ڕۆمان و ده‌ریا خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ڕۆمانی عه‌شیقی وه‌رگێڕ

5 ساڵ لەمەوپێش



د.هاشم ئه‌حمه‌د زاده

پێشه‌كی

 

ئه‌گه‌ر له‌ شیعری شاعیرانی ڕۆمانتیكی وه‌ك كیتس، كالێریج و تایلۆردا ده‌ریا بنه‌ماكانی ئه‌ده‌بی ڕۆمانتیكی ده‌خه‌مڵاند و به‌ بۆچوونی بایرۆن ده‌بوو به‌ هێمای ڕزگاری له‌ هه‌موو كۆتوبه‌نده‌كان، ئه‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه‌دا ده‌بوو به‌ ئه‌و ڕێڕه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌كان تێیدا باڵایان ده‌كرد و هێدیهێدی ڕێگای سه‌فه‌ری كه‌سایه‌تیی گێڕاونه‌وه‌كانی خۆش ده‌كرد. له‌و كاته‌وه‌ كه‌ ئۆدیسه‌ بۆ ماوه‌ی بیست ساڵ له‌ ده‌ریاكاندا سه‌رگه‌ردان ده‌خولاوه‌ و تووشی سه‌دان گرفت ده‌بووه‌وه‌ و گه‌یشتنه‌وه‌ی بۆ لای پێنێلۆپێی خێزانی و تێلێماكۆسی كوڕی وه‌دره‌نگی ده‌كه‌وت، ده‌ریا ڕۆڵێكی تایبه‌تی له‌ گێڕانه‌وه‌كاندا ده‌گێڕا و گێڕه‌وه‌كان چاره‌نووسی مرۆڤه‌كان و هه‌ڵكشان و داكشانی ده‌ریاكانیان تێكهه‌ڵكێشی یه‌كتر ده‌كرد. ئه‌و نه‌ریته‌ له‌ سه‌رده‌مانی جیاوازدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی جیاوازی له‌ گێڕانه‌وه‌ و دونیای ئه‌ده‌بیدا هه‌بووه‌. له‌ به‌راییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆمانی ئینگلیسیدا ڕوبینسۆن كرۆسۆی دێفۆ ڕۆڵی ده‌ریای له‌ به‌سه‌رهاتی خۆیدا هه‌مدیسان ده‌رخسته‌وه‌. له‌ جه‌ین ئاستیندا ده‌ریا ده‌بێته‌ ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌فسه‌رانی خوازبێن. له‌ به‌سه‌رهاتی تام سایێر و هاكلبریفینی مارك توایندا ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان له‌گه‌ڵ خوشینی میسیسیپی ده‌خوشێن و ده‌بنه‌ هۆی به‌رچاوڕوونیی خوێنه‌ر. له‌ مۆبیدیكی مێلڤیلدا شه‌ڕی ئیهاب و نه‌هه‌نگی سپی دیمه‌نێكی تری ئه‌فسانه‌یی به‌ ده‌ریا ده‌به‌خشێت. له‌ پیره‌مێرد و زریای هێمینگوایدا ده‌ریا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر زیاتر قسه‌ ده‌كات. له‌ ئه‌حمه‌د مه‌حموودی ئێرانیدا كارون ده‌دوێت و له‌ مونیرو ڕه‌وانیپووردا ده‌ریا ده‌بێته‌ وارگه‌ی خنكاوه‌كان. له‌ دڵی تاریكیی كۆنراددا ده‌ریا شوومیی كۆلۆنیالیزم ده‌رده‌خات و له‌ پیره‌مێردی فاكنێردا به‌سه‌رهاتی به‌ندییه‌كی پیری به‌له‌موه‌رگه‌ڕاو له‌ شه‌پۆله‌كانی میسیسیپیدا ئه‌وه‌نده‌ وه‌ستایانه‌ ده‌گێڕدرێته‌وه‌ كه‌ ڕووناكی ده‌به‌خشێته‌ هه‌موو داڵانه پێچه‌ڵپێچه‌كانی كه‌سایه‌تیی مرۆڤ. ماركێز و وێناكردنی دوا سه‌فه‌رێك له‌ پاپۆڕێكی خه‌یاڵیدا، لافاوی وشه‌كانی ڤیرجینیا وولف له‌ به‌ره‌و فانووسی ده‌ریاییدا و هه‌زاران به‌رهه‌می تر مۆركی ئاوی ده‌ریاكانیان پێوه‌یه‌.[1]

پرس ئه‌وه‌یه‌ له‌ نه‌بوونی فه‌زا و به‌ستێنێكی ده‌ریاییدا ڕۆماننووسی كورد چۆن ده‌توانێت توونێتیی گێڕانه‌وه‌ی كوردی بشكێنێت و گێڕانه‌وه‌یه‌كی ته‌ڕ و پاراو بخاته‌ به‌رده‌م خوێنه‌ری كورده‌وه‌؟ له‌م نووسینه‌دا، به‌ خوێندنه‌وه‌ی دوو ڕۆمانی جان دۆست، عه‌شیقی وه‌رگێڕ و زه‌نگه‌كانی ڕۆما، هه‌وڵ ده‌ده‌م شوێنپێی ده‌ریا له‌ گێڕانه‌وه‌كاندا هه‌ڵگرم و به‌سه‌رهاتی كه‌سایه‌تییه‌كان بكه‌مه‌ هه‌وێنی لێكدانه‌وه‌یه‌كی ناوه‌رۆكییانه‌. هه‌روه‌ها له‌ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر دوو ڕۆماندا ئاوڕ له‌ شێوازی (style) گێڕانه‌وه‌كان ده‌ده‌مه‌وه‌.

 

عەشیقی وەرگێڕ

عەشیقی وەرگێڕ ڕۆمانێكی وەرگێڕدراوی جان دۆستە بۆ سەر زمانی کوردی لە وەرگێڕانی سەباح ئیسماعیل. جان دۆستی ڕۆژاوای کوردستان ئیتر بۆ خوێنەرانی کورد، بەدەر لە زاراوە و ڕێنووسیان، بووەتە ناوێکی ئاشنا و ڕۆماننووسێکی سەرکەوتوو. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەم بە خوێندنەوەیەکی وردی بابەتییانە تایبەتمەندییە ژانری و دونیاییەکانی عەشیقی وەرگێڕ تاوتوێ بکەم. لە بواری ژانرییەوە زیاتر جەخت لەسەر تێکنیک و شێواز و کارکردی زمانیی ڕۆمانەکە دەکەم و لە باری دونیاییشەوە مەبەستمە ئاستی ڕێئالیستی و ڕاستنوێنیی (verisimilitude) ڕۆمانەکە بخەمە بەر باس. تاوتوێکردنی لایەنەکانی ڕاستنوێنی یارمەتیدەر دەبن بۆ تێگەیشتن لەو جیهانەی ڕۆمانێکی لەم چەشنە نوێنەرایەتی دەکات. لەم ڕێگایەوە خوێنەر دەتوانێت تێکهەڵکیشکردنی خەیاڵ بە واقیعەوە بە ڕوونی ببینێت و وێڕای چێژوەرگرتن لە خەیاڵی بەرز و ڕازاوەی ڕۆمانێک کە جوانیبەخشی گێڕانەوەکەیە، لە تێگەیشتنی بارتەقای واقیعی ئەو کۆمەڵگەیە نزیک بێتەوە کە ڕۆمانەکە ئافراندوویەتی. جیهانی فانتێزیایی ڕۆمان بە سەدان ڕایەڵی دیار و نادیارەوە گرێدراوی جیهانێکە کە ئێمە بە جیهانی واقیع ناوی دەبەین. هونەر و ئەدەب بە گشتی و ڕۆمان بەتایبەتی، کەرەسەیەکی گرنگن بۆ تێگەیشتن لە ڕاستیی ئەم جیهانە واقعییە.له‌ ڕووی ژانرییه‌وه‌، عه‌شیقی وه‌رگێڕ، سه‌ر به‌ بنژانرێكی ڕۆمانی مێژووییه‌ كه‌ تێیدا له‌ جیاتی‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی كه‌سایه‌تییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی مێژوویی، به‌سه‌رهاتی كه‌سایه‌تییه‌كی خه‌یاڵی، ده‌كرێته‌‌ بابه‌تی گێڕانه‌وه‌.به‌ واتایه‌كی تر عه‌شیقی وه‌رگێڕ به‌سه‌رهاتی كه‌سێكی به‌و ناوه‌ له‌ مێژووی ئیمپراتۆریای عوسمانیدا نییه‌. به‌ڵام گێڕانه‌وه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه‌ له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا ناتوانێت یارمه‌تیده‌ری تێگه‌یشتنی هه‌بوونی دیارده‌یه‌كی له‌م چه‌شنه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌بێت. لێره‌دا ڕه‌نگه‌ ئه‌م ڕۆمانه‌، پێناسه‌یه‌كی گشتی له‌ ڕۆمان بخاته‌وه‌ بیری خوێنه‌ر كه‌ ڕۆمان‌‌ گێرانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتێكه‌ كه‌ یان ڕووی داوه‌، یانیش ده‌توانێت ڕوو بدات.   

 

دەستپێكی ڕۆمان

وه‌ك فوكۆ گوته‌نی ده‌ستپێكردن هه‌میشه‌ زه‌حمه‌ته‌ و ده‌ستپێكی ڕۆمان له‌و یاسایه‌ ڕیزپه‌ڕ نییه‌. عه‌شیقی وه‌رگێڕ به‌ دەستپێکێکی زۆر باش و سەرنجڕاکێش خوێنەری ئەم ڕۆمانە ڕاکێشی جیهانێکی ڕازاوە و پڕ ڕووداوی خۆی دەکات. پیرە پیاوێکی وەرگێڕ کە بەدەم ئاگردانێکەوە دانیشتووە، بە بەردەستە ئەلبانیاییەکەی، یۆنس، دەڵێت کە ئەوەی پێی دەڵێت بینووسێت. بەڵام ئەو دەبێ چۆن دەست پێبکات؟ "بنووسە"، "ڕاوەستە"، "بنووسە" دەبێتە ئەو گەمە جوانەی کە هزر و بیری پیرەی وەرگێڕی داگیر کردووە. ئەمر و نهێکانی پیرەی وەرگێڕ بە یۆنسی بەردەستی، بە ڕوونی و سەرکەوتوویی ئازاری قورس و پڕ ژانی دەستپێکردن، ئەویش دەستپێکردنی ڕۆمانێک، نیشان دەدات. لەم نێوەدا كوتە ئاوێنە شکاوێک کە بەدەست پیرەی وەرگێڕەوەیە، دژواریی نووسینەوە و هێرشی ڕابردوو بۆ سەر ئێستا چەند قات زیاتر دەکات. ئاوێنە وەقسە دێت و داوا لە پیرەی وەرگێڕ دەکات لە ئەوەوە دەست پێبکات. ئەستەمبوونی دەستنیشانکردنی خاڵی دەستپێکی ژیان و لە هەمانکاتدا دەستپێکی ڕۆمانەکە، بە بێ ئەوەی گێڕه‌وه‌ هیچ شتێکی زیادی دەرببڕێت بە هۆی کردەوە و گوتەکانی پیرەی وەرگێڕەوە خۆی دەردەخات. هەر لەسەرەتاوە ڕۆحی دیالۆگییانەی گێڕانەوەکە وەک خۆرێک خۆی دەردەخات و یەکەم بەشی ڕۆمانەکە کە چوار لاپەڕە و نیوە، بە جوانی گرەوەی دەستپێکردنێکی شیاو و ڕازاوەی تێکەڵاوی دیالۆگ و زمانێکی وەسفیی بە بڕشت، زۆر به‌ باشی دەباتەوە. ئێستا ئیتر خوێنەر ئامادەیە و بە تامەزرۆییەوە دەیەوێت بزانێت دواجار پیرەی وەرگێڕ چۆن دەستپێکی ژیانی خۆی دەستنیشان دەکات و ئاوێنە شکاوی بەردەستی چۆن وازی لێدێنێت. ئەم هەستی کونجکۆڵانەی خوێنەر بە یارمەتیی زمانێکی ڕەوان و پڕ لە سیحری ڕەنگاوڕەنگی ئەدەبی و هونەرمەندانە، دەبێتە هۆکارێک بۆ بەردەوامی لە خوێندنەوە و گەڕان بە دوای شێوازێکی نامۆ بەڵام تەواو نزیک لە هەستی جوانیناسانەی گێڕانەوە. نموونەی پڕ لە جوانیی مێتافۆرییانەی ئەم دەستپێکە، هاندەرێکی گرنگە بۆ خوێنەر کە بە دڵخۆشی و هیوای خوێندنەوەیەکی خۆش و پڕچێژ دەست بە ڕۆمانەکە بکات:

"هەنگێ پیرە داوای لە نۆکەرەکەی کرد هەندێک دار بخاتە ئاگردانە خامۆشەکەوە و چراکە پێ بکات، تاکو خامە شوێنپێیەکانی لەسەر کاغەزە پاکیزەکەی چاوەڕوانی حەزی جووتبوونی یەکه‌م بوو لەگەڵ ئەلفبێدا، ببێنێت."[2]

باوکی پیرەی وەرگێڕ، ڕوشدی، حەسرەتێکی قووڵی هەیە بۆ وەرگێڕان و گواستنەوەی کتێبان لە زمانە بیانییەکانەوە بۆ عه‌رەبی و تورکی. لەبیرمان بێت کە ڕوشدی چەرکەسە و حەزی ئەو بۆ وەرگێڕان لە زمانە بیانییەکانەوە بۆسەر زمانی عه‌رەبی و تورکی، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە پرسی زمان لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتدا زۆر لە سەردەمی مۆدێرن جیاوازە. دانیشتوانی ئیمپراتۆریا به‌ربڵاوه‌كه‌ی عوسمانی له‌سه‌ر بنه‌مای ئایینییه‌وه‌ دابه‌ش كرابوون و له‌ كاتێكدا له‌ ناوه‌ند و به‌شێكی زۆری ئیمپراتۆریاكه‌دا ئیسلام ئایینی سه‌رده‌ست بوو، باوه‌ڕمه‌ندانی ئایینه‌كانی تر به‌پێی سیستمی میلله‌ته‌وه‌ له‌م جۆغرافیا به‌ربڵاوه‌دا مافی ژینیان هه‌بوو و تا ناوه‌ڕاسته‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م له‌ په‌یڕه‌ویكردنی ڕێوڕه‌سمی ئایینیی خۆیاندا سه‌ربه‌ست بوون. یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئیمپراتۆریای عوسمانی، بەیەکەوە ژیانی ئێتنیسیتە و ئایینگه‌لی جیاواز  بوو. لەم ڕۆمانەدا پێناسەی سیستمی "میللەت"ی ئیمپراتۆریای عوسمانی بە کردەوە نیشان دراوە و دەردەکەوێت کە چۆن باوەڕ و گرووپی ئێتنیکیی جیاواز لەگەڵ یەکتر ژیاون. هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نییە کە هیچ کۆسپێک لە بەردەم بەیەکەوە ژیانی ئەم گرووپانەدا نەبووە. بۆ نموونە، ئەگەرچی ئیسحاقی ئەرمەنی کچە جوولەکەیەکی بێ دایک و باوک، واتا ئیسته‌ر، دێنێتە لای خۆی و دەیکاتە وەرگێڕگەیەکی چالاکی خۆی و ئەم دوو ئایینداره‌ جیاوازە، کار و کاسبییان  لە گوندێکە کە دانیشتوانەکەی موسوڵمانن و ئەوان بە سانایی سەر دەكه‌نه‌ ناو ماڵەکانیانه‌وه‌، بەڵام کاتێکی پیرەی وەرگێڕ لە سەردەمی لاوەتیدا بە دایکی دەڵێت کە دەیەوێت ئیستەر بخوازێت، دایکی زۆر بە توندی بەرپەرچی دەداتەوە و دەڵێت: "لە میللەت و ئاینی ئێمە نین." (ل. ٣٧). ئەمه‌ لەڕاستیدا ئه‌و پێشداوەرییە باوە بوو کە زۆرینەی مسوڵمان، دژ بە دینەکانی تر هەیانبوو و ناسنامه‌كان به‌ پله‌ی یه‌كه‌م گرێدراوی ئایینه‌كان بوون. سه‌ره‌ڕای ئه‌م راستییه،‌ پێكهاته‌ی كاراكتێره‌كانی ئه‌م ڕۆمانه‌ نیشانده‌ری فره‌ڕه‌هه‌ندبوونی لایه‌نی ئێتنیكیی دانیشتوانی جۆغرافیای ئیمپراتۆریای عوسمانییه‌. بۆ نموونه‌، گالیسکەوان کوردە، خزمەتکار و نووسەری پیره‌ی وه‌رگێڕ،  یۆنسی ئەلبانیاییه‌، و باوكی پیره‌ش، ڕوشدی، بە بنەچە چەرکەسە و لە تیپی یەنیچەریی لەشکری عوسمانیدا خزمەتی کردووە و ئێستا بازرگانە. بۆیه‌ ده‌بینین كه‌ نزرگەکان هەر هەموویان، سەر بە هەر ئایین و باوەڕێکەوە بن، لای جەماوەر پیرۆزن. هه‌ر بۆیە مرۆڤه‌كان ده‌چنه‌ سەر مەزارگەی جوولەکە، کرستیان، موسوڵمان و عەلەوی (٤٦ .ل). كه ‌واته‌ سەیر نییە کە دایکی پیرەی وەرگێڕ لە یەک کاتدا باوەڕی بە حەبیب ئەلنەجار و کڵێسای پاولی ئازیزیش هەیە و بە نییەتی سەرکەوتنی سەفەری کوڕەکەی سەردانی هەردووکیان دەکات.   

زمان بە بەردەوامی بە جوانیی سەرەتای ڕۆمانەکە دەخوشێت و خوێنەر شیفتەی وەسف و فەزای گێڕانەوەکە دەبێت. پیرەی وەرگێڕ بەردەوامە لەسەر گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆی بۆ یۆنس. شکڵگرتنی ئەڤینی نێوان پیرە و ئیستەر دەبێتە ڕووداوێکی گرنگ کە دەکەوێتە سەرەتاکانی گێڕانەوەی 'ژیننامەی' پیرەی وەرگێڕ. کاتێک پیرەی وەرگێڕ لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ئەڤینداریی خۆی و ئیستەردا دەگاتە یەکەم ژوان، نایەوێت ڕازی ئەم دیدارە لای یۆنس ئاشکرا بکات و بە بیانوویەک دەڵێت کە ماندووە و دواتر دەست بە نووسین دەکەنەوە. ئەمە تێکنیکێکی کاریگەر و جوانە بۆ هەڵاوەسین و وەدواخستنی باسەکە و ڕاکێشانی زیاتری سه‌رنجی خوێنەر.

 

ژیننامە نووسی

له‌ڕاستیدا ته‌ونی ئه‌و ڕۆمانه‌ بریتییه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی ژیانی پیره‌ی وه‌رگێڕ بۆ كوڕه‌ی به‌رده‌ستی واتا یۆنس. پرسیار ئەوەیە ئایا لە سەردەمی ئەم گێڕانەوەیەدا نووسینی بیرەوەری بەم شێوەیە لەنێو خەڵکانی ڕۆژهەڵاتیدا باو بووە؟ ئایا سیرە و موزەککەرات و شێوازەکانی تری نووسینەوەی بەسەرهات لە ڕۆژهەڵاتدا دەیانتوانی بەربەستەکانی دەرخستنی تاکبڕوایی لەسەر ڕێگای ژیاننامەنووسی لا ببن؟ لە سەردەمێکدا کە "ڕۆندک قابیل بە پیاوان نییە" و مرۆڤ تەنانەت مافی هەڵبژاردنی هاوسەری خۆیشی نییە و باوک بە بیانووی ئەوەی کە ئیستەر لە ئاست و پلە و پایەی ئەودا نییە و دایکیش بیانووی ئەوەیە کە ئیستەر سەر بە ئایینێکی ترە و ناهێڵن کوڕەکەیان بە ویستی خۆی لەگەڵ ئیستەر زەماوەند بکات و بە ئیرادەی خۆیان کچە پوورێک لە کوڕەکەیان مارە دەکەن، ئەستەمە مرۆڤ قسە لە ژیننامەنووسی بکات.[3] ئاخر نیشانەکانی تاکبڕوایی كه‌ به‌ردی بناخه‌ی ژیننامه‌نووسیی به‌ مانای ئه‌مڕۆیی وشه‌كه‌ن، لەو کۆمەڵگەیەدا بەدی ناکرێن. کاتێک دەبینین کوڕە قسە لە گوێڕایەڵی دەکات و گوێڕایەلیی باوک بە گوێڕایەڵیی پەروەردەگار دادەنێت، (٩٦. ل) ناتوانین چاوه‌ڕوان بین كه‌ ئه‌و بتوانێت باسی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆی وه‌ك تاك بكات.

شێوازی گێڕانه‌وه‌ی پیره‌ی وه‌رگێڕ و ئه‌و خاڵانه‌ی ئه‌و‌ له‌ ژیانی خۆیدا زه‌قیان ده‌كاته‌وه‌ و باسیان لێده‌كات، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر مۆركی سه‌رده‌می نووسه‌ر، واتا جان دۆستیان پێوه‌ دیاره‌. به‌ واتایه‌كی تر نووسه‌ر له‌ ده‌لاقه‌ی ئێستاوه‌ سه‌یری ڕابردوو ده‌كات و ئاستی تێگه‌یشتوویی ئێستای خۆی ده‌خاته‌ سه‌ر زمانی ئه‌و.[4] سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش بۆچوونه‌كانی پیره‌ی وه‌رگێڕ زۆر جار گوزاره‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌رده‌می خۆی ده‌كات. بۆ نموونه‌، گێڕانەوەی وردەکاریی ژوانەکانی وەرگێڕ و ئیستەر تایبەتمەندییەکی جێندەرییانەی پێوەندیی ژن و پیاو له‌ سه‌رده‌می پیره‌دا نیشان دەدات. کاتێک وەرگێڕ لە خەڵوەتی دیدارەکەی لەگەڵ ئیستەردا باس لە وردەکارییەکانی ماچ و ڕامووسان دەکات، ئەوە هەر پیاوەکەیە کە دەستپێشخەرە و ژن جگە لە پەرچەکردارێک هیچ هەڵوێستێکی تری نییە. ئیستەر تەنیا کاتێک وەدەنگ دێت و دەڵێت بەسە کە دەستی پیرەی وەرگێڕ دەگاتە "میوە حەرامەکەی لەشی". هەڵبەت ئەم هەڵوێستەش بە شێوەیەکی زۆر پاسیڤانە دەردەبڕدرێت و هێشتا نەرم و نیانی و حەزی شاراوەی ئیستەری تێدا دەبیندرێت: "بەسە، شێتە بەسە."‌

 

كات و سه‌رده‌می گێڕانه‌وه‌كه

ڵه‌ ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌كه‌دا زۆر ئاماژه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ، كاتی ڕووداه‌كانمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن.  ساڵی ١١١١ خێزانی پیرەی وەرگێڕ دەچنە حەلەب. ئەوکات تەمەنی پیره‌ی وه‌رگێڕ دە ساڵان بووە، واتا دەبێ ئەو لە ساڵی ١١٠١ کۆچی لەدایک بووبێت. له‌ شوێنێكدا ئاماژه‌ به‌ مێعماری به‌ناوبانگی سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان، سینان ١٤٩٠_١٥٨٨، ده‌كات و ده‌ڵێت کە ئەو بینایەی ئەوان ئێستا بۆ پشوودان لێی دابەزیون "بەر لە سەدە و نیوێک بۆ سوڵتان سلێمانی قانوونی لەماوەی سەفەرەکەیدا بۆ میسر لە قایە و گەچ" سازکرابوو. (ل. ٥٤). پیرە لە ساڵی ١٧٠٨ بە کەشتییەکی هولەندی بەرەو ڕۆما وەڕێ دەکەوێت. لە ساڵی ١٧٦٣/١١٧٦ لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکەی دەبێتەوە. ئەو ساڵی ١١٠١ لەدایک بووە و بەمجۆرە ئێستا لە کاتی گێڕانەوەدا تەمەنی ٧٥ ساڵە. به‌م شێوه‌یه‌ خوێنه‌ر ده‌زانێ كه‌ كاتی گێڕانه‌وه‌ و كاتی ڕووداوه‌كانی ڕۆمانه‌كه سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مه‌ و هه‌ر به‌م پێودانگه‌ش ئاستی هزری، سه‌رده‌می و ئێپیستیمه‌یی‌ پیره‌ و كاراكتێر و‌ ڕووداوه‌كانی تری ڕۆمانه‌كه‌ ده‌پێوێت و هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت.

زه‌مه‌نی ڕووداوه‌كان و كاتی گێڕانه‌وه‌یان له‌ زمانی پیره‌وه،‌ هێندێك جار زۆر به‌ شیاوی و لێهاتوویی تێكهه‌ڵكێش ده‌كرێن، به‌ڵام تێکەڵکردنی زەمەنەکان هێندێکجار زۆر میکانیکییه‌ و دووره‌ له‌ وه‌ستایه‌تیی پێویست بۆ گێڕانه‌وه‌ له‌ زه‌مه‌نێكی بازنه‌یی و تێكهه‌ڵكێشكراو. پیرەی وەرگێڕ وەک خەتێک بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە. کاتێک لە ڕەوتە هێڵییەکە لادەدات، دەبێ پشوویەک وەرگرێت و دوای گێڕانەوەی ئێپیزۆدەکە دیسان بگەڕێتەوە سەری هێڵەکە. ئایا ڕەوتی هێڵییانەی گێڕانەوە دەکرێت بە ساکاریی هزری باوی کوردی ببەسترێتەوە؟ ئایا نووسەری کورد تاقەت و تێکنیکی ڤارگاسی، مارکێزی و فاکنێرییانە شک نابات کە بە تێکهەڵکێشکردنی زەمەنەکان دەقێکی ئاڵۆز بەڵام لە هەمان کاتدا بە تێکنیکی بەرزی هونەری بئافرێنێت؟ دەکرێ مرۆڤ پێی وابێت نووسەر لە تەمبەڵی و تەوەزلی خوێنەری کورد بترسێت و هەر بۆیە زەمەنی هێڵییانە بکاتە شێوازی باوی گێڕانەوە. ڕه‌نگه‌ بۆ نووسه‌رێك وه‌ده‌ستخستنی چلۆنایه‌تیی په‌رچه‌كرداری خوێنه‌ری وشیار له‌ ئاست پێچه‌ڵپێچیی زه‌مه‌نییه‌وه‌ ساكار نه‌بێت، به‌ڵام له‌وه‌ش ئاڵۆزتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوێنه‌رێكی وشیار نه‌زانێت بۆچی نووسه‌ری كورد خۆی له‌ تێكهه‌ڵكێشكردنی بازه‌نه‌ییانه‌ی زه‌مه‌نه‌كاندا ده‌بوێرێت. هه‌رچی هه‌یه‌ خوێنه‌ری وشیاری كورد مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌قی كوردیی ئه‌وتۆ بێت كه‌ له‌ باری ئاماده‌یی چه‌ند زه‌مه‌ن له‌ یه‌ك كاتی گێڕانه‌وه‌ییدا هیچی له‌ ده‌قه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی گێڕانه‌وه‌یی جیهانی كه‌متر نه‌بێت. هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ ناتوانێ خۆی له‌ قه‌ره‌ی ژیانی پڕ له‌ چۆڵه‌پێچه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ئاڵۆزه‌ و كه‌سایه‌تیی‌ سه‌رلێشێواوی مرۆڤه‌كان نه‌دات و بۆ تێگه‌یشتنی پێچه‌ڵپێچیی ژیان و مانا ونبووه‌كانی ئاماده‌یان نه‌كات.  

پرسیارێكی تر كه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كات له‌م ڕۆمانه‌دا زه‌ق ده‌بێته‌وه‌، ئاماژه‌كانی نووسه‌ره‌ به‌ سه‌عات. ئایا له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا پرسی سه‌عات و چاره‌ك و نیو سه‌عات له‌ ناو جه‌ماوه‌ردا هێنده‌ باو بووه‌ كه‌ ئێمه‌ هێنده‌ له‌ ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌كه‌دا تووشی دێین؟ بۆ نموونه‌ كه‌م نین ئه‌و شوێنانه‌ی خوێنه‌ر تووشی ڕسته‌گه‌لی وه‌ك "چارەکەسەعاتێک" (ل. ٢٠٣) کاتژمێر حەوت (ل. ٦٤). و "تەنیا نیو سەعاتی پێ چوو" (ل. ٦٧) ده‌بێت. له‌ڕاستیدا، ئه‌ندازه‌گرتنی كات و داهێنانی سه‌عات له‌ شێوه‌ی جۆراجۆردا، مێژوویه‌كی دوور و درێژی هه‌یه‌. به‌ درێژایی چه‌ندین سه‌ده‌ مرۆڤه‌كان له‌ فه‌رهه‌نگه‌ جیاوازه‌كاندا، بۆ نیشاندانی كات، له‌ كه‌ره‌سه‌ی جیاوازی میكانیكی و له‌ پله‌ی یه‌كه‌مدا سروشتیانه‌ كه‌ڵكیان وه‌رده‌گه‌رت. له‌ سه‌ده‌ی شازده‌هه‌مدا یه‌كه‌م سه‌عاته‌ پاندۆلییه‌كان دروست ده‌كرێن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م سه‌عاتانه‌ زۆر گه‌وره‌ بوون و درێژایی هێندێكیان ده‌گه‌یشته‌ دوو مێتر. ئه‌م سه‌عاتانه‌ زیاتر له‌ كه‌نیسه‌كان داده‌ندران و بۆ مه‌به‌ستی ئایینی و كاتی به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌ ئایینییه‌كان كه‌ڵكیان لێ وه‌رده‌گیرا. سه‌عاتی ده‌ستییش هه‌ر له‌ سه‌ده‌ی شازده‌هه‌مدا دروست ده‌كرێت. به‌ڵام ئه‌م سه‌عاتانه‌ زۆر كه‌م به‌ره‌هم ده‌هاتن و ته‌نیا خه‌ڵكانی تایبه‌ت ده‌یانتوانی هه‌یانبێت. بۆ نموونه‌ له‌ ١٥٧١دا ئێلیزابێتی یه‌كه‌م سه‌عاتێكی ده‌ستی به‌ خه‌ڵات وه‌رده‌گرێت. سه‌عاتی ده‌ستی هه‌تا كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م تایبه‌ت به‌ ژنانه‌ و ته‌نیا له‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌ پیاوان به‌ به‌ربڵاوی سه‌عاتی ده‌ستی هه‌ڵده‌گرن. پیاوان بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ كه‌ڵكیان له‌ سه‌عاتی گیرفانی وه‌رده‌گرت. به‌مجۆره‌ مرۆڤ شك ده‌كات كه‌ سه‌عات له‌ سه‌رده‌می ئه‌م ڕۆمانه‌ و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌ ماڵی خه‌ڵكدا هێنده‌ باو بووبێت.[5]

جگه‌ له‌مه‌ش هێندێک شتی تری ئاناکرۆنیستی لە ڕۆمانەکەدا دەبیندرێت: "ڕامی محەمەد پاشای سەرۆکی نووسەران". ئایا لە سەردەمی ئەم گێڕانەوەیەدا یەکیێتی نووسەران هەبووە؟ (ل. ١٠٠) یاخود ڕه‌نگه‌ سه‌رۆكی نووسه‌ران ئاماژه‌ به‌ پێگه‌یه‌كی حكومه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بێت.[6]

پرسی "وڵات" و دەکارهێنانی ئەم چەمکە لەم ڕۆمانەدا تا ڕادەیەکی زۆر قسە هەڵدەگرێت. وڵات بە مانای قەوارەیەکی سیاسی و یاسایی لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەکاندا دیاردەیەکی نامۆیە. مرۆڤ خەڵکی خاکێکە نەک وڵاتێک. ڕه‌نگه‌ چه‌مكی نیشتمان له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا به‌جێتر بێت و چه‌مكی وڵات وه‌ك بارته‌قایه‌كی شیاو بۆ (land, country) ڕابگیرێت.

 

شێواز

ڕۆمانەکە لە ڕوانگەی گێڕەوەی سێهەم کەسی هەمووشتزانەوە نووسراوە. وەرگێڕێکی پیر ژیننامەی خۆی بۆ نۆکەرەکەی کە ئەرکی نووسینەوەی بەسەرهاتی سەروەرەکی لەسەرە دەگێڕێتەوە. وەرگێڕ لە گفتوگۆیەکی زیندووی پڕ لە جوانیی زمانی و گێڕانەوەییدا بەسەرهاتی خۆی لە حەوت شەودا دەگێڕێتەوە. کاراکتێری سەرەکیی ئەم ڕۆمانە، پیرەی وەرگێڕ، کوڕی بازرگانێکی چەرکەسییە.

خوێنەر هەتا کۆتایی چیرۆکەکە ناوی پیرەی وەرگێڕ نازانێت و ته‌نیا لە کۆتایی گێڕانەوەکەدا کاتێک پیرە لە دوالاپەڕەی ژیننامەکەیدا دوای سپاسی پەروەردگار، ناوی خۆی، محەمەد عەشیقەدینی ئەنتاکی ناسراو بە عەشیقی وەرگێڕ، دەنووسێت، ده‌زانێت ئه‌و كێیه‌. ئەوە بۆ یەکەمجارە کە ناوی گێڕەوە و کاراکتێری سەرەکیی ڕۆمانەکە ئاشکرا دەکرێت. لە زەمەنی ئێستادا پیرەی وەرگێڕ چیرۆکی خۆی بۆ یۆنس دەگێڕێتەوە. لە زەمەنی ڕابردوودا پیرە بەرەو ڕۆما سەفەر دەکات و بەسەرهاتی خۆی بەر لەم سەفەرە و بەتایبەتی چیرۆکی ئەڤینی خۆی لەگەڵ ئیستەر وەک هەوێنی سەرەکیی بەسەرهاتەکەی دەگێڕێتەوە. تێکنیکی هەڵواسین، وەدوادان یاخود وەپاشخستن لەوپەڕی توانایی و جوانیدا دەکار هاتووە. ئەگەر ئەم کتێبە بەرگی دووهەمیشی نەبێت ڕۆمانێکی تەواوە. لەسەر بەرگی عه‌رەبیی کتێبەکە نووسراوە، "ج. ١" و هەرچەند ئەمە لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا ئاماژەی پێنەدراوە، بەڵام لە قسەکانی عەشیقی وەرگێڕەوە لە کۆتایی گێڕانەوەکەیدا بۆمان دەردەکەوێت "بەپشتیوانیی خودا کتێبی دووەمیشی بەدوادا دێت." من دڵنیام زۆر خوێنەرەوەی تری ئەم ڕۆمانە، لەگەڵ من چاوەڕوانی بەرگی دووهەم دەبن.

سورپرایزكردنی خوێنەر لە ڕۆماندا هەموو کاتێ گرنگە. ئێمە تا ماوەیەکی زۆر لە گێڕانەوەکەدا وادەزانین کە باوک چێرۆکی خۆشەویستیی کوڕەکەی و ئیستەر نازانێت و تەنانەت کوڕەکەش پێی وایە کە باوکی لەم نهێنییە ئاگادار نییە. بەڵام کوڕە لە ناکاوڕا لە باوکی دەبیسێت کە ئەو لەم چیرۆکە ئاگادارە. ڕووداوی لەم چەشنە هەر بەو جۆرەی کاراکتێرەکە سورپرایز دەکات دەبێتە هۆی سورپرایزی خوێنەریش. سورپرایزێکی تری لەم چەشنە ئەوەیە کە کوردەی گالیسکەوانیش ئاگای لە ئەڤینی نێوان کوڕە و ئیستەر هەیە.

ڕووداوێكی له‌ناكاو ڕه‌وتی به‌سه‌رهاته‌كه‌ ده‌گۆڕێت و لە کاتێکدا ژوانە بەتام و چێژەکانی ئیستەر و پیرەی وەرگێڕ لە سەردەمی لاویدا بەردەوامن و ئەو پێوەندییە پتەوتر و چڕتر و گه‌رموگوڕتر دەبێت، باب داوا لە کوڕە دەکات بۆ خوێندن بەرەو ئیتالیا بڕوات. بەهانە هێنانەوەکانی کوڕە دادی نادەن و بۆیە دواجار بە دایکی دەڵێت کە عاشقی ئیستەرە و دەیەوێت بیخوازێت. بەڵام ئەمەش هه‌رگیز فریای ناکەوێت.

سەر و بنی گێڕانەوەکە زۆر وەستایانەیە و بە شێوازی نەریتیی گێڕانەوەی چیرۆکگەلی درێژ لە چەندین بەش و جاردا دەکار دێت و سەرکەوتوویی گێڕەوە دەستەبەر دەبێت. کاراکترەکان هەر کامەیان بە ئادرێسێکی تایبەتیی کەسایەتییەوە دەناسرێنەوە. بۆ نموونە پزیشکی ئینگلیزی وەک هەموو کاراکتێرەکانی تر بەشیکی گێڕانەوەکەی بۆ تەرخان کراوە و سەرەڕای دابەشبوونی گێڕانەوەکە بەسەر کاراکتێرەکاندا گێڕانەوەکە پێکهاتە و ستروکتوری تۆکمەی خۆی هەیە. لە هەمانکاتدا هەر چۆن کەشتییەکە لە ڕۆیشتن ناوەستێت، چیرۆکەکەش بەرەو پیشەوە دەخوشێت و بە گەرمای سۆبای ژوورە گەورەکەی پیرەی وەرگێڕ گەرم دادێت و بە مێهرەبانی و خۆشکرداریی و خۆشنووسییەکەی یۆنس دەڕازێندرێتەوە.      

ڕێز و ئەدەبی نەریتیی کوڕێک بۆ باوکی زۆر بە جوانی دەبیندرێت. گێڕەوە هیچ خۆی لە گێڕانەوەکە هەڵناقورتێنێت و تایبەتمەندیی کاراکتێرەکانمان نەک بە هۆی قسەکانی خۆی بە گوێدا دەچرپێنێت، بەڵکو بە هۆی کردەوە و گفتوگۆی کاراکتێرەکانەوە تایبەتمەندییەکانیان دەخاتە ڕوو. ئەوە لەڕاستیدا پێکاندنی تۆوێکی سەرەکیی ڕۆمانە کە بریتییە لە نیشاندان نەک گوتن. (ل. ٥٩)

تێکەڵکردنی وەستایانەی گێڕانەوەی بەسەرهاتی سەردەمی گەنجێتیی خۆی و ئامادەکاریی سەفەرەکه‌ی بۆ ڕۆما لەگەڵ ئەو کاتەی کە خەریکی گێڕانەوەی به‌سه‌رهاته‌كه‌یه‌ بۆ یۆنسی خزمەتکاری زۆر سه‌رنجڕاکێشە. سەرکەوتوویی ئەو گێڕانەوەیە دووتوێییە مەوداکان دەبڕێت و خوێنەر دەکاتە بەردەنگی دوو ڕابردوو: ڕابردوویەک کە پیرەی وەرگێڕ خەریکی گێڕانەوەی ژیانی خۆیەتی بۆ یۆنسی نووسەر (میرزا) و ڕابردوویەکی دوورتر کە کوڕە دوا قسەکانی لەگەڵ باوکی دەکا و "چراکە بکوژێنەوە" هەم قسەی باوکەیە بۆ کوڕەکەی کە ئێستا بووەتە پیرەی وەرگێڕ و هەم قسەی پیرەی وەرگێڕە بۆ یۆنسی خزمەتکاری دوای ساڵانێکی یەکجار دوور و درێژ. (ل. ٦٠)

گێڕه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ بێئەوەی زۆری لەسەر بڕوات و بڵێت کە پیرەی وەرگێڕ دەکۆخێت و ئەوانی تر وەخەبەر دێنێت، له‌ زمانی خودی پیره‌وه‌ دەڵێت: "کۆخەکۆخی من هەڵیستاندی؟ وانییە؟" وەڵامی یۆنیسیش دوو شت ڕوون دەکاتەوە: هەم ئاکاری خزمەتکارێک لە بەرامبەر سەروەرەکەیدا و هەمیش ئەو ڕاستییە کە پیرەی وەرگێڕ شەوانە دەکۆخێت. (ل. ٦١) گێڕه‌وه‌ بۆ نیشاندانی ئەوپەڕی لیبرالبوونی قەشەی ماڕۆنی زۆری لەسەر ناڕوات و بە درێژدادڕی تاقەتی خوێنەر ناپروکێنێت و لە ڕێگای کردەوەکانییەوە نیشان دەدات کە ئەو چەندە کراوەیە. بۆ نموونە، قشه‌ له‌ ده‌رفه‌تێكدا شوێنی نوێژکردن لە کەشتییەکەدا به‌ موسوڵمانێك نیشان ده‌دات و ئه‌مه‌ش بۆ ده‌رخستنی كراوه‌یی بیری قه‌شه‌، به‌سه‌.

ئه‌م ڕۆمانه‌ش وه‌ك هه‌ر ڕۆمانێكی تری سه‌ر‌كه‌وتوو چه‌ندین گێڕانه‌وه‌ی لاوه‌كی هه‌یه‌ كه‌ زۆر وه‌ستایانه‌ تێكهه‌ڵكێشی گێڕانه‌وه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ كراون. شێوازی گێڕانه‌وه‌ی پێوه‌ندیی مه‌یاسه‌ و بوزان له‌ بواری تێكنیكییه‌وه‌ جوان و سه‌رنجڕاكێشه‌ و وا دەکات کە مرۆڤ چاوەڕوان بێت چی بەسەر ئەڤینی بوزان و مەیاسەدا دێت. بەڵام دیسانەوە داپچڕانی زەمەنی و گیرۆدەیی بە زەمەنی هێڵییەوە تەواو دیارە. هێندێک جار کۆتاییپێنەهاتنی بەشێک لە چیرۆکە لاوەکییەکان دەبێتە مەراقێک بۆ کاراکتێرێک و هەر بەم جۆرەش بۆ خوێنەر. نەبوونی دەرفەت بۆ بیستنی بەسەرهاتی کۆتایی ژیانی دەروێش سیراج لە زمانی قەشەوە نموونەیەکی جوانی ئەم چەشنە تێکهڵکێشانەیە کە گێڕانەوەکە پڕ بە باڵای خۆی ئاراستەی دەکات. "ئیدی نەمزانی ئەو پیاوە ڕووناکە، دەروێش سیراج، چی بەسەر هات؟ (١٤٥. ل)

کتێبەکە بە گشتی لە حەوت بەش پێکهاتووە و هێندێک لە بەشەکەان چەند ناونیشانییان هەیە. پیرە بۆ گێڕانەوەی هەر بەشێک تەدارەکێکی تەواو دەگرێت و داوتر بە نووسەرەکەی دەڵێت: "یۆنس بنووسە!" ئەو لە دوابەشدا لە لەززەتی گەیشتن بە کۆتاییەکان ده‌دوێت و تامی کۆتاییەکانی ڕۆمانەکە بەو گوتنانەی زیاتر دەکات.

گێڕانەوەی چیرۆکی سێ نەوجەوانەکە بە نۆرە و لە زمانی خۆیانەوە وەبیرهێنەرەوەی گێڕانەوەی حیکایەتەکانی دێکامێرۆنی جیۆڤانی بۆکاچیۆی ئیتالیاییە کە لە دە شەودا دە پاڵەوان هەر یەکەو لە شەوێکدا چیرۆکێک و دواجار بەگشتی سەد چیرۆک (story/tale) دەگێڕنەوە. بەڵام ئەگەر چیرۆکەکانی بوکاچیۆ ڕیشەیان دە فەرهەنگی زارەکیی شارستانییەته‌ کۆن و جۆراجۆرەکاندایە، گێڕانەوەی سێ نەوجەوانەکە ئەزموونی کەسێتیی خۆیانە. هەر سێ نەوجەوانەکە بەسەرهاتی خۆیان دەگێڕنەوە، بەڵام "پیرە" لەبەر ئەوەی تای دێتێ و نەخۆش دەبێت چیرۆکی بەسەرهاتی خۆی ناگێڕێتەوە. ئەمەش پاساوێکی چاکە بۆ وەدواخستنی بەسەرهاتی کاراکتێری سەرەکیی ڕۆمانەکە. بەمجۆرە ڕۆمانەکە توانایی ڕاکێشانی سه‌رنجی خوینەر بە بەردەوامی ڕادەگرێت. هەڵبەت دواتر لە ئاماژەیەکدا گێڕەوە ئاگادارمان دەکاتەوە کە "پیرە" چیرۆکی خۆی بۆ هاوەڵەکانی دەگێڕێتەوە (ل. ١٨١) و بەمجۆرە لەبەر ئاگاداریی خوێنەر لە چیرۆکی "پیرە" نایەوێت جارێکی تر ئەم شتانە دووپات بکرێنەوە.

ئاوێنە شکاوەکە کە لە سەرەتاوە گرفتی دەستپێکردنی چیرۆکەکەی دەستنیشان دەکرد، پارچەیەک لەو ئاوێنەیە کە دایک بۆ کورەکەی دانابوو بۆ سەفەرەکی ڕۆما. ئاشكراکردنی ئەم خاڵە لە لاپەڕەی ٢٠٠ی ڕۆمانەکە و کاتێک لە کۆتایی نزیک دەبینەوە، زۆر وەستایانەیە. گێڕانەوەی حەوت باوڵەکەی دایک بۆ کوڕەی پێچابۆوە پڕە لە وردەکاریی جوانی زمانی و داستانی. دوای قوتاربوون لە ترسی گەورەی نوقمبوونی کەشتییەکە لە ئاکامی زریانێکی تونددا، ئەوه‌ باوڵەکانی دایکن کە کوڕە ئارام دەکەنەوە. ئەو هەر حەوت باوڵەکە دەکاتەوە و ناوئاخنە جۆراجۆرەکانیان یادەوەریی نیشتمان و خەمخۆریی بێسنووری دایک و مێهرەبانیی باوک لەوپەڕی وشیاریدا نیشاندەدات.

وەسفێکی لەڕادەبەدە جوانی یەکەم هەنگاوەکانی سەر وڵاتێکی نامۆ و غەریب دەبێتە دوا دێڕەکانی ڕٶمانەکە و سەرەتای گەیشتن بە ڕۆما. جێهێشتنی نیشتمان و شکانی ئازاری "دەفرێکی مەڕمەڕی" ئەو تێکشکانەیە نیشتمان دەکات بە یادگارییەکی ڕابردوو و ئیتر گەڕانەوە بۆ ئەم زێدە، تەنێ دەبێتە هیوایەک.

پشووی درێژی پیرەی وەرگێڕ کە چیرۆکەکە  دەگێڕێتەوە مەیل و ویستی خوێنەرەوە بە بەردەوامی دەجووڵێنێت. ئەو بە وەستایی و بە بیانووی حەسانەوە، خواردن و سەرخەوشکاندن پشوویەک بە گێڕانەوەکە دەدات و ڕەوتی پڕ لە هەڵواسینی (suspension) گێڕانەوەکە بەردەوام پڕچێژتر و بتامتر دەکات. پرسێک کە مرۆڤ دەتوانێ ئاراستەی پێکهاتە (structure) ی چیرۆکەکەی بکات ئەوەیە کە گەلۆ بینا و پێکهاتەی ئەم چیرۆکە نەدەکرا پتەوتر بوایە و چیرۆکە پەراوێزەکانی وەک هۆدە و ژووره‌كانی ناو بینایەکی گەورەی لەخۆ گرتبوایە؟

له‌م ڕۆمانه‌دا ئاماده‌یی ده‌ریا له‌ ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌كه‌دا توندوتۆڵییه‌كی به‌رچاو ده‌دات به‌ ڕیتمی ڕووداوه‌كان. زریانی گریت و مەترسیی نقومبوونی کەشتییەکە و ترس و دڵەڕاوکێی سەرنشینەکانی و دواجار بردنی کەشتییەکە بە سەوڵلێدانی کەشتیوانەکان و خنكانی دووانیان و حاڵ و هەوای کاراکتێرەکان له‌م ساته‌وه‌خته‌دا، بەتایبەت هی "پیرە" و قەشە، نموونه‌یه‌كی دیار و جوانی ئه‌م وه‌سف و گێڕانه‌وه‌یه‌یه‌.

هێندێکجار گێڕانەوەکە لە ڕەوتی ژیننامەنووسی لادەدات و دەبێت بە باسی پرسی وەرگێڕان لە سەدەکانی سەردەمی گێڕانەوەکەدا و جیاوازیی سیاسەتی وڵاتان، بۆ نموونە فەڕانسە و بریتانیا و ڕۆما لە پەروەردەکردنی وەرگێڕدا. ئەمجۆرە باسکردنە، لاپەڕەکانی ٩٤ تا ١٠٢ لە دیاردەی وەرگێڕان، سەرەڕای گرنگی و پڕبوونی لە زانیاری، خوێنەر ماندوو دەکات و سروشتی دیالۆگییانەی گێڕانەوەکە دەکووژێت. 

گێڕه‌وە بە جوانی ئاگاداری کەموکوڕیی بیری مرۆڤە و دەزانێ کە گێڕانەوەی بیرەوەرییەکان ناتوانێت تەواو و سەراسەر ڕاست بن و مرۆڤ زۆر بە ئاسانی ئەوەی لەبیر دەچێتەوە. بەڵام وەک شوێنەکانی تری ئەم ڕۆمانە، گێڕەوە لەسەر ئەم بابەتە بە تاکبێژییەکی ماندووکەرانە نادوێت و باسێکی فەلسەفیی ڕووت و خەست ئاوێتەی ڕۆمانەکە ناکات. ئەو بە دروستی و بەپێی ئەو ڕاستییە کە خەریکی گێڕانەوەیە، هونەری نیشاندان دەکاتە جێگرەوەی گوتن و درێژدادڕی. (ل. ٦٣)

 

ناسنامه

ئەگەرچی نووسەری ئەم ڕۆمانە وەک نووسەرێکی ناسراوی کورد ناوبانگی دەرکردووە و هەتا ئێستا هه‌شت ڕۆمان، چوار به‌ عه‌ره‌بی و چواریشی بە کرمانجیی سەروو، بڵاو بووەتەوە، کاراکتێری سەرەکیی ئه‌م ڕۆمانەی نە کورد بەڵکو چەرکەسە. تەنیا کاراکتێری کوردی ئەم ڕۆمانە "کوردەی گالیسکەوانە". ئەو خەڵکی دەشتی سروجی دەورووبەری شارۆچکەی ئەلبیرەی سەر بە شاری ئورفەیە. ئەو هەمیشە خەمگینە و خەم سیمای داپۆشاندووە. ئەو دەڵێت کە "ئەسپەکەشم وەک خۆم کوردە." (ل. ٦٦). پرس ئەوەیە  کە لەو سەردەمیدا ناسنامەی ئێتنیكیی لەم چەشنە ئه‌وه‌نده‌ باو بووە؟ کاتێک مەیاسەی کچە کۆچەر بە کوردەی گالیسکەوان دەڵێت "کورد بیت و زمانیشت لەنگ. (ل. ٧٢)، ئەو پرسە دێنێتە ئاراوە کە گەلۆ کوردبوون ئەو کاتیش کێشە و کەمایەسی بووە؟

زۆرجار چەمکە دەکارهاتووەکانی ناو ڕۆمانەکە هەڵگری تایبەتمەندی و سەرمایەی کولتوریی سەردەمی خۆیان نین. قسەکردن لە هەبوونی "نەتەوە" و "میللەت" لە سەردەمی ئەم چیرۆکەدا لەجێی خۆیدا نییە. ئاخر "میللەت" لەو سەردەمیدا شتێکی تر بووە و هیچ پێوەندییەکی بە مانای چەمکەکە لە سەردەمی ئێستادا نییه‌.

چیرۆکی لاوەکیی کوردەی گەلیسکەوان، بوزان، بەشێکی زۆری چیرۆکەکەی داگرتووە. چیرۆکی ئەڤینی نێوان بوزانی کورد و مەیاسەی عارەب کە بوزان کاتی خۆی بۆ پیرەی وەرگێڕی لە سەردەمی گەنجیدا گێڕاوەتەوە، تا ڕادەیەک درێژە و بەشێکی زۆری لە فەزای گێڕانەوە سەرکییەکە داگیر کردووە. لە هەمانکاتدا تایبەتمەندییەکانی لەگەڵ پرسی ئەڤینداریی بوزان و شێوازی عاشقبوونی بوزان بە مەیاسە دەریدەخات کە کۆمەڵگەیەکی لەم چەشنە بە زەحمەت دەتوانێت بواری نووسینی "ژیننامە" بڕەخسێنێت.  بوزان بە هۆی خۆشویستنی مەیاسەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە "شێت" بووە. باوکی بوزان ئەو دەباتە لای شێخی بەرکەل کە پێی وایە جنووکە چووەتە ناو گیانی بوزان و بۆ دەرکردنی جنووکەکان بەردەوام بوزانی بێچارە دارکاری و تەنانەت داغ دەکات. مرۆڤ كه‌ بیر له‌ به‌سه‌رهاتی ته‌نیا كاراكتێری كوردی ئه‌م ڕۆمانه‌، واتا بوزانی گالیسكه‌وان، ده‌كاته‌وه، له‌ خۆی ده‌پرسێت تۆ بڵێی نووسه‌ر، تێبینیی ئێستای خۆی له‌سه‌ر كوردبوون نه‌گواستبێته‌وه‌ دوو سه‌ده‌ و نیو پێش ئێستا و مرۆڤی كوردی تووشی نه‌هامه‌تی و نوشوشتیی ئه‌زه‌لی و ئه‌به‌دی نه‌كردبێت؟

 

نۆستالژیا و هه‌ڵاتن بۆ دواوه‌

به‌سه‌رهاتی عه‌شیقی وه‌رگێڕ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌مانی ئیمپراتۆرییه‌كان ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ ‌ هه‌ڵاتن له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی سه‌رده‌می مۆدێرن كه‌ تێیدا سه‌پاندنی ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی به‌ مانای سڕینه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ناسنامه‌ی تری دانیشتوانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین بوو. ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌ وه‌ك هه‌وڵێكی لێدێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی جۆرێك له‌ ئارامی له‌ ڕابردووی دووردا كه‌ ده‌كرێ وه‌ك‌ نۆستالژیایه‌ك سه‌یر بكردرێت. قەشەی مارۆنی کە هاوڕێی ڕوشدیی بازرگانە یارمەتیدەری گەیاندنی کوڕەکەی ڕوشدییە بۆ ڕۆما. ئەو هەر لە سەرەتای سەفەرەکەوە ناوی یوحەنای ئەنتاکی لە کوڕە دەنێت. ئەم ناوە ناسنامەیەکی کرستیانی بە کوڕە دەبەخشێت و بۆی دەبێت بە جۆرێک لە جەوازی سەفەر. ئاخر لە سەردەمی عوسمانییەکاندا موسوڵمانەکان بۆیان نەبوو بڕۆنە سەرزەمینی کوفر و لەوێ نیشتەجێ بن.

نووسەر لە پێشەکیی وەرگێڕانی کوردیی ڕۆمانەکەیدا، ئامانجی خۆی لە نووسینی ئەم ڕۆمانە باس دەکات و دەڵێت کە “ئه‌م ڕۆمانه‌م ته‌نیا بانگه‌شه‌یه‌كه‌ بۆ په‌نابردن بۆ ئاوه‌ز و دانایی له‌سه‌رده‌مێكدا خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ دارستانێكی وشك و ئاگری توندڕه‌وی لووشی ده‌دات.

دەکرێت وەسفی جوانییەکان و پەسندانی ڕابردوو و پێداهەڵگوتنی سەردەمی پێشمۆدێرن بۆ بەربەرەکانیی سەردەمی ئێستا و مەوداگرتن لە فەزا پڕ لە شەڕ و کوشتارەکەی جۆغرافیای گێڕانەوەکە و ژینگەی سەرەکیی کاراکتێرەکان واتا ڕۆژهەڵاتی ناوینی ئەمڕۆ بێت.

گرفت ئەوەیە لە مێژووی ڕۆژهەڵاتدا ئێمە نوینەرایەتیی قەشەی ماڕۆنی و ڕوشدیی بازرگان و هەموو ئەو ئایدیا جوانانەی بانگەشەی ژیانێک لە دەرەوەی باوەڕە ئاینییەکانەوە دەکات و تێیدا هەموو باوەڕ و بۆچوونێک بە هارمۆنییەکی تەواوە لەگەڵ یەکتر دەژین لە گوتارێکدا نابینین. بۆ نموونە ئایا لە دەرەوەی ئەم گێڕانەوەیەدا مرۆڤ دەتوانێت ئاماژە بە بیرمەندێکی سەدەی حەڤدە و هەژددەهەمی هەمو جۆغرافیای گێڕانەوەکە بە تورکی و عه‌رەبییەوە بکات و بڵێت فڵان کەس ئاوا دەنووسێ. بە واتایەکی تر مرۆڤ دەکرێت بڵێت مرۆڤ خۆزگە بە قەشەیەکی ماڕۆنی و ڕوشدییەکی بازرگان و پیرەیەکی وەرگێڕی ڕاستەقینە دەخوازێت و لە نەبوونی ئەواندا قەشەیەک و بازرگانێک و پیرەیەکی وەرگێڕی خەیاڵیی ئیدێئال دەئافرێنێت.

هێندێک جار قسەی وا لە دەمی کاراکتێرگەلی وەک دەروێش سیراج و قشە پۆلسه‌وه‌ دەکرێت کە مرۆڤ وەیادی ڕووناکبیرانی سەردەمی ڕۆشنگەریی ڕۆژاوا دەخات و هەست دەکات دیدێرۆ و ڤۆلتەر قسە دەکەن. بۆ نموونە کاتێک دەروێش سیراج دەڵێت کە "ئازادی دەقێکی مەزنە، پەراوێز و ڕاڤەی کورت و زۆری هەن، هەڵبەت پەراوێز نییە بۆ دەقەیلی تر." ، مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دێت. ئەمە ئیتر زۆر سەختە جێگای باوەڕ بێت کە لە عەقڵی مرۆڤێکی سەدەی هەژدەهەمی حەڵەبەوە هەڵقوڵا بێت. ئایا نموونەیەکی ئاوا لە زانایەکی ئیسلامی بیستراوە؟ ئەمە ئەگەر ڕاستیش بێت پێشخانی ڕۆمانەکە لە ئاستی پێویستدا دەریناخات بۆچی دەبێت قەشە پۆلس و دەروێش سیراج ئاوا بیر بکەنەوە. ئایا ئەمە هۆکاری سروشت و ژینگەی ئەوانە یان نەزمی سیاسی باو وا دەخوازێت. مرۆڤ بەردەوام ترسی ئەوەی هەیە نووسەر هەر وەک لە "پێشەکی"ی وەرگێڕانی کوردیی بەرهەمەکەی گوتوویەتی، دژایەتیی ئەو لەگەڵ شەڕوشووڕی ئیستا و ڕۆڵی خراپی ئایینەکان لەم پێکهەڵپڕژانی باوەڕە جۆراجۆرەکاندا هانی دابێت بە ڕازاندنەوەی ڕابردوو سوکنایی بدات بە خۆی. مرۆڤ وا هەست دەکات کارتێکەریی ڕەوشی ئێستا و پێداویستیی دۆزینەوەی ڕۆژگارێکی خۆش لە ڕابردوودا بۆ دەرچوون لە فەزای کوشەندەی ئەم سەردەمە، گێڕەوە وا لێدەکات تیفتیفەی ڕابردوو بدات و کەسایەتی ئایدیالیستی وەک قەشەی ماڕۆنی و دەروێش سەراج ساز بکات.

 

به‌رایی كۆلۆنیالیزم

له‌م گێڕانه‌وه‌یه‌دا خوێنه‌ر سه‌فه‌رێكی خه‌یاڵی بۆ سه‌رده‌می گه‌شه‌ی ئیمپراتۆریای عوسمانی ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی ژیان و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌رده‌م ئاشنا ده‌بێت. بۆ نموونه‌ تێده‌گات كه‌ جۆرەکانی کاغەز لەو سەردەمیدا بریتی بوون لە ڕۆمی، میسری، بەغدایی و سەمەرقەندی. بەڵام جۆری ڕۆمایی لە هەموویان باشترە. (٤٤) وێده‌چێت هه‌ر له‌و سه‌رده‌میشدا سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆژاوای پیشه‌سازی مۆركی خۆی له‌سه‌ر زه‌ینی ته‌نانه‌ت دانیشتوانی عوسمانییشدا دابێت و پێشكه‌وتوویی ڕۆژاوا بووبێت به‌ ڕاستییه‌كی حاشالێنه‌كراو. بۆیه‌ ده‌بینین كه‌ هەر ئەو سەردەمیش بۆچوون لەسەر فەڕەنگستان بۆچوونێکی ئەرێنی بووە وەک وڵاتێکی کە "ماست و هەنگوینی لێ دەڕژێت" پێناسه‌ كراوه‌ (٣٨ .ل).

باوکی شەمعون، یەکێک لەو گەنجانەی لەگەڵ قەشەی ماڕۆنی بەرەو ڕۆما دەڕۆن و خۆی کوڕە کرستیانێکی دەوەری تلکێفی سەر بە موسڵە و تەمەنی شازدە ساڵە، لە باسکردنی بەسەرهاتی خۆیدا دەگێڕێتەوە کە چۆن "کەسانێک لە وڵاتی فەڕەنگانەوە دەهاتن و دەچوون، لە دوای خۆیانەوە جگە لە ناکۆکی هیچیان جینەدەهێشت، تا وای لێهات باوکم بە دووزمانانی ڕۆمای ناودەبردن." (ل. ١٥٧) مرۆڤ جۆرێک لە سەرەتاکانی کۆلۆنیالیزم لەو قسانەدا دەبینێتەوە کە چۆن مژەدبەخشەکان بە هاتنیان بۆ ناوچەکە هێدیهێدی تۆوی دووبەرەکی دەخەنە ناو "بەرخەکانی خوا". نێردەکانی وڵاتی فەڕەنگ بە هاتنیان بۆ ڕۆژهەڵات زیان بە کریستیانەکان دەگەیەنن. ئەمە دەتوانێ سەرەتای شێواندنی نەزمی کۆن و هاتنی سەردەمی مۆدێڕن بێت.

باوکی پیرە لەبەر کەسێکی وەک خواجە مارتینی ئاڵمانی مایەپووچ دەبێت.  ئەمەش دەکرێت وەک دیاردەی کۆلۆنیالیستی و هاتنی ڕٶژاواییەکان بۆ ڕٶژهەڵات ببیندرێت.كیبەرکێی ئابووری لەنێوان مارتینی ئاڵمانی و ڕوشدیی بازرگاندا سەرەتای سەردەمانێک دەستنیشان دەکات کە وڵاتانی ڕۆژاوا ‌هێدیهێدی دەگەیشتنە ڕۆژهەڵات. ئەوان بە کەرەسەی باشترەوە کێبەرکێی ئابوورییان لە بازرگانانی ناوخۆ دەبردەوە و چاکتربوونی کالاکانیان ڕەوتی هاوردەکردنی ئابووریی لە سەمەرقەند و بەغداوە بەرەو مەرسیلیا دەگوێزێتەوە.

باوکی شەمعون بازرگانێکی کرستیانە کە لە ئاکامی لەتلەتبوونی کلێساکانی ڕۆژهەڵاتدا کاروباری لە بڕەو دەکەوێت و دەخوازێت ببێت بە موسوڵمان و دواجار "شێت" دەبێت و لە ژێرزەمینی کلێسایەکدا دەبەسترێتەوە. شمعون لە ڕەبەنگەی چیای عابدین جێگیر دەبێت و دواجار بەهۆی توانا زمانییەکانییەوە و زانینی ئاسۆڕی، کوردی و عه‌رەبی هەڵیان بژاردووە کە بچێتە ڕۆما بۆ فێربوونی ئیتالیایی لاتینی.  گێڕانەوەی ئاوا بە وردەڕیشاڵی ژیانی نەوجەوانێک ئەم پرسە دێنێتە ئاراوە کە ئایا ئەم وردەکارییە تاکبڕوایانە لەو سەردەمەدا و لە چوارچێوەی ئێپیستیمەی ئەو سەردەمیدا دەگونجا؟

 

ئه‌نجام

ئه‌گه‌رچی هه‌لومه‌رجی جۆغرافیایی كوردستان مه‌جالی ئاماده‌بوونی ده‌ریای له‌ گێڕانه‌وه‌ی كوردی بڕیوه‌، به‌ڵام عه‌شیقی وه‌رگێڕ و زه‌نگه‌كانی ڕۆما به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌كان توانیوییانه‌ چێژی گێڕانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سامی ده‌ریا و شه‌پۆله‌كانی وشه‌ تێكه‌ڵاو بكه‌ن. لە گرنگیی چاوەڕوانیی بۆ بیستنی بەسەرهاتی دەروێش سیراجدا، ئەو کوڕە گەنجەی دواتر دەبێت بە پیرەی وەرگێڕ، بە قەشە دەڵێت لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی دەروێش بەردەوام بێت. چونکە "چیرۆک دەریایەکە ئەوی دابەزێتە ناوییەوە چەندێک زریان هەڵکات و چەندێک شەپۆلەکانی بەرزببنەوە، نوقم نابێت." (ل. ١٣٧) ئه‌م وێكچوواندنه، له‌ڕاستیدا، هه‌ڵگری باری ماناییه‌كی گرنگه‌ له‌ نیشاندانی كارلێكی ده‌ریا و چیرۆكدا.‌

ڕۆمانی عه‌شیقی وه‌رگێڕ و زه‌نگه‌كانی ڕۆما[7] وه‌ك به‌رگی دووهه‌می ئه‌م ڕۆمانه‌، ڕه‌هه‌ندێكی نوێ ده‌دات به‌ گێڕانه‌وه‌ی كوردی و تواناییه‌كانی گێڕه‌وه‌ بۆ وێناكردنی فه‌زاگه‌لی تێكه‌ڵاو له‌ وشكانی و ده‌ریایی. ڕه‌نگه‌ لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌مان بۆ بێته‌ پێش تۆ بڵێی فه‌زایه‌كی له‌م چه‌شنه‌ و كاراكتێرگه‌لێكی ئاوا هه‌مه‌ڕه‌نگی ئێتنیكی، هێشتا بتوانن پێناسه‌ی كوردیی ڕۆمانه‌كان بپارێزن؟ له‌ دونیای تێكسڕماوی ئێستادا كه‌ تێكه‌ڵاویی چڕی مرۆڤه‌كان بووه‌ته دیارده‌یه‌كی ڕۆژانه‌ و هه‌مه‌لایه‌نه،‌ گێڕانه‌وه‌ی كوردیناتوانێت له ده‌ریای‌‌ بێسنووری هونه‌ردا مه‌له‌ نه‌كات و خوێنه‌ری كورد به‌ پڕشكی ئاوی ده‌ریا شاد نه‌كات. عه‌شیقی وه‌رگێڕ و ڕۆمانی زه‌نگه‌كانی ڕۆمای جان دۆست، سنووره‌كانی گێڕانه‌وه‌ی كوردییان له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ تا ڕۆژاوا درێژ كردووه‌ته و به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕابردوو چه‌شنێك له‌ هه‌ستی نۆستالژییانه‌ی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان جووڵاندووه‌ته‌وه‌. ‌‌       ‌        

 

 

 

 

ته‌ونی ئه‌و ڕۆمانه‌ بریتییه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ی ژیانی پیره‌ی وه‌رگێڕ بۆ كوڕه‌ی به‌رده‌ستی واتا یۆنس. پرسیار ئەوەیە ئایا لە سەردەمی ئەم گێڕانەوەیەدا نووسینی بیرەوەری بەم شێوەیە لەنێو خەڵکانی ڕۆژهەڵاتیدا باو بووە؟

 

 

شێوازی گێڕانه‌وه‌ی پیره‌ی وه‌رگێڕ و ئه‌و خاڵانه‌ی ئه‌و‌ له‌ ژیانی خۆیدا زه‌قیان ده‌كاته‌وه‌ و باسیان لێده‌كات، تا ڕاده‌یه‌كی زۆر مۆركی سه‌رده‌می نووسه‌ر، پێوه‌ دیاره‌. به‌ واتایه‌كی تر نووسه‌ر له‌ ده‌لاقه‌ی ئێستاوه‌ سه‌یری ڕابردوو ده‌كات

 

[1] بۆ زانیاریی ورد له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیی ده‌ریا و ئه‌ده‌ب له‌ سه‌رده‌مانی جیاوازدا، بڕوانه‌:

Cohen, Margaret, The Novel and the Sea, Princeton and Oxford, Princeton University Press, 2010.

 

   .١٦- ١٧ دۆست، جان، عەشیقی وەرگێڕ، وەرگێڕانی سەباح ئیسماعیل، سلێمانی: غەزەلنووس، ٢٠١٥، لل. [2]

به‌داخه‌وه‌ ئه‌م ڕسته‌یه‌ ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تیی ده‌سپێكی به‌هێزی ڕۆمانه‌كه‌ بكات و وێده‌چێت ده‌ستێوه‌ردانێكی بوێت. هیوادارم له‌ چاپی داهاتووی ڕۆمانه‌كه‌دا ڕسته‌كه‌ ئێدیت بكرێت.

ئه‌گه‌رچی من له‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕۆماندا زۆر حه‌ز له‌ ده‌ستنیشانكردنی هه‌ڵه‌ی ڕێنووسی و ڕێزمانی ناكه‌م و نامه‌وێت به‌ زه‌قكردنه‌وه‌ی خاڵی له‌م چه‌شنه‌ یه‌قه‌ی نووسه‌ر بگرم، به‌ڵام هێندێك هه‌ڵه‌ هێنده‌ زه‌قن كه‌ ناكرێ مرۆڤ له‌ ده‌ستنیشانكردنیان خۆی ببوێرێت. به‌و ئاواته‌ی ناوه‌نده‌كانی بڵاوكردنه‌وه‌ به‌ ڕه‌چاوكردنی ڕێساكانی پێداچوونه‌وه‌ و هه‌ڵه‌چنی، نووسینی كوردی به‌ ده‌ست هه‌ڵه‌ زۆروزه‌به‌نده‌كانه‌وه‌ نه‌تڵێننه‌وه‌ و چێژی خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ر بریندار نه‌كه‌ن. هێندێك له‌م هه‌ڵانه:‌

 "یونس"، نەک "یوسف" (ل. ١٩٣، ٤٤). هه‌ڵه‌ی له‌م چه‌شنه‌، بۆ چركه‌یه‌كیش بێت خوێنه‌ر له‌ ڕه‌وتی گێڕانه‌وه‌كه داده‌بڕێت و پرسیاری بێوه‌ڵامی له‌ زه‌یندا بۆ ساز ده‌كات‌.

"یۆنسی نۆکەری چەرکەسی"  (ل.١٧١ )، یۆنس چەرکەسی نییە بەڵکو ئالبانیاییە.

لە لاپەڕەی ٦٧دا پیرە دەڵێت بۆ یەکه‌مجار بوو بزانم ناوی گالیسکەوانەکە بوزانە. کەچی لە لاپەڕەی ٤٧دا باوک بە کوڕەکەی و خێزانەکەی دەڵێت با بوزان بتانبات.

"قورحان" یان "قورئان"؟ لل ٦٩_٧٠. ئەمە لە ڕوانگەی کاراکتێری قسەکەری ئێمەوە گرنگە. ئەم جیاوازییە سروشتییە یان هەڵەی چاپ یان وەرگێڕانە؟

   

 له‌ وتارێكی تردا تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نووسینه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریم به‌ گشتی و ژیننامه‌نووسی كوردیم به‌تایبه‌تی خستووه‌ته‌ به‌ر[3]

به‌ر باس. بڕوانه:

Ahmadzadeh, Hashem, A Review of Kurdish Life Writing, The International Journal of Kurdish Studies, Vol. 17, No. 1/2, 2003, pp. 1-16.

 

 له‌ وتارێكی تردا، ڕۆمان و مێژوو، تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مێژوویی ڕۆمانه‌ مێژووییه‌كانی جان دۆست هه‌ڵده‌سه‌نگێنم. [4]

[5]بۆ زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر داهێنان و گه‌شه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سه‌عات له‌ ئوروپا بڕوانه‌ سه‌رچاوه‌ی خواروو:

 Landes, S. David, Revolution in Time: Clocks and the Making of the Modern World, Cambridge: Harvard University Press, 1983.

[6]ئاناكرۆنیزم (anachronism) بریتییه‌ له‌ یه‌كانگیرنه‌بوونی ڕووداوێك له‌گه‌ڵ زه‌مه‌نێكی دیاریكراودا، به‌ واتایه‌كی تر كاتێك دیارده‌یه‌ك ده‌كه‌وێته‌ پێش زه‌مه‌نی خۆی، ئه‌وه‌ ئێمه‌ له‌گه‌ڵ دیارده‌یه‌كی ئاناكرۆنیستی ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه.

له‌ وتارێكی تردا، ڕۆمان و ده‌ریا (٢)، ئه‌م ڕۆمانه‌شم هه‌ڵسه‌نگاندووه‌.           [7]

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار