قه‌یرانى دانوستانیش زیادیکرد

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پارته سیاسییه براوهکانى ههڵبژاردنه پهرلهمانییهکهى 30ى ئهیلولى پهرلهمانى کوردستان، پێکهێنانى کابینهى نوێیان خستووهته قهیرانێکى قوڵى دانوستانهوه، بهو هۆیهوه تائێستا وادهى پێکهێنانى ئهو کابینهیه نادیاره. ئهوهش بههۆى ناکۆکى لهسهر دابهشکردنى پۆستهکان.

بهپێى دهرهنجامى ههڵبژاردنه پهرلهمانییهکهى 30ى ئهیلولى پهرلهمانى کوردستان، پارتى به بهدهستهێنانى 45 کورسى پلهى یهکهم، یهکێتى به بهدهستهێنانى 21 کورسى پلهى دووهم، گۆڕان بهبهدهستهێنانى 12 کورسى پلهى سێیهم، نهوهى نوێ ههشت کورسى و کۆمهڵ حهوت کورسى و یهکگرتوو پێنج کورسییان بهدهستهێنا.

دواى زیاتر له دوو مانگ له ههڵبژاردنى پهرلهمانى کوردستان، رۆژى 17ى تشرینى دووهمى ساڵى رابردوو دانوستانهکانى پێکهێنانى کابینهى نوێى حکومهت دهستیپێکرد، شاندى پارتى گهیشته سلێمانى و لهگهڵ ههریهکه له یهکێتى و گۆڕان کۆبووهوه.

کۆبوونهوهکانى سهرهتاى لایهنهکان، وهک خۆیان باسیان دهکرد «ئیجابی» بوون. وتهبێژى پارتى دواى کۆبوونهوهى لهگهڵ یهکێتى لهیهکهم کۆبوونهوهى تایبهت بهپێکهێنانى حکومهتدا، ستراتیژى حزبهکهى لهدوو خاڵدا راگهیاند «چوار ساڵى ئارامى و دیدى هاوبهش بۆ پێکهێنانى کابینهکه«.

ههر لهیهکهم کۆبوونهوهوه، پارتى و گۆڕان خۆشحاڵ دیار بوون به دانوستانهکان، شۆڕش حاجى وتهبێژى گۆڕان دواى کۆبونهوهکه، به رۆژنامهنوسانى راگهیاند که پارتى پێى باشه بهشدارى کابینهى نوێ بکهن.

دواى ئهو کۆبوونهوهیه، دیدى سهرهتاى حزبهکان بۆ پێکهێنانى کابینهى نوێ روون بووهوه، حزبهکان گهڕانهوه بۆ لاى سهرکردایهتییهکانیان تا گفتوگۆ لهبارهى داواکارییهکانیان لهحکومهتى نوێدا بکهن.

بهراورد به بزوتنهوهى گۆڕان که بهرپرسهکانیان نایانشاردهوه دهیانهوێت بهشدارى پێکهێنانى کابینهى نوێ بکهن، بۆچوونى یهکێتى لهسهر پێکهێنانى کابینهکه زۆر روون نهبوو، تهنها جهختیان لهسهر «شهراکهتى راستهقینه لهسهرجهم جومگهکان دهکردهوه«.

دهستپێکردنى دانوستانهکان لهکاتێکدا بوو، ناکۆکییهکانى پارتى و یهکێتى لهسهر پۆستهکانى بهغدا و پرسى پارێزگارى کهرکوک گهیشتبووه ئهوپهڕى ئاڵۆزى، ئهوهش کاریگهرى لهسهر رهوتى دانوستانهکان دروستکردبوو.

سهرهتاى ناکۆکییهکان

لهسهرهتاى دانوستانهکاندا، یهکێتى و پارتى لهسهر چهند پرسێک ناکۆکى کهوته نێوانیانهوه، یهکێتى جهختى لهسهر یهک پاکێجى پرسهکانى ههرێم و کهرکوک و بهغدا دهکردهوه و لهگهڵ ئهوهدا بوو پێکهوه چارهسهر بکرێن، بهڵام ئهولهویهتى پارتى پێکهێنانى کابینهى نوێ بوو، پاشان چارهسهرکردنى پرسهکانى کهرکوک و بهغدا.

یهکێتى له ههوڵى ئهوهدابوو، پارتى رازى بکات بهوهى لهبهرانبهر پێکهێنانى حکومهتدا، پۆستى پارێزگارى کهرکوک بدرێته یهکێتى، لهکاتێکدا پارتى هێشتا ئهو شاره به «داگیرکراو» ناودهبات و ئامادهنییه بهفهرمى بگهڕێتهوه شارهکه، که لهدواى رووداوهکانى 16ى ئۆکتۆبهرى 2017هوه کهوتووهته دهست هێزه عێراقییهکان.

ناکۆکى لهسهر ئهو پرسه رهوتى دانوستانهکانى گۆڕى و بۆ ماوهیهکى زۆر کۆبوونهوهکانى پارتى و یهکێتى دواخست.

قۆناغێکى نوێ

رۆژى سێى مانگى 12ى ساڵى رابردوو، پارتى بهفهرمى نێچیرڤان بارزانى بۆ وهرگرتنى پۆستى سهرۆکى ههرێمى کوردستان کاندیدکرد و ههروهها مهسرور بارزانى بۆ پۆستى سهرۆکى کابینهى نوێ کاندید کرد، بهوهش دانوستانهکان چوونه قۆناغێکى تازهوه.

زۆربهى لایهنهکان، بهتایبهتى ئهوانهى مهیلى بهشدارییان له کابینهى نوێدا ههیه، پێشوازییان لهو ههنگاوهى پارتى کرد، بهڵام ئهو ههنگاوه پێکهێنانى کابینهکهى خێرا نهکرد و بههۆى ناکۆکییهکانهوه دانوستانهکانى پارتى و یهکێتى چهقى بهست.

رۆژى 11ى ئهو مانگه، پارتى و یهکێتى جارێکى تر کۆبوونهوه و لهسهر چهند خاڵێک رێککهوتن، لهناویاندا پێکهێنانى لیژنهیهک بۆ ئامادهکردنى پڕۆژهیهکى ڕێکخستنهوهى پهیوهندییهکان به شێوهیهکى گشتى، بۆ ههبوونى ههڵوێستى هاوبهش دهربارهى چۆنیهتیى مامهڵه و دیدگاى هاوبهش سهبارهت به عێراق و ناوخۆى کوردستان و دهوروبهر، ههروهها بهرچاوڕوونى لهسهر ڕووداو و پێشهاتهکان.

ههروهها رێککهوتن لهسهر پشتگیریکردن له لیژنهى تایبهت به پێکهێنانى کابینهى نۆیهم بۆ دابینکردنى سهقامگیرى و حوکمڕانیى سهرتاسهرى لهسهر بنهماى یاسا و هاوبهشیى، ههموو ئهو حزبانهى که بهشدارى له کابینهى داهاتوودا دهکهن.

جیاواز له دانوستانهکانى پارتى و یهکێتى، دانوستانهکانى پارتى و گۆڕان لهسهر پێکهێنانى کابینهکه بهرهوپێشچوون، گۆڕان لیژنهیهکى بۆ گفتوگۆ لهگهڵ پارتى راسپارد و داواکانى خسته بهردهم مێزى دانوستان که خۆى دهبینییهوه له لهسهدا 12ى پشکهکان له کابینهى نوێدا.

ناکۆکییهکانى پارتى و یهکێتى شکستى به چهند کۆبوونهوهیهکى بڕیار لێدراوى نێوانیان هێنا، پێش ئهوهى کۆبوونهوهکان بکرێت، لهجیاتى ئهوه، بهرپرسانى ههردولا لهمیدیاکانهوه لێدوانیان لهدژى یهکترى دهدا.

دواى پشووهکانى سهرى ساڵ دانوستانهکانى پێکهێنانى کابینهى نوێ دهستیان پێکردهوه، یهکێتى و پارتى چهند کۆبوونهوهیهکى دیکهیان ئهنجامدا تا رۆژى پێنجى شوبات گهیشتن به ڕێککهوتن لهسهر پرسى پێکهێنانى حکومهت و یهکلاییکردنهوهى دۆسیهى پارێزگارى کهرکوک.

رێککهوتنهکهى پارتى و یهکێتى زۆرى نهخایاند و شکستى هێنا، ئهوهش بووه هۆى ئهوهى پارتى بهبێ بهشدارى فراکسیۆنى یهکێتى له 18ى شوباتدا دهستهى سهرۆکایهتى پهرلهمان ههڵبژێرێت، بهجۆرێک سهرۆک و جێگر لهپارتى و سکرتێر لهتورکمانهکان ههڵبژێردران.

جیاواز لهو ناکۆکییانه، پارتى و گۆڕان له رۆژى کۆبوونهوهى پهرلهمانى کوردستاندا رێککهوتنى نێوانیان بۆ پێکهێنانى کابینهى نوێى حکومهت واژۆکرد، که بهپێى رێککهوتنهکه گۆڕان پۆستى جێگرى سهرۆکى ههرێم و چوار وهزارهت و بریکارى وهزارهتهکانى چوار وهزارهتى دیکه و ئهمیندارى وهزارهتى پێشمهرگه و %12ى پۆستهکانیان پێدهدرێت لهسهرجهم پۆستهکانى دیکهدا وهکو بهڕێوهبهر و بریکارى وهزارهتهکان.

بهپێى رێککهوتنى پارتى و یهکێتى پۆستى سهرۆکى پهرلهمان پشکى یهکێتى بوو، بهڵام بههۆى ئامادهنهبوونى فراکسیۆنى یهکێتى یهوه، ڤالا فهرید له پشکى پارتى پۆستهکهى وهرگرت، ئهوکات فراکسیۆنى پارتى رایانگهیاند ئهو پۆسته پشکى یهکێتى یهو ههرکات یهکێتى گهڕایهوه کۆبوونهوهکان، پۆستهکهى رادهستدهکهنهوه.

دواى چهند رۆژێکى کهم لهو کۆبونهوهیه، یهکێتى کۆبونهوهیهکى فراوانى ئهنجامدا و رایگهیاند قۆناغێکى نوێى دانوستان دهستپێدهکهن و قسهیان لهسهر ههر سێ سهرۆکایهتییه دهبێت و وهکو قۆناغى پێشوو، دانوستان لهگهڵ پارتیدا ناکهن.

رۆژى چوارى ئازار، جارێکى تر دانوستانهکانى پارتى و یهکێتى دهستیان پێکردهوه، له مهراسمێکدا له ههولێر نێچیرڤان بارزانى جێگرى سهرۆکى پارتى و کۆسرهت رهسوڵ جێگرى سکرتێرى گشتى یهکێتى رێککهوتنى سیاسى نێوان پارتى و یهکێتیان واژۆکرد، بهڵام رێککهوتنهکه زۆرى نهخایاند و شکستى هێنا.

لهگهڵ بهردهوامى دانوستان و شکستى رێککهوتنه یهک لهدواى یهکهکان، پهرلهمانى کوردستان بهبێ فراکسیۆنى یهکێتى بهردهوامى به ههوڵهکانیدا، بۆ کاراکردنهوهى سهرۆکایهتى ههرێم و خوێندنهوهى یهکهم و دووهمى بۆ ئهو پڕۆژهیه کرد که پارتى و گۆڕان لهو بارهیهوه ئیمزایان کردووه.

رێککهوتنى کۆتایی

رۆژى سێى ئهم مانگه، جارێکى تر ههواڵى رێککهوتنى یهکێتى و پارتى راگهیهنرا، بڕیاربوو رۆژى دواتر بهفهرمى ئیمزابکرێت، بهڵام واژۆکردنى رێککهوتنهکه دواخرا بۆ کاتێکى نادیار، لهکاتێکدا بڕیاره ئهمڕۆ پهرلهمان کۆبێتهوه و دهنگ لهسهر کاراکردنهوهى سهرۆکایهتى ههرێم بدات.

رێگرى سهرهکى بهردهم رێککهوتنهکه زیادکردنى پۆستێکى دیکهى جێگرى سهرۆکى ههرێمه بۆ یهکێتى، که بزوتنهوهى گۆڕان دانانى رهتدهکاتهوه، ئهوهش چارهنوسى دانوستانهکانى به داهاتویهکى نادیار سپاردووه.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار