پەنگخواردنەوەی سەدەیەک بوو

5 ساڵ لەمەوپێش



سامانی وەستا بەکر

 

٢٨ ساڵ پێش ئێستا و لە ٥ی ئادار لە ڕانیەو ٧ی ئادار لە سلێمانی، سەرەتای قبوڵ نەکردنی ڕژێمی بەعسـی عەرەبی یان ڕاستتر سەرەتای قبوڵ نەکردنی حوکمـی نەتەوەی عەرەب، دەستـیپێکرد و تا ئێستاش درێژەی هەیە.

هەڵبەتە ئەو قبوڵ نەکردنە بە «ڕاپەڕین» ناوزەند کرا، کە لە ڕاستیدا بەنگخواردنەوەو دەرهاویشتەی زوڵمێکی مێژووی لانیکەم سەد ساڵە بوو  کە لە چەند وێستەگەیەکـی جیاوازدا، کوردی پێدا تێپەڕی بوو، ئەمە وێڕای مێژووی کۆن کە هەمیشە کورد لەلایەن بێگانەوە حوکم کراوە یان حکومەتی بەسەرا سەپێنراوە.

ئەو پەنگخوادنەوەیە دەرهاویشتەی کاردانەوەی چەندین شۆڕشی پێشتریش بوو کە بە هۆکاری جیاواز جیاواز هیچیان ئامانجەکانیان نەپێکابوو یان سەرکەوتوو نەبوون کە هەمیشە خودی کورد هۆکارەکەی ئەگێڕێتەوە بۆ دەستی دەرەکی کە لەڕاستیدا ئەوە تەنها هۆکار نەبووە، بەڵکو خودی کوردیش فاکتەرێک بووە بۆ سەرنەکەوتنی.

وا باوە کە ڕاپەڕین کۆرپەی شۆڕشە، واتە سەرەتا شۆڕشێک هەیە و پاشان بە ڕاپەڕین سەرەتای کۆتایی و دوا وێستگەی قۆناغی پێشووتر و سەرەتای دەستپێکی قۆناغی نوێ و دەرەنجامەکانی شۆڕش دەست پێدەکات.

لە دوای شۆڕش و ڕاپەڕین، چاوەڕوانی گۆڕانکاری و شێوازێکی حوکمڕانی جیاوازتر لەوەی پێشوو ئەکرێت و زۆرینەی گەل خۆی بەخاوەنی ئەزانێت و پشتگیری لێدەکات.

شۆڕش لە خاڵێکەوە دەست پێدەکات و لە راپەڕیندا ئەبێ بە واقیع و بەردەوامی ئەبێت بەجۆرێک هەندێک جار شۆڕش بۆ  چەندین دەیە بەردەوامی ئەبێت و هەنگاو لەدوای هەنگاو ئامانجەکانی شۆڕش بە کردار جێبەجێ دەکرێ.

کاتێ کە ئامانجەکانی شۆڕش بەکردار و لەسەر زەوی هەستی پێنەکرێ و گەل خۆی تیا نەدۆزێتەوە، ئیتر ئەوە بەسەرەتای قۆناغێکی نوێ بۆ شۆڕشێکی نوی ئەژمار دەکرێت و  بێ بەشکراوان لەدەوری کۆئەبنەوە و  ئیتر لەوەبەدواوە، شۆڕشگێڕانی پێشوو ئەبن بە دیکتاتۆرو کەلێن لە نێوانی دەسەڵاتدارو میلەتدا دروست ئەبێ.

کەمن ئەو شۆڕشانەی کە بە درێژای چەندین سەدە کاری لەسەر ئامانجەکانی کردبێ و بەردەوام لە هەوڵی دانەبڕاوا بووبێ تا بەڵێنەکان بکرێ بە کردار، نمونەی ئەو شۆڕشانەش شۆڕشی فەرەنسی و ماوییەکان و ئەمریکیەکانن.

ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٩٩١ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەهێناوەتەوە کایەوە، کە تێرکەری خواستی خەڵکبێ و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە لە ڕاپەڕین گۆڕانکاری گەورە لە دایک نابێ بەپێچەوانەوەی شۆڕشەوە کە گۆڕانکاری گەورە دروست ئەکات و  ئەمەش ئەو جیاوازییەیە کە تێگەشتنی ئاسان نییە، ئەگەر میلەت ئاستی هۆشیاری زۆر بەرز نەبێت.

شۆڕشی تەواو نەکراو، وەک قوماشێکی بڕاو نەدوراوە، واتە بەکارنایەت ئەمە کێشەی هەرێمی کوردستانیشە. کاتێک ئەو دەرهاویشتەو پەنگخواردنەوەیەی کە چەندین سەدەبوو لە ناخیا قەتیس مابوو وە لە بەهاری ساڵی ١٩٩١یا بەڕاپەڕین دەریبڕی بە ئاسانی تەسلیمی چەکدارەکانی شاخی کرد کە بە شۆڕشگێرەکانی شاخ ناسـراوبوون کە لەڕاستیدا  بەشێکی کەم و نوخبەیان نەبێ ئەوانیتر دوورو نزیک شۆڕشگێڕ نەبوون.

یەکێک لە خاڵە لاوازەنی ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١، نەبوونی ستراتیژییەت و پاشەڕۆژ بوو، بەجۆرێک هیچ حیـزبێکی سیاسی کوردی پلانی بۆ دوای ڕاپەڕین نەبوو یان بەرنامەی بەڕێوەبردنی شاری لە شاخ جیا نەکردبووەوە، بێجگە لە نەوشیروان مستەفا  کە وەک ئەندازیاری ڕاپەڕین پلانی ستراتیژی قۆناغی دوای ڕاپەڕینیشی هەبوو بەڵام ڕێگری لێکراو بەتەنها ئەویش پێی جێنەجێ نەکرا.

یەکێکیتر لەخاڵە لاوازەکانی ڕاپەڕین، نەبوونی فکر بوو بەڵکو ڕاپەڕین لە پێناو تۆڵەیا لەدایک بوو «تۆڵە لە سەدام» کە لە ڕاستیا ئەبێ لە شۆڕشدا فکر لەدایکبێ وەک نمونەی شۆڕشی فەرەنسی و ئەمەریکی بەجۆرێک شۆڕش، بیرمەند بەرهەم ئەهێنێ و ئامانجەکانی پێئەسپێرێ. بەجیاوازی لەمەڕ خۆمان، لە هێزی چەکداری دروستی کرد و شۆڕشی پێشپارد و لەوەودوا بوو بە کاڵا بۆ حیزبایەتی.

ئەگەر قۆناغی دوای ڕاپەڕین بکرێ بە دوو بەشەوە، ئەوا بەشە بەکەڵک و بەسوودەکەی فێربوونی ئەزموونی دیموکراسی و چوونە سەر سندوقی هەڵبـژاردن و دروستکردنی حکومەت بوو بە هەموو کەم و کوڕیەکانیشیەوە، بەڵام بەشە بێ کەڵک و خراپەکەی، ئەوەبوو شەڕی ناوخۆ کراو  خەڵکی پێ چاوترسێن کرا، بەجۆرێک خەڵکەکە لەبەر هەڵنەگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ، بیری ئازادی لەبیرچۆتەوانێ.

ڕاپەڕین نەبووە گێڕانەوەی یەکسانی و هاوبەشی حوکمێکی خۆماڵی لە نێوان حیزب و خەڵکدا و مرۆڤ نەبووە بە چەق بۆ خزمەت کردن و بە ئامانج نەگیرا بۆ پێشکەش کردنی ژیانێکی شایستە. ڕاپەڕین بووە هۆکاری ناوچەگەرایی و لێکدابڕان و ڕق لێک بوونەوە و سەپاندنی دوو ناوچەی جوگرافیای ڕەنگکراو بە چەک سەپاو.

بەرژەوەندی هاوبەشی حیزبی، بازرگانی، خێزانی و کەسی خاڵی جەوهەری ڕاگرتنی ئەزموونی حوکمڕانی خۆماڵی کوردی دوای ڕاپەڕینە، نەک ستراتژییەک بۆ پاشەڕۆژ لەسەر بنەمای ئازادی، خاک، نەتەوە، سەربەخۆیی....هتد کە ئەمەشیان خاڵێکی لاوازە.

ئەوەی دەسکەوتەکانی ڕاپەڕینی ڕاگرتووە، حوکمڕانییەکی ڕەشید نیە بەڵکو کۆژانێکی میلەتە لە ترس لە حوکمی بێگانە کە ڕاست وایە زۆرینەیەک لە یەکێتییەکی گشتیا بەشێوەیەکی پراگماتیکی سوود لەیەکتر وەرگرین و پلانی هاوبەش و ستراتیژی و پاشەڕۆژی کورت و مام ناوەنجی و درێژخایەنمان هەبێ، کوردبوون ببەسرێتەوە بە مافەوە. واتە تا ماف زۆربێ، کورد بوون جوانتر ئەبێ و پێچەوانەکەشی ڕاستە.

نەوەی شاخ لە بەهاری ١٩٩١وە حوکمی نەوەی دوای راپەڕین ئەکا و هیچ لێتێگەشتنێکی بۆ خواستەکانی نیە و لە توانایدا نیە لە دنیابینی تێبگات و دەستبەرداری لایەنی کەمی دیدگای بەناو شۆڕشگێڕی خۆی نابێ و بوارێک ناڕەخسێنێ کە نەوەی دوای ڕاپەڕین ئەزموونی حوکمڕانییەکی مەدەنی بەرجەستەکراو ئەزموون بکات. ئەم نەوە نوێیە، پۆستاڵ و ئەمنە سورەکەی نەبینیوە بۆیە دیدی بۆ ئازادیش جیاوازە، بەجۆرێک مەفهومی ئازدی لای نەوەی دەوای ڕاپەڕین «دروستکردنی ژیانێکی هاوچەرخ و داڕشتنی ژیانە، بەو جۆرەی خۆی بۆی ئەڕوانێ» نەک مەفهومە کۆنەکەی لای نەوەی شاخ کە ئازادی بریتیە لە «دەربڕینی بیروڕا بە ئازادی»!

ئەگەر ئەو  دەرهاویشتە پەنگخوراوەی ساڵی ١٩٩١ وەرگرین، ئەوا ئەبینین لێکچوونێکی زۆری لە شۆڕش تیایە چونکە شۆڕش هەمیشە سێ قۆناغە.  قۆناغی ئامادەکاری، قۆناغی ڕاپەڕین و قۆناغی دوای شۆڕش کە ئێمە لە قۆناغی یەکەم و دووەمدا سەرکەوتووبووین،  بەڵام لە قۆناغی سێیەمدا شکستمان خورادووە کە ئەمەش خاڵی لێکچووە بە بەراورد بە زۆربەی ئەو شۆڕشانەی لە جیهاندا ڕوویانداوە.

ئەگەر باس لە گەورەترین دەستکەوتی ڕاپەڕینەکانی ساڵی ١٩٩١ بکرێت، ئەوا یەک ڕیزی هەموو خەڵک و هەموو حیزبەکان لە یەک سات و بۆ یەک ئامانج، دیاترین خاڵێکە کە بە دەستهاتبێت، ئەگەرچی درێژەشی نەکێشاو حیزبەکان بوون بە هۆکاری لێکترازانەوەی ئەو یەکڕیزییە. ئاخر، کە من ئەو ساتە مێژووانەی کە کورد تیایا یەک و یەکگرتووبووبێ.

هەرچییەکی ناوبنرێ  و هەرچۆنێک لێکدانەوەی بۆ بکرێ، ئەوەی لە ساڵی ١٩٩١دا ڕوویدا گۆڕانکارییەک گەورەو سەردەمی دەستپێکی قۆناغێکی هیوابەخش بوو ئەگەرچی نەوەکانی دوای ڕاپەڕین هەندێکجار بۆچوونێکی تریشیان هەبێ کە ئەوەش بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە لەسەردەمی دەسەڵاتی حوکمی بەعسدا نە ژیاون و وێرانکردنی ٥٠٠٠ گوندو ١٨٠٠٠ ئەنفال و خاپوورکردنی شاخ و دۆڵ و لادێکان  و کیمیای باران و خنکاندنی شارێکیان بەچاو نەدیوە. ڕیش و لەبەرکردنی جلی ڕەش و کۆڕو کۆبوونەوەیان لێ قەدەغە نەکراوە.

شۆڕش باشترین کاڵایە بۆ بازرگانی کردن و شۆڕشگێڕەکانیش باشترین بازرگانن. لە کۆتاییدا، شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە باشترین پێناسەیدا، حەزێکی خودە بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتێکی 

سوید -ستۆکهۆڵم

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار