تورکیاو کوردی رۆژئاوا هانا بۆ روسیا دەبەن

5 ساڵ لەمەوپێش



واشنتۆن پۆست، هاوڵاتى

هەریەک لەتورکیا و کوردانی سوریا هیواکانیان لەسەر ڕوسیا هەڵچنیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان لەسوریا دوای بڕیارە کتوپڕەکەی (دۆنالد ترەمپ)ی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێز لەسوریا کەترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێی لەنێوان هەردوو هاوپەیمانە کوردو تورکەکانی ئەمریکادا هێنایە کایەوە. 

بەرپرسە تورکەکان چوارشەممەی پێشوو ڕایانگەیاند کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی وڵاتەکەیان لەپلانیدایە ئەم مانگە سەردانی مۆسکۆ بکات بۆ وتووێژ لەگەڵ ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا دەربارەی سوریاو چەند بابەتێکی دی. 

لە هەمانکاتداو بەوتەی بەرپرسە کوردەکان، ئەوان داوای درێژکردنی دەستی یارمەتییان لەڕوسیا کردوە بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکومەتی سوریا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سەربازی و سیاسیەی دوای کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا لەناوچەکانیان دروستدەبێت و هاوکات بۆ ڕزگاربوون لەترسی هێرشی تورکیا. 

ئەم هانابردنەش بۆ ڕوسیا پێگەی ئەو وڵاتە وەک یاریکەری سەرەکی لەمەیدانی سوریادا قوڵتردەکاتەوە. وەک ئەوەی ڕوسیا بیەوێت گرنگی خۆی لەناوچەکە نمایش بکات، هەفتەی پێشوو سوپای ڕوسیا چەندین مانۆڕی سەربازییان نزیک لەشارۆچکەی مەنبج ئەنجامدا، کەیەکێکە لەپڕ ململانێترین شارۆچکەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا. 

مانۆڕە سەربازیەکەی ڕوسیا لەدەوری شارۆچکەی ئاریما بەڕێوەچوو کە لەئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی ڕژێمی سوریادایەو چەندین کیلۆمەتر دووربوون لەسوپای ئەمریکا. بەڵام (ئارۆن ستاین) بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە(پەیمانگای لێکۆڵینەوەی سیاساتی نێودەوڵەتی) پێی وایە کەئەم مانۆڕە سەربازیە وەبیرهێنانەوەیەکە بۆ ئەمریکا کە لەکاتێکدا هێزەکانی ئەوان لەکشانەوەدان و سیاسەتی وڵاتەکەیان لەسوریا ناڕوونە «ڕوسیا ئێستا خاوەنی هەموو ئەم خاکەیە.»

تائێستا ڕوسیا ئامادەیی تەواوی نیشان نەداوەو بڕیاری نەداوە یارمەتی کوردەکان یاخود تورکەکان بدات. دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی تورکیا (مەولود چاوش ئۆغلو) ڕایگەیاند کە ئەردۆغان لەنیازیدایە لەم مانگەدا سەردانی مۆسکۆ بکات، بەرپرسانی کرێملین ڕایانگەیاند کەپلانێکی وا لەئارادایەو کاری لەسەر دەکەن بەڵام وادەیەکی دیاریکراو بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان دیاری نەکراوە. 

هەروەها بەوتەی ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە، ڕوسیا ئامادەییەکی دیاری نیشان نەداوە بۆ پاڵپشتیکردنی کوردەکان لەهەوڵەکانیاندا بۆ گەیشتنە ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتی سوریادا بۆ جوڵەپێکردنی سوپای سوریا بۆ ئەو پێگانەی ئەمریکا جێیهێشتوە تا ڕێگا لەهێرشی تورکیا بگرن. 

بەوتەی موسلیم، کوردەکان پرۆپۆزەڵێکیان داوەتە مۆسکۆ کە هێزە کوردیەکان ئامادەن هەموو ئەو ناوچانەی لەشەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ٢٠١٢ دا لەبەهاری عەرەبیەوە بەدەستیان هێناوە تاکۆتایی شەڕی داعش بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بەمەرجێک کەئەو وڵاتە مافی ئۆتۆنۆمیان پێبدات و ڕێگەیان پێبدات بەردەوامبن لەتاقیکردنەوەی پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەرییان. ئەو دەڵێت: «ئێمە نەخشەڕێگاکەمان داوەتە دەست ڕوسیاو چاوەڕێی بڕیاری ئەوانین.»

(ئارۆن ستاین) پێی وایە کە لەنێو پەیامە دژیەک و ناتەریبەکانی ئەندامانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا لەسەر میکانیزمی کشانەوەی هێز لەسوریا، زیاتر ڕووندەبێتەوە کە ڕوسیا تەنها هێزە لەناوچەکە کە لەگەڵ هەموو هێزەکاندا پەیوەندی هەیەو دەتوانێت چارەسەرێک فەراهەم بکات. ئەو دەڵێت «ئەمریکا لەسوریا دەکشێتەوەو وڵاتەکانی تر دەچنە جێیان تا ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە، ئەو وڵاتانەش سەرقاڵی وتووێژن، بەڵام وتووێژ لەگەڵ ئەمریکادا نا.»

لەلێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان دوای سەردانکردنی هەولێر، چوارشەممەی پێشوو (مایک پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەهێزەکانی سوپای ئەمریکا دوای لەناوبردنی دوایین پێگەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام دەکشێنەوە. ئەم وتانەی پۆمپیۆ پێچەوانەی وتەکانی چەند ڕۆژێکی پێشووتری (جۆن بۆڵتن)، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکابوو کە ڕایگەیاندبوو ئەمریکا هێزەکانی لەسوریا ناکشێنێتەوە تا دڵنیایی لەتورکیا وەرنەگرێت کە دوای کشانەوەی ئەمریکا هێرش ناکەنە سەر کوردەکان لەسوریاو هاوکات ئێران ئەو بۆشاییە سیاسی و سەربازییە پڕناکاتەوە. 

پۆمپیۆ دەزانێت کەتورکیا ترسی ئەوەی هەیە کەکوردەکان ئەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان بەکاربهێنن دوای کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا بۆ لێدان لەتورکیا، هەر بۆیە وتی: «ئێمە دەزانین کە تورکیا هەست بەمەترسی دەکات لەلایەن تیرۆرستانەوە، ئێمە تەواو پاڵپشتیان دەبین.» (لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا پۆمپیۆ، وەک ئەوەی پەشیمان بێت لەقسەکەی ڕایگەیاند کەکوردانی سوریا تیرۆریست نین و هەوڵی پاراستنی وڵاتەکەیان دەدەن لەدەست تیرۆریستان).

بەوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، لەپەیوەندیەکی تەلەفونیدا ترەمپ مانگی پێشوو بەئەردۆغانی ڕاگەیاندوە کەئەمریکا شەڕی دژ بەتیرۆر لەناوچەکە ڕادەستی تورکیا دەکات. بەڵام تورکیا گەریلا کوردەکان (یەکینەکانی پاراستنی گەل)  بەگروپێکی تیرۆرستی لەقەڵەمدەدات هاوتەریب لەگەڵ داعشدا بەهۆی پەیوەندیانەوە بەگەریلاکانی پەکەکە کە بۆ بەدەستهێنانی ئۆتۆنۆمی لەتورکیادا دەجەنگن.

«ئەوان هەموو وەک یەکن لای ئێمە» چاوش ئۆغلو چوارشەممەی پێشوو لەسەر هێزەکانی یەپەگەو تیرۆریستانی داعش واى وت.

هاوکات تورکیا لەوتووێژدایە لەگەڵ ئێراندا بۆ چارەسەرکردنی دۆخی سوریا دوای کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئەمریکا، چاوش ئۆغڵو وتی: «بەدڵتانبێت یان نا، ئێران ڕۆڵی لەسوریادا هەیەو ئێمەش دەبێت بەشێوەیەکی بنیاتنەر مامەڵە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بکەین کە لەئێستادا ڕۆڵی کارایان هەیە.»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار