کەسانی تووشبوو بەنەخۆشییە دەروونییەکان بەئاراستەیەک براون کەجێگەی بەزەیی بن وەک لەتێگەشتن

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: خەمۆکی هۆکاری سەرەکی بێتواناییە لەجیهاندا

5 ساڵ لەمەوپێش



ئامادەکردنی: کەیوان کاوە

ماوەیەک دەبێت بەبێ ڕوودانی هیچ شتێک بێتاقەتییەک دایگرتوویت، بیردەکەیتەوە تاوەکو بزانیت هۆکارەکەی چییە و هیچ هۆکارێک نایەت بە مێشکتدا. پاش ماوەیەک لەم بێتاقەتییە هەوڵت داوە ڕابێیت و لەسەر ڕێچکەکەی پێشووتری ژیانت بەردەوام بیت بەڵام لە ناخی خۆتدا هەست دەکەیت هیچ ئامانجێکی نییە و تەنانەت شایەنی ئەوەش نییە. ڕەنگە چەند مانگێکیش تێپەڕبووبێت کە کۆتا جار هەمان چێژت لەو شتانە کردبێت کە پێشتر دەتکرد. ئەم بێ وزەییە کاریگەری لەسەر کارەکەت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت کردووە بە جۆرێک کە فۆرمەکەی گۆڕیوەو ئەو گاڵتەو قسەخۆشانەی جارانت نەماوە. بە خۆت دەڵێیت کە ماوەیەکەو کۆتایی دێت و دەگەڕێیتەوە سەر بارودۆخی پێشووتر، بەڵام لانی کەم چەند مانگێک دەبێت بەم شێوەیەیت. کاتێک بۆ کەسانی دەوروبەرتی ڕووندەکەیتەوە چۆنیت، هەست ناکەیت لێت تێبگەن و هەستت پێ بکەن، ڕەنگە گرنگی بە بابەتەکە نەدەن یاخود پێت شەرم بێت کە ئەم بێ وزەییەی خۆت باس بکەیت.

ئەم پارچە نووسینەی سەرەوە ڕەنگە کورتەیەک بێت لەوەی هەستی پێدەکەیت یاخود یەکێکی نزیکت بۆی باسکردبێتیت و زۆر تێنەگەشتبێتیت. لە وەڵامی ئەم قسانەدا وتراوە "ئەوەندە بیری لێ مەکەرەوە و خۆت بێتاقەت مەکە!" تەنانەت ڕەنگە وەکو شێوازێک ژیانکردن سەیر بکرێت لە کاتێکدا لە زانستی پزیشکیدا ئەم نیشانانەی لەم نووسینەدا هەیە زیاتر بەلای نەخۆشییەک دەشکێتەوە کە پێی دەگوترێت خەمۆکی. بە دڵنیاییەوە تەواوی نەخۆشییەکە لێرەدا کورت ناکرێتەوە بەڵام دەکرێت زانیارییەکی کورتی لەسەر بزانرێت. ژمارەیەک لە شارەزایان و پسپۆڕان لە بواری دەروونناسی، خەمۆکی وەکو نەخۆشی سەدەی بیست و یەک ناودەبەن و پێشنیاری ئەوە دەکەن کە گرنگی تەواوی پێ بدرێت. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (دەبلیو ئێچ ئۆ) لە ساڵی ٢٠١٧، خەمۆکی هۆکاری سەرەکی بێتواناییە لە جیهاندا کە دەبێتە هۆی باش ئەنجام نەدان یاخود نەچوونەوە بۆ سەر کار. هەروەها خەڵمێندراوە نزیکی ٣٠٠ ملیۆن کەس تووشی خەمۆکی بوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامارێکی لەو جۆرە لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا ژمارەکەی نەزانراوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە خۆکوشتن بە دووەم هۆکاری مردن دادەنرێت لە دوای ڕووداوی هاتووچۆ لە جیهاندا، ساڵانە ٨٠٠،٠٠٠ کەس بەهۆی خۆکوشتنەوە گیان لەدەستدەدەن. ئەمە لەکاتێکدایە خۆکوشتن یەکێکە لە لێکەوتەکانی خەمۆکی. هەڵبەت خەمۆکی تەنها نەخۆشییەکەو پێویستە لەتەواوی بابەتەکە وردببینەوە تاوەکو دیدگایەکی باشترمان هەبێت سەبارەت بەنەخۆشییە دەروونییەکان.

زاراوەی سایکۆلۆژی یان دەروونناسی دەگەڕێتەوە بۆ زمانی لاتینی کە بەمانای "زانستی ڕۆح" دێت. ئەم زاراوەیە لە دونیای مۆدێرندا بە مانای زانستی بیرکردنەوەو خوو و کردارو کارلێکی ئاسایی مرۆڤ بەکاردێت، واتە دیاردەیەکی نوێ و شێوازی تێڕوانین و بیرکردنەوە دەچنە ژێر چەتری ئەم زاراوەیەوە. لە زمانی ئینگلیزیدا دەستەواژەی (سایکایەتری) بەکاردێت بۆ زانستی نەخۆشییە دەروونییەکان و هەر بارودۆخێکی نائاسایی بابەتەکانی سایکۆلۆژی یاخود دەروونناسی و لەزمانی کوردیدا پێی دەوترێت زانستی نەخۆشییە دەروونییەکان. لەکۆتاییەکانی ساڵی (٨٠٠)ەکاندا، بۆ یەکەمجار (د. محەمەد ئیبن زەکەریا ئەلڕازی) باسی لە نەخۆشییە دەروونییەکان کردووەو هەوڵی چارەسەرکردنی نەخۆشی داوە لە نەخۆشخانەی بەغداد. بۆیە دەبینین بابەتە دەروونییەکان هەمیشە جێگەی سەرنجی مرۆڤ بوون و هەوڵی تێگەشتنیان دراوە. بەڵام بەداخەوە نەخۆشییە دەروونییەکان تێڕوانینێکی ئەگەر خراپ نەبێت، بەڵکو ناڕاستییان لەسەرە. هەڵبەت ئەم تێڕوانینانە هۆکاری زۆریان لە پشتەوەیە، سەرەکیترینان کەمی زانیارییەو بڕیاردانە لەسەر بابەتەکە بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی باوەڕپێکراو لەسەر دەروونناسی بەزمانی کوردی و پشتگوێخستنی تەواوی ئەم لایەنەی تەندروستی مرۆڤ بە تایبەت لەلایەن میدیاکانمانەوە کە کاریگەری گەورەیان هەیە لەسەر ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە. بە گشتی ئەگەر ئاوڕێکیش لەم بابەتە درابێتەوە ئەوا بە شێوەیەکی دواکەوتوو بەرجەستە کراوەو کەسانی تووشبوو بە نەخۆشییە دەروونییەکان بە ئاراستەیەک براون کە جێگەی بەزەیی بن وەک لە تێگەشتن. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەستەواژەی نەخۆشی دەروونی تەنیا چەند حاڵەتێک دەگرێتەوەو ئەو کەسانە دێنێتە پێش چاو کە پێیان دەگوترێت "شێت". لەگەڵ ئەوەی زانستێکی تەواو هەیە لەپشت ئەم شێتەوە، ئەم حاڵەتە تەنیا بەشێکی بچووکە لە نەخۆشییە دەروونییەکان.

ستیگما و تێڕوانینانی ناڕاست لەسەر نەخۆشییە دەروونییەکان لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیدا بوونیان هەیە، بەپێی توێژینەوەکان ئەمانە دەگرنەوە:

- ئەوەی نەخۆشی دەروونی هەیە "شێتە"

نەخۆشییە دەروونییەکان زۆر زۆرن و تەنانەت دەکرێت ئەو شێتبوونە دەرکەوتەیەکی کاتی بێت. خەمۆکیش نەخۆشی دەروونییەو نیشانەی سەرەکی بێتاقەتی و بێ وزەیی بەردەوامە.

- تەنیا کەسانی لاواز تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن

ئەم نەخۆشییانە هیچ پەیوەندییەکان بە لاوازی و بەهێزی دەروونی مرۆڤەوە نییە. وەک هەر نەخۆشییەکی تری جەستەیی ئەگەری سەرهەڵدانیان لە هەموو کەسێکدا هەیە. کەسانێک هەن کە بە خاوەن دەروونێکی جێگیر بوون تەواوی ژیانیان و دواتر لە قۆنا‌غێکدا تووشی نەخۆشی دەروونی هاتوون. ئەم قسەیە بە تایبەت لەسەر ڕەگەزی نێرینە کاریگەری هەیە بەوەی وا دەکات ئەگەر پێویستیان بە چارەسەر بێت وەرینەگرن بەهۆی ترس لەوەی کە بە تاکێکی لاواز ببینرێن، چونکە ڕەگەزی نێرینە نابێت لاواز بێت و تووشی نەخۆشی دەروونی ببێت. توێژینەوەکان دەریانخستووە مردن بە هۆی خۆکوشتنەوە لە پیاواندا زۆرترە وەک لە ژنان، لە کاتێکدا هەوڵی خۆکوشتن لە ژناندا زیاترە.

- هەموو شتێک بەدەست خۆتە

زۆرکات کەسێکی نزیک یاخود خۆت هاتبێت بە خەیاڵتدا کە بیرکردنەوەو هەر کێشەک تێیدا لەتەواوی کۆنتڕۆڵی خۆتدایە. بەڵگەیەکی زۆر سادە دژی ئەم قسەیە بریتییە لەوەی ژمارەیەک نەخۆشی هەن کە بەهۆی نایەکسانی ماددە کیمیاییەکانی مێشکەوە ڕوودەدەن و پێویستییان بە ڕێککردنەوەیە لەپاڵ گفتوگۆی دەروونی. لەبەر ئەمە پێوسیتە بەدوای هۆکارەکاندا بگەڕێن و مەرج نییە پەیوەندی بە توانای کۆنتڕۆڵکردنەوە هەبێت.

- نەخۆشییە دەروونییەکان چآرەسەریان نییە

وەکو هەموو نەخۆشییەکی تری جەستەی مرۆڤ، حاڵەتە دەروونییەکان چارەسەری خۆیان هەیە. بە هەمان شێوە هەندێ حاڵەتی دەروونی هەیە کە پێویستیان بە دەرمانی درێژخایەنە یاخود چارەسەری بنەبڕیان نییە وەکو شەکرە و بەرزی فشاری خوێن و هتد.

- باشترین ڕێگە بۆ دەربازبوون لە فشاری دەروونی پشتگوێخستنە تاوەکو بیرت دەچێتەوە

ڕاستییەکی نکۆڵی لێ نەکراوە کاتێک فشارێکی دەروونی بۆ ماوەیەکی زۆر لەمێشکی مرۆڤدا دەمێنێتەوە کاریگەری خراپ بەجێدەهێڵێت ئەگەر هەوڵی تێگەشتن لێی و کەمکردنەوەی نەدرێت. یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگەکان بریتییە لە باسکردنی هەست و بیرکردنەوەت لەلای کەسێک کە جێی متمانەتە. هەڵبەت پزیشکی دەروونی و ڕاوێژکاری دەروونی شارەزای بوارەکەن، بەڵام دەرکەوتووە کەسێکی نزیکت کە متمانەت پێیەتی و هەوڵدەدات تێبگات سوودی زیاتری هەیە.

گرنگە هەموو تاکێک لەهەوڵی ئەوەدا بین بەشێوەیەکی ئاسایی باسی لایەنی دەروونی مرۆڤ بکەین چونکە وەکو هەموو نەخۆشییەکی جەستەیی، نەخۆشییە دەروونییەکان ئەگەریان هەیە تووشی هەموو کەسێک ببن. کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی دەروونی جێگەی بەزەیی نین، تەنیا پێویستیان بەڕێز و سەرنجی پزیشکی هەیە. هەمیشە دەوترێت "عەیبە ئەوە نییە بچیتە لای پزیشکی دەروونی. عەیبە ئەوەیە کەسانی دەورت ئازار بخۆن بەهۆیەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار