هەدەپە خۆی بۆ شکستپێهێنانی قەیومەکان ئامادە دەکات

کورد لەتورکیا چاوی لە ١٢٠ سەرۆک شارەوانییەو دەشیەوێت دەیان شارەوانی‌ تر لەقەیومەکان وەرگرێتەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە دەیەوێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی کۆتایی ئازاری ئەمساڵدا ١٢٠ سەرۆک شارەوانی بەدەستبهێنێت و ئەو شارەوانیانەش بەدەستبهێنێتەوە کە حکومەتی تورکیا قەیومی لە شوێنیان داناوە و لەو پارتەی سەندووەتەوە.

قەیوم بەو کەسانە دەوترێت کە حکومەتی تورکیا لە دەرەوەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی شارەوانیەکان دایاندەنێت ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکە هەڵبژیردراوەکان تۆمەتبار دەکات بە پشتگیری پەکەکە. تورکیا لە 14/8/2016 یاسای قەیومی لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرد. بەپێی یاساکە ئەو سەرۆک شارەوانیانەی پشتگیرییان لە پەکەکە کردوە، دەسەڵات بە وەزارەتی ناوخۆ دراوە سەرۆک شارەوانییەکان لەکار دوور بخاتەوە و لە شوێنەکەی ئەو کەسێکی دیکە، کە لەلایەن دەوڵەتەوە دەستنیشانکراوە دادەمەزرێنرێت.

لەکۆی ١٠٤ سەرۆک شارەوانی ناوچەکانی باکوری کوردستان، ٩٤ سەرۆک شارەوانی لە هەدەپە سەنراوەتەوە و سەرۆکەکانیان یان زیندانی کراون یان لەکارەکانیان دورخراونەتەوە بە پاساوی جۆراوجۆر کە دیارترینیان لایەنگریکردنی پەکەکەیە.

ئامانجی سەرەکی هەدەپە لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستهێنانەوەی ئەو شارەوانییانە و بەدەستهێنانی شارەوانی زیاترە.

کەمتر لە سێ مانگی دیکە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەڕێوەدەچێت، لە ئێستاوە پارتەکانی ئەو وڵاتە کەوتونەتە کێبڕکێی بەدەستهێنانی زۆرترین سەرۆک شارەوانی تا بۆ چوار ساڵی دیکە هەژمونی خۆیان بەسەر شارەکاندا بسەپێننەوە.

ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە کە گەورەترین پارتی کوردییە لە تورکیا جیاوازە، بەو پێیەی لە دۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە بەشی زۆری پەرلەمانتار و سەرکردەکانی لە زینداندان و ئەو شارەوانییەکانەشی لێسەنراوەتەوە کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا بەدەستی هێنابوو.

حەسەن ئۆزگەنوش پەرلەمانتاری هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا بە ‌هاوڵاتى وت «ئێمە چەند ئامانجێکمان هەیە لەم هەڵبژاردنەدا، یەکێکیان کە سەرەکیترینیانە ئەوەیە ئەو ٩٤ شارەوانییە بەدەستبهێنێنەوە کە ئەکەپە دەستی بەسەردا گرتووە».

وتیشی «ئامانجێکی دیکەمان ئەوەیە ژمارەی شارەوانییەکانمان بگەیەنینە ١٢٠ شارەوانی، هەروەها چاومان لە شارەوانی شارە گەورەکانە لەناویاندا ئەستەنبوڵ کە بتوانین بەدەستی بهێنین».
ئەستەنبوڵ کە ژمارەی دەنگدەرانی زیاترە لە ١٠ ملیۆن کەس، ژمارەیەکی زۆر کوردی تێدا دەژی، کە زۆربەیان لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا کۆچیان کرد بەرەو ئەو شارە، بەپێی میدیاکانی تورکیا ژمارەی دەنگدەرانی هەدەپە لەو شارەکە بە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەس دەخەمڵێنرێت.

حەسەن ئۆزگەنوش باسی لەوەشکرد، ئامانجێکی دیکەیان لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانییەکاندا لاوازکردنی دەسەڵاتی ئەکەپە و ئەردۆغانە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردییەکاندا.

وتیشی «ئەو رەوشە عەسکەرتارییەتەی ئەکەپە لەو ناوچانە سەپاندویەتی و سەربازی زۆری بڵاوکردووەتەوە دەبێتە هۆی دەنگەکانیان روو لە کەمبونەوە بکات».

بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ، حەوت پارتی کوردی باکوری کوردستان بڕیاریانداوە لەژێر چەتری هەدەپەدا و بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن.

ئەو پارتانە لەنەخشە رێگای کارکردنیاندا کە حەوتی ئەم مانگە راگەیەنرا ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی و کەمبونەوەی رۆڵی پەرلەمان، گرنگە لەرێگەی شارەوانیەکانەوە بتوانن پەیامەکانیان بگەیەنن و کارەکانی خۆیان بکەن.

دوای هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی ساڵی رابردووی تورکیا، سیستەمی سەرۆکایەتی لەو وڵاتە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و زۆربەی دەسەڵاتەکان لەدەستی سەرۆک کۆمار کە رەجەب تەیب ئەردۆغانە کۆکرایەوە.

پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە رۆژی حەوتی ئەم مانگە لەکاتی راگەیاندنی هاوپەیمانی پارتەکانی باکوری کوردستاندا وتی «هیوا و چاوەڕوانی گەلەکەمان لە ئێمە ئەوەیە. زۆر گرینگە کە ئەم هاوپەیمانەتییە تەنیا لە هەڵبژاردندا نەبێت، بەڵکو ڕێ لە بەردەم یەکێتیی نەتەوەیی پێکهاتەسیاسییەکانی گەلی کورد بکاتەوە». 

وتیشی «گەلەکەمان داوای یەکێتیی نەتەوەیی لە ئێمە دەکات. لە قازی محەمەد هەتا مەلا مستەفا بارزانی، لە مەزڵووم دۆغان هەتا وەدات ئایدن، ئەمە قەرزێکە لەسەرمان. میراتی هێژای ئەوانە کە بۆ ئێمەیان بەجێهێشتووە. ئەرک و بەرپرسایەتیی ئێمەیە کە خاوەندارەتی لەو میراتە بکەین».

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە دۆخێکدا بەڕێوەدەچێت کە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردن و دادگاییکردنی پەرلمانتار و ئەندام و بەرپرسانی هەدەپە بەرێوەدەبەن، کە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە دەستگیرکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی ئەو پارتە دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.

لەو کاتەوە تا ئێستا بەهەزاران ئەندام و لایەنگری هەدەپە دەستگیرکراون و لەکارەکانیان دوخراونەتەوەو دۆسیەیان لەدژ کراونەتەوە و بەزۆر راپێچی دادگا کراون.

لە نوێترین حاڵەتی لەو شێوەیەدا، رۆژی ١٣ی ئەم مانگە، هاوسەرۆکانی پارتیی دیموکراتیی گەلان (هەدەپە)؛ سامەت ئایاس لە ناوچەی زەیتینبوورنوو، حەقی جەنگیز لە ناوچەی ئوسکودار، سەلما کۆرکماز و خەلیل سالک لە ناوچەی چەکمەکۆی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیر کران.کە ئایاس بە بیانووی هەبوونی بڵاوکراوە دەربارەی گۆشەگیریی سەر ئۆجالان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا، هەروەها حەقی جەنگیز بە بیانووی پۆستەرەکانی سەر بینای ناوچەی هەدەپە دەستگیر کراون.

حوسەین کەچمەس پەرلەمانتاری هەدەپە بۆ ‌هاوڵاتى باسی لەوەکرد، کە چاویان لەوەیە دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا زیاد بکەن، تا بتوانن سەرەڕای وەرگرتنەوەی ئەو شارەوانییانەی قەیومیان لەشوێن دانراوە، شارەوانی دیکە بەدەستبهێنن.

وتیشی کە سەرەڕای رێگرییەکانی دەسەڵات دەیانەوێت بەو ئامانجە بگەن.

پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە تا ئێستا کاندیدەکانی بۆ ٤١ شار و شارۆچکە ئاشکراکردووە، کەدەکەونە سنورەکانی وان و ماردین و قارس و موش و بەدلیس و جولەمێرگ و ئاگری و شرناخ و ئامەد و چەند ناوچەیەکی دیکە، دوایین وادەش بۆ دیاریکردنی کاندید رۆژی سێی ئازاری ئەمساڵە.

هەدەپە بۆ ئەم هەڵبژاردنە چەند کەسێکی کاندیدکردووەتەوە بە ئامانجی کۆکردنەوەی دەنگی زۆر، کە یەکێک لە دیارترینیان ئەحمەد تورک سەرۆکی پێشووی شارەوانی گەورەی ماردینە کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لەساڵی ٢٠١٤دا ١٨٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام دوو ساڵ دواتر لەلایەن ئەنقەرەوە لەسەرکار لادرا و کەسێکی دیکە وەکو قەیوم لەشوێنی دانرا.

کۆتایی ساڵی رابردوو ئەحمەد تورک دوای دیاریکردنەوەی وەکو کاندید لەلایەن هەدەپەوە رایگەیاند «کاتی ئەوە هاتووە بە ‌دەنگ و ئیرادەی خەڵک دوبارە ئەرکەکانمان وەربگرینەوە».
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکی ناوەندی سامەر کە بنکەکەی لە شاری ئامەدی باکوری کوردستانە، 

دەنگەکانی هەدەپە لە پێنج ساڵی رابردوودا بەڕێژەی لەسەدا شەش زیادیکردووە و هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ دانانی دوبارەی قەیوم لەسەر ئەو شارەوانیانەی هەدەپە لەدەستیان دەهێنێت کاریگەری دروستنەکردووە.

بەپێی راپرسیەکە کە لە ١٦ پارێزگای باکوری کوردستان ئەنجامدراوە، بەراورد بە دواین هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤ی شارەوانییەکان دەنگەکانی هەدەپە بەڕێژەی لەسەدا شەش زیاد دەکات.
هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی رابردووی تورکیا توانی بەربەستی لەسەدا ١٠ بۆچونە پەرلەمان ببڕێت، سەرەڕای ئەو فشارانەی روبەڕووی ببووەوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش دەیەوێت دەنگەکانی زیاد بکات بەتایبەت لەشارەکانی باکوری کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار