نێچیرڤان بارزانی: با هەموومان هەوڵبدەین کەمتر ئۆتۆمبێل و سووتەمەنی بەکاربهێنین
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هەڵمەتێکی یەک هەفتەیی راگەیاند بۆ پاککردنەوەی ژینگە و سرووشتی کوردستان داواشی کرد هەموولایەک هەوڵبدەن کەمتر ئۆتۆمبێل و سووتەمەنی بەکاربهێنن.
نێچیرڤان بارزانی لە وتارێکدا لە مەراسیمەکە پێشکەشی کرد وتی "لە هەرکوێیەک پێمان کرا با دارێک، درەختێک، گوڵێک لە باخچەیەک، لە ئینجانەیەکدا بچێنین و وەکو هاوڕێی تەمەن لێی بڕوانین، چاومان لێی بێ تاوەکو گەورە دەبێت، ژینگەیەکی پاکتر و جوانترمان دەداتێ"
وتیشی "با هەموومان هەوڵبدەین کەمتر ئۆتۆمبێل و گاز و سووتەمەنی بەکاربهێنین، کە دارێک بڕدرایەوە، لەجێگەی ئەو دوو دار بڕوێنین، بەرپرسیارییەتی بەرامبەر ژینگە هیچ کاتێک کۆتایی نایەت و دەبێت خەم وئەرکی رۆژانەی هەموو تاکێکی ئەو وڵاتە بێت".
لە بەشیکی تری قسەکانیدا وتی "وێڕای هەموو هەوڵەکانی حکومەت و ئاژانسەکان، هێشتا پیسبوونی ژینگە مەترسییەکی گەورەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێت. جیهان پێویستی بە تێگەیشتنێکی باشتر و هەماهەنگییەکی زیاترە لەبارەی ئەو مەترسییە... ئەرکی هاوبەشی جیهانە ئەوە چارەسەر بکات".
وتیشی "حکومەت زۆر هەنگاوی ناوە: سەدان هەزار درەخت چێندراون، پارکی نیشتمانی دروستکراون بۆ پاراستنی باڵندە و گیاندارانی کێوی، هەروەها بۆ پرۆژەکانی پیشەسازی و نیشتەجێبوون رێنمایی دەرچووە بۆ زیادکردنی رووبەری سەوزایی و دواجاریش بڕیاری داخستنی چەندین پاڵاوگەمان داوە، کە یەکێکە لە دیارترین هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە، بەڵام ئەمانە هەموویان بەس نین و نەمانتوانیوە وەکو پێویست ژینگە بپارێزین، ئەم ئەرکە بەبێ هاووڵاتیان جێبەجێ ناکرێت، دەبێت هاووڵاتیان خۆیان کولتوور و هۆشیاریی پاراستنی ژینگەییان هەبێت، دەبێت خۆیان بە خاوەنی ژینگە بزانن و بە هەموو دڵسۆزییەوە بیپارێزن و رێگە نەدەن ژینگە پیس ببێت و حکومەتیش دەبێت رێکاری سزادانی سەرپێچیکاران تووندتر بکات".