهیهکدا بۆ یهکینهکانى پاراستنى گهل (یهپهگه) که ئهنقهره به درێژکراوهى پهکهکه ناوى دهبات.

لهبارهى بهڵێنهکانى ئهمریکاوه بۆ پاراستنى کورد لهدواى کشانهوهیان له سوریا، ساڵح موسلیم باسى لهوهکرد، ههڵوێست و قسهى بهرپرسانى ئهمریکا لهو بارهیهوه روون نییه و لێدوانى جیاجیا لهو بارهیهوه دهدرێت.

لهئێستادا ئهمریکا و تورکیا باس له دروستکردنى ناوچهیهکى ئارام دهکهن له باکورى سوریا، که وهک ههنگاوێکى ئهمریکا لێکدهدرێتهوه بۆ رازیکردنى ئهنقهره تا لهدواى کشانهوهى هێزهکانى لهخاکى ئهو وڵاته ههڕهشه نهکاته سهر کوردانى سوریا. ئهو پرسه لهدوایین پهیوهندى تهلهفۆنی ترهمپ و ئهردۆغاندا جهختى لێکرایهوه

دواى پهیوهندییه تهلهفۆنییهکه، ئهردۆغان وتى «لهسوریا به درێژایى سنورى تورکیا ناوچهیهکى ئارام له لایهن ئێمهوه دروستدهکرێت، بابهتى ئهم ناوچه ئارامه وهک ٢٠ میل له لایهن ترهمپهوه گوزارشتى لێوهکرا که ئهمه ناوچهیهکى ئارامه به قوڵایى ٣٠ کیلۆمهتر».

ساڵح موسلیم رایگهیاند، تورکیا ههمیشه خواستى ئهوهى ههبووه دهستبهسهر ناوچهکانى رۆژئاواى روبارى فورات و باکورى سوریادا بگرێت، پرسی دروستکردنى ناوچهى ئارامیش تا ئێستا زانیارییهکى ئهوتۆى لهسهر نییه.

وتیشی: «دروستکردنى ناوچهى ئارام ئهگهر به خواستى کوردبێت باشه، بهڵام ئهگهر به خواستى تورکیا بێت بۆ کورد باش نییه، چونکه ئهو وڵاته بهردهوام دهیهوێت بهشێکى سوریا داگیربکات».

یهکێک لهو کارتانهى بهدهست کوردانى سوریاوهیه له دانوستانهکاندا، کۆنتڕۆڵکردنى بهنداوى روبارى فورات و کێڵگه نهوتییهکانه، بهڵام یهکێک له رێگرییه سهرهکییهکانى بهردهم دانوستانهکان، داواکارى ئۆتۆنۆمیه لهلایهن بهرپرسانى رۆژئاواى کوردستانهوه، لهکاتێکدا بهشار ئهسهد دهیهوێت بهتهواوى کۆنتڕۆڵى سوریا بکات، پێشتریش وهزیرى دهرهوهى سوریا جهختیکردبووهوه دروستکردنى سیستهمی فیدراڵى قبوڵکراو نییه.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار