دواى داعش رۆژئاوا بەدواى مەرجەعدا دەگەڕێت

لایەنەکان و سیستمى خۆبەرێوەبەرى دەیانەوێت بەیەکگرتووی روبەڕووى مەترسییەکانى سەر ئەو ئەزموونە ببنەوە کە چەند ساڵێکە دایانمەزراندووە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

خۆبەرێوەبەرى رۆژئاواى کوردستان و کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان لە رۆژئاوا (کەنەکە) هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆ دروستکردنى مەرجەعى باڵاى کورد لەو ناوچەیە، بەمەبەستى ئامادەکاریی بۆ قۆناغێکى نوێی سیاسی لەدواى شەڕى دژى داعش و تێکشکاندنى خەلافەتەکەى لەسەر دەستى شەڕڤانانى کورد بە پاڵپشتى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى.

لە تشرینى یەکەمى ساڵى رابردوودا کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان لە رۆژئاوا (کەنەکە) هەوڵەکانى دەستپێکرد بۆ دروستکردنى مەرجەعەێکى سیاسی کورد لە رۆژئاوا، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنەکان و خۆبەرێوەبەرى رۆژئاوادا کۆبوونەوە.

رۆژى حەوتى ئەم مانگەش، کەنەکە قۆناغى دووەمى پرۆسەکەى دەستپێکرد و کۆبوونەوەى دیکەى لەگەڵ ٢٧ لایەنى سیاسی و ئیدارەى خۆبەرێوەبەرى لە قامیشلۆ ئەنجامدا و دوو لیژنەیان بەمەبەستى ئامادەکاریی بۆ ئەو پرسە پێکهێنا.

دلاوەر زنکى وتەبێژى کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەنوسانى رایگەیاند، ئەو دوو لیژنەیە بەدواداچوون دەکەن بۆ کارەکانى پەیوەست بە دروستکردنى مەرجەعێکى کوردى هاوبەش، یەکێتى سیاسی و ئامادەکردنى بەڵگەنامەى سیاسی.

لیژنەکان پێکهاتون لە لیژنەى سیاسی کە لە حەوت ئەندام پێکهاتووە، لەگەڵ لیژنەى پەیوەندییەکان کە لە شەش ئەندام پێکهاتووە. لیژنەکان ١٥ رۆژیان لەبەردەستە بۆ ئامادەکردنى پرۆژەى تایبەت بە دروستکردنى مەرجەع.

دلاوەر زنکى وتى "لیژنەکان سەردانى ئەو لایەنانەش دەکەن کە بەشدارى ئەم کۆبوونەوەیە نەبوون، بۆ ئەوەى ئەو پرسەیان لەگەڵدا تاوتوێ بکەن".

ئەو هەوڵە هاوکاتە لەگەڵ کۆتایی هێنان بە رێکخراوى داعش لە دواین پێگەى خۆى لە سوریا و ئەو مەترسیانەى کە ئەگەر هەیە روبەڕووى چارەنوسى رۆژئاواى کوردستان ببێتەوە، لەدواى کۆتایی هاتنى شەڕى ئەو رێکخراوە، بەتایبەت کە تورکیا بەردەوام هەرەشەى لەشکرکێشى دەکات بۆ ئەو ناوچانەى بەدەست شەڕڤانانى سوریاى دیموکراتەوەیە کە یەکینەکانى پاراستنى گەل (یەپەگە) پێکهێنەرى سەرەکییەتى.

ئامینە عومەر هاوسەرۆکى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات (مەسەدە)، ئەو ئەنجومەنەى کۆنترۆڵى ناوچەکانى رۆژئاوا و باکورى سوریاى بەدەستەوەیە بە هاوڵاتى رایگەیاند، لەم قۆناغە سیاسییەى ئیستادا کە داعش تەواو بووە و قۆناغێکى تازە هاتووەتە ئاراوە، پێویستە مەرجەعێکى سیاسی کوردى لە رۆژئاوا دروستبکرێت، بۆ ئەوەى یەکدەنگى دروستبێت لەسەر پاراستنى خۆبەرێوەبەرى رۆژئاوا و ئەو ئەزمونە دیموکراسییەى لەو ناوچانە دایان مەزراندووە.

وتیشى "لەو چوارچێوەیەدا پێویستە یەک گوتار و یەک سیاسەت و یەک سوپا و یەک مەرجەع هەبێت، تا بتوانین بەرەنگارى سەرجەم هەڕەشە و مەترسییەکان ببینەوە و خۆمان بپارێزین".

دیارترین مەترسی کە چاوەڕوانى ئەزمونى خۆبەرێوەبەرى رۆژئاواى کوردستان دەکات تورکیایە، کە بەردەوام هەڕەشەى لەشکرکیشى دەکات و ماوەى چەند مانگێکە بەهەزاران سەربازانى لەسەر سنورەکانى لەگەڵ رۆژئاوا کۆکردووەتەوە، سەربارى سوریا کە بەردەوام جەخت لە کۆنترۆڵکردنەوەى تەواوى خاکەکەى دەکاتەوە.

ئامینە عومەر وتى "زۆر گرنگە ئێمە لە رۆژئاوا یەکدەنگ بین بەرانبەر هەڕەشەکانى تورکیا، بەهەموو هەوڵمانەوە پارێزگارى لە ئەزموونەکەمان بکەین، رێگە نەدەین تورکیا هێرشى بکاتە سەر و ناوچەکانمان داگیر بکات".

دواى چه‌ند ده‌یه‌یه‌ک له‌ په‌راوێزخستنیان، کوردانى سوریا له‌ساڵانى شه‌ڕى ناوخۆى سوریادا توانییان سیسته‌مى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى دابمه‌زرێنن و کۆنترۆڵى سێ یه‌کى روبه‌رى خاکى سوریا بکه‌ن، له‌کاتى شه‌ڕیشدا له‌دژى داعش توانیان پشتیوانییه‌کى گه‌وره‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان به‌ده‌ستبهێنن.

کوردانى رۆژئاواى کوردستان سێیەکى خاکى سوریایان بەدەستەوەیە، کە گەورەترین روبەرى دەرەوەى کۆنترۆڵى حکومەتى دیمەشقە. سەرەڕاى پیشڕەوییە خێراکانى دیمەشق لە ساڵى رابردوودا بەرەو ناوچەکانى ژێر دەستى ئۆپۆزسیۆن نەیتوانیوە بەرەو ناوچەکانى ژیر دەستى شەڕڤانان پەلبهاوێژێت. بەڵام تورکیا ساڵى رابردوو بە هاوکارى گروپە چەکدارەکانى ئۆپۆزسیۆن دەستى بەسەر کانتۆنى عەفریندا گرت و تا ئیستاش لەژێر دەستیدا ماوەتەوە.

ئامینە عومەر باسى لەوەکرد، ئەوان دەستپێشخەرییان کردووە بۆ سوریا بۆ ئەنجامدانى گفتوگۆ، تا بگەن بەرێککەوتن لەو بارەیەوە، بەڵام سوریا تا ئێستا وەڵامى نەداونەتەوە و دیارە نایەوێت دان بە مافەکانى کورد و هەسەدەدا بنێت، تورکیاش لە هەڕەشەکانى بەردەوامە، ئەوانەش مەترسین بۆ سەر ئیدارەى رۆژئاوا و پێویستە روبەڕوویان بینەوە.

لەچەند مانگى رابردوودا ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات نەخشە رێگاکەى رادەستى مۆسکۆ کرد کە پشتیوانى سەرەکى رژێمى بەشارە ئەسەدە بۆ ئەوەى لەرێگەى ئەوەوە رادەستى سوریا بکرێت، بەڵام تا ئێستا سوریا هەڵویستى لەبارەیەوە دەرنەبڕیوە.

ئەو ناوچانەى بەدەست کوردەوەیە لەسوریا زیاتر لە نیوەى داهات و سامانى نەوتى سوریاى تێدایە، ئەوەش هەم کارتێکى گرنگە بەدەست کوردەوە، هەمیش وایکردووە ناوچەکانیان زیاتر چاوى تێببردرێت لەلایەن سوریا و تورکیاوە کە دەیانەوێت هەژمونى خۆیان لەو ناوچانە زیاتر بکەن.

هۆشەنگ دەروێش ئەندامى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى سوریاى دیموکرات دروستکردنى یەکێتى نەتەوەیی و مەرجەعێکى سیاسی بۆ کوردانى رۆژئاواى کوردستان بە پێویست دەزانێت بۆ ئەوەى بەیەک گوتار مامەڵە و سیاسەت بکەن بەتایبەت لە ئیستادا کە قۆناغێکى نوێ هاتووەتە ئاراوە.

هەروەها بۆ هاوڵاتى وتیشی "پێویستە سەرجەم پارتەکان لەسەر یەک مێز دابنیشن، رەوشێکى تازە هەیە، پێویستە بڕیارەکان هاوبەش بن، ئەوەش هەنگاوى یەکەمە بۆ دروستکردنى مەرجەع لە رۆژئاواى کوردستان".

هۆشەنگ دەروێش باسی لەوەشکرد، پێویستە لەسەر ئاستى هەر چوار پارچەکەى کوردستان، ئەو هەوڵە هەبێت، بۆ ئەوەى هەموو لایەنەکان بە یەک هەڵوێستەوە روبەرووى تەحەدییەکان ببنەوە.

لەگەڵ هەوڵى ئەو پارتانەى رۆژئاواى کوردستان و خۆبەرێوەبەرى رۆژئاوا بە ئاڕاستەى دروستکردنى مەرجەع و یەک هەڵوێستى لەسەر پرسەکان، بەڵام تا ئیستا ەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لەدەرەوەى ئەو بازنەیە و بانگهێشت نەکراوە.

ئەندامەکەى ئەنجومەنى سەرۆکایەتى مەسەدە هۆکارى بەشدارى پێنەکردنى ئەنەکەسەى گەراندەوە، بۆ ئەوەى ئەو ئەنجومەنە بووەتە بەشێک لەو گروپانەى ئۆپۆزسیۆنى سوریا کە بە بارەگاکەیان لە تورکیایە و دەبێت پابەندى بریارى ئەو گروپانە بن، جگە لەوەش لە پرسی دەستبەسەرداگرتنى عەفریندا لەلایەن تورکیاوە هەڵوێستیان نەبووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار