مەترسی لەپرۆژە یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکانی عێراق

5 ساڵ لەمەوپێش



لوقمان مستەفا ساڵح

لەبەرئەوەى چەمکى تاوانە ئەلیکترۆنیەکان، چەمکێکى یاسایی و پانتاییەکی بەرفراوانی داگیرکردووە، بەهۆى ئەو پێشکەوتن و گەشەکردنە بەرچاوەى تەکنۆلۆژیاوە وایکردووە تاوانى ئەلکترۆنى و هۆیەکانى ئەنجامدانى زیاتر بێت. کەواتە پێویستى بە یاسایەک هەیە، بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لەدام دەزگا ئەلکترۆنییەکان و کەسانى بەکارهێنەرى، هەروەها پەرچەکردارى یاسا بەرامبەر ئەوکەسانەى ئەنجامى دەدەن، کەواتە درووستە بگووترێت کە کاری یاسا بریتییه :-  لە ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان تاک و تاک، تاک و دەوڵەت. دەوڵەت و دەوڵەت . بۆ پاراستن و نەشکانی یاساکان سزا داندراوە، چونکە مرۆڤ بە سرووشتی خۆی خۆپەرست و خۆویسته، بۆیە پێویستە سزایەک هەبێت بۆ ڕێکخستنی کاروبارەکانی ژیانی ڕۆژانەی.
بەڵام...ئێمە لێرەدا باس لە پرۆژە یاسایەک دەکەین بە ناوی پرۆژە یاسای  تاوانە ئەلکترۆنییەکان کە لەسەروبەندی پەسندکردنیەتی لە پەرلەمانی عێراق، کە لە ینایر2019 خوێندنەوەی یەکەمی بۆکراوە. بەپێی ئەم یاسایە، دەوڵەت دەتوانێ سیخوڕی بەسەر هاوڵاتییەکانیەوە بکات.! هەرچەندە پرۆژە یاساکە ئەرێنی و نەرێنی تێدایە، بەڵام هەرزوو ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقی لێکەوتەوە، سەرجەمیان یادشتنامەیەکی ناڕەزایەتییان پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد. داوایانکرد ئەو پرۆژە یاسایە دەنگی لەسەر نەدرێت و ڕاکێشرێتەوە، چونە ئەوە پێشێلکردنی ئازادییەکانی تاکە، پێیانوایە ئەوە پاشگەزبوونەوەیە لە بنەماکانی دیموکراسی و گەڕانەوەیە بۆ دیکتاتۆرییەت.
بەهەمانشێوە (ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی )یش لەوبارەیەوە هاتە دەنگ. ئەم رێکخراوە وای بۆ دەچێت پرۆژە یاسایەکی لەم جۆرە دەبێتە بەر تەسککردنەوەی ئازادی تاکەکەسییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە.هەر بۆیە ڕێکخراوەکە بە تووندی هۆشداری دایە عێراق لەبارەى پەسەندکردنى پڕۆژە یاساى تاوانە ئەلیکترۆنییەکان کە سزاى توندى زیندانى و سزاى ماددى دانراوە بۆ ئەو کەسانەى لەرێگەى ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە رەخنە دەگرن.
رێکخراوەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، پڕۆژە یاساکە چاودێرییەتى توند لە وڵاتدا دێنێتە ئاراوە لەسەر ئەو کەسانەى رەخنە دەگرن. رازاو ساڵحى توێژەرى تایبەت بە کاروبارى عێراق لە رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى رایگەیاندووە، ئەو پڕۆژە یاسایە گورزێکى توندە بۆ سەر ئازادى رادەربڕین لە عێراق.
ڕاشیگەیاندووە، پڕۆژەکە بەجۆرێک داڕێژراوە کە بە ئاسانى دەبێتە هۆکارێکى داپڵۆسێنەر و رێگە بە دەسەڵاتداران دەدات، سزاى توندى ئەو کەسانە بدەن کە رەخنەدەگرن، وەکو سزاى زیندانى هەتا هەتایی.
رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى باسى لەوەکردووە، هێزە ئەمنیەکانى عێراق لە ئەیلولى ٢٠١٨دا دەستڕێژیان لە خۆپیشاندەران کردووە لە بەغدا و باشورى عێراق، کە داواى هەلى کار و دابینکردنى خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و چاودێرى تەندروستییان کردووە، دەسەڵاتدارانیش کۆت و بەندێکى توندیان خستووەتە سەر مافى گەیشتن بە ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئەوەشى خستووەتەڕوو، خۆپیشاندەران پێیانوایە دەسەڵاتداران بە ئەنقەست لەکاتى خۆپیشاندانەکاندا هیڵەکانى ئینتەرنێتیان پەکخستووە و بەهۆیەوە نەیانتوانیوە وێنە و گرتەى ڤیدیۆیی پێشێلکارییەکان ئاڵوگۆڕ بکەن.
جێگیربوونی ئەم پرۆژە یاسایە تەنها مەترسی بۆسەر هاوڵاتیانی عێراق نیە، بەڵکو دەگونجێت هەرێمی کوردستانیش پشتی پێ ببەستێ و وەک تاکە سەرچاوەیەکی یاسایی کاری لەسەر بکات. بۆیە دەبێت نوێنەرانی کورد هەڵوێستی جدیان هەبێت و دژی پرۆژەیاسایەکی لەم چەشنە ببنەوە کە دەبێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار