‌بە ڤیدیۆ: عیزەت دوری داوای لێبوردن لە کوەیت دەکات لەسەر داگیرکاری ساڵی ١٩٩٠

2019-04-13 15:54:44



هاوڵاتی

عیزه‌ت ئیبراهیم دوری جیگری سەدام حوسێن لە حزبی بەعسی هەڵوەشاوە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئاراستەی میری کوەیرتی کردوە داوای لێبوردنی لێده‌كات و دان داگیركردنی ئه‌و وڵاته لە ساڵی ١٩٩٠‌ لە لایەن عێراقەوە بە "هه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌خلاقی" ناودەبات.

گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ نوێیه‌ و تێیدا عیزه‌ت دوری، دووه‌م كه‌سایه‌تی رژێمی پێشوو ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌گه‌رچی پێشتر په‌یامی ده‌نگی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ له‌ دوای 2012، یه‌كه‌مجاره‌ په‌یامی ڤیدیۆیی بڵاوده‌كاته‌وه‌ و ده‌رده‌كه‌وێت.

له‌و په‌یامه‌ ڤیدیۆییه‌دا، عیزه‌ت دوری بە دەنگێکی کزو نووساوەوە قسە دەکات و ده‌ڵێت "داگیركردنی كوه‌یت هه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌خلاقی بوو، هیچ كاتێكیش كوه‌یت به‌شێك نه‌بووه‌ له‌ عێراق، به‌ڵكو عێراق و كوه‌یت دوو وڵاتی نیشتمانی عه‌ره‌بی بوون".

وته‌كانی عیزه‌ت دوری له‌ كاتێكدایه‌، كه‌ رژێمی به‌عسی رووخاو، به‌ر له‌ دگیركردنی كوه‌یت درووشمی ئه‌وه‌ی ده‌گوته‌وه‌، كه‌ كوه‌یت 19مین پارێزگای عێراقه‌ و له‌ 2ی ئاب/ ئۆگستۆسی 1990 هێرشی ده‌ستپێكرد و له‌ ماوه‌ی دوو رۆژدا ئه‌و وڵاته‌ی داگیركرد.

كوه‌یت ماوه‌ی 7 مانگ له‌ ژێر كۆنتڕۆڵی سوپای عێراق مایه‌وه‌، دواتر هاوپه‌یمانان به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له‌ 26ی شوبات1991، سوپای عێراقی ده‌ركرد و وڵاته‌كه‌ی ئازادكرده‌وه‌.

عیزه‌ت دوری، له‌ دایكبووی ساڵی 1942ـه‌ و كه‌سی دووه‌می رژێمی رووخاوی به‌عس داده‌نرێت، كه‌ جێگری سه‌ددام حوسێن، دیكتاتۆری له‌ سێداره‌دراو بووه‌ له‌ پۆسته‌ حزبییه‌كه‌یدا.

له‌ دوای ئازادكردنی عێراق له‌ 2003، شوێنی عیزه‌ت دوری نه‌زانراو بووه‌ و دوای له‌ سێداره‌دانی سه‌ددام حوسێنیش، سكرتێری گشتی حزبی به‌عسی وه‌رگرتووه‌، ناوه‌ ناوه‌ش په‌یامی ده‌نگی بڵاوده‌كاته‌وه.

گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ش، به‌بۆنه‌ی یادی دامه‌زراندنی حزبی به‌عس تۆماركراوه‌ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ حزبه‌كه‌ له‌ 7ی نیسانی 1947 له‌ سووریا دامه‌زراوه‌.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار