حکومه‌تى هه‌رێم داوا له‌ به‌غدا ده‌کات قه‌ره‌بووى هه‌ڵه‌بجه‌ بکاته‌وه‌

2019-03-16 07:38:20


هاوڵاتی ڕێكلام

هاوڵاتى
حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ 31ـه‌مین ساڵرۆژى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌ و داوا ده‌کات حکومه‌تى عێراق قه‌ره‌بووى ماددى و مه‌عنه‌وى هه‌ڵه‌بجه‌ بکاته‌وه‌.

حکومه‌تى هه‌رێم له‌ په‌یامه‌که‌یدا ده‌ڵێت چاوه‌ڕوانین له‌ حکومه‌تى عێراق ئه‌رکى یاسایى و ئه‌خلاقى خۆى ده‌رهه‌ق به‌م پارێزگایه‌ و دانیشتووانه‌کانى له‌ هه‌موو جۆره‌ بایه‌خپێدانێک جێبه‌جێ بکات.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات: "یادکردنه‌وه‌ى ئه‌م کاره‌ساته‌ جگه‌ له‌وه‌ى رێزگرتنه‌ له‌ قوربانیانى گه‌له‌که‌مان و مێژووى پێ‌ له‌ تێکۆشان و قوربانیدانمان، جه‌ختکردنه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیشه‌ له‌ بایه‌خدانى جددى به‌ ژیان و خزمه‌تکردنى برینداران و خانه‌واده‌ و که‌سوکارى قوربانیانى چه‌کى کیمیایى و خزمه‌تکردنى زیاترى هه‌ڵه‌بجه‌ى ئازیز".

ده‌قى په‌یامى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران له‌ ساڵیادى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌:

ئه‌مڕۆ سى و یه‌ک ساڵ به‌سه‌ر کاره‌ساتى کیمیابارانکردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا له‌سه‌ر ده‌ستى ڕژیمى پێشووى عێراق تێده‌په‌ڕێت که‌ وێڕاى شه‌هیدبوونى پێنج هه‌زار هاووڵاتیى بێتاوان، هه‌زارانى دیکه‌ش بریندار بوون و تا ئێستاش زۆربه‌یان به‌ده‌ست لێکه‌وته‌ و کاریگه‌رییه‌ خراپه‌ ته‌ندروستى و ده‌روونییه‌کانى ئه‌و کاره‌ساته‌وه‌ ده‌ناڵێنن. ئه‌مه‌ وێڕاى ئاواره‌بوونى هه‌زاران خێزان و وێرانکردن و تێکدانى ژینگه‌ى ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ دڵگیره‌ى کوردستان.

یادکردنه‌وه‌ى ئه‌م کاره‌ساته‌ جگه‌ له‌وه‌ى ڕێزگرتنه‌ له‌ قوربانیانى گه‌له‌که‌مان و مێژووى پێ‌ له‌ تێکۆشان و قوربانیدانمان، جه‌ختکردنه‌وه‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیشه‌ له‌ بایه‌خدانى جددى به‌ ژیان و خزمه‌تکردنى برینداران و خانه‌واده‌ و که‌سوکارى قوربانیانى چه‌کى کیمیایى و خزمه‌تکردنى زیاترى هه‌ڵه‌بجه‌ى ئازیز که‌ بێگومان کارى زۆر ماوه‌ بۆیان بکرێت و حکوومه‌ت به‌ په‌رۆشه‌وه‌ خزمه‌تى زیاتر و پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزاریى باشتر به‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و دانیشتوانه‌ سه‌ربه‌رزه‌که‌ى به‌ ئه‌رکى گرنگ و سه‌ره‌کیى خۆى ده‌زانێت.

چاوه‌ڕوانیمان له‌ حکوومه‌تى عێراقیش به‌جێگه‌یاندنى ئه‌رکى یاسایى و ئه‌خلاقیى خۆیه‌تى ده‌رهه‌ق به‌م پارێزگایه‌ و دانیشتوانه‌کانى له‌ هه‌موو جۆره‌ بایه‌خپێدانێک له‌گه‌ڵ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى ماددى و مه‌عنه‌ویى خه‌ڵکه‌ک و ژینگه‌که‌ی، وه‌ک قوربانیى ده‌ستى ده‌وڵه‌تى عێراق.

وه‌ک چۆن هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هید سیمبولى ئازار و قوربانیى گه‌له‌که‌مانه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ش سیمبولى خۆڕاگرى و زیندووییمانه‌. قوربانیان و ئه‌و ئازیزانه‌مان که‌ له‌م کاره‌ساته‌ ناخهه‌ژێنه‌دا له‌ده‌ستمان داون، هه‌میشه‌ له‌ یادمانن و تاهه‌تایه‌ له‌ ویژدانى ئه‌م گه‌له‌دا یادیان زیندووه‌.

هه‌زاران سڵاو بۆ گیانى پاک و بێتاوانى شه‌هیدانى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ى ئازیز و سه‌رجه‌م شه‌هیدانى کوردستان.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان
16/3/2019

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار