محەمەد شوکری و بەهاری هاوڕێیەتی -گفتوگۆ لەگەڵ پۆڵ بۆڵز-

5 ساڵ لەمەوپێش



له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌: شوان ئەحمەد

*کەی و لە کوێ‌ محەمەد شوکریت ناسی؟

-ڕۆژێکیان ئێدوارد ڕۆدێتی نوسەر، هات بۆماڵمان و پێی وتم: (نوسەرێکی گەنجی بەهرەمەندی مەغریبی دەناسم و پێویستە تۆش بیناسیت).

چەند ڕۆژێک دوای ئەوە ئێدوارد خۆی بەماڵداکردو محەمەد شوکریشی لەگەڵدابوو. ئەوکات شوکری شانۆنامەو کورتە چیرۆکی دەنوسی. تێکستێکیم تەرجەمەکردو  تێکستەکەش کورتە چیرۆکێک بوو. ناردم بۆ دانییل هاڵبرن تالە گۆڤاری Antaeus   بڵاو بکرێتەوەو ئەوە بوو بڵاوکرایەوە.

سەروەختێک پیتەر ئۆین هات بۆ تەنجە، ئەو ژمارەیەی گۆڤاری Antaeus داێ‌ و زۆری بەدڵ بوو. پێی وتم: (ئەم تێکستە جوانە و دەمەوێت نوسەرەکەی ببینم)، وتم (باشە). شوکریم لەگەڵ خۆمدا برد بۆ ئوتێل (ڤیلا دوفرانس)، ئاخر پیتەر ئۆین لەوێ‌ دابەزیبوو.

لەنزیک مەلەوانگەی ئوتێلەکە دانیشتبوین، پیتەر ئۆین بە محەمەد شوکری وت: (دەقەکەتم زۆر بەدڵ بوو)، دوای ئەوە وتی: (ئایا ئەوە سەرەتای ڕۆمانێکە). شوکریش دەستبەجێ‌، بێ‌ ئەوەی دابمێنێ‌ وەڵامی (بەبەڵێ‌)دایەوە.

ئەوەی وتی ڕاست نەبوو، ئاخر دەقەکە هەر کورتە چیرۆکێک بوو. پیتەر ئۆین وتی: (دەمەوێت بەشەکانی دیکەشم دەست کەوێت، ڕوداوەکانی دواتری چین؟ گەر پێت خۆش بێت، دەتوانین هەر ئێستا گرێ‌ بەستێ‌ بکەین).

لە گیرفانیدا گرێبەستێکی دەرهێنا، ئاخر ئەوە پیشەی بوو. شوکریش زۆر دڵخۆش بوو، واژۆی لەسەرکردو وتی (چاکە). دواتر پیتەر ئۆین ڕویکردە من و وتی: (ڕۆمانەکەی وەردەگێڕێت؟)، منیش وتم: (وادەکەم).

پاشان من و شوکری دەستمان بەقسەکردو ڕێکەوتین لەسەر دەسکەوت و پاداشتی وەرگێڕانی ڕۆمانەکە. ڕێکەوتین لەسەرئەوەی، داهاتەکەی بەنیوەیی بەش بکەین. ئەوەی شوکری دەینوسی وەرم دەگێڕا. سەرەتا کە وەڵامی پرسیارەکەی پیتەر ئۆینی دایەوە، نەمدەزانی درۆ دەکات. وامدەزانی ئەو دەقەی بڵاوی کردۆتەوە، بەشێکە لە کتێبێک.

بەڵام ئەوە ڕاست نەبوو، ئاخر ئەو هیچ شتێکی نەنوسی بوو، بەڵکو دوای واژۆکردنی گرێبەستەکە دەستی بەنوسینی کرد.

هەموو ڕۆژێک سەردانی دەکردم. بەزمانی عەرەبی و بەپیتێکی درشت دەینوسی. هەموو ڕۆژێک دوو لاپەڕەی گەورەی دەنوسی و لە تەرجەمەکردنی ئەو دوو لاپەڕەیەشدا کۆمەکی کردم، چونکە من پێشوەختە ئاگادارم کردبووەوە لەوەی، من عەرەبی فوسحا نازانم.. ئاخر ئەو پێی وتم کەوا تێکستەکەی بەقەواعیدی دەنوسێت، نەک بەجڵفە. منیش وتم: (باشە ڕازیم)

کەدەستمان بەتەرجەمە دەکرد، مانای هەر ڕستەیەکی بە ئیسپانی و هەندێ‌ جاریش بەفەرەنسی بۆ ڕونکردمەوەو گەر پەیوەندی بە گفتوگۆشەوە هەبوایە، ئەوا بە جڵفە تێیدەگەیاندم. ئابەو شێوازە سەیرە (نانی ڕووت)مان هێنایە بەرهەم.

لای خۆمەوە هەوڵێکی زۆرم بەخەرجدا تا ئەو مانایانەی ئەو مەبەستی بوو، بگوازمەوە بۆ زمانی ئینگلیزی و شوکریش مکوڕ بوو لەسەر ئەوە. بیرمە ئەوکات و دواتریش، شوکری ئالەوێدا (ئاماژە بۆ هۆڵی خانووەکەی دەکات)، ڤۆدگای دەخواردەوە. ئەو ڤۆدگایەش کابرایەکی ڕوسی بۆی دەهێنام ناوی ڤیکتۆربوو.

ئەو کابرایە کوڕێکی هەبوو هەر زۆر سەیربوو. کەسێکی ئاسایی نەبوو. ناتەواوبوو. ماوەیەک  لە شێتخانە مابووەوە. کەلێرەش بوون سەردانی بەشی دەرونی نەخۆشخانەی تەنجەیان کردبوو. ڤیکتۆر کە ئەو ڤۆدگایەی بۆدەهێنام، کۆچی دایکرد. ژمارەیەکی زۆر قاپە ڤۆدگای بۆ هێنام و لە کەشتیەکی ڕوسیادا خاوەنی ( هەرزاڵێک )بوو. بەدەوری دەریای سپی ناوەڕاستدا دەسوڕایەوەو دەچوو بۆ دورگەکانی جەعفەریەش.

ڤیکتۆ دەیتوانی بەنرخێکی هەرزان ڤۆدگای دەست کەوێت. هەم لەبەرئەوەی کەشتیەکە ڕوسی بوو، هەم  لەبەرئەوەشی خۆشی خەڵکی ڕوسیابوو، هەرچەندە بووبووە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکیش. هەرگیز ناوی ڕاستەقینەی خۆی پێنەوتم، بەڵام فلیپ (ڕایمی موزسیان و هاوڕێی پۆڵ پۆڵز بووە)، دەیناسی و ناوی ڕاستەقینەی کرۆبکۆف  kyopkoff بوو.

هەموو ئەو قاپە ڤۆدگایانەی هێنابوونی بۆ ئێرە، محەمەد شوکری خواردنیەوە. دیارە بەلایەوە زۆر خۆش و بەتام بووە. چەندین جار ئالێرەدا پاڵ دەکەوت و توانای لەسەرپێ‌ وەستان و ڕۆشتنی نەدەماو خەوی لێدەکەوت. میوانەکانم هەمویان دەربارەی شوکری دەیانوت: (ئای ئەوە کابرا مەستەکە هاتەوە)

ناوی سەرخۆشیان لێنابوو، چونکە بەردەوام مەست و خومار- سەکران بوو- (پۆڵ بۆڵز بەعەرەبی وادەڵێت). وەک هەموو سەرخۆشێکیش، خەڵک و خوای جاڕس دەکرد. ئەوانەی مەست و خومارن، هەمیشە کەسانێکی بەدفەساڵن، لەبەرئەوەی ئۆغرو مەنتیقی نین. بێئاگان لەوەی چی دەکەن. بۆیە هەڵسوکەوتکردن لەتەکیاندا زەحمەتە. چەندین جار سەری داویەتی بە دیوار و دەرگا و مێزدا.

 

*ئەڵبەتە چەند تێکستێکی محەمەد شوکریت وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیزی، ئەو چیرۆکانەت بیردێتەوە کە بەرلەوەی (نانی ڕووت) وەربگێڕیت کردبونت بە ئینگلیزی، بەتایبەت ئەوەی لەنێو کتێبەی (پێنچ نیگا1974)دا بڵاوکراوەتەوە؟

 

-بەڵێ‌ بیرم ماوە و دەتوانم ناوی چیرۆکی (بشیر حیا أو میتا) بێنم.

 

*ئەو چیرۆکانە چۆن هەڵدەسەنگێنێت؟ ئایا وێنەیەکی دیاریکراو لەبارەی وڵاتێکی دیاریکراوەوە (مەغریب) نیشان دەدات؟

-بەڵێ‌، لەوباوەڕەدام. بەدڵنیاییەوە. من محەمەد شوکری وەک نوسەرێکی ڕیالیستی دەناسم. ئەو حەزبەوە دەکات واقیع بەرهەم بێنێتەوەو پێموایە جۆری ئەو واقیعەشی ئەو خۆی لەقەرەی دەدات، واقیعی کۆمەڵایەتیە. کەواتە پێویستە وەک هەقیقەتگەلێگ مامەڵەیان لەگەڵدا بکەم. بەتایبەت کە شوکری لە نوسینەکانیدا، جڵەو بۆ ئەندێشەی شل ناکات و گەربیشی کات، ئەوا بەکەمی ئەوکارە دەکات. تێکڕای نوسینەکانی محەمەد شوکری ، ئەدەبی بایۆگرافییە.

 

*مەبەستت ئەوەیە جۆرێکە لە بیرەوەری؟

-بەڵێ‌.

 

*واتە شتگەلێک کە شوکری بینیویەتی، یاخود بیستویەتی؟

-بێگومان. سەرجەم بابەتەکانی (نانی ڕووت)، پەیوەندییان بە یادەوەری و بیروەریەوە هەیە. سەر بەو ڕەگەزە ئەدەبیە بەربڵاوەن کە پێیدەڵێن بایۆگرافیا.

 

*تۆ باس لە ئامادەگیەکی کەم و تەنکی ئەندێشە، یاخود هەر نەبوونی لە نوسینەکانی محەمەد شوکریدا دەکەیت. وەلێ‌ من پێموایە لە (نانی ڕووت)دا ئاستێکی دیاریکراو لە ئەندێشە بونی هەیە، لەبەرئەوەی لەبنەڕەتدا تێکستەکە ڕووی لە جەماوەرێکی خۆرئاواییە کە ئاسۆی چاوەڕوانی، جیاوازترە لە ئاسۆی چاوەڕوانی جەماوەری عەرەب.  ڕوکردنە ئەو جەماوەرەش، پێویستی بەوەیە نوسەرەکەی بزانێت لە کتێبەکەیدا باس لەچی دەکات و دەست بۆچی دەبات. بۆیە دەبێت لانی کەمی سیحرو سەرسامی بۆ فەراهەم بکات. ئایا ئەم کتێبە (واتە نانی ڕووت)، دوای ئەوە نەنوسراوە کە محەمەد شوکری واژۆی گرێبەستێک لەگەڵ بڵاوکارێکی بیانیدا دەکات و بڵاوکارەکەش پێداگیری دەکات لەسەر ئەوەی، دەبێت کتێبەکەی هاوشێوەی کتێبەکەی (ئەلعەرەبی ئەلعەیاشی) بێت؟

-زۆرێک لە مەغریبییەکان هەمان شت دەڵێن. وەلێ‌ شوکری دەیەوێت سەرنجی کێ‌ بۆلای خۆی ڕابکێشێت؟ بێگومان سەرنجی من نا (پێدەکەنێت). ئەڵبەتە ئەو زۆر باسی سێکس دەکات و سێکسیش بابەتێکی زۆر نایابەو لە خۆرئاوا حەزی پێدەکەن. من دەزانم شوکری زۆر چاک ئاگاداری ئەوشتانەبووە (لەبەرئەوەی پیتەر ئۆربن حەزی بە کتێبێک بوو، لەشێوەی کتێبەکەی ئەلعەیاشی). ئاخر خۆ شوکری کابرایەکی گژۆژە نەبوو. هەندێجار هەست دەکەین کەسێکی کاڵفام بووبێت، بەڵام وانەبووە.

لەو بڕوایەدام هەڵوێستی لە ئەدەب هەڵوێستێکی خۆرئاواییانە بووە، زیاتر لەوەی هەڵوێستێکی عەرەبی یان مەغریبی بووبێت. نوسینی نوسەرانی ڕوسیا و فەرەنسای خوێندبووەوە. من ئەو هەوڵەیم بەلاوە باش بوو، چونکە ئەوە زیاتر دەیکردە کارەکتەرێکی جیهانی، لەوەی بهاتبایە تەنها هەر دەربارەی فاس یان دەربارەی ژیان لەبەشە کۆنەکەی تەنجە بینوسیایە.

محەمەد شوکری دەربارەی ئەو شتانە دەینوسی کە خۆرئاواییەکان حەزیان پێدەکرد، یاخود لەگەڵ چەشەی ئەم سەردەمەی ئێستای خۆرئاوادا دەگونجان. سەرباری ئەوەی خۆرئاوا بۆخۆی دنیایەکی زۆر گەورەیە.

شوکری هەمیشە ئەو هەستەی هەبووە کە ئەدەب لە جیهانی عەرەبیدا بونی نییە. بەلای ئەوەوە ئەدەبی ڕاستەقینە، لەدەرەوەی سنوری وڵاتانی عەرەبیدا بونی هەبووە . یەکێک بووە لەوانەی بەوپەڕی ڕاشکاویەوە قسەی کردووە، چونکە نوسەران لەوڵاتانی عەرەبیدا، ناتوانن هەموو ئەوشتانە باس بکەن کە بەسەریاندا هاتووە.

پێودانگ و نۆرم و بەهای زۆر دۆگما هەن و دەرچون لەوانەش، ڕووبەڕووی ڕەخنەی هەموولایەکمان دەکاتەوە. واتە لەلایەن هەموو عەرەبەوە ڕەخنەباران دەکرێین. بەڵام شوکری بوێری نواندو باسی لەشتگەلێک کرد کە لەڕاستیدا، لە وڵاتی عەرەبیدا زۆر قسەیان لەبارەوە ناکرێت. شوکری پڕکێشی کردو نەترسا (پێدەکەنێت)

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار