هیوا قادر دەربارەی ڕۆمانە نوێیەکەی (ماڵی پشیلەکان) دەدوێت

5 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شاخەوان سدیق

نووسه‌رو شاعیرى و ڕۆمان نووس (هیوا قادر) له‌ نوێترین کاریدا، ڕۆمانێکى نوێ‌ به‌ناوى (ماڵى پشیله‌کان) چاپ و بڵاوده‌کاته‌وه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌ ئه‌زمونێکى نوێ‌ و تایبه‌تى نوسه‌ره‌ و باس له‌ په‌ناهه‌نده‌ى و تراژیدیاى ته‌نیاى مرۆڤ ده‌کات، بڕیاره‌ به‌م زوانه‌و له‌ ناوه‌ندى (ئه‌ندێشه‌)ى شارى سلێمانى، ئه‌م ڕۆمانه‌ نوێیه‌. بڵاوبکرێته‌وه‌. وه‌ک بڵاوکراوه‌ى (په‌ڕاو) ده‌رباره‌ى هه‌ندێک له‌ زانیارى ده‌رباره‌ى  ڕۆمانه‌که‌، به‌باشمانزانى ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵدا سازبده‌ین.بابه‌ته‌که‌ت له‌ ئێره‌ بنووسه‌

*یه‌که‌م جاره‌ له‌ ئه‌ده‌بى کوردیدا، به‌ر خوێندنه‌وه‌ى ڕۆمانێک بکەوم ته‌واوى چیرۆک و کاره‌کته‌ر و شوێن و فه‌زا و کلتوره‌که‌ى کوردى نه‌بێت، ته‌واوى ڕۆمانه‌که‌ش باسکردنبێت له‌ وڵات و فه‌زاو کلتورێکى تر، واته‌ جیاوازبێت له‌ چیرۆکى شۆڕش و به‌رگرى یان کاره‌سات و راپه‌رین و دواى شۆڕش یان داستان و چیرۆکى ئه‌وینى کوردیانه‌، به‌ڵام نوسه‌ره‌که‌ى کورد بێت و له‌ کوردستانه‌وه‌ ڕۆمانه‌که‌ى نوسیبێت، مه‌به‌ستمه‌ بپرسم بیرۆکه‌ى نوسینى ڕۆمانێکى وا له‌ چییه‌وه‌ هات و بۆچی؟

هیوا قادر: زۆرینەی جار دوای تەواوبوونی ئەو ڕۆمانە ئەورووپیانەی بە زمانی تر ئەم خوێندنەوە، هەڵوێستەیەکم ئەکرد و بە خۆمم ئەوت، منیش ئەتوانم لەم ئاستەدا ڕۆمان بنووسم و خوێنەرانێکی زۆری دنیاش بمخوێننەوە، منیش ئەو توانای خەیاڵ و دروستکردنی کەسایەتیانەم هەیە. لەبەرئەوە بڕیارمدا ڕۆمانێک بۆ خوێنەری ئەوروپی بنووسم، ڕۆمانێک تەواو لە دەرەوەی زمانی پەخشان و ئەو کەشوهەوایەوە بێت کە هەندێک جار خەیاڵی ناو زمانی کوردی و زەبری مێژووی شکستەکانی ئەیسەپێنن بەسەرتدا. لەسەرەتاوە بڕیارمدا ڕۆمانەکەم تەواو مۆدێرن بێت، باس لە مرۆڤی مۆدێرن و خەمەکانی بکات، لە ڕوویەکەوە بۆ ئەوەی هێزی خۆم وەک نووسەرێکی کورد پیشانبدەم کە هیچم کەمتر نییە لە نووسەرێکی ئەوروپی، هەمیش ڕۆمانە نوێکەم لێدانێک بێت لەو شێوازە باوەی گیڕانەوە کە زۆرینەی کات نووسەرانی ئێمە بە خۆشمەوە لەناو تاریکی بەردەوامی تراژیدیاکانماندا عاسی ئەکات. دیارە ئەو هەستکردن بە تەنهاییەم لەوەی بەرهەمەکانم نەگەیشتوون بە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان هەر هی من نییە و بەشێک لە نووسەرانی کوردیش هەیانە. ئەویش پەیوەندی بەو فەوزا سیاسی و کلتوورییەی کۆمەڵگەی کوردییەوە هەیە. بە گشتی ئەم بیرکردنەوەیە پاڵنەری سەرەکی من بوو بۆ نووسینی ڕۆمانەکە.

بەهەرحاڵ دوای بڕیاردانم لە نووسینی ڕۆمانەکە کەوتمە سەر کەڵکەڵەی بیرکردنەوە لە هەڵبژاردنی ستروکتوری زمانەکەیی و ئەو دنیایەی کە ئەبوو بیخولقێنم. من پێموایە بەشی هەرە زۆری ڕووبەری زمانی کوردی زیاتر هەست و سۆز داگیری کردووە، ئەم جۆرە زمانانەش بەهەشتی ڕاستەقینەی پەخشانن، پەخشانێک کە وا لە زمان ئەکات نەتوانێت یان نەیەوێت زۆر کۆنکرێت و چڕ گوزارشتەکانی خۆی دەربڕێت. هەندێک جار وا لە زمان ئەکات ترسنۆک دیاربێت و ڕاستەوخۆ گوزارشتی خۆی نەگەیەنێت. بە پێچەوانەی زمانە ئەوروپییەکانەوە کە زمانگەلێکن تا ڕادەیەک عەقڵانی ترن. بۆیە لە کاتی نووسینی ڕۆمانەکەدا زیاتر خوێنەرێکی ئەوروپیم ئەهێنایە بەرچاوی خۆم، بیرکردنەوەش لە خوێنەری ئەوروپی بیرکردنەوە لە وێنە و ڕوخساری کەسێکی ئەوروپی نییە، نەخێر بەڵکە ئیشکردنە لە ستراکچەری زمان و بیرکردنەوەدا، هەروەها گرنگیدانی زۆر بە دروستکردنی ڕووداوەکان و بەستنەوەیانە بەیەکەوە. من پێموایە پەخشان تا ئەو کاتە لە ڕۆماندا جوانە کە جێگا بە چیرۆکەکان و ڕووداوەکان لەقنەکات، نەبێتە ئەو فرە بێژییەی کە ڕووداو و کەسایەتییەکانت لەبیرئەبەنەوە. بموورن کە ئەڵێم خوێنەرێکی ئەوروپیم هیناوەتە بەردەمی خۆم، نیشانەی ئەوە نییە من حورمەتی خوێنەرە کوردەکانم نەگرم، ڕۆمانەکە خۆی بە کوردی نووسراوە، واتا لە ناو خەیاڵی زمانی کوردیدا کاری کردووە، مەبەستم ئەوەیە بڵێم کە تا ئەوپەڕی توانا هەوڵمداوە خۆم لە هۆنینەوەی پەخشان بدزمەوە و کۆنکرێت تر گوزارشتەکانی خۆم بگەیەنم، گرنگییەکی زۆر بدەم بە چیرۆکەکان، باس لە ژینگەیەک بکەم کە ژینگەیەکی ئەوروپییە، قسە لەو مانایانە بکەم کە بۆ مرۆڤی ئەوروپی بەهای خۆیان هەیە. بە گشتی فەزای ڕۆمانی ماڵی پشیلەکان باس لە تەنیایی مرۆڤەکان ئەکات، لەگەڵ پیشاندانی بەشێک لە هۆکاری گیرۆدەبوونی مرۆڤی مۆدێرن بە ئاژەڵەوە.

*ماڵى پشیله‌کان، که‌ ڕۆمانێکى قه‌باره‌ ٤٠٠ لاپه‌ڕه‌ییه‌، دابه‌شکراوه‌ به‌سه‌ر ٢٤ بەشدا، هه‌ریه‌ک له‌م بەشانەش تایبه‌ته‌ به‌ پێدانى زانیارى ده‌رباره‌ى جۆرێک له‌ ڕەگەزه‌ جیاوازه‌کانى پشیله‌، ده‌کرێت ئه‌م جیاکارى و دابه‌شکردنه‌ وه‌ک ته‌کنیکى گێڕانه‌وه‌ سه‌یربکه‌ین، یان وه‌ک پیشاندانی زانیارییه‌ شاره‌وه‌کانى ئه‌و گیانله‌به‌ره‌؟

هیوا قادر: من لەو بڕوایەدام نووسینی هیچ ڕۆمانێکی مۆدێرن کە بە فاکت قسەبکات بەبێ کۆکردنەوەی زانیاری مەحاڵە بنووسرێت و دواتریش سەرکەوتووبێت، چی تر نووسەری ئێستا ئەو نووسەرە نییە لەبەردەم مێزەکەی خۆیدا دابنیشێت و دەست بکات بە گێڕانەوە بەبێ گەڕان بەدوای ئەو زانیاریانەدا کە بۆ دنیای ڕۆمانەکەی پێویستی پێیەتی. من کاتێک بڕیارمدا پشیلە وەک ئاژەڵێکی سەرەکی ڕۆمانەکەم بەکاربهێنم، دەستم کرد بە خوێندنەوە و گەڕانێکی چڕوپڕ، لەو ماوەیەدا دوو دکتۆرام لەسەر پشیلە و خەسڵەت و خووە تایبەتەکانی خوێندەوە، سەیری دەیان گفتوگۆی تەلەفزیۆنیم کرد لەسەر پشیلە، جۆری نەخۆشییەکانیان، خەسڵەتە تایبەت و گشتییەکانیان و بارە دەروونییەکانیان، هەروەها پێگەی کلتور و زمان لە شێوازی میاواندنی پشیلەکاندا. زانیاریم زیاد لە سەر سەد ڕەگەزی جۆراوجۆری پشیلە کۆکردەوە و دواتر تەنیا نزیکەی چل دانەیەکیانم هەڵبژارد بۆ ئەوەی لە ڕۆمانەکەمدا بەکاریان بهێنم.

وەک ئەزانرێت پشیلە لە دنیای خۆماندا ئاژەڵێکە نیمچە ماڵییە و ماڵانگەڕە و کەم جار وەک ئاژەڵێکی ماڵی لە ماڵدا ڕائەگیرێت، دیارە ئەمە بۆ سەگ و زۆر ئاژەڵی تریش ڕاستە و گرێدراوی کلتووری کۆمەڵگەیە. هەربۆیە بیرکردنەوە و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ئاژەڵانەدا لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا بەراورد بە کۆمەڵگەی خۆمان زۆر جیاوازە. دیارە بەشێکی کەمی پەیوەندی بە بەردەوامی جەنگەکان و نەمانی حورمەتی ئینسانەوە هەیە لە کۆمەڵگاکانی وەک خۆماندا و دواتریش ئەو مرۆڤدۆستییەی بەرامبەر ئاژەڵەکان هەیە لە ئەوروپادا، لەگەڵ هۆکاری ئەو تەنهاییەی کە مرۆڤ لە کۆمەڵگە زۆر مۆدێرنەکاندا لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕووبەڕووی ئەبێتەوە.

بەکارهێنانی پشیلە وەک ئاژەڵێکی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا تا ڕادەیەک بیانوویەکە بۆ پیشاندانی تەنهایی مرۆڤ لە گۆشەنیگایەکی تا ڕادەیەک نەدیدەوە. من ئەبوو بیانوویەک بدۆمەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانم لەسەر تەنهایی ئینسانی مۆدێرن، هەروەها ئەو تەنهایی و شەڕکردنە ڕۆژانەییەی مرۆڤی پەناهەندە لەسەر شوناسی خۆی لە ئەوروپادا.

*تاچه‌ند ئه‌م ڕۆمانه‌ په‌یوه‌ندى به‌ یاده‌وه‌ریی تایبه‌ت بە خۆته‌وه‌ هەیە وه‌ک نووسه‌ر، به‌و پێیه‌ى سه‌رده‌مێک له‌ وڵاتى سوید ژیاویت و لەوێ ڕۆمانى منداڵانى گه‌ڕه‌کت نووسى و ئێستاش که‌ لێره‌ن ماڵى پشیله‌کانتان نوسیوه‌، که‌ شوێنى ته‌واوى ڕوداوى ڕۆمانه‌که‌ وڵاتى سویده‌، ده‌کرێت باسێکى ئه‌م به‌راورده‌م بۆ بکه‌ى؟

هیوا قادر: یادەوەری لای من بەشێکی گەورە لە بیرکردنەوە و کارکردنم پێک ئەهێنێت،کاتێک ڕۆمانی منداڵانی گەڕەکم نووسی و پێشتریش کتێبی سەفەرنامە، یادەوەری سەرچاوەیەکی بێ ئەندازە گەورەبوون لەبەردەممدا بۆ نووسین و خەلقکردنی کەسایەتییەکانی. بێگومان دورکەوتنەوە هەمیشە بۆ نووسەر ئەبێتە ئەو ڕووبەرە نوێیەی کە ئەتوانێت بێ لایەنانەتر و تا ڕایەک ئازادتر بنووسێت. ڕاستە ڕۆمانی منداڵانی گەڕەک باس لە قۆناغێکی مێژووی شاری سلێمانی و شۆڕشی کورد ئەکات، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە چنینی خەیاڵی خۆمن، لەسەر چەند ڕووداوێکی هاوشێوە دروستکراون کە هی سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕش و شەڕی ناوخۆن. بێگومان شوێن گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ خەلقکردنی ڕۆمان. ماڵی پشیلەنیش کە هەموو بەسەرهاتەکان و کەسایەتییەکانی سەر بە کۆمەڵگەی سویدن و لە ماڵی پشیلەکاندا ڕووئەدات، لە ماڵێکدا کە تەرخانە بە بەخێوکردنی پشیلە و فرۆشتنیان، هیچ پەیوەندی بە یادەوەری تاکەکەسی خۆمەوە نییە، بەڵکە بە شێوەیەکی گشتی پەیوەندی بەو دنیایەی ئەوروپاوە هەیە کە من پیشتر تیایدا ژیاوم، هەم لە ژینگەکەی و بیرکردنەوەی ئینسانەکان و کلتوورەکەیەوە. سەرلەبەری ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە تەنها خەیاڵی خۆمن و لە فۆرمێکی فیکشندا دامڕشتوون. بێگومان بەیارمەتی ئەو فاکتانەی کە لەسەر پشیلە خوێندوومنەتەوە. بەڵام ئەگەر من ئاشناییەکی تا ڕادەیەک باشم لەسەر ئەو کلتوورە نەبوایە، بێگومان هەرگیز نەم ئەتوانی ئەو کەسایەتیانە خەلقبکەم و بزانم کە چۆن ئەدوێن و چۆن بیرئەکەنەوە و خەیاڵیان بە دەوری چ تەمەنا و کێشەگەلێکدا ئەخولێتەوە. هەمان ئەو پرسیارە هاوڕێی چیرۆکنووسم ئارامی کاکەی فەلاح لێیکردم کە ئەڵێت: تا لە لە سوید بوویت ڕۆمانت لەسەر کۆڵانەکانی منداڵیت ئەنووسی لە کوردستان، کاتێکیش لە کوردستانی لەسەر سوید ئەنووسیت، ئایە بیرت لەم پارادۆسکە کردووەتەوە؟ ئایە تۆ لەوێیت یان لێرە؟ ئایە ڕۆمان ئەتوانێت ئەو دابەشبوونە چارەسەربکات؟ ئایە شوێنێک هەیە نووسەران بە شوێنی خۆیانی بزانن؟. من لە وڵامدا وتم: منیش هەمان ئەو پرسیارەم لە خۆم کردووە، بەڵام وەڵامەکەی نازانم! ئەوەندە نەبێت هەمیشە دوورکەوتنەوە لە شوێنێک وا ئەکات بیری بکەیت. ئەگەرچی من تازە هیچ شوێنێک بە هی خۆم نازانم، چونکە پێموایە شوێنی ڕاستەقینەی نووسەر، تەنیا نووسینەکانییەتی.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار