دواکەوتنی کەیسەکان لە دادگا برەو بە سوڵحی عەشایەری دەدات

2019-03-14 21:47:29



هاوڵاتی، ئینتسار نوری

 

ئومێد محێدین، 31ساڵ، له‌کافتریایه‌کى زانکۆى سلێمانى ئیش ده‌کات و ماوه‌ى ساڵێکه‌، ژنه‌که‌ى داواى جیابونه‌وه‌ى تۆمارکردووه‌ و تا ئێستا یه‌کلاى نه‌بۆته‌وه‌، له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵه‌دا چوار دانیشتنى دادگایان کردووه‌ و  هه‌ر جاره‌ى به‌ به‌هانه‌یه‌ک دواده‌خرێت.

ئومێد ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ پێشتر بیزانیایه‌ که‌ دادگا ئه‌م هه‌موو هاتوچۆیه‌ى پێدەکەن ۆەنای بۆ دادگا نەدەبرد.

ئومێد بە هاوڵاتی وت "ێ‌ەگەر بمزانیانە ئاوەها دوادەکەوێ ده‌ست و قاچى ژنه‌که‌م ماچ ده‌کرد و جیانەدەبوومەوە".

بەهۆی دواکەوتنی دۆسیەکەوە لە دادگا، ئه‌م پیاوه‌ جار چۆته‌ ماڵى باوکی ژنه‌که‌ى و داواى لێکردون که‌ هه‌ر چییه‌کیان ده‌وێت له‌ رێگه‌ى سوڵحى عه‌شایه‌رى بیکه‌ین "ڵێیان پاڕاومه‌وه‌، به‌ڵام ماڵى باوکى کچه‌که‌ رازی نەبوون، پێیان وایه‌ دادگا زیاتر هه‌ق به‌ کچه‌که‌یان ده‌دات".

زۆرجار واڕێکدەکەوێت کەیسی جیابوونەوەی ژن و مێرد لە دادگاکان درێژەدەکیشیت بەهۆی قوڵی کیشەکانیانەوە، بەتایبەتی لە سالانی رابردوودا کە بەهۆی قەیرانی داراییەوە دەوامی فەرمانگەکان کەمبوونەوتەوە کیشەش زیادبوون داداگان ناتوانن بە خێرایی کەیسەکان یەکلایی بکەنەوە.

هەروەها بەهۆی کەمی ژمارەی دادوەرەکان و زۆری کەسەکانەوە ناتوانرێت بە ئاسانی دۆسیەکان بەلایەکدا بخرێن بەلکو هەندیک کەس پەنا بۆ سولحی عەشایەری دەبەن. 

تریفه‌ عوسمان، ۲٥ساڵ، نۆ مانگه‌ داواى تۆمار کردووه‌ بۆ جیابونه‌وه‌، ئێستا سێ یه‌م دانیشتنى دادگایه‌تى و مێرده‌که‌ى ژنى عه‌ره‌بى هێناوه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت لێی جیابێته‌وه‌.

 له‌کاتێکدا ئه‌م ژن و پیاوه‌ له‌ هه‌موو دانیشتنه‌کانى دادگادا هه‌ردووکیان ئاماده‌ بون و هیچ کێشه‌یه‌ک له‌ داواکه‌یاندا نیه‌، به‌ڵام هه‌ر جاره‌ى به‌ هۆکارێک دواده‌که‌وێت.

 ماوه‌ى هه‌ر دانیشتنێک تا دانیشتنێکى تر دوو مانگ ده‌خایه‌نێت. له‌باره‌ى تێچووى هاتوچۆوه‌ ئه‌م ژنه‌ به‌ خه‌مباریه‌وه‌ باسى له‌وه‌کرد که‌ پاره‌ى له‌ براکه‌ى قه‌رز کردووه‌ بۆ بژێوی ژیانی کچەکەی لەکاتێکدا چاوەڕێ دەکات دادگا نەفەقەکە بخاتە سەر میردەکەی، تریفە وتى" کچێکم هه‌یه‌، دایک و باوکم نیه‌، و بومه‌ته‌ بارگرانى بۆسه‌ر براکه‌م".

تریفە له‌ خه‌مى دابین کردنى نه‌فه‌قه‌ یه‌ بۆ خۆى و کچه‌که‌ی وەکو خۆی وتی بۆئه‌وه‌ى نەبێتە بارگرناى بۆسه‌ر هیچ که‌سێک، "داواکارمه‌ له‌ دادگا هیچ نه‌بێت نه‌فه‌قه‌که‌م بۆ دابینکه‌ن، تا به‌ته‌واوى جیاده‌بنه‌وه‌".

ژماره‌ى ئه‌و داوایانه‌ى که‌ له‌ساڵى2017دا له‌ دادگاى سلێمانى 101797 داوا تۆمارکراوه‌، 62125داواى یه‌کلاى بۆته‌وه‌، له‌کاتێکدا له‌ساڵى 2018دا 117070داوا کراوه‌ و 82758ى یه‌کلا کراوه‌ته‌وه‌.

عومه‌ر ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى سلێمانى،  وتى خه‌ڵک به‌گشتى هه‌قى خۆیانه‌ گله‌یى بکه‌ن، "چونکه‌ راسته‌ دواده‌که‌وێت و مافى خۆشیانه‌، به‌پێى یاسا به‌رکاره‌کان مافه‌کانیان دابین بکه‌ن".

هۆکارى سه‌ره‌کیشى گیرایه‌وه‌ بۆ" که‌مى دادوه‌ر و فه‌رمانبه‌ر و لێکۆله‌ر که‌ ژماره‌یان زۆر که‌مه‌ و پێویستمان به‌ زۆر زیاتر هه‌یه‌". وتیشى"پیویسته‌ هه‌ر پێنج بۆشه‌ش هه‌زار که‌سێک دادوه‌رێکى هه‌بێت".

 له‌ئێستادا 69 دادوه‌ر  هه‌یه‌ له‌ سنورى سلێمانى، که‌ بۆ هه‌ر 28بۆ30 هه‌زار که‌سێک دادوه‌رێکیان به‌رده‌که‌وێت.

وته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى سلێمانى وتیشى "زۆربون و که‌له‌که‌بونى داواى زۆر و هیلاک بونێکى زۆرى دادوه‌ره‌کان که‌ له‌ ماڵەوه‌ش پێویسته‌ کارى به‌رده‌وام بکه‌ن بۆ وردبینى کردن و نوسینه‌وه‌ى بریاره‌کان، که‌هه‌ر دادگایه‌کى لێکۆڵینه‌وه‌ رۆژانه‌ 150بۆ 200که‌یس ده‌چێته‌ لایان.

سه‌رۆکایه‌تى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى سلێمانى 832 فه‌رمانبه‌رى تێدایه‌، به‌ وته‌ى ئه‌م وته‌بیژه‌ له‌کاتێکدا "تۆمارکردنى داواکان له‌ هه‌ڵکشانێکى به‌رده‌وامدایه‌، پێویسته‌  له‌گه‌ڵ زۆربونى داواکان، دادوه‌ر و لێکۆڵه‌ر و فه‌رمانبه‌ر زیادبکرێت، بۆ خێرا به‌ڕێکردنى کاره‌کانى خه‌ڵک، که‌ ئه‌مانه‌ هیچ ى نه‌کراون".

ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که‌ئێستا " سه‌رۆکى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى دادگاى سلێمانى ده‌ستبه‌کاره‌ بۆ کردنى نوسراو بۆ په‌یمانگاى دادوه‌رى بۆ کردنه‌وه‌ى خولى پێگه‌یاندنى دادوه‌ر و ئه‌ندامانى داواکارى گشتى که‌ بریاریان داوه‌ 60 که‌س به‌شداربن و ه‌ک دادوه‌ر له‌ خوله‌که‌ بۆئه‌وه‌ى بیانکه‌نه‌ دادوه‌ر و ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربێت".

دادگاى بارى که‌سێتى و دادگاى به‌رایى رۆژانه‌ هه‌ر دادوه‌رێک  28داوا ده‌بینێت، دادگاى تاوان 17بۆ18  داوا له‌ رۆژێکدا ده‌بینێت، 102لێکۆڵه‌رى دادوه‌رى هه‌یه‌.

جگە لە کەمی ژمارەی دادوەرەکان، هەندێک لە هۆکارەکانی تری دواکەوتنی کەسیەکان پەیوەستە بە یاساکانەوە کە دەستی دەستی دەکات بە ژن و مێرد بۆ ئەوەی هەوڵدەن کێشەکانیان چارەسەربکەن پێش ئەوەی دادوەر بگاتە بریاری جیابوونەوە. یان هەندێک جار بەپێی یاسا دەبێت دادگا کەسی سکاڵالێکراو لەکاتی دیارنەبوونیدا لە ریگەی رۆژنامەیەکەوە ئاگاداربکرێتەوە و مۆڵەتی ئامادەبوونی دەدرێتی لەبەردەم دادگا.

کۆسره‌ت عومه‌ر، پارێزه‌ر، له‌باره‌ى دواکه‌وتنى دۆسیه‌کان ى ناو دادگاوه‌ وتى "ئێمه‌ هه‌ر به‌ یاساى کۆنه‌کان ئیش ده‌که‌ین  و له‌ئێستادا کێشه‌کان زۆر بون و خه‌ڵک یش زۆر بوه‌، پێویسته‌ ئه‌و یاسایانه‌ به‌ پێى بارودۆخه‌که‌ بگۆڕێن و پێویستمان  به‌ ده‌رکردنى یاساى تازه‌ هه‌یه‌ که‌ بگونجێت له‌گه‌ڵ زۆر بونى خه‌ڵک و زۆرى کێشه‌کان و کێشه‌ جۆراوجۆره‌کان".

هەندێک جار ئاگادار کردنه‌وه‌کانى دادگا  درەنگوەخت دەگات به‌ده‌ست ئەو هاوڵاتیانەی هاوڵاتى ده‌گات، هۆکارێکى سه‌ره‌کییه‌، وتى "خۆى پێویسته‌ له‌ماوه‌ى سێ ڕۆژدا بگاته‌ ده‌ستى هاوڵاتى که‌ داواکه‌ى هه‌یه‌، به‌ڵام دوو بۆ سێ هه‌فته‌ ده‌خایه‌نێت تاده‌گاته‌ ده‌ستى".

 به‌ڕاى ئه‌م پاریزه‌ره‌ چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌یه‌"که‌ له‌ڕێگه‌ى ئیمێله‌وه‌ و یان ژماره‌ى ته‌له‌فون که‌سه‌کان ئاگادار بکرێنه‌وه‌ له‌ کات و رۆژى دادگاییه‌که‌".

 

له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى که‌ یاساى کۆن به‌کارده‌هێنن له‌ناو دادگاکاندا عومه‌ر ئه‌حمه‌د، وته‌بێژى سه‌رۆکایه‌تى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى سلێمانى  وتى"ڕاسته‌ یاساى بنه‌ماى داواکاریه‌ یاساییه‌کانى سالى1971یه‌، به‌ڵام زۆرى و گۆرانکارى له‌ داواکان به‌رده‌وام هه‌موار ده‌کرێنه‌وه‌ به‌پێى په‌رله‌مانى کوردستان ، وه‌ هه‌ندێک مادده‌ش له‌کارخراون و یاساش هه‌یه‌ که‌ کارى پێناکرێت".

 

باسى له‌وه‌شکرد که‌ موچه‌ى هه‌موو فه‌رمانبه‌رێک به‌ر پاشه‌که‌وت که‌وتوه‌، بۆیه‌  له‌ هه‌موو دام و ده‌زگایه‌کدا کاریگه‌رى له‌سه‌ر ڕاپه‌ڕاندنى کاره‌کان هه‌یه‌ و وتى" پۆلیس ڕاپه‌ڕێنه‌رى کاره‌کانى دادگایه‌ بۆیه‌ ئه‌وانیش کێشه‌ى پێداویستى و که‌مى فه‌رمانبه‌ریان هه‌یه‌ و کاره‌کان دواده‌خات".

 له‌باره‌ى ئەوەی کە هەندێک کەس پەنا بۆ سوڵحی عه‌شایه‌ریی دەبات، وتى" یه‌که‌م  هۆکار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌هه‌ریمدا" که‌ کیشه‌که‌ى به‌زووى یه‌کلانه‌ بێته‌وه‌ و مافه‌کانى به‌زوى یه‌کلابێته‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ په‌نا به‌رنه‌ به‌ر ئه‌وه‌.

بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم بڕگه‌یه‌ک دیارى کراوه‌ که‌ پێی ده‌وترێت "سوڵح" واته‌ ڕێکه‌وتن له‌نێوان هاوڵاتیان خۆیان، که‌ مافه‌کانیان مافى که‌سى خۆیانه‌، ئەمە تەنها بۆ ئەو دۆسیەیانەیە کە گەورەنین، به‌ڵام ئه‌و ماددانه‌ى که‌ سزاکانیان قورسه‌، ئه‌و که‌سانه‌ خۆشیان له‌ناو خۆیاندا سوڵح بکه‌ن، دۆسیه‌کانیان داناخرێت و کاریگه‌رى له‌سه‌ر دادگا نابێت.

هه‌ندێک حاڵه‌ت هه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌ندى به‌ که‌سه‌کان خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ لایه‌نه‌کان خۆیان سکاڵا نه‌که‌ن، ناتوانرێت دۆسیه‌ى بۆ بکرێته‌وه‌ وه‌ک  کێشه‌ خیزانیه‌کان په‌یوه‌ندى نێوان ژن و مێرد یان دزى کوڕ له‌ باوک جا دزى بێت یاخود کێشه‌یه‌ک له‌نێوان خۆیاندا له‌و کاته‌دا به‌پێى دادگا ناتوانرێت کێشه‌که‌ ببرێته‌ دادگا تا که‌سه‌کان خۆیان داوا به‌رز نه‌که‌نه‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار