هۆکاره‌کانی پشت بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ له‌ تورکیا

2018-05-03 12:26:45


هاوڵاتی ڕێكلام

سیروان خانی *

بڕیار وابوو که‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار و په‌رله‌مانی تورکیا له‌ نۆڤه‌مبری 2019 ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام به‌ بڕیارێک ئه‌ردۆغان هه‌ڵبژاردنه‌کانی بۆ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ پێشخست. پڕسیاره‌که‌ لێره‌دا ئه‌مه‌یه‌ بۆچی و له‌به‌رچی ئه‌ردۆغان وه‌ها بڕیارێکی ده‌رکرد؟ ئه‌ردۆغان هۆکاری ئه‌م بڕیاره‌ی ته‌نیا په‌یوه‌ستکرد به‌ کێشه‌ی ئابووری و کێشه‌کانی سوریاوه‌، به‌ڵام ئایا هۆکارێکی تر له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ هه‌بووه‌ که‌ وای له‌و ئه‌ردۆغانه‌ کردووه‌ که‌ هه‌میشه‌ له‌ دژی هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ قسه‌ی کردووه،‌ ئه‌مجاره‌ خۆی داوای هه‌ڵبژاردنی پێش وه‌خته‌ بکات؟ گه‌ر بمانه‌وێت وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌مان ده‌ستکه‌وێت ده‌بێت سه‌ره‌تا باس له‌و ڕووداوانه‌ که‌ به‌م دواییه‌ له‌ ناوخۆی تورکیا یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی تورکیا به‌ جۆرێک که‌ په‌یوه‌ست بوون به‌ تورکیاوه‌ له‌ جیهاندا ڕوویانداوه‌  بکەین و به‌ بێ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕووداوانه،‌ ناتوانین وه‌ڵامی  ئه‌و پرسیاره‌مان ده‌ستکه‌وێت که‌ ئه‌و هۆکارانه‌ چییه‌ که‌ وای له‌ ده‌وڵه‌ت و ئه‌ردۆغان کردووه،‌ بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌ربکه‌ن. 
باری ئابووری تورکیا
بارودۆخی ئابووری تورکیا له‌ حاڵه‌تێکی مه‌ترسیداردایه‌، ڕێژه‌ی بێکاری له‌ ماوه‌ی 10 ساڵی ڕابردوو گه‌شتووه‌ به‌ به‌رزترین ئاست و ئێستا تورکیا له‌ به‌رزترین ئاستی هه‌ڵئاوسانی ئابووری دایه‌،  لیرە له‌ به‌رامبه‌ر دۆلار له‌ ماوه‌ی 5 ساڵی ڕابردوو 50 له‌ سه‌دی به‌های خۆی له‌ده‌ستداوه‌ و ئابووریناسان پێشبینی زیاتر دابه‌زینی به‌های لیرە له‌به‌رامبه‌ر دۆلار ده‌که‌ن. ده‌وڵه‌ت له‌ ڕاکێشانی سه‌رمایه‌دارانی ده‌ره‌وه‌ بۆ ناوخۆی تورکیا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌ و ئه‌م هۆکارانه‌ وای کردووه‌ که‌ به‌پێی توێژینه‌وه‌کان، گه‌وره‌ترین کێشه‌ی دوای هه‌ڵبژاردن له‌ ڕاستیدا کێشه‌ی ئابووری تورکیا بێت.               
ڕاپرسی له‌ سه‌ر ده‌ستوور
تورکیا له‌ ئه‌پرێلی 2017 به‌ 2/51 له‌ سه‌دی ده‌نگی به‌ڵێ ڕه‌زامه‌ندی بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی وڵات له‌ سیستمێکی په‌رله‌مانی بۆ سیستمێکی سه‌رۆکایه‌تی و زیاتر کردنی ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆک کۆمار ده‌ربڕی. ئه‌ردۆغان که‌ له‌ ساڵی 2014 له‌ دوای یانزه‌ ساڵ له‌ سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیران بۆ یه‌که‌م جار به‌ ده‌نگی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵک وه‌ک سه‌رۆک کۆمار هه‌ڵبژێردرا بوو هه‌ر له‌و کاته‌ به‌دواوه‌ خوازیاری گۆڕانکاری له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆک کۆمار بووه‌و به‌ گۆڕانکاری له‌ ده‌ستووری تورکیا ئه‌م ئامانجه‌ی به‌ ده‌ستهێنا، به‌ڵام ئه‌م گۆڕانکارییانه‌ تا هه‌ڵبژاردنی داهاتووی تورکیا ناخرێته‌ بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه‌.
تورکیا و پرسی کورد 
به‌ ده‌ستگیرکردنی عه‌بدوڵا ئۆجالان له‌ پانزه‌ی فێبری وه‌ری 1999 تورکیا وا بیری ده‌کرده‌وه‌ که‌ کورده‌کانی تورکیا و به‌تایبه‌تی تر پارتی کرێکارانی کوردستان (pkk) به‌شێکی مه‌زن له‌ توانای به‌ڕه‌نگاربوونه‌وه‌ی خۆی له‌ دژایه‌تی کردنی تورکیا له‌ ده‌ست ده‌دات، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ بیر ده‌کرایه‌وه‌ نه‌ ته‌نیا هه‌ڵویسته‌کان و پێگه‌ی کورد له‌ تورکیا که‌م نه‌بوویه‌وه‌، به‌ڵکو ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ داوایه‌کی نوێ له‌ سه‌ر داخوازییه‌کانی کورد زیاتر ده‌بوو، ده‌وڵه‌تی تورکیا و پارت و گروپه‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته‌کانی تورکیا شوناس و بوونی کوردیان له‌ تورکیا ڕه‌تده‌کرده‌وه‌، به‌ڵام له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی نوێ و به‌ تایبه‌تی له‌ دوای هاتنه‌ سه‌رکاری پارتی داد و گه‌شه‌ پێدان (Akp) ئه‌و بیر و هزره‌ توندئاژوویه‌ تا ڕاده‌یه‌ک که‌م بوویه‌وه‌ و هه‌ندی بواری ڕه‌خساند تا پرسی کورد به‌ فۆڕم و شێوازێکی نوێوه‌ بێنێته‌ ئاراوه‌ و باس له‌ وتوێژی ڕاسته‌وخۆی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ کورده‌کان بکرێت. ئه‌م کاره‌ وه‌ک ده‌ستپێکی چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد له‌ تورکیا سه‌یر ده‌کرا و هه‌ر چه‌نده‌ له‌ هه‌ندی شوێن ڕووبه‌ڕووی چه‌کداری له‌ نێوان ده‌وڵه‌تی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان ده‌بینرا، به‌ڵام به‌ داوای عه‌بدوڵا ئۆجالان بۆ ئاگربه‌ستی تاک لایه‌نانه‌، به‌ مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی نییه‌تی باش له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ده‌وڵه‌ت، وه‌ک هه‌نگاوێکی ئه‌رێنی سه‌یر کرا. ده‌رکه‌وتنی گروپی چه‌کداری داعش و ده‌ست به‌ سه‌رداگرتنی نیوه‌ی خاکی عیراق و سوریا وای له‌ ده‌وڵه‌ت کرد له‌ به‌رامبه‌ر به‌رگرییه‌که‌ی شاری کۆبانی تا ڕاده‌یه‌ک لایه‌نگری داعش بکات و ئه‌مه‌ کێشه‌کانی ئاڵۆز کرد و بواری بۆ دووباره‌ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی شه‌ڕ ڕه‌خساند. دوو هۆکار تێڕوانینه‌کانی ده‌وڵه‌ت و به‌ تایبه‌تی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (Akp)ی به‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌ردۆغان له‌ به‌رامبه‌ر پرسی کورد گۆڕی.
 1 ـ به‌هێز بوونی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری کورده‌کان و به‌ تایبه‌ت پارتی دیموکراتی گه‌لان  هه‌ده‌په‌ (HDP ) و به‌رزبوونه‌وه‌ی داخوازییه‌کانی کورد و که‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی جه‌ماوه‌ری پارتی داد و گه‌شه‌ پێدان (Akp)
2ـ به‌هێزبوونی کورد و به‌تایبه‌ت حیزبی په‌یه‌ده‌ (PYD ) له‌ کوردستانی سوریا و نزیکایه‌تی ئه‌م حیزبه‌ له‌گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (pkk).  ده‌وڵه‌ت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هۆکارانه‌ له‌ سه‌ر ئاستی ناوخۆیی، چالاکییه‌کانی پارتی دیموکراتی گه‌لان هه‌ده‌په‌ (HDP)ی به‌رته‌سک کرده‌وه‌و حه‌سانه‌ی په‌رله‌مانتاری له‌ عوسمان بایده‌میر و سه‌لما ئیرماک و چه‌ند په‌رله‌مانتارێکی تر سه‌نده‌وه‌و ده‌ستی به‌ گرتن و ڕاوه‌دوونانی ئه‌ندامان و سه‌رکرده‌ی پارته‌ کوردییه‌کانی وه‌کو سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش کرد و له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش تورکیا که‌ به‌هێزبوونی په‌یه‌ده‌ (PYD)ی له‌ کوردستانی سوریا به‌ مه‌ترسییه‌کی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌زانی، بڕیاری هێرش کردنه‌ سه‌ر عه‌فرینی ده‌رکرد و ئه‌م کاره‌ش بووه‌ هۆی داگیرکردنی ئه‌و شاره‌ له‌لایه‌ن سوپای تورکیا له‌گه‌ڵ گروپه‌ جیهادییه‌ توند ئاژووەکان و ئاواره‌ بوونی هه‌زاران که‌س و بێ سه‌روشوێن بوون و شه‌هیدبوونی سه‌دان خه‌ڵکی بێتاوان و سڤیلی لێکه‌وته‌وه‌. به‌م هه‌نگاوانه‌ش  نه‌ک پرسی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی کورد هه‌نگاوی باشی بۆ نه‌هاوێژرا، به‌ڵکو کێشه‌کان ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ له‌ گه‌ڵ کورد قووڵتر بوویه‌وه‌.
تورکیا و یه‌کیتی ئه‌وروپا

هه‌ڵبژاردنی داهاتووی تورکیا

به‌ مانای سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی فۆڕم و

شێوازێکی نوێ له‌ سیستمی

ده‌سه‌ڵاتداری له‌ تورکیایه

کێشه‌ و ئاڵۆزییه‌کانی تورکیا و یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌ کاتی هاتنه‌ سه‌رکاری ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و پارتی داد و گه‌شه‌ پێدان (Akp)  زۆر زیاتر بووه‌، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوو سه‌رکرده‌کانی هه‌ردوولا وتاری توند و دژیان له‌ به‌رامبه‌ر یه‌کتری وتووه‌ته‌وه‌. ڕێگری کردنی هه‌ندی وڵاتی ئه‌وروپایی له‌ سه‌رکرده‌و وه‌زیره‌کانی پارتی داد و گه‌شه‌ پێدان (Akp) به‌ مه‌به‌ستی بانگه‌شه‌ کردن بۆ پرسی ڕاپرسی ده‌ستوور له‌ تورکیا له‌و وڵاتانه‌ وای کرد که‌ کێشه‌کان به‌ره‌و ئاڵۆز بوونی زیاتر هه‌نگاو بهاوێژێت. تورکیا ده‌یان ساڵه‌ به‌ کۆسپ و له‌مپه‌ری دژایه‌تی ئه‌ندامانی یه‌کێتی ئه‌وروپا ڕووبه‌ڕوویه‌، له‌ ماوه‌ی ئه‌م هه‌موو ساڵه‌ وتوێژه‌ درێژمه‌وداکانی نێوان هه‌ر دوو لایه‌ن به‌بێ ئه‌نجام ماوه‌ته‌وه‌.تورکیا بۆ ئه‌نجامدانی پێش مه‌رجه‌کان و مه‌رجه‌کانی یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌ بواره‌کانی ئابووری، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌وڵی داوه‌، به‌ڵام ده‌سکه‌وتێکی ئه‌وتۆی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌. ده‌توانین ئه‌و نیگه‌رانییانه‌ی که‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا له‌به‌رامبه‌ر تورکیا هه‌یه‌تی به‌م شێوه‌یه‌ پۆلێن به‌ندی بکەین. 
1. له‌ بواری سیاسی، ئاماده‌ بوونی نیزامییه‌کان له‌ لووتکه‌ی ده‌سه‌ڵات 2.نه‌بوونی سه‌قامگیرییه‌کی ئابووری 3. پرسی کورد 4.کێشه‌ی قوبرس 5. په‌یوه‌ندی له‌ گه‌ڵ یۆنان 6.پێکهاته‌ی کۆلتووری کۆمه‌ڵایه‌تی تورکیا و تا ڕاده‌یه‌ک ناکۆک له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای ئه‌وروپی 7.ئازادی و مافی مرۆڤ.
له‌ هه‌موو ئه‌م بوارانه‌ تورکیا نه‌ک به‌ره‌و پێشچوونی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه،‌ به‌ڵکو تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌ دوای ڕاپرسی ده‌ستوور و بوون به‌ سیستمێکی سه‌رۆکایه‌تی، هه‌نگاوه‌کانی ڕاوه‌ستاوه‌و ته‌نانه‌ت به‌ره‌و دواوه‌ش هاتووه‌.
کودەتای تورکیا 
ساڵی 2016 به‌شێک له‌ هێزە‌ چه‌کدارییه‌کانی تورکیا و به‌ وته‌ی بینالی یه‌ڵدرم گروپێک له‌ سوپای تورکیا هه‌وڵیان دا تا به‌ کودەتایه‌ک ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست، فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ر له‌ ئاسمانی ئه‌سته‌مبوڵ و ئه‌نکارا فڕێ و سوپا به‌ ده‌بابه‌ و هێزی چه‌کدار پرده‌کانی بێسفیر و سوڵتان محمد فاتحی له‌ ئیستانبۆڵ داخست، له‌ ماوه‌ی ئه‌م عه‌مه‌لیاته‌ هیڵه‌کانی ئه‌نته‌رنێت و ته‌له‌فۆن له‌ زۆربه‌ی شوێنه‌کان له‌ کار خران، دوای ئه‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌ک به‌ ناوی هێزه‌ چه‌کدارییه‌کانی تورکیا له‌ ته‌له‌فزیۆنی ده‌وڵه‌تی بڵاوکرایه‌وه‌ به‌م ناونیشانه‌ که‌ سوپا بۆ پارێزگاری له‌ دیموکراسی و مافی مرۆڤ ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست. ده‌وڵه‌ت و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (Akp)  به‌ دواکردن له‌ پۆلیسی تورکیا و خه‌ڵک توانی ئه‌م کودەتایه‌ سه‌رکووت بکات که‌ زیاتر له‌ 265 که‌سی کوژران که‌ له‌ نێوان ئه‌وانه‌ 161 که‌س له‌ هێزه‌کانی لایه‌نگری ده‌وڵه‌ت بوون. له‌ دوای کودەتا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌که‌ی تورکیا له‌ دژی ده‌وڵه‌ت و ئه‌ردۆغان، نۆبه‌ی سه‌رکووتکردنی ئه‌و که‌سانه‌ هات که‌ به‌ جۆرێک له‌و کودەتایه‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌. ڕێژه‌ی ده‌ستگیرکراوه‌کان ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌ که‌ کاتێک هه‌واڵه‌کانی ده‌بیست تووشی شووک ده‌بووێت، له‌ ئه‌فسه‌ره‌ هه‌ره‌ باڵاکان بگره‌ تا حاکم و مامۆستایان هه‌موو که‌سێک له‌ لیستی ده‌ستگیرکراوه‌کان ده‌بینرا، به‌ڵام پرسیاره‌که‌ لێره‌دایه‌ چی هۆکارێک بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م کودەتایه‌ تووشی شکست بێت و نه‌توانێت به‌ ئامانجه‌کانی خۆی بگات. 1. به‌رگری خه‌ڵک، حیزبه‌ سیاسییه‌کان و ڕێکخراوه‌کان : داوای ئه‌ردۆغان له‌ لایه‌نگرانی  بۆ ئه‌وه‌ی که‌ به‌ مه‌به‌ستی پاڵپشتی بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قام و به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنی لایه‌نگرانی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ جێگای بایه‌خی زیاتره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌واوی ڕەخنه‌گرانی ئه‌ردۆغان، هه‌وڵدان بۆ کودەتایان ڕه‌تکرده‌وه‌ و سێ حیزبی ئۆپۆزسیۆنی ئاماده‌ بوو له‌ په‌رله‌مانی تورکیا واته‌ Mhp , Ghp ,Hdp پاڵپشتی خۆیان بۆ ده‌وڵه‌ت ڕاگه‌یاند
 2.درز و دووبه‌ره‌کی له‌ناو سوپا : ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ده‌ستیان به‌ کودەتا کرد به‌و هیوایه‌ بوون که‌ هه‌موو سوپای تورکیا پاڵپشتیان لێبکات، به‌ڵام ناکۆکی له‌نێوان به‌شێک له‌ سوپا وایکرد که‌ هه‌موو سوپای تورکیا نه‌ڕۆنه‌ به‌ره‌ی کودەتاچییه‌کان و ئه‌م کاره‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ کودەتاچییه‌کان نه‌توانن به‌ باشی هێزه‌کانیان دابه‌ش بکه‌ن به‌سه‌ر ناوه‌نده‌ ئیستراتێجی و شوێنه‌ هه‌ستیاره‌کاندا. 3. نه‌توانینی کودەتاچییه‌کان له‌ گرتنی ئه‌ردۆغان 4.که‌ڵک وه‌رگرتنی ئه‌ردۆغان له‌ تۆڕه‌کانی په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، هه‌ر له‌ دوای ده‌رکه‌وتنی ئه‌ردۆغان ده‌یان و سه‌دان هه‌زار که‌س بۆ پاڵپشتی ئه‌ردۆغان ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان.  5.پاڵپشتی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئه‌ردۆغان: له‌ پاڵ ئه‌و ڕەخنانه‌ی که‌ ئاڕاسته‌ی ئه‌ردۆغان ده‌کرا، به‌ڵام هیچ کام له‌ ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پاڵپشتیان له‌ کودەتاچییه‌کان نه‌کرد. 
پارتی داد و گه‌شه‌ پێدان (Akp) به‌ خستنه‌ پاڵی ئه‌م کێشه‌ و گرفتانه‌ بڕیاری به‌ڕێوه‌چوونی پێشوه‌خته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ده‌رکردووه‌.ده‌وڵه‌ت به‌ پێشنیارکردنی ئه‌م بڕیاره‌  بۆ ئه‌رۆدغان له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ تا له‌ پاڵ که‌مکردنه‌وه‌ی گوشاره‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان له‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ت چه‌ند ئامانجێکی دیکه‌ به‌ده‌ست بهێنێت.

ئه‌ردۆغان به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر

عه‌فرین هه‌سته‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته‌کانی

تورکیاشی له‌گه‌ڵ

خۆی هاوئاهه‌نگ کردووه


ئامانجه‌ سه‌ره‌کییه‌کان له‌ پشته‌وه‌ی بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی تورکیا
تێکدان و پشێوی له‌ حیزبه‌ ئوپۆزسیۆنییه‌کان:
یه‌که‌م: هه‌ر چه‌نده‌ پارتی گه‌لی کۆماری (GHP ) به‌ ڕوانینێکی سۆسیاڵ دیموکراتیکانه‌ و پارتی دیموکراتی گه‌لان هه‌ده‌په‌ (HDP ) که‌ پارتێکی کوردییه‌ ئاماده‌ییان بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ڕاگه‌یاندووه،‌ به‌ڵام له‌ پاڵ ئه‌و هه‌موو ئاسته‌نگ و له‌مپه‌رانه‌ و به‌و ماوه‌ که‌مه‌ به‌ ئه‌سته‌م ده‌بینرێت که‌ توانای ڕاکێشانی ده‌نگه‌کانیان به‌ قازانجی خۆیان هه‌بێت. یان به‌ تایبه‌ت حیزبی نوێی مێراڵ ئاکشنه‌ر به‌ ناوی (IYI ) که‌ له‌ ئۆکتۆبه‌ری 2017 دامه‌زراوه‌و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ ئاستی جه‌ماوه‌ری زیاتر ده‌بێت کاتێکی که‌می له‌به‌رده‌سته‌ و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ کۆسپ له‌ به‌رده‌م به‌ده‌ستهێنانی زیاتری ده‌نگه‌کان. زۆر ئه‌سته‌م ده‌بینرێت یان به‌ ته‌واوی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ناتوانێت له‌م ماوه‌ که‌مه‌ی  که‌ ماوه‌ته‌وه‌ بۆ ڕکابه‌ریکردن و ململانی کردن له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدار خۆیان ڕێک بخه‌نه‌وه‌ و به‌ره‌یه‌کی هاوبه‌ش پێکبهێنن، ته‌نانه‌ت نا‌توانن له‌سه‌ر کاندیدێکی هاوبه‌ش ڕێککه‌وتن بکه‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ ساڵی 2019 ئه‌نجام بدرایه،‌ ئه‌وه‌ کێشه‌ ئابووری و ئه‌نجامه‌کانی و هه‌روه‌ها به‌ ڕێکخستنه‌وه‌و به‌هێزکردنی ئه‌ندامه‌کانیان ده‌یانتوانی هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ قازانج و سوودی خۆیان ته‌واو بکه‌ن.
دووه‌م: هه‌ڵبژاردنی داهاتووی تورکیا به‌ مانای سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی فۆڕم و شێوازێکی نوێ له‌ سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری له‌ تورکیایه‌، له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌ که‌ ده‌ستووری نوێی تورکیا به‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ سه‌رۆک کۆمار ده‌که‌وێته‌ بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه‌و سیستمی سه‌رۆکایه‌تی به‌ فه‌رمی له‌ تورکیا ده‌ستپێده‌کات. بۆ ئه‌ردۆغان که‌ به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر عه‌فرین هه‌سته‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته‌کانی تورکیاشی له‌گه‌ڵ خۆی هاوئاهه‌نگ کردووه‌، ده‌رفه‌تێکی زێرین ده‌به‌خشێت له‌ پاڵ نه‌بوونی ڕکابه‌رێکی به‌هێز که‌ تائێستا نابینرێت بتوانێت دیسانه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی تورکیا به‌ ده‌ست بگرێت.
ده‌ره‌نجام
به‌ خستنه‌ پاڵی ڕووداوه‌کان ئه‌م هه‌سته‌ت لا درووست ده‌بێت که‌ باس کردن له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌ تورکیا ئاماده‌کاری ورد و ته‌واوی له‌ هه‌موو لایه‌که‌وه‌ بۆ کراوه‌ و به‌ سه‌رکه‌وتنی ئه‌ردۆغان و گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات کۆتایی پێدێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی تورکیا بیه‌وێت شایه‌تی شکستی ئه‌ردۆغان بێت و پارته‌کانی تر بیانه‌وێت ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌ردۆغان وه‌ربگرنه‌وه‌ سێ سیناریۆ ده‌بینرێت.
یه‌که‌م : ڕێککه‌وتنی پارته‌کانی دژی ئه‌ردۆغان له‌ ده‌وری یه‌که‌می هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌سه‌ر که‌سێک یان به‌شداریکردنی چه‌ند که‌سێک بۆ شکاندن و وردکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان و دواتر له‌ ده‌وری دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌کان ڕێککه‌وتن له‌ سه‌ر کاندیدێکی هاوبه‌ش بۆ ڕکابه‌رێکردنی ئه‌ردۆغان.
دووه‌م :پاڵپشتی ڕۆژئاوا له‌ کاندیدی ڕکابه‌ری ئه‌ردۆغان و که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ گوشار خستنه‌ سه‌ر ده‌وڵه‌ت له‌ ڕێگه‌ی گه‌مارۆی ئابووری و سیاسی بۆ شکاندن و که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی ئه‌ردۆغان.
سێیه‌م: خۆ کاندید کردنی که‌سێکی وه‌ک عه‌بدوڵا گول و ڕێککه‌وتنی پارته‌کان له‌ سه‌ری، بۆ ڕکابه‌ریکردنی ئه‌ردۆغان.

* خوێندکاری ماجێستیری یاسای نێوده‌وڵه‌تی ـ هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار