ته‌نگهه‌ڵچنین به‌کوردانی که‌رکوک خه‌ریکه‌ خوێنى تێده‌که‌وێت

له‌ده‌ورووبه‌ری که‌رکوک زه‌وی به‌سه‌ر که‌سوکاری کوژراوانی حه‌شدی شه‌عبیدا دابه‌شده‌کرێت

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی، سهروهر خهلیل

گوندنشینانی کورد لهکهرکوک و دهوروبهری لهدوای رووداوهکانی 16ی ئۆکتۆبهرهوه جارێکیتر رووبهڕووی مهترسی دهرکردن و دهستگرتن بهسهر زهوییهکان بوونهتهوهو حکومهتی عێراق و دهسهڵاتی خۆجێیی شارهکه، بهبیانووی جۆراو لهناوچه جیاجیاکانی پارێزگاکه، مهترسی دەرکردنی لهسهر دروستکردوون.

دوێنێ بهسهدان کهس له عهشیرهتى شهممهر چوونه گوندی پەلکانەو خۆیان وهکو خاوهن زهوى ناساندو لهگهڵ کوردهکانى ناوچهکهدا تووشی گرژیی بوون.

ئهگهرچی ئهوان لهدوای ساڵی 2003وه دوای چهند ساڵێک ئاوارهبوون لهناوچهکانی تری ههرێمی کوردستان، گهڕانهوه شارهکهیان و لهلایهن پارتی و یهکێتییهوه بهبڕێک پاره قهرهبوو کرانهوهو لهسهر زهوی گوندهکانیان خانوویان دروستکرد، بهڵام دوای کشانهوهی پێشمهرگه جارێکیتر مهترسی کهوتووهتهوه سهر ژیان و گوزهرانیان.

ئیبراهیم، تهمهن 65 ساڵ دانیشتووی گوندی ههنجیرهی سنووری پارێزگای کهرکوکه، ئهو جهخت لهوه دهکاتهوه که لهدوای 16ی ئۆکتۆبهرهوه وهزارهتی نهوتی عێراق و بهرپرسانی کۆمپانیای نهوتی باکوور ههڕهشهی چۆڵکردنی گوندهکهی ئهو و دوو گوندی هاوسنووری دهکهن.

گوندهکانی ههنجیرهو باجوان و چوپلیجه ئهو سێ گوندهن که لهلایهن بهرپرسانی کۆمپانیای نهوتی باکوورهوه سکاڵای یاسایی دژی دانیشتوانهکهیان تۆمارکراون.

ئیبراهیم دهڵێت «ئێمه دوای 2003 که گهڕاینهوه کهرکوک، بینیمان که گوندهکانمان خراونهتهوه ناو دیواری کۆمپانیای نهوتی باکوورهوه، بۆیه دهسهڵاتدارانی ئهو کاتی کهرکوک پێیانوتین بڕۆن لهسهر ئهو زهوییانه خانوو دروستبکهن که ئێستا تێیدا نیشتهجێین، بهڵام دوای 16ی ئۆکتۆبهر پهرپرسانی کۆمپانیای نهوتی باکوور بههێزهوه ههڵیانکوتاوهته سهر گوندهکانمان و داوای چۆڵکردنی دهکهن چونکه زهوییهکان موڵکی کۆمپانیای ناوبراوه، بهڵام ئێمه گوندهکهمان جێنههێشتووه بۆیه لهدادگاش سکاڵایان لهدژمان تۆمارکردووه«.

ئهو سکاڵا یاساییانهی دژی خهڵکی ئهو سێ گونده تۆمارکراون لهلایهن دادگای تاوانهکانهوه، دهبینرێن و لهئهگهری یهکلاییبونهوهی دۆسییهکاندا ئهگهری زیندانیکردنی خهڵکهکه ئهگهرێکی بههێزه.

ئیبراهیم دووپاتیدهکاتهوه که «دادگا بۆ ئهوهی پشێوی دروست نهبێت ههر جارهو ژمارهیهک خێزان بانگهێشتی بهردهم دادگا دهکات».

هاوکات عهشیرهتی شهمهر که عهشیرهتێکی عهرهبهو لهساڵانی نهوهدهکانی سهدهی رابردوو لهلایهن حیزبی بهعسهوه لهناوچهکانی باشوور و ناوهڕاستی عێراقهوه هاوردهی سنوورهکه کراون، لهنوسراوێکدا بۆ پارێزگاری بهوهکالهتی کهرکوک داوای چۆڵکردنی شانزه گوندی سنووری ناحیهی سهرگهڕان و قهزای دووبز دهکهن بهو پێیهی «ئهوان خاوهنی ئهو گوندانهن و لهساڵی 2003 لهلایهن پێشمهرگهوه راگوێزراون».

پارێزگاری بهوهکالهتی کهرکوکیش لهسهر ههمان داواکاری نوسراوی ئاڕاستهی هێزه ئهمنییهکانی سنوورهکه کردووه بهدهم داواکاری عهشیرهتهکهوه بچن، بهڵام دوای ههڵکوتانه سهر گوندهکه لهلایهن عهشیرهتی ناوبراوهوه، چهند جارێک شهڕو ئاژاوه لهنێوان خێزانه کوردهکان و خێزانه عهرهبهکان دروستبووه که دواترینیان شهڕهکهی دوێنێی گوندی پهڵکانه بوو.

ههڵۆ جهوههر، دانیشتووی گوندی پهڵکانهی سنووری ناحیهی سهرگهڕانهو لهشهڕ و پێکدادانهکهی دوێنێدا، باوکی و برایهکی و ئامۆزایهکی دهستگیرکراون و بهکهفالهت ئازادکراون، ئهو دهڵێت «عهرهبهکان دهیانهوێت بهزۆر لهماڵهکانمان دهرمان بکهن و دهست بهسهر زهوییهکانماندا بگرن، بهڵام ئێمه ئهوه قبوڵناکهین چونکه ئێمه لهسهر زهوی خۆمانین».

لهبارهی شهڕهکهشهوه دهڵێت «سهرهتا هێزه ئهمنییهکان پاڵپشتی عهرهبهکان بوون، بهڵام دوای هاتنه سهر خهتی بهرپرسانی پارتی و خودی کاک مهسعود دۆخهکه پێچهوانه بووهو هێزه ئهمنییهکان خێزانه عهرهبهکانیان لهو خانووانه دهرکرد که دهستیان بهسهردا گرتبوو و ژمارهیان 12 خانوو بوو».

لهلایهکی ترهوه بهڕێوهبهرایهتی شارهوانییهکانی کهرکوک، رووپێویی بۆ زهوییهکانی سنووری شارهوانی پردێ کردووه بهمهبهستی دابهشکردنیان بهسهر کهسوکاری زیندانیانی سیاسی و شههیدانی عێراق.

ئهو زهوییانهی بڕیاره لهپردێ دابهشبکرێن، رووبهری 200 دۆنم زهوی کشتوکاڵییهو دهکهونه سنووری گوندی قهرهبهگهوهو پێش 2003 لهلایهن حکومهتی بهعسهوه لهخاوهنهکانیان وهرگیراونهتهوهو کوژێنراونهتهوهو دواتر کراون بهموڵکی شارهوانی پردێ، خاوهندارێتی زهوییهکانیش بۆ عهشیرهتی ساڵهیی دهگهڕێتهوه که دوای ساڵی 2003 گهڕانهوه سهر زهوییهکان و لهبهشێکیدا خانوویان دروستکردووه.

عهشیرهتی ساڵهیی لهبهیاننامهیهکدا که لهچهند رۆژی رابردوودا بڵاو کراوهتهوه، جهخت لهوه دهکاتهوه که ئهوان دهستبهرداری مافی خۆیان نابن، لهموڵکداری زهوییهکانیان و رووبهڕووی ههر ههوڵێک دهوهستنهوه بۆ لێسهندندنهوهی زهوییهکانیان.

هاوکات محهمهد نهجیب بهڕێوهبهری شارهوانی پردێ بهوهکالهت جهخت لهوه دهکاتهوه که ئهوان وردهکاری و رێوشوێنهکانی دابهشکردنی ئهو زهوییانه نین، چونکه وهک خۆی دهڵێت «ئهو لیژنهیهی روپێویی بۆ زهوییهکه ئهنجامداوه سهر به بهڕێوهبهرایهتی شارهوانییهکانی کهرکوکهو خۆیان سهرپەرشتی ئهو بابهته دهکهن».

به وتهی ئهو «بهپێی بڕیارێکی وهزارهته پهیوهندیدارهکانی حکومهتی عێراق، خانهوادهی شههیدان و زیندانیانی سیاسی لهمهرجی شوێنی لهدایکبوون بهخشراون بۆ وهرگرتنی زهوی نیشتهجێبوون، واتا ئهوان دهتوانن لهههر شوێنێکی عێراق بێت، سوودمهند بن لهوهرگرتنی زهوی نیشتهجێبوون».

ئهمه لهکاتێکدایه که بهپێی دهستووری عێراق و یاسا پهیڕهوکراوهکان، کهرکوک و ناوچه جێناکۆکهکان دۆخێکی تایبهتیان پێدراوهو پێشتر رێگه نهدهدرا ئهو کهسانهی لهبنهڕهتدا خهڵکی شارهکه نین ببنه خاوهنی زهوی و خانوو لهشارهکه، بۆ رێگرتن لهگۆڕانکاری دیموگرافی لهشارهکهدا.

هاوکات لهچهند رۆژی رابردوودا لهقهزای داقوق ژمارهیهک پارچه زهوی بهسهر کهسوکاری کوژراوانی حهشدی شهعبیدا دابهشکران.

به وتهی لویس فهندی قائیمقامی قهزای داقوق بهوهکالهت «فهرماندهی حهشدی شهعبی له داقوق دوو دۆنم زهوی لهجوتیارێکی کورد کڕیوهو کردوویهتی بهزهوی نیشتهجێبوون و بهسهر خانهوادهی شههیدهکانی حهشدی شهعبیدا دابهشیکردوون».

ئهو جهخت لهوه دهکاتهوه که «تهواوی ئهو کهسانهی لهو زهوییانه سوودمهند بوون لهبنهڕهتدا خهڵکی داقوقن».

لای خۆیهوه جهمال شکور ئهندامی پهرلهمانی عێراق لهسهر لیستی یهکێتی جهخت لهوه دهکاتهوه که ئهوان لهههوڵی بهردهوامدان بۆ رێگرتن لهو پێشێلکارییانهی بهرامبهر به گوندنشینانی کورد دهکرێت لهکهرکوک، دهڵێت «ئێمه له ههوڵی بهردهومداین لهگهڵ لایهنه پهیوهندیدارهکان و لهدانیشتن و نوسراوهکانماندا جهختمان لهوه کردووهتهوه که بهپێی یاساو راسپاردهی لیژنهی ماددهی 140 و بڕیاری ئهنجومهنی وهزیران ئهو زهوییانه بۆ خاوهنه رهسهنهکانیان لهکورد و تورکمان گهڕێنراونهتهوه«.

ئهمه لهکاتێکدایه که لهسهر بڕیاری سهرۆک کۆمار، لیژنهیهکی تایبهت پێکهاتووه بۆ تاوتوێکردنی پرسی زهوییه کشتوکاڵییهکانی کهرکوک که له نوێنهرانی کورد و تورکمان و عهرهب لهسهر ئاستی ئهنجومهنی پارێزگاو پهرلهمانی عێراق و نوێنهرانی سهرۆک کۆمارو سهرۆک وهزیران و وهزارهت و دهسته پهیوهندیدارهکان پێکهاتوون».

ئهو پێیوایه یهکگنهگرتوویی لایهنه کوردییهکان و هۆکاره بۆ درێژهدان بهو «پێشێلکارییانه«، داواش دهکات که لایهنه کوردییهکان «بهزووترین کات» ههوڵهکانیان یهکبخهن بۆ رێگهنهدان به دووباره بوونهوهی ئهو «پێشێلکارییانه«

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار