ئەردۆغان کەسایەتییە بەهێزەکانی پارتەکەی دەخاتە گرەوی هەڵبژاردنەکانەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هیوا عەبدوڵا

بەگوێرەی راپرسییەکان لە هەڵبژاردنی ٣١ی ئازاری شارەوانییەکانی تورکیادا، هاوپەیمانی کۆمار کە لیستی لایەنەکانی دەسەڵاتە لە شاری ئەستەنبوڵ براوە دەبێت، لە ئەنقەرەش هاوپەیمانی گەل براوە دەبێت کە لیستی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە. هەروەها هاوپەیمانی پارتە کوردییەکان براوەی زۆرینەی شارەکانی باکوور دەبێت.

بڕیارە هاوڵاتیانی تورکیا لە 81 پارێزگا و 315 ئەنجومەنی شارەوانی روو لە بنکەکانی دەنگدان بکەن. بەپێی راپرسییەکان پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە هاوپەیمانی پێکهێناوە لەگەڵ حەوت پارتی تری کوردیدا، ئاستی دەنگەکانی بەرزدەکاتەوە.

پارتی داد و گەشەپێدانی (ئەکەپە) بەسەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەرۆدغان سەرۆککۆماری تورکیا،  کۆمەڵێک کەسایەتی دیار وخاوەن پێگەی جەماوەری بۆ شارە گەورەکانی وەکو ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر دیاریکردووە، کە ئەوانیش بیناڵی یەڵدرم سەرۆکی پێشوی پەرلەمان و محەمەد ئوزحسکی سەرۆکی حکومەتی پێشوو و نیهاد زبکچی جێگری پێشوی سەرۆکی ئاکپارتین.

دیاریکردنی ئەو کەسانە لەلایەن ئۆردۆغانەوە، بۆئەوەیە کە هەڵبژاردنەکە بە هەڵبژاردنێکی هەستیاری و گرنگ دادەنرێت بەو پێیەی یەکەم هەڵبژاردنی شارەوانییە کە ئەنجامدەدرێت لەدوای گۆرینی سیستمی حکومڕانی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی.

بۆ ئەوهەڵبژاردنە کە ١٣ پارتی سیاسی لەسەر ئاستی تورکیا لە ململانێدان، کە دیارترین پارتەکانی تورکیان کە بریتین لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە) پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پارتی خێر (ئیی) پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە).

راپرسیەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پارتی داد و گەشەپێدان ئاکپارتی لە بردنەوەی شارەوانی ئزمیر بێئومێدبووە و لە ئەنقەرەش دەنگی کاندیدی هاوپەیمانی کۆمار لە دابەزین دایە کە هاوپەیمانیەتیەکە لە نیوان پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا (مەهەپە) پێکهێنراوە، لە ئیستەنبوڵیش کاندیدی ئاکپارتی بە جیاوازیەکی کەم پێش هاوپەیمانی گەلی رکابەری کە کەتووە، کەهاوپەیمانی نیوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیایە.

ناوندی ئۆراک (ORC) کە یەکێکە لە ناوەندەکانی توێژینەوە لە تورکیا و ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراەوە، توێژینەوە لە بوارەکانی سیاسی و ئابوریدا دەکات، بەیەکێک لە ناوەندە باوەرپێکراوەکانی راپرسی دادەنرێت. رۆژی شەمە ئەنجامی راپرسییەکی لە سێ گەورەترین شاری ئەو وڵاتە کە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ و ئزمیرە بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئەنجەمەکان، پارتی داد وگەشەپێدان و هاوپەیمانەکەی لە دوو گەورەترین پارێزگای تورکیا روبەروی شکست دەبنەوە، راپرسییەکەی ناوەندی ئۆراک بەشێک لە پارێزگاکانی تورکیا بەم شێوەیە بوو:

باکوری کوردستان

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لەگەڵ ٧ پارتی باکووری کوردستان هاوپەیمانی دروستکردووە لەژێر ناوی «بەرەی نەتەوە پەروەر و دیموکرات» ئەوەش بۆ هەڵبژاردنی ٣١ی ئازار بۆ ئەوەی دەنگی کوردانی باکور پەرت نەبێت و بۆ پارتەکانی تر نەڕوات.

کورد دەیەوێت لە رێگای هەڵبژردنەکەی ٣١ی ئازارەوە جارێکی تر سەرۆک شارەوانییەکانی باکوری کوردستان بەدەستبهێنێتەوە، بە گوێرەی راپرسیەکانیش هەدەپە لە شارەکانی ئامەد، مێردین، وان، جۆلەمێرگ، شرناخ، سێرت، باتمان و دێرسیم رێژەی دەنگەکانی زیاد دەکات.

لەهەڵبژاردنی شارەوانیەکان ساڵی ٢٠١٤، پارتی دیموکراتی گەلان کە بەپارتی کوردانیش ناسراوە، توانی زۆربەی شارەوانییەکانی شارەکانی باکوری کوردستان بەدەستبهێنێت، بەڵام دوای هەڵمەتی دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە و زیندانی کردنی ٩ پەرلەمانتاری، لە ئێستادا زۆربەی سەرۆک شارەوانییەکانی سەر بەو پارتە لە زینداندان و حکومەتی تورکیا لە جێگای ئەوان کەسانی سەربەدەوڵەت (قەیوم)ی داناون.

پارتی دیموکراتی گەلان بۆ هەڵبژردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩، کاندیدی بۆ گەورە شارەکانی وەکو ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئزمیر و زۆربەی شارەکانی رۆژئاوای تورکیا دانەناوە و ناڕاستەخۆ پشتیوانی لە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن (کاندیدی هاوبەشی ئی پارتی و جەهەپە) دەکات، بەڵام بۆ شەش ناوچەی ئیستەنبوڵ کە زۆرینە کوردن هەدەپە کاندیدی بۆهەڵبژرادنی ئەنجومەنی ناوچەکان داناوە.

ئەنقەرە

 له راپرسیەکهى ناوهندى(ORC) هاتووە، لە ٨٦.٧%ی ئەوانەی فۆرمەکەیان وەرگرتووە وەڵامیانداوەتەوە، دەرکەوتووە پارتی داد و گەشەپێدان ٣٨.٩%ی دەنگەکانی شارەوانی ئەنقەرە  بەدەستدەهێنێت و رکابەرەکەی کە پارتی گەلی کۆماریە ٤٣.٤%ی دەنگەکان دەباتەوە و ١٥.٢%ی دەنگدەرانی ئەنقەرەش تائێستا خۆیان یەکلانەکردۆتەووە و ٢.٨% دەنگیان بەلایەنی تردەدەن.

لەو بارەیەوە قورای ئایدن پەرلەمانتاری پارتی باش کە هاوپەیمانی پارتی گەلی کۆماری تورکیایە بە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاندووە کە ئەوان پێیان وایە هەڵبژاردن لە ئەنقەرە تەواو بووە، لەبەر ئەوەی جیاوازییەکی  گەورە لەنێوان کاندیدی ئۆپۆزسۆن و کاندیدی ئاکپارتی دا هەیە. ئەوان دڵنیان کاندیدی ئەوان (ئۆپۆزسیۆن) بۆ هەڵبژردنی شارەوانی ئەنقەرە سەردەکەوێت.

ئیستەنبوڵ

بەگوێرەی راپرسیەکە  کە بۆ هەڵبژردنی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەنجامدراوە بیناڵی یەڵدرم کاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان(AKP) رێژەی ٥٠.٩%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و رکابەرەکەی کە ئەکرەم ئیمام ئۆغلۆ کاندیدی پارتی گەلی کۆماری(CHP) ی ئۆپۆزسیۆنە ٤٦,٦%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و ئەوانەشی بریاریان نەداوە ٢.٥%ی کۆی دەنگەکان بوون.

بەگوێرەی راپرسیەکە جیاوازی نێوان کاندیدەکەی پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی گەلی کۆمارتەنها ٤ خاڵە، ئەوەش ئەگەر بەراوردی بکەین بە ئەنجامەکانی هەڵبژردنی شارەوانییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ دەبینین دەنگەکانی ئاکپارتی  لە ئیستەنبوڵ بەرزبۆتەوە، ئەو کاتە پارتی داد و گەشەپێدان ٤٧.٩%ی دەنگدەرانی ئیستەنبوڵی بەدەستهێنابوو لەبەرامبەریشدا پارتی گەلی کۆماری ٤٠.١%ی دەنگدەرانی بەدەستهێنابوو.

ئزمیر

بەگوێرەی راپرسیەکە لە پارێزگای ئزمیر کاندیدی پارتی گەلی کۆماری بەجیاوازییەکی زۆر پێش کاندیدەکەی پارتی داد و گەشەپێدان کەوتووە، بەجۆرێک ٥٥.٦%ی دەنگدەران بریاریانداوە دەنگ بە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بدەن و ٤٢.١%ی بەشداربوانیش دەنگیان بە کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان داوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە پارتی گەلی کۆماری لە هەڵبژردنی شارەوانیەکانی ساڵی ٢٠١٤ توانیبوی رێژەی ٤٩.٦% دەنگدەرانی ئزمیر بباتەوەو پارتی داد و گەشەپێدانیش ٣٥.٩% دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.

ئاسکی شەهیر

لە پارێزگایی ئاسکی شەهیر رێژەی دەنگدەران بە یەڵماز بیۆکشیرین کاندیدی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن گەیشتۆتە ٤٩.٦% جیاوازی لە نێوان هەردوو کاندیدەکە تەها ١.١%، و بورهان ساکالۆ کاندیدی هاوپەیمانی داد و گەشەپێدانیش ٤٨.٥% دەنگدەرانی پارێزگای ئاسکی شەهیری بەدەستهێناوە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠١٤ پارتی گەلی کۆماری توانیبوی ٤٥.٣%ی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و پارتی داد و گەشەپێدانیش ٣٩.١%ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو.

ئەنتالیا

بەگوێرەی راپرسییەکەی ناوەندی(ORC) پارتی داد و گەشەپێدان لە پارێزگای ئەنتالیا بەجیاوازی ٢.٢% پێش رکاربەرەکەی کەتووە، بەجۆرێک ٤٨.٠%ی بەشداربووان ووتویانە دەنگ دەدەن بە بە مندەریس تورێل کاندیدی ئاکپارتی و ٤٦.٧%یدەنگدەرانیش دەنگ دەدەن بە کاندیدی گەلی کۆماری محێدین بوچیک.

لە هەڵبژردنی شارەوانییەکانی تورکیا ساڵی ٢٠١٤، پارتی داد و گەشەپێدان ٣٦.٤%ی کۆی دەنگدەرانی بردبۆوە و پارتی گەلی کۆماری ٣٤.٦%ی دەنگی دەنگدەرانی بەدەست هێنابوو.

ئەدەنە

راپرسییەکەی ناوەندی (ORC) ئاماژە بەسەرکەوتنی حسێن سۆزلو دکات کاندیدی پارتی و داد و گەشەپێدان و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا بە جیاوازی ١٠ خاڵ، لە راپرسیەکەدا ٥٣.٩%ی بەشداربوان وتوویانە کە دەنگدەدەن بە کاندیدی ئاک پارتی و پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا، لە بەرامبەردا ٤٤.٣%ی دەنگدەران دەنگ دەدەن بە زێدان کارالار کاندیدی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن.

ئەوەش لە کاتێکدایە لە هەڵبژردنەکانی ساڵی ٢٠١٤دا پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا ٣٣.٦ و پارتی داد و گەشەپێدان ٣٢% و پارتی گەلی کۆماریش ٢٥% دەنگدەرانیان بەدەستهێنابوو.

ئەنقەرە سزای ئەردۆغان دەدات

لەگەڵ ئەوەشدا ئەو راپرسییانەی لەلایەن پارتەکانەوە ئەنجامدەدرێت، بەشێوەیەکی ئاشکرا ئەنجامەکانی بۆ راگەیەندنەکان ئاشکرا ناکرێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ماوەی رابردوو شانازی دەکرد بەوەی پارتەکەی بەتەواوی پشت بەو راپرسییانە دەبەستێت کە ئەنجام دەدرێ، بەڵام ئەو ماوەیە بەئاشکرا رایگەیاندووە کە «باوەری بە ئەنجامەکانی راپرسی نیە»، بەوهۆکارەی کەناوەندەکانی راپرسی « یاری» بەئەنجامەکان دەکەن، بەڵام هۆکاری رەتکردنەوە راپرسییەکان لەلایەن ئەردۆغانەوە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ماڵپەڕی (ARAB-TURKEY.COM) لە راپۆرتێکدا وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە، بە گوێرەی ماڵپەڕەکە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە ئەنجامی راپرسیەکان ئاماژە بە شکستی پارتەکەی ئەرۆغان دەکەن لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٩٤ شارەوانی ئەنقەرە کەوتە دەست مەلیح غۆتشاک لە پارتی وەفا دواتریش تیکەڵی ئاکپارتی بوو، بەدرێژایی حکومڕانی ئاکپارتیش ئەنقەرە وەکو یەکێک لە شارە گەروەکان بۆ ئاکپارتی یەکلاببۆوە.

لەدواین هەڵبژاردنی شارەوانیەکان کە لە ساڵی ٢٠١٤دا بەڕێوەچوو پارتی داد و گەشەپێدان ٤٤.٩%ی دەنگوکانی بەدەست هێنابوو توانی بووی بەرێژەیەکی کەم بەسەر رکابەرەکەی کە پارتی گەلی کۆماریە سەربکەوێت کە ٤٣.٨% دەگەکانی بردبوو.

هۆکارێکی تر کەئاماژە بەدابەزینی دەنگەکانی ئاکپارتی لە ئەنقەرە دەکەن، پەیوەندی کاندیدی ئاکپارتیەوە هەیە کە ئەویش مەحمەد ئۆزحسکیە، کە بەشێکی زۆری دەنگدەران دەربارەی تواناکانی نازانن و تێبینیان هەیە کە کوڕی شارەکە نیە، هەروەها لایەنگرانی پارتی دیموکراتی گەلان (زۆرینە کورد) بەشێوەیەکی رانەگەیەنراو پشتیوانی کاندیدی ئۆپۆزسیۆن دەکەن.

هۆکاری تریش قەیرانی داراییە کە توکیا تائێستا نەیتوانیوە چارەسەری بکات، ئێستا کە نرخی پێداویستیەکانی هاوڵاتی بە شێوەیکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و شارەوانیەکانیش بۆ پێداویستیەکانی خەڵک هیچ هەنگاوێکیان نەناوە. بۆ نمونە هەرزانکردنی نرخی مادەخۆراکیەکان... لەگەڵ تێبینی و رەخنە (بەهۆکاری جۆراوجۆر) لەلای لایەنگر و هەوادارانی پارتی داد و گەشەپێدان، ئەوان وایی دەبینن سندوقەکانی دەنگدان شوێنێکی گونجاوە بۆ ئەوەی نامەی ناڕەزایی ئاراستەی ئاکپارتی بکەن.

هەڵبژاردنەکەی ئەم جارە لە ئەنقەرەی پایتەخت بۆ پارتی داد و گەشەپێدان هەڵبژردنێکی قورسە، لەبەر ئەوەی ئەگەری شکستهێنانی ئەگەرێکی بەهێزە. ئەوەش وادەکات ئەردۆغانی سەرۆک کۆمار و مەحمەد ئۆزحسکی کاندیدی ئاکپارتی پێداچونەوەیەکی ورد و خێرا بکەن، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدەن کە لە ئەنقەرە دەیبەنەوە و بۆ رێگری لە شکستیش هەموو قورسایی سیاسی و کەسایەتیە دیارەکانی ئاکپارتی بەشداری دەکەن لە دوا هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن لەو شارە. هۆکاری دوەمیش کە ئاکپارتی دەیەوێ ئەنقەرە لەدەست نەدات بۆ رێگرتنە لە جیابونەوە و کشانەوەی ئەو کەسانەی کە لە کاتی شکستی ئاکپارتی ئەگەر هەیە لەو حزبە بکشێنەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار