لیرەی تورکی باجی دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دەدات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی، کاکەلاو عەبدوڵا

هەفتەی ڕابردوو، ئەنجومەنی هەڵبژاردنی تورکیا ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بۆ شاری ئەستەنبوڵ هەڵوەشاندەوە کە تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆنتڕۆڵی شارەکەی لەدەستدا بۆ پارتی جەهەپە. ئەم بڕیارە، جارێکی تر لیرەی تورکی دابەزاند و جەهەپەش بە کودەتا ناوزەندی کرد.

لەدواین لێدوانیدا، ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بڕیاری ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن لە ئەنستەنبوڵ، باشترین هەنگاوە بۆ وڵاتەکەی. وتیشی، «ئەم بڕیارە بە باشترین هەنگاو دادەنێین کە ئیرادەمان بەهێز دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەچوارچێوەی یاسا و دیموکراسیدا.» سەرۆکی تورکیا ڕاشیگەیاند کە «دزەکان» لەسەر سندوقی دەنگدانەکان «ئیرادەی نیشتمان»یان دزیوە.

ئەم لێدوانەی دوای ئەوە دێت کە باسی لەوە کردبوو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەستەنبوڵدا کاری نایاسایی و دەستێوەردان کراوە لە ئەنجامەکاندا.

بەپێچەوانەوە کەمال کیلشدارۆغلو، سەرۆکی پارتی جەهەپە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە رۆژی دووشەممە،  داوای لە ئەردۆغان کرد کە ئەگەر دزی کراوە با بەڵگە بخاتەروو لەسەر ئەو بابەتە. وتیشی، «ئەوەی دزراوە ئیرادەی خەڵکی تورکیایە و ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن دیکتاتۆریەتی سیستەمەکە دەسەلمێنێت.» جێگری سەرۆکی پارتی جەهەپەش، ئۆنۆرسال ئەدیگوزێل، ڕایگەیاند ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن  ئەوە پیشان دەدات بردنەوە لە ئاکپارتی نایاساییە و بڕیارەکەی بە «دیکتاتۆرێتی تەواوەتی» وەسف کرد. وتیشی «ئەم سیستەمە کە زاڵە بەسەری ئیرادەی هاونیشتمانیان و یاسا وەلادەنێت، نە دیموکراتییە و نە یاساییە.» ئەکرەم ئیمامۆگلوش کە بووە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ وەک کاندیدی جەهەپە و دواتر نازناوەکەی لێسەندرایەوە، ئیدانەی ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی کرد و وتی کە کاریگەری پارتی دەسەڵاتداریان لەسەرە. ڕاشیگەیاند، «ئێمە هەرگیز ساش لە بنەما سەرەکیەکانمان ناکەین. ئەم وڵاتە ٨٢ ملیۆن نیشتمانپەروەری تێدایە کە دەجەنگن بۆ دیموکراسی تا دوا هەناسە.»

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ٣١ی مارسدا ئەنجامدرا کە تێیدا پارتی داد و گەشەپێدان، ئاکپارتی، براوە بوو بەڵام هەر سێ شارە گەورەکەی تورکیا، ئەستەنبوڵ و ئەزمیر و ئەنقەرەی دۆڕاند بۆ پارتی ئۆپۆزسیۆن، جەهەپە. ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش، دوای ناڕەزایی ئاکپارتی لە ئەنجامەکان، بڕیاری دووبارە هەڵبژاردنەوەیدا لە ئەستەنبوڵ لە ٢٣ی حوزەیران.

دوای ئەم بڕیارەش، هەندێک لەناو پارتی جەهەپە داوای بایکۆتکردن دەکەن بەوپێیەی پارتەکەی ئەردۆغان جێی متمانە نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە. بەڵام سەرکردایەتی جەهەپە دەڵێن کە دووبارە کەمپین ڕێکدەخەن، بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی شارەوانی و چەند پارتێکی دیکەش پشتگیرییان لێدەکەن.

ئەم گرژی و ئاڵۆزییانەی ئەم دواییە بونەتە جێی مەترسی بۆ سەر ئابووری تورکیا. هەر دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکان، لیرەی تورکی بەهاکەی زیاتر لەدەستدا کە لەماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا کەمترینی تۆمارکرد بەشێوەیەک کە یەک دۆلار بەرامبەر ٦.٢٤ لیرەی تورکییە لەکاتێکدا کە پێش بڕیارەکە دۆلارێک بەرامبەر لە کەمتر لە ٦ لیرە بوو. بەوپێیە بێت، بانکی ناوەندی ڕووبەڕووی پەستانی زیاتر دەبێتەوە بۆ جێگیرکردنی دراوەکە بە زیادکردنی ڕێژەی سوود، ئەمەش هەنگاوێکە کە ئەردۆغان بێزار دەکات، چونکە بە بەردەوامی داوای ئەوە دەکات، سوودی قەرز کەمبکرێتەوە. ئابوریناسان بڕوایان وایە کە حکومەت پەستانی خستووەتە سەر بانکە حکومییەکان تا دراوی بیانی بفرۆشن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت لیرە لە داڕمانێکی خراپتر بپارێزن.

بەپێی قسەی بازرگانان بێت، خاوەن قەرزەکان زیاتر بە بەهای  ٤٠٠ ملیۆن دراوی بیانیان فرۆشتووە، دوای ئەوەی لیرە خراپترین ئاستی تۆمارکرد لە حەوت مانگی ڕابردوودا. هەر بەپێی قسەی بازرگانان بێت، ئەم بڕە دواتر زیاد بوو بۆ یەک ملیار.

ئابوریناسێکی تورکی، موستەفا سۆنمیز، پێیوایە کە ئەم هەوڵە بۆ جێگیرکردنی بەهای لیرە لە ڕێی کەرتی حکومییەوە، تەمەنی کورت دەبێت چونکە بۆ جێگیرکردنی ئاڵوگۆری دراو، بانکی ناوەندی دەبێت ڕێژەی سوود زیاد بکات، ئەگینا لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێ، بەڵام لەم حاڵەتەدا لەژیر پاڵەپەستۆیەکی توندا خۆی دەبینێتەوە لەبەرئەوەی ئەردۆغان و بازرگانانی ناوخۆیی بەتوندی لەدژی ئەم هەوڵە دەوەستنەوە. وتیشی، «داڕمانی لیرە تەنها پەیوەست نییە بە گرژی سیاسی ناوخۆی و نادڵنیایی لە هەڵبژاردنەکان بەڵکو هۆکاری تر هەیە، وەک کەشی سیاسی جیهانی. یەکێکیش لەوانە گرژی و ئاڵۆزی نیوان ئەنقەرە و واشنتۆنە کە ئەمەیان کاریگەرییەکی بەردەوامی هەبووە لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە.» پێشبینی ئەوەشی کرد کە لیرە زیاتر بەهای خۆی لەدەستبدات لەحاڵەتی ڕازیبوونی تورکیا بە هاوردەکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس ٤٠٠ی ڕووسی بە بەهای دوو ملیار دۆلار کە هۆکاری سەرەکییە بۆ سزاکانی ئەمریکا لەسەر تورکیا و دەگونجێت سزاکان دوای ئەم هەنگاوە زیاتریش ببن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار