ئیسلامیستەکان لاسایی کۆمۆنیستەکان دەکەنەوە!

لەچلەمین ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامیدا لەئێران

5 ساڵ لەمەوپێش



نزار ئاگری

شوان ئەحمەد کردوویەتی بەکوردی

لەهەر دوو ڕۆمانەکەیدا (مەزرای ئاژەڵان) و (1984)، نوسەری بەریتانی جۆرج ئۆرۆیل دەست بۆ پرسی دەسەڵاتی تۆتالیتاریزمی ستەمکار دەبات. دەسەڵاتێک بەکۆدێتا یان شۆڕش دەست پێدەکات. ئەڵبەتە شۆڕشیش کۆدێتایەو سستمی کۆن وەلاوە دەنێ و دەیگۆڕێت بەسستمێکی نوێ

لەسەرەتاکانیدا شۆڕش بەڵێنی ئاڵ و واڵا دەدات و پرۆژەی فانتازی پێشنیار دەکات و دروشمی سەرنج ڕاکێش، دەربارەی دادپەروەری و ماف و بەختەوەری و خۆشگوزەرانی بەرز دەکاتەوە. پاشان شۆڕش ئامبازی لایەنگرانی سستمی کۆن دەبێت و خوێنیان دەڕێژێ و سەرکردەکانیان لەسێدارە دەدات و ئەوانەی دەمێننەوە، تارو ماریان دەکات و ئەوانەشی مل نادەن، تائەوپەڕی دنیا ڕاویان دەنێ.

دوای ئەوانە سەرانی شۆڕش، شوێن پێی خۆیان لەدەسەڵاتدا قایم دەکەن و هەموو جومگەکانی دەگرنە دەست و دەکەونە دروستکردنی دەستەو تاقمی چەکدارو ڕایان دەهێنن لەسەر، توندوتیژی و ئامادە دەکرێن بۆ سەرکوتکردنی ئەوانەی هەڵوێستی ناحەزانەیان دەبێت، یاخود لاقرتێی شۆڕش دەکەن.

لەنێو ڕژێمی تازە دامەزراودا هەرکەسێک ئەوە بکات، ئەوا ڕوکەشانە دادگایی دەکرێت و سزایەکی توندی بەسەردا دەسەپێت کەڕەنگە بگاتە ئاستی لەسێدارەدان. تۆمەتەکەشی ئەوەیە: (دژایەتی شۆڕشی کردووەو لەگەڵ ناحەزان و دوژمناندا سەروکاری هەبووە).

لەنێو دەسەڵاتی تازەدا بازنەی حوکمڕانی لەسەرکردەکانی شۆڕش پێکدێت، وەلێ زۆر نابات کەم دەبنەوە، تابە تاکە کەسێک کۆتایی دێت و ئەو کەسەش دەبێتە برا گەورەو فەرمانڕەوای تاک و تەنها.

زۆرێکی زۆر لەئایدیاکانی دوو ڕۆمانەکەی ئۆرۆیل، لەواقعی یەکیەتی سۆڤیەتی جارانەوە هەڵێنجراوە کەکۆمۆنیستەکانی ڕوسیا لەسەر داروپەردوی ئیمپراتۆریەتی ڕوسیا دایانمەزراند، تاببێتە فیردەوسی خۆشگوزەرانی و ئازادی، کەچی لەساو پەنای جۆزێف ستالیندا (هاوڕێی سەرکردەو براگەورە)، بوو بەقەڵایەکی ترسناکی ستەمکاری و ستالین کەوتە قەڵاچۆکردنی سەرکردەکانی دیکە، تابوو بەقەیسەرێکی خوێن ڕێژ.

لە (مەزرای ئاژەڵان)دا دەبینین، چۆن شۆڕش دادەڕزێ و لەخۆی هەڵدەگەڕێتەوەو دەست بەلوشدانی ئەوانە دەکات کەدروستیان کردووە. لەگەڵ ئەوانەدا برا گەورە دەست بەشێواندنی شتەکان و گۆڕینی ڕاستیەکان و بڵاوکردنەوەی درۆو پڕوپاگەندەی نابەجێ دەکات، بەمەبەستی برەودان بەدووڕویی و ساختەچێتی و.. هتد.

ئەو وێنەیەی ئۆرۆیل لەو دوو ڕۆمانەیدا دەیکێشێت، دەکرێت بەسەر سستمێکی تۆتالیتاریدا پراکتیزە بکرێت کەمەراقی ئەوەبێت، کۆمەڵگە لەڕێی دەسەڵاتێکی ڕەهاوە لەقاڵب بدات و ئەو دەسەڵاتەش پشت بەئایدیۆلۆژیایەکی دۆگماو داخراو ببەستێت (ئیدی کۆمۆنستی بێت یان نازی یاخود فاشی یان ئایینی).

جگە لەهەندێ جیاوازی لۆکاڵی، کەم تازۆر تابلۆ سەرەکیەکە هەر وەک خۆی دەبێت، لەهەموو ئەو وڵاتانەی هەژمونی دەسەڵاتی تۆتالیتاریان بەخۆیانەوە بینیووە، ئیتر لەئەڵمانیای نازیدا بێت یاخود لەئیتاڵیای فاشی یان لەچینی ماوتسی تۆنگ، یاخود لەکەمبۆدیای  پۆڵ پۆت و کۆریای باکوری کیم ئێل سۆنگی باوک و پاشان کیم جۆن ئێلی کوڕ.

کۆماری ئیسلامیش لەئێران، بەوپێیەی بەرهەمی شۆڕش و کۆدێتایە، لەو ڕێسایە لای نەداوە. لەوێشدا لەژێر دروشمی گەڕان بەدوای ئازادی و دادپەروەری و قوتاربوون لەدەست زوڵم و ستەمکاری، دەسەڵاتی شاهەنشا ژێرەو ژورکرا، بەڵام ئەوەتا ئێرانیەکان دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە، دەگەڕێنەوە بۆ خاڵی سەرەتاو شۆڕش دەکەن و یاخی دەبن.

لەبەرامبەریشدا دەسەڵات سەرکوتیان دەکات و ڕاوەدویان دەنێ و چالاکوانەکانیان لەسێدارە دەدات و لەگرتوخانە ترسناکەکاندا توندیان دەکات. ڕێکخراوی هیومان ڕایس ۆچ کەگرنگی بەمافەکانی مرۆڤ دەدات، باس لەوەدەکات مافەکانی مرۆڤ لەئێران لەماوەی بیست ساڵی ڕابردودا، بەدترین تۆماری هەیە.

هەندێکی دەڵێن: (ڕەفتاری بەسیج و پاسداران لەسزادان و لاقەکردن و فڕاندن و سوکایەتی پێکردن و گۆڕینی قسەی بەندکراوان و هەڵبەستنی تۆمەتی یاسایی ناڕەوا بۆیان، لەوەی تێپەڕاندووە کەحەمە ڕەزاشا لەسەردەمی خۆیدا دەیکرد).

کۆماری ئیسلامی لەئێران بۆ پڕکێشیەکانی و بۆ پاساودانەوەی کارو کردەوەکانی، پشت بەئایدیۆلۆژیایەکی ئایینی دەبەستێت. لەگەڵ ئەوەشدا، کەچی جیاوازیەکی هێندە گەورە لەنێوان هەڵسوکەوتی ئەو و ڕەفتاری دەسەڵاتە کۆمۆنیستیە ئەتایستەکاندا، لەفەرمانڕەوایەتیکردندا نییە.

لەنێوان ئەو دووانەدا، خاڵی هاوبەشی زەق و زۆپ هەیە کەبەئاسانی دەبینرێت. پێدەچێت بونی ئەو خاڵە هاوبەشەش بێت وای کردووە، کۆماری ئیسلامی چاکترین پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕژێمانەدا هەبێت: (لەچین و کۆریای باکورەوە، بۆ  فەنزوێلا و کوبا).

وادیارە کۆماری ئیسلامی لەهەوڵی ئەوەدابێت، لەزۆر ڕووەوە ئەزمونی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران کۆپی بکاتەوە: (هەوڵدانی بێوچان بۆ خۆپڕچەککردن و کەڵکەڵەی ڕێبەرایەتی کردن و سود وەرگرتن لەکەرەستە مرۆیی و مادیەکان بۆ ئان و ساتی ڕوبەڕوبوونەوەو کەمەندکێشی و خۆهەڵقورتاندن لەکێشەو ململانێکان و خۆبادان بەسەرکەوتنەکانەوە، لەکاتێکدا پێداویستیە سەرەکیەکانی خەڵک و خوا فەرامۆش دەکرێت. بەوەش هەژاری و گەندەڵی و ئالودەبوون بەمادە هۆشبەرەکان تەشەنە دەسێنێ.

لەگەڵ دروستکردنی تۆڕێک لەپارت و قەوارەی دەرەکی کەگوێ لەمستی کۆماری ئیسلامی بن و لەو بەرەیەدابن کەئێران ڕێبەرایەتیان دەکات و بەوپەڕی سنگ فراوانیەوە، خەرجی و پێداویستیەکانیان بۆ دابین بکات، هاوشێوەی پارتە کۆمۆنستیەکانی دنیا کە لەچوارچێوەی ئەنتەرناسیۆنالیزمی کۆمۆنیستیدا، شوێن یەکیەتی سۆڤیەتی جاران کەوتبون. هەروەها سەرکوتکردنی ئەوانەی ڕەخنە دەگرن و ناڕازاین و شێواندنی وێنەی  ئۆپۆزسیۆن، بەوەی ئەوانە بەکرێگیراوی دەرەکین و ناحەزی شۆڕش و دوژمنی خودان).

لەو پڕوپاگەندانەی دەسەڵات بڵاوی دەکاتەوە، دەڵێت: (ئەوانەی لەسستمی فەرمانڕەوای ئێمە ناڕەزاین، کۆمەڵە بەکرێگیراوێکن کەپلانی بێگانە جێبەجێ دەکەن). هەرچەندە ئۆپۆزسیۆن توێژێکی هۆشیاری لەڕۆشنبیران و خوێندکاران و هەندێ لەدەست ڕۆیشتووەکانی فەرمانڕەوایی تێدایە کە لەڕژێم جیابونەتەوە، وەک: (موسەوی و خاتەمی و کەڕوبی و ڕەفسنجانی) و خوێندکاران و جەماوەر و هەوادارانیان.

ئەحمەدی نەژادی سەرۆکی پێشوی ئێران، هیچ شەرمی لەوەنەکرد کەخۆپیشاندانە گەورەکانی ئۆپۆزسیۆن، بەشتێکی (منداڵ بازاڕی قێزەون) بداتە قەڵەم و لەوبارەیەوە دەڵێت: (نەتەوەی ئێران زۆر لەو گاڵتەجاڕیانەی بەخۆیەوە بینیووەو ئەو گاڵتەجاڕیانەش، بەپێی فەرمان و بەپێی ڕێنمایی زایۆنیستە ئیسرائیلیەکان و ئەمریکاییەکان بووە).

وەک ئەوەی پێشتر لەیەکیەتی سۆڤیەتی جاراندا لەئارەدابوو، ئێستاش لەکۆماری ئیسلامی ئێراندا دابڕانێکی تەواوەتی، لەنێوان دەسەڵاتی فەرمانڕەواو سەرقاڵیەکانی، لەگەڵ خەم و خولیای کۆمەڵگەو هاوڵاتیاندا هەیە.

حکومەتی کۆماری ئیسلامی خۆی هەڵدەکێشێ و بەلەخۆبای بونێکەوە، موشەک و مانگە دەسکردەکانی نمایش دەکات و مژدەی ئەوەدەدات کەپەرەی بەتوانا لۆجستی و سەربازیەکانی داوەو بۆڕی هێزە گۆمڕاو ئیمپریالیستەکانی داوەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە بەشی هەرەزۆری گەلانی ئێران، تادێت هەژارتر دەبن و ژمارەیەکی زۆر لەنوسەران و هونەرمەندان و سینەماکاران و ڕۆژنامەنوسان، بەرەو وڵاتانی دەرەوە هەڵدێن و لەوڵاتانی (ئیستیعمار و ئیستیکباری جیهانی)، داوای مافی پەناهندەیی دەکەن.

ئاڕاستەیەکی پێچەوانە هەیە لەنێوان نمایشەکانی دەسەڵات و گۆرانی گوتنی بەباڵای هێز و تواناکانی و گرنگی و مەزنایەتی لەلایەک و هەڵکشانی ناڕەزایەتی و بێزاری و توڕەیی لەڕیزی هاوڵاتیاندا لەلایەکی دیکەوە. دەسەڵات گەورە دەبێت و فودەکاتە خۆی و دەبێتە دێو و درنج و لەبەرامبەریشدا، کۆمەڵگە بچوک دەبێتەوەو هەژارتر دەبێت و بەناخی زەویدا ڕۆدەچێت.

بەکورتیەکەی کەلێنی نێوانیان گەورەتر دەبێت و لەگەڵیشیدا، گومان و ڕق و توڕەیی، بەرامبەر یەک زیاتر دەبێت. دەسەڵات هێز بەو بڕە چەک و چۆڵ و ئامرازی تۆقاندنانە دەزانێت، بۆیە کۆمەڵگە بەتۆپزی و زەبر و زۆر ڕادەگرێت، نەک بەقەناعەت و خواستی خۆیان. بۆ ئەوەش دەزگا گەلێکی بەرفراوان دروست دەکات کەئامانجیان ئەوەیە، چاودێری خەڵک بکەن و ئاگایان لەجموجۆڵ و هەڵسوکەوتیان بێت و شێوازی بیرکردنەوەیان بخوێننەوە.

دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، سود لەمۆدێلی چینی وەردەگرن و بەهانەشیان بۆ ئەو کارەیان ئەوەیە، چین هێزێکی نێودەوڵەتیەو حیسابی بۆدەکرێت و هەر ئەویشە توانیویەتی، ئۆپۆزسیۆن تارومار بکات و ئەوانە لەسێدارە بدات کەڕەخنە لەڕژێم دەگرن و کەمینەکان سەرکوت بکات و بزوتنەوە ناڕەزایەکانیش داغان بکات.

سەروەختێک هێزەکانی (بەسیج و پاسداران) بەربوونە گیانی خەڵک و بەکێبڵ و کوتەک کەوتنە سەروگوێلاکیان و بەرەو زیندانە تۆقێنەرەکان پەلکێشیان کردن و دوای دادگایکردنیان کەوتنە لەسێدارەدانیان، سەرکوتکردنی چینیەکانیان بۆ ناڕەزایەتیەکانی گۆڕەپانی (تیان ئان مین) یان لەخەیاڵدابوو.

بەگرتنەبەری ڕێوشوێنی چینیەکان، کۆماری ئیسلامی دەستی بەتەنگ پێهەڵچنینی دەزگاکانی  ڕاگەیاندن کرد (بینراو و بیستراو و خوێندراو) و ئەنتەرنێت و ڕاگەیاندنەکانیان بەوە تاوانبارکرد کەشەڕێکی دەرونی لەدژی ئێران بەڕێوە دەبەن.

تۆمەتەکانیش ڕووی لەبەریتانیا بوو، لەبەرئەوەی BBC بەشە فارسیەکەی، بەشێوەیەکی وردو بەردەوام، ڕوماڵی ڕوداوەکانی ناو ئێران دەکات. هەربۆیە بەشێوازێکی زۆر ناشرین کەوتنە هەڕەشەکردن لەبەریتانیا، کەوا لوتی دەشکێنن گەربێتو واز لەدەستوەردان لەکاروباری ئێران نەهێنێت.

دەسەڵاتدارانی ئێران لەوەناکەون بەردەوام بڵێن: (ئێمە بەهێزو مەزن و ڕابەرین)، کەچی شەو و ڕۆژ لەگەڵ هەژاری و زیندانی ئاخنراو بەمرۆڤ و لەسێدارەداندا، دەست و پەنجە نەرم دەکات. ئەمە لەکاتێکدا وڵاتێکی وەک نەرویژ بەیەک وشەش چییە مەدح و سەنای خۆی ناکات، هەرچەندە یەکێکە لەباشترین وڵاتەکانی دنیا، لەڕووی خۆشگوزەرانی و ئارامی و ئازادی و ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤەوە.

وەلێ نەرویژ نمونەیەکی سەرنج ڕاکێش نییە بۆ ئەو دەسەڵاتە تۆتالیتاریانەی، کوشتەی ستەمکاری و گیرو گازو ڕووبەڕوو بوونەوەن. ئاخر یەکیەتی سۆڤیەتی جارانیش بەمجۆرە بوو، موشەکی هەڵدەدا بۆ بۆشایی ئاسمان و تەحەدای دنیای دەکرد، پاشان کەوەختی هات داڕماو لەبەریەک هەڵوەشاو بیرچووەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار