پرسی هەماهەنگی پێشمەرگەو سوپا ناڕوونە

بڕیارە لەم رۆژانەدا لیژنە هاوبەشەکانی پێشمەرگەو سوپا کارەکانیان تەواوبکەن بۆ هەماهەنگیکردن لەناوچە جێناکۆکەکان

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پێنج لیژنەی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لەکارەکانیان بەردەوامن بۆ پرسی هەماهەنگی لە پرسی ناوچە جێناکۆکەکان،  بەڵام هێشتا میکانیزمی هەماهەنگییەکە ناڕوونە و بڕیاری لەسەر نەدراوە.

ئەو لیژنانە لە کۆبوونەوەی چواری ئەم مانگەی لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق پێکهێنران، بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەماهەنگی نێوان هەردوولا لە ناوچە جێناکۆکەکان.

پێکهێنانی ئەو لیژنانە دوای زیاتر لە ساڵێک هات لە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپا بەهۆی رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، کاتێک سوپای عێراق بەرەو ناوچە جێناکۆکەکان هێرشی کرد و تەواوی ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵکرد کە ماوەی چەند ساڵێک بوو لەژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەدا بوو.

بەدرێژایی ئەو ماوەیە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە داوایان لەبەغدا دەکرد هەماهەنگی سەربازی نێوانیان دەستپێبکاتەوە، بەڵام بەغدا وەڵامی داواکانی نەدەدایەوە.

 جموجۆڵی شانە نوستووەکانی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان بە سودوەرگرتن لە بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە، جارێکی تر هەردولای ناچارکرد بیر لە پرسی هەماهەنگی سەربازی نێوانیان بکەنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا دەستیان بە کۆبوونەوەکانی نێوانیان کردەوە.

لیوا قارەمان کەمال جێگری سەرۆک ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوڵاتی راگەیاند، لیژنەکان لەکارەکانیان بەردەوامن و هێشتا کارەکانیان تەواونەکردووە، لەسەر بنەمای راپۆرتی لیژنەکان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق بڕیار لەسەر چۆنیەتی کاری هاوبەش دەدەن لە ناوچە جێناکۆکەکان.

پێنج لیژنە هاوبەشەکەی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق لەچوارچێوەی کارەکانیاندا سەردانی میحوەرەکانی ناوچە جێناکۆکەکانیان کردووە، وەکو میحوەرەکانی کەرکوک، خانەقین، موسڵ و دەیانەوێت پرسی هەماهەنگی لەتەواوی ئەو ناوچانە زیندوو بکەنەوە.

لیوا قارەمان کەمال وتی «جارێ زووە بۆ قسەکردن لەسەر پرسی هەماهەنگی و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، تا کارەکانیان تەواو نەبێت پرسە بەتەواوی روون نابێتەوە».

لیژنەکان ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە کارەکانیان دەستپێکردووە، بەڵام دوور لە چاوی راگەیاندن کارەکانیان ئەنجام دەدەن، تا ئێستاش بەدیاریکراوی دیار نییە کەی کارەکانیان کۆتایی دێت و راپۆرتەکە دەخەنە بەردەست وەزارەتی پێشمەرگە وەزارەتی بەرگری عێراق.

لیوا قارەمان کەمال باسی لەوەکرد، پێدەچێت لەم رۆژانەدا کارەکانی لیژنەکە کۆتایی بێت و راپۆرتەکەیان بخەنە بەردەست هەردوو وەزارەت بۆ تاوتوێکردنی و چۆنیەتی کاری هاوبەش.

وتیشی «تا ئێستا  نازانین چی لە هەگبەی سوپای عێراقدایە لەو بارەیەوە، نازانین بەنیازی چین و ئایا هەماهەنگییەکە وەکو پێشوو دەبێت یان بەشێوەیەکی دیکە دەبێت، بەڵام هیوادارین عێراق کارئاسانی بکات بۆ ئەو هەماهەنگییە».

لەدوای روخانی رژێمی سەدام حوسەینەوە لەئازاری ٢٠٠٣ پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق چەندین جار گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لەچەند پرسێکدا هەماهەنگ بوون و هەندێک جار پەیوەندییەکانیان بەتەواوی پچڕاوە.

لەحوزەیرانی ٢٠١٤دا و دوای شکستی سوپای عێراق بەرانبەر هێرشەکانی داعش و پاشەکشەی سوپا لە موسڵ و کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە، هێزەکانی پێشمەرگە تەواوی ناوچە جێناکۆکەکانیان کۆنتڕۆڵکرد و رێگریان کرد داعش دەستبەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێت.

بەدرێژایی شەڕی دژی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکان کە تا کۆنترۆڵکردنی موسڵ لە ساڵی ٢٠١٧، پێشمەرگە و سوپا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ژوری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان هەبوو، پێکەوە شانبەشانی یەکتر لەدژی داعش دەجەنگان.

بەڵام دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ بارودۆخەکە گۆڕا و پەیوەندییەکانی پێشمەرگە و سوپا لە هەماهەنگیەوە بۆ هۆشداری و هەڕەشە گۆڕا، کاتێک هەرێمی کوردستان ریفراندۆمی ئەنجامدا و بەغداش هەڕەشەی لەشکرکێشی کرد بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، تا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا دەستی بەسەر تەواوی ئەو ناوچانەدا گرت، بەوەش پەیوەندییەکانیان بەتەواوی پچڕا.

جەبار یاوەر ئەمیندار و وتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوڵاتی راگەیاند، لیژنەکان لەکارەکانیان بەردەوامن، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ زانیارییەک لەبارەی کاری لیژنەکانەوە بخاتەڕوو.

بەڵام کۆتایی مانگی رابردوو جەبار یاوەرلە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاندبوو، لێک تێگەیشتنێکی هاوبەش ‌ لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق هەیە بۆ رێگەگرتن و رووبەڕووبوونەوەی جموجۆڵ و کاری داعش. کە هێڵی بڵاوبوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراق لەناوچەکانی دیالەو سەلاحەددین و کەرکوک و مەخمور و موسڵ دان.

جەختیشیکردبووەوە «لەلایەکی ترەوە، بۆ بنبڕکردنی ئەو جموجۆڵ و کارە تیرۆریستیانە و کۆتایی هێنان بەداعش لەوناوچانە، پێویستە هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش هەبێت لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو هێزەکانی سوپای عێراق، ئێمە چاوەڕێی دانیشتنی هاوبەش دەکەین بۆ داڕشتنی ئالیەتی پێویست بۆ ئەو کارە».

هەوڵەکانی هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری عێراق بۆ پرسی هەماهەنگی لە بواری سەربازیدا هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەرەتای ئەم مانگە لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، پێویستە ستراتیژێکی تازەی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەلایەن هاوپەیمانیی دژی داعشەوە بە بەشداریی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی عێراقی دابنرێت.

هەروەها ئامادەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بۆ هەرچەشنە هاوکارییەک لەگەڵ هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دووپات کردەوە.

تا ئێستا بەرپرسانی عێراق هەڵوێستێکی رونیان رانەگەیاندووە لەبارەی شێوازی هەماهەنگی سەربازی لەگەڵ پێشمەرگە، بەڵام چەند جارێک جەختیان لە هەماهەنگیکردن کردووەتەوە بۆ رێگری لەسەرهەڵدانەوەی داعش بەتایبەتی لەناوچە جێناکۆکەکان.

رۆژی سێ شەممە عوسمان غانمی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق سەردانی کەرکوکی کرد و لەگەڵ هێزە جیاوازەکانی سوپا کۆبووەو جەختیکردەوە لەسەر کارکردنی جیاواز لەگەڵ خەڵکی پارێزگاکە بەو پێیەی کەرکوک تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام هیچ قسەیەکی لەبارەی پرسی هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگەدا نەکرد.

بەوتەی بەشێک لەبەرپرسانی پێشمەرگە پرسی هەماهەنگی ئەمجارە هاوپەیمانانیش تێیدا بەشدارن و فشاریان کردووە لەو رووەوە، پێدەچێت میکانیزمەکە بەجۆرێک بێت کە پێشمەرگە و سوپا سنوری ناوچە جێناکۆکەکان بپارێزن و دۆسیەی ئەمنی ناو شارەکان لەلایەن پۆلیسی ناوچەییەوە سەرپەرشتی بکرێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار