له‌یادى 17ى شوباتدا باوکى شه‌هیدان رێژوان و سورکێو داواکاریان هه‌یه
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
له گردى سه‌یوان، یادى یه‌که‌م شه‌هیدى 17ى شوبات کرایه‌وه و باوکى شه‌هید رێژوان و سورکێو داواکارییه‌کانیان خسته‌روو.
سه‌ره‌تاى چالاکیه‌کانى هه‌شت ساڵه‌ى یادى 17ى شوبات، له گردى سه‌یوان، یادى یه‌که‌م شه‌هیدى خۆپیشاندانه‌کان کرایه‌وه که شه‌هید رێژوان عه‌لى بوو، دواتر بریاره یادى یه‌ک به یه‌کى شه‌هیده‌کانى تر ده‌کرێته‌وه.
حاجى عه‌لى کاشی، باوکى شه‌هید رێژوان، له وتارێکدا بۆ ئاماده‌بوان رایگه‌یاند": هێشتا داواکاریه‌کانى شه‌هیدان و خۆپیشانده‌رانى 17 ى شوبات به‌دى نه‌هاتون و بۆ به‌دیهێنانى ئه‌و ئامانجانه، خه‌باتیان به‌رده‌وام ده‌بێت.
بڕیاریشه، دوانیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ خه‌ڵاتى 17ى شوبات له هۆڵى رۆشنبیریى سلێمانی، به‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌دا دابه‌ش ده‌کرێت که شیاوى وه‌رگرتنى خه‌ڵاته‌که‌ن و رۆژانى تریش چالاکیه‌کان به‌رده‌وام ده‌بن.
مه‌راسیمى یادى شه‌هیدان به‌به‌شدارى که‌سوکارى شه‌هیدان و هاوڵاتیان له شارى سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو، و باوکى شه‌هید سورکێو له مه‌راسیمه‌که‌دا ڕایگه‌یاند، بکوژانى شه‌هیدانى ١٧ى شوبات له‌برى دادگاى کردن پله‌یان به‌رزکراوه‌ته‌وه.
له وتاریکدا باوکى سورکێو ڕایگه‌یاند:" بکوژمان هه‌یه فه‌رمانى گرتنى هه‌یه، به‌ڵام له ئێستادا پله‌که‌ى به‌رزکراوه‌ته‌وه کراوه به به‌رپرسى پۆلیسى سلێمانی".
هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند:" هه‌موو جارێک له دادگا داواى ته‌میزى کردووه و به سودى ئه‌و بڕیارى دادگا ته‌میز کراوه‌ته‌وه به‌ڵام له برى ده‌ستگیرکردن پله‌ى به‌رزکراوه‌ته‌وه".
هاوکات، باوکى سورکێو ره‌خنه‌ى له یه‌کێتى و پارتى گرت و تۆمه‌تبارى کردن به کوشتنى شه‌هیدانى 17ى شوبات.