عومه‌ر به‌شیر؛ ئه‌و سه‌رۆکه‌ى به‌ کوده‌تا هات و به‌کوده‌تاش رۆیشت

2019-04-11 12:20:24



هاوڵاتى

عومه‌ر به‌شیر سیاسه‌تمه‌دار و که‌سایه‌تى سه‌ربازى سودانى، که‌ له‌ساڵى 1989 به‌ کوده‌تاى سه‌ربازى ده‌سه‌ڵاتى گرته‌ ده‌ست، دواجار و پاش 30 حکومڕانى هه‌ر به‌ کوده‌تا رۆیشت و ده‌سه‌ڵاتى لێسه‌نرایه‌وه‌.

به‌شیر که‌ له‌لایه‌ن دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ یاداشتى ده‌ستگیرکردنى بۆ ده‌رکراوه‌، له‌ساڵى 1944 له‌ گوندى حوش بانقاى نزیک له‌ شارى شندى له‌ باکورى سودان له‌دایک بووه‌.

به‌شیر بڕوانامه‌ى ماسته‌رى له‌ زانستى سه‌ربازیدا به‌ده‌ستهێناوه‌ له‌ساڵى 1981.

به‌شر ئینتیماى بۆ ره‌وته‌ ئیسلامییه‌کان نه‌ده‌شارده‌وه‌، به‌ڵام له‌ساڵى 1989 سه‌رۆکایه‌تى کوده‌تایه‌کى کرد دژى حکومه‌تى سادق مه‌هدى که‌ له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌کانه‌وه‌ پشتیوانى ده‌کرا.

ئه‌و به‌ خوێندکارێکى بیرمه‌ندى ئیسلامى کۆچکردوو دکتۆر حه‌سه‌ن تورابى داده‌نرێت، بۆ ماوه‌یه‌کى درێژ هاوڵاتیانى سودان ده‌یانوت به‌شیر به‌ رۆژ سه‌رۆکه‌ و به‌شه‌ویش خوێندکاری تورابییه‌ و تورابی حاکمى کرده‌یی وڵاته‌.

به‌ڵام به‌شیر دواتر کوده‌تاى به‌سه‌ر تورابیدا کرد و چه‌ند جارێک خستییه‌ زیندانه‌وه‌.

به‌شیر به‌شى زۆرى ژیانى له‌ناو سوپا به‌سه‌ربردووه‌ و له‌ته‌مه‌نێکى که‌مدا چووه‌ته‌ ریزى سوپاوه‌، تا گه‌یشت به‌به‌رزترین پله‌، به‌ڵام ده‌روازه‌ى گه‌یشتنى به‌ده‌سه‌ڵات له‌رێگه‌ى کوده‌تاى سه‌ربازییه‌وه‌ بوو.

له‌سه‌ره‌تاى ده‌سه‌ڵاتیدا به‌شیر ره‌تیده‌کرده‌وه‌ سازش بکات له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى ئاین به‌ ده‌وڵه‌ت و پێدانى مافى چاره‌ى خۆنوسین به‌ باشوری سودان.

سه‌رۆکایه‌تى به‌شیر به‌چه‌ندین وێستگه‌ى جیاجیادا رۆیشت، که‌ دیارترینیان شه‌ڕى باشورى سودان و کێشه‌ى دارفۆر بوو.

ساڵى 2008 دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنى بۆ عومه‌ر به‌شیر ده‌رکرد، به‌تۆمه‌تى ئه‌نجامدانى تاوانى جه‌نگ و تاوانى دژى مرۆڤایه‌تى له‌ دارفۆر.

ساڵى 2009 به‌شیر سێیه‌م سه‌رۆکى وڵات بوو که‌ دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى فه‌رمانى ده‌ستگیرکردنیان بۆ ده‌رکرابێت.

ساڵى 2013 هاوڵاتیانى سودان له‌ژێر کاریگه‌رى به‌هارى عه‌ره‌بیدا رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و داواى رۆیشتنى رژێمیان کرد، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌کان به‌توندى وه‌ڵامیان دنه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 100 که‌س کوژران و هه‌زارانى دیکه‌ش ده‌ستگیرکران.

له‌کۆتایی ساڵى 2018 سودانییه‌کان جارێکى دیکه‌ رژانه‌ سه‌ر شه‌قام و داواى باشکردنى خزمه‌تگوزارییه‌کانیان کرد، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى داواى رۆیشتنى ده‌سه‌ڵاتى به‌شیر بکه‌ن.

دواى چه‌ند مانگێک له‌ به‌رده‌وام بوونى خۆپیشاندانه‌کان، هاوڵاتیانى سو‌دان له‌به‌رده‌م باره‌گاى فه‌رمانده‌یی ئه‌رکانى سوپا مانیان گرت و داوایان له‌ سوپا کرد ده‌ستوه‌ردان بکات بۆ له‌کارخستنى به‌شیر.

به‌ره‌به‌یانى 11ى نیسانى 2019 سوپاى سودان ده‌ستى به‌سه‌ر رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنى سوداندا گرت و به‌شیرى له‌ده‌سه‌ڵات دورخسته‌وه‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار