مەریوان وریا قانع: بەزەحمەت کوردێک لە سەدەی بیستەمدا ئەدۆزینەوە بەقوڵی نیگەران نەبێت و چەندەھا جار دڵی نەشکابێت

2019-02-07 09:21:14



سازدانی: شاخەوان سدیق

بەشی سێیەم 

 

*(دڵشکان) ناونیشانى کتێبه شیعریهکهى تۆیه، ئهم ناونیشانه بۆ من و زۆر خوێنهری دیکە سهرنج ڕاکێشهو دهتوانێت له خۆیدا چهندین واتاو ماناى جیاوز جیاواز کۆبکاتهوه، دهتوانیت پێمبڵێیت (دڵشکان) بۆ؟ چ واتایهک، یان چ پهیامێکى نهێنى و شاراوه لهپشت ئهم ناونیشانهوه ههیه؟

 

مەریوان وریا قانع: لە ڕاستیدا نازانم ئایا ناونیشانەکە بۆ خوێنەر سەرنجڕاکێشە یاخود نا، بەڵام تێمای دڵشکان یەکێکە لە تێما سەرەکییەکانی ناو کتێبەکە. دڵشکان و نیگەرانیی، یان دڵشکان بە مانای نیگەرانیی، بە شێوازی جیاواز لەم کتێبەدا ئامادەیە: نیگەرانیی لە دونیا، لە ئەوانیتر، لە خود خۆی، لە بەشێکی زۆری ئەو پەیوەندیانەی کە ژینگەیەکی ئینسانی دروستدەکەن، نیگەرانیی لە جەنگەکان و لە سەفەر و لە بێماڵیی و نیگەرانیی لە کوردبوون  ھتد... بەشێکن لەو تێمایانەی لەم کتێبەدا ئامادەن. دڵشکان ھێما بۆ جۆرێک لە پەیوەندیی و پێکەوەبوون و بۆ شێوازێک لە تەنھایی دەکات کە شەرحکردنیان زەحمەتە، بەڵام پێموایە شیعر دەتوانێت شتێکیان لەسەر بڵێت و شتێکیشیان لێدروستبکات جیاواز لەوەی کە فۆرمەکانی تری فیکر و بیرکردنەوە و نووسین دروستیدەکەن. بە بۆچوونی من دڵشکان وا لە مرۆڤ دەکات نەتوانێت ژیانێکی ئاسایی لەگەڵ شتەکان و بوونەوەرەکان و پەیوەندییەکانی دەوروبەریدا بژیی، دڵشکان شتێک لە مرۆڤدا دەشکێت ناکرێت بە ئاسانی پێناسبکرێت و بناسرێتەوە. مرۆڤی نیگەران و دڵشکاو نە پێکەوەبوونی ئاساییە لەگەڵ کەسانیتردا، نە زمانی ئاسایی  گفتوگۆکردن، نە ئامادەبوونی ئاسایی لەناو ژینگە جیاوازەکاندا ناتوانن داڵدەی بدەن. شتێک لەناوەوە وردوخاش دەبێت کە ھەڵگرتنەوەی پارچەکانی دەشێت ھەم دروستکردنەوەی خود خۆی و ھەم سەرلەنوێ ناونانەوە و ڕاڤەکردنەوەی مانا و پێناسە و شوناسەکانی ئەو دونیایەی لێبکەوێتەوە، کە مرۆڤ تیایدا دەژیی. دڵشکان لەم ئاستەدا وەک کێشەیەکی وجودیی ئامادەیە، وەک دەرەنجامی تێپەڕین بەناو ئاڵۆزییەکانی دونیادا وەک بوونەوەرێکی خاوەن ھەست و چاوەڕوانیی، کەسێک توانای بینینی ئازاری ناو زیاد لە ڕووبەرێک و ناو زیاد لە فۆرمێک لە فۆرمەکانی مرۆڤبوونی ھەبێت. دڵشکان بەشێکە لە پەیوەندیی مرۆڤ بە جیھانەوە، بە ئەوانیترەوە و بە خود خۆشیەوە.

 ئەو دڵشکانەی من باسی دەکەم ئامادەگیی کۆمەڵێک ھەست و چاوەڕوانیی و خەونیشە کە بە ھیچ شوێنێک ناگەن و لەنێوان خود و خۆیدا و خود و دونیادا دەمێنێتەوە، تەنھا لەناو فەزاکانی شیعر و لەناو ئاستە نەناسراوەکانی زمان و لەناو پرۆسەیەکی بەردەوامی خودسازییەکی بێکۆتاییدا ئامادەیە. لەوکاتەدا کە خەریکی دروستکردنی ماڵێکە لەناو زمان و وێنە و فەزای تایبەتی تێکستەکاندا، لە ھەمانکاتدا مەسافەی نێوان تاکەکەس و دونیا گەورەتر و فراوانتر دەکات. مرۆڤی دڵشکاو بە نیگەرانییەکی قورسەوە بەناو دونیا و پەیوەندیی و خەون و چاوەڕوانییەکاندا تێدەپەڕێت. لە ھیچ وێستگەیەکدا ناوەستێت و بەبێ مەبەستێکی کۆنکریت ھەر دەڕوات. لەڕاستیدا ھەندێکجار نیگەرانیی وزەیەکی ناوەکیی گەورەی ڕانەوەستان و بەڕێوەبوونە.

دڵشکان شڵەژانێکی گەورە لە مرۆڤدا دروستدەکات، زمان لە ناوەڕاستدا دەکات بە دوولەتەوە، بە جۆرێک نەکرێت جارێکی تر لەحیمبکرێتەوە و شتێکی ئاسایی و کۆگیریی لێدروستبکرێت. دڵشکانی ڕاستەقینە نیگەرانیی لەتلەتبوونی زمان و بەشنەکردنی ئەو لەتانەیە بۆ چوونە پەیوەندییەکی مانادار و ھاوسەنگەوە لەگەڵ دونیا و ئەوانیتردا. بەم مانایە دڵشکان مرۆڤێکی ماندوو دروستدەکات بەدەست زمان و بەدەست خۆی و بەدەست شتەکانی دەوروبەرییەوە، وەکچۆن دڵشکان دەکرێت بە ئاسانی بگۆڕدرێت بۆ ڕق و توڕەبوونێکی زۆر. مرۆڤی دڵشکاو ھەستدەکات لە باتی دڵ شتێکی تر لە سنگیدایە، ئیشی ئەم شتەش ئەوەیە فۆرمی تری نیگەرانیی بەرھەمبھێنێت.

لە سەرێکی دیکەوە دڵشکان کاردانەوەیەکی ئینسانییانە و بەرپرسانەیە بەڕووی ئەو بونیادە نایەکسان و نادادپەروەر و بەربەریانەدا کە لە دونیادا ئامادەیە. کاردانەوەیە بەڕووی زوڵم و بێمافی و بێکەسایەتییکردنی مرۆڤدا، بەگژاچوونەوەی فۆرمە جیاوازەکانی سوکایەتکردنە، جۆرێکە لە دوورکەوتنەوە لە بڕێکی زۆر لەو پۆخڵەواتانەی دەشێت لە ساتەوەختێکی مێژوویی دیاریکراودا دروستببن.  دڵشکان لێرەدا دەرەنجامی دۆخی ئامادەگیی زیاد لە فۆرمێکە لە سوکایەتیکردن بە مرۆڤ لە ناو جیھان و لەناو کۆمەڵگا و لەگەڵ ئەوانیتردا. من نازانم چەند فۆرم و شێوازی دڵشکان لە کتێبەکەی مندا ھەیە، بەڵام دەزانم شتێک لەوانەی لێرەدا باسیاندەکەم لەناو زیاد لە تێکست و دێڕ و پەرەگرافێکی ئەو کتێبەدا ئامادەیە.

لە دۆخی میلەتی ئێمەدا دڵشکان ھەلومەرجێکی سۆسیۆلۆژییە، بەزەحمەت کوردێک لە سەدەی بیستەمدا ئەدۆزینەوە نیگەران نەبێت و چەندەھا جار دڵی نەشکابێت، تووشی خەمۆکییەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی نەبووبێت، لەناو ژینگە گەمارۆدراوەکەیەدا نائومێد و لەتلەت و شڵەژاو نەبووبێت. دۆخی کوردبوون لە سەدەی بیستەمدا دۆخی دڵشکانی مرۆڤی ئێمەیە لە ھەموو شتێک، تەنانەت لە کەسایەتی خۆشی. بێگومان من لێرەدا باس لە کوردێک  دەکەم کە ھۆشیاریی ئەوەی ھەبێت لە بیماربوونەکانی کوردبوون تێبگات، کارەساتەکان بەچاوێکی ئینسانییەوە ببینێت و ئەو ئازار و سوکایەتییانە بناسێتەوە کە وەک مرۆڤ ڕووبەڕووی کراونتەوە. لە مێژووی سەدەی بیستەمی میلەتی ئێمەدا دڵشکان ئەزمونێکی دەستەجەمعیی گشتیی و ھاوبەشە. بەتایبەتی لە دۆخی ئامادەگیی بەردەوامی جەنگ و خوێن و وێرانبووندا، لە دۆخی ڕاکردنێکی بەردەوامدا، لەدۆخی شەرمکردنێکی گەورەشدا لە پێگەی دەستەجەمعی خۆت، لە وێناکردنی خود خۆیدا وەک کۆیلە، وەک بوونەوەرێکی لاوازیی قابیلی تێکشکان، وەک مرۆڤی بێمافی پلە دوو و پلە سێ. ئەم دۆخە دەستەجەمعییە نالەبارە دیاردەیەکی دروستکردوە کە دەشێت بە ”خودنەفرەتیی“ ناویببەین. کەمنین ژمارەی ئەو نووسەر و خوێندەوارانەی کورد کە کورد وەک وەحشیی و گەمژە و نەزان دەبینن و پێیان وایە کۆمەڵگایەکمان ھەیە لە ئاژەڵ زیاتر شتێکی تری بەرھەمنەھێناوە و بەرھەمناھێنێت. ڕەنگە لەدوای ”خودنەفرەتیی“ جولەکەکانەوە، خودنەفرەتیی کوردیی بەھێزترین شێوازی خودنەفرەتیی بێت لە دونیادا، ڕەنگە تەنانەت لە خونەفرەتیی جولەکە بەھێزتر و ھەمەلایەنتر بێت.

ئێستا لە بواری پزیشکیدا شتێک ھەیە بەناوی، پزیشکیی ئەتنیی، یان دەرمانسازیی ئەتنیی، ethnomedicine. ئەم بوارە تازەیە ھەندێک نەخۆشی جەستەیی و دەرونیی تاکەکەسیی بە ژینگەیەکی ئەتنیی و فەرھەنگیی تایبەتەوە و بە مێژوویەکی دەستەجەمعییەوە گرێئەدەن. پێموایە لە دۆخی میلەتی ئێمەدا دڵشکان و نیگەرانیی ئەو بیمارییە دەستەجەمعیی و نەتەوەییەیە کە  ئێمە لە سەدەی بیستەمدا تووشی بووین و بەدەستییەوە دەناڵێنین.

دڵشکان پەیوەندییەکی قووڵ و ھەمەلایەنیشی بە مەسەلەی نەمانی متمانەوە ھەیە. مرۆڤ کە متمانەی بە دونیا و بە مرۆڤ و بەو ژینگەیە نەما کە تیایدا دەژیی، یان کە متمانەی بە خۆی نەما، دەگۆڕرێت بۆ بوونەوەرێکی نیگەران، بۆ کەسێکی دڵشکاو. لەدەستدانی متمانە مەسەلەیەکی ھێجگار گرنگ و بنەڕەتییە. لە مێژووی فیکردا دەکرێت دوو وێنە بۆ مرۆڤ لەیەکتری جیابکەینەوە کە گرنگیی ئەم مەسەلەیەمان نیشانبدات. یەکەمیان ئەو دیدە ئەفلاتونیی و ئەرستۆییەیە کە پێیوایە گرنگترین ئاکار لە مرۆڤدا توانای بیرکردنەوە و ناسین و بەرھەمھێنانی مەعریفەیە لەسەر ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی. واتە وێناکردنی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی ناسەر و بیرکەرەوە. ھەرچی وێنەی دووھەمی مرۆڤە لەو دیدەدا بەرجەستەیە کە پێیوایە گرنگترین ئاکاری مرۆڤ ناسین و بیرکردنەوە نییە، بەڵکو توانای ئەوە بۆ بۆ کاری پێکەوەیی و ھاریکاریی و متمانەکردن بە یەکتری. من گەر ناچاربم لەنێوان ئەم دوو وێنەیەدا یەکێکیان ھەڵبژێرم ئەوا وێنەی دووھەم ھەڵدەبژێرم و ھاریکاریی و پێکەوەبوون و متمانەکردن بە مرۆڤەکانی تر و بە دونیا و بەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی بە گرنگترین ئاکاری مرۆڤ دەزانم. نیگەرانیی و دڵشکان لەدەستدانی ئەم متمانە و خواستی پێکەوەبوون و ھاریکارییە ئینسانییەیە.

کتێبی دڵشکان“ ھەوڵدانی منە بۆ ژیان لەگەڵ دڵشکاندا بەبێ تەسلیمبوون پێی، ھەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لەو ڕاستییە کە مرۆڤ بوونەوەرێکی شوشەیی و قابیلی وردوخاش و ھەپرون بە ھەپرون بوونە. تەحەدای سەرەکییش ئەوەیە چۆن مرۆڤ بتوانێت ئەو بەش و پارچانە کۆبکاتەوە و بوونەوەرێکی تازەیان لێ دروستبکات. کە جەنگ دێت ئێمە وردوخاش دەبین، کە عەشق دێت لەت لەت ئەبین، کە سەفەر دەکەین دەبین بەسەدان پارچەوە، کە ماڵ و ئولفەت لەدەستئەدەین ووندەبین، کە غەریبدەکەوین شتە بنەڕەتییەکانمان دەشکێت. ئەوەی گرنگە دروستکردنەوەیەکی نوێی سەرجەمی ئەو شتانە و شتگەلێکی تازەیە لەو پارچەپارچەبوونە. شیعر ئامرازی ئەو دروستکردنەوەیە. بەم مانایە دڵشکان دەشێت سەرەتی ھەوڵێک بێت بۆدروستکردنی ”سەرەتای نوێ“ و ”ژیانی نوێ“و ”فۆرمی نوێ لە خود“. ئەگەرێک بێت بۆ پەڕینەوە  بۆ ئەودیوی دۆخی دڵشکان، بۆ سەردەمی دوای دڵشکان.

بە کورتیی دڵشکان لەیەک کاتدا ھەم ھێمایە بۆ دۆخێکی وجودیی، ھەم بۆ دۆخێکی دەرونیی و ڕۆحیی، ھەم بۆ دۆخێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئەخلاقیی، ھەم بۆ دۆخێکی سیاسیی. دڵشکان باس لە جۆرێک لە مرۆڤ دەکات کە بە نیگەرانییەکی قووڵ و بەردەوامەوە بەناو مێژوو و پەیوەندییەکاندا تێدەپەڕێت و وەک بەشێکی ناوەکیی کیمیای ژیان و پەیوەندییەکان دەیبینێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار