ئەمەریکا و ئێران.. لە دووڕیانی جەنگ‌و ئاشتیدا

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی، کاکەلاو

گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، قۆناغێکی نوێیان بڕیوە و ترسی ئەوە هەیە کە پێکدادان دروست ببێت. گومانی ئەمریکاش لە هەڕەشەکانی ئێران، وایکردووە کە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە کەشتی جەنگی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن تا ئامادەبن بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی لەناکاو.

بەدەر لە گوشاری بەردەوامی ئابوری لەسەر ئێران، لە هەڵمەتێکی نوێدا ئەمریکا دەستی کرد جوڵاندنی هێز بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناردنی سیستەمی موشەکی پەیتریۆتی بۆ نزیکی کەنداوی فارس ڕاگەیاند. بڕیارە سیستەمەکە لەگەڵ کەشتی جەنگی ئارلینگتۆن ڕەوانە بکرێت، بۆ یاوەری کردنی کەشتی جەنگی ئەبراهام لینکن.

سیستەمی بەرگری موشەکی پەیتریۆت دەتوانێت دژی موشەکی بالیستی و موشەکی دەریایی و فڕۆکەی پێشکەوتوو بوەستێتەوە. ئەم سیستەمە توانای هەیە لەدووری ١٠٠کم جوڵەی هەر موشەکێک دیاری بکات کە جێی هەڕەشە بێت و لەماوەی ٩ چرکەدا بەرپەرچی بداتەوە.

ناردنی کەلوپەلی سەربازی بۆ ناوچەکە، دوای ئەوە دێت کە پێنتاگۆن لە بەیاننامەکەیدا لە هەینی ڕابردو ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی ئەمریکا وەڵامی هەر ئەگەرێکی هێرش دەدەنەوە بۆ سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە، «ئامادەیی چڕی ئێران بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن» وایکردووە کە ناردنی کەشتی جەنگی پێویست بێت. هەر بەپێی بەیاننامەکە بێت، ئەمریکا چاوی لە هەڵگیرسانی شەڕ نییە دژی ئێران، بەڵکو تەنها ئەو چالاکییە سەربازییانە بۆ ئەوەیە کە ئەمریکا ئامادەبێت بۆ بەرگری.

هەر لەدوای ڕاگەیەندراوەکەش، جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەم بڕیارەی ئەمریکای بە «جەنگی دەروونی» وەسف کرد دژی ئێران کە ئامانج لێی ترساندنی وڵاتەکەیەتی. مەرجەعێکی باڵای شیعەش، ئەیەتوڵا تەباتەبی نەژاد، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە دەتوانن کەشتیگەلەکەی ئەمریکا بە یەک موشەک لەناوبەرن.

وتیشی، «ئەگەر هەوڵی هەر جوڵەیەک بدەن، ئەوا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک موشەکی ئێمە دەبنەوە.» 

هەروەها ئەمیر عەلی حاجیزادە، بەرپرسی بەشی ئاسمانی سوپای پاسداران، ڕایگەیاند کە ئەوەی پێشتر هەڕەشە بووە بۆ ئێران ئێستا وەک هەلێک دەبینرێت.

وتیشی «کەشتییەکی جەنگی کە لانی کەم ٤٠ بۆ ٥٠ فڕۆکەی لەسەرە و شەش هەزار سەربازی لەخۆگرتووە، پێشتر بە هەڕەشە دادەنرا بۆ سەر ئێران، بەڵام ئێستا ئەو هەڕەشەیە گۆڕاوە بۆ دەرفەت و ئەگەر ئەمریکییەکان هەر جوڵەیەک بکەن، لەسەریان دەدەین و مێشکیان دەپژێنین.»

سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، ویلیام فاڵۆن، فەرماندەیەکی پێشووی ئەمریکی، پێیوایە ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە سەرناکێشێت بۆ جەنگ بەپێچەوانەی ئەو زیادەڕەوییە میدیاییەی کە هەیە.

وتیشی، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بۆ چەند دەیەیەکە بەردەوامە و هیچ دەرئەنجامێکی جدی لێنەبینیوە. هەروەها حیشمەتوڵا فەلاحەت کە بەرپرسی لیژنەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانییە لە پەرلەمانی ئێران، بە میدیا ئێرانییەکانی ڕاگەیاندووە کە ئێڕان چاوی لەوە نییە قەیرانەکە قووڵتر بکاتەوە.

لەلایەکی ترەوە، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەدواین لێدوانیدا ئەوەی نەشاردەوە کە دەرگای دانوستان و لێکتێگەشتن هێشتا دانەخراوە بەڕووی ئێراندا و  دەیانەوێت ڕێکەوتنیان لەگەڵ بکەن هەرچەندە ئێران هەڕەشەیەکی چالاکە بۆ سەر ئەمریکا. هەروەها وتیشی، سزاکانیان تەنها گوشارێکە لەسەر ڕژێمی ئێران و هەوڵدانێکە تا بە سیاسەتەکانیاندا بچنەوە و گۆڕانێکی سیاسی دروست ببێت تا ئەوەی خەڵکی ئێرانیش بەوە ئاواتە بگەن کە دەیانەوێت. سەرۆکی ئەمریکاش، دۆناڵد ترەمپ، پێشتر داوای ئەوەی لە سیاسییەکانی ئێران کردبوو کە پەیوەندی پێوە بکەن تا کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بگەنە «ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە» بەڵام کاربەدەستانی ئێران دووپاتی ئەوەیان کردووەتەوە، هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام نادەن، بەتایبەتی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ.

هەروەک یەدوڵا جەڤانی، بەرپرسی سیاسی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند «هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکییەکان ناکرێ و ئەمریکیەکان جورئەتی ئەوەیان نابێت کردەی سەربازی دژمان ئەنجام بدەن.» ئەم جۆرە لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە ئێران سەرۆکی ئەمریکا بە کەسێکی نابەرپرسیار وەسف دەکات و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پێیانوایە جێی متمانە نییە.

لەدواترین هەنگاویشیدا، ئێران ڕایگەیاند کە دەگەڕێتەوە سەر پیتاندنی یۆرانیۆم ئەگەر وڵاتە زلهێزەکانی ئەوروپا ڕێگەچارەیەک نەدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی سزاکانی ئەمریکا بەتایبەتی لە کەرتی نەوت و بانکیدا. حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ئێران لە هەندێک بەندی سەرەکی ڕیکەوتنەکەی ٢٠١٥ پاشەکشە دەکات کە بونەتە هۆی کەمکردنەوەی چالاکییە ناوکییەکانی وڵاتەکە. هۆشداری ئەوەشیدا بە وڵاتە ئەوروپییەکان کە ماوەی ٦٠ ڕۆژیان هەیە تا چارەسەرێک بدۆزنەوە.

وڵاتە ئەوروپیەکانیش، بەتایبەتی وڵاتە بەشداربووەکانی ناو ڕێککەوتنەکە کاردانەوەی جیاوازییان هەبوو سەبارەت بە ڕاگەیندراوەکەی ڕۆحانی. لەنێویاندا وەزیری بەرگری فەرەنسا، فلۆرێنس پارلی ئێرانی ئاگادارکردەوە کە ئەگەر پابەند نەبێت بە ڕێککەوتنەوەکەوە، ئەوا سەپاندنەوەی سزا ڕەچاودەکەنەوە. سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیاش، ئەنجێلا مێرکل وتی، «ئێمە وەک ئەوروپی و وەک ئەڵمانییەکان کاری خۆمان بەجێدەگەیەنین لە ڕێکەوتنەکەدا و چاوەڕێی پابەندبوونی تەواوەتیش لە ئێران دەکەین.»

لەهەمانکاتدا، ڕووسیا ئەمریکا بە تۆمەتبار دەزانێت بۆ درووستبوونی ئەم قەیرانە. سێرجی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەمریکا تۆمەتبارە بۆ ئەم بارودۆخە و واشی لە ئێران کردووە کە نەتوانێت بەتەواوی ئەرکەکانی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ بکات. وتەبێژی فەرمی ڤلادمیر پۆتینش، دیمیتری پێسکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد «سەرۆک چەند جارێک باسی لە ئاکامەکانی هەنگاوی بێباکانە کردووە پەیوەست بە ئێرانەوە کە ئەویش ئەو بڕیارانەیە لەلایەن واشنتۆنەوە دەدرێن.» ئەوەشی وتووە کە بڕیاری هەڵەشە و تاکڕەوانە سەردەکێشێت بۆ گوشاری بێپاساو بۆ سەر ئێران و هەنگاوی تری نەخوازراو دروست دەکات، کە لە ئێستادا شایەتحاڵی ئەوەین.»

بارودۆخەکە قوڵتربوەتەوە و سزاکانی سەر ئێران چوونە قۆناغێکی نوێوە، بەو پێیەی ئەمریکا ئەمجارە بەرهەمەکامی ئێران لە  پۆڵا و مس و ئەلەمنیۆمی کردە ئامانج، کە ئەمەش بەتەواوی ئێران دەخاتە حاڵەتێکی ئابووری مەترسیدارەوە.

لەدواین لێدوانیدا، حەسەن ڕۆحانی تاڕادەیەک دان بە گەورەیی مەترسییەکانی سزاکانی ئەمریکا دەنێت و پێیوایە ئەم شەپۆلانە لە سزا قورسترین شەپۆلن کە تائێستا ئێرانی گرتبێتەوە و  بە بێهاوتا وەسفیانی کرد، تەنانەت لە سزاکانی جەنگی عێراق-ئێران خراپترن. وتیشی، «ئەم شەپۆلی سزایانە ئاماژەن بۆ جەنگ و ئێران لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی هەیە.»

لەنوێترین لێدوانیشدا، یوڤال ستاینتز، وەزیری وزەی ئیسرائیل، ترسی خۆی دەربڕی لە قوڵبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و سەرکێشانی ئەم گرژیانە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لەلایەن ئێرانەوە، یاخود هێزە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵاوە. ڕاشیگەیاند، «کێشەکان تادێت قوڵتردەبنەوە، بۆیە هەموو بژاردەیەک ئەگەری ڕوودانی هەیە و ڕەنگە ئێران موشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل بکات، یاخود  تەنانەت شێت ببن و جەنگ دژی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕابگەیەنن.»

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر ئەمریکا هۆشداریدابوو کە ڕەنگە ئێران یان هێزە پرۆکسییەکانی کەشتی ئەمریکی یاخود هاوپەیمانەکانی بکانە ئامانج لە ناوچەکەدا.

لەدواین پێشهاتیشدا، وەزیری دەرەوەی ئیمارات ڕایگەیاند، کە لە کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، چوار کەشتی بازرگانی کراونەتە ئامانج بۆ هێرش بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک تۆمەتبار بکات. هەروەها خالید ئەلفالح، وەزیری وزەی سعودیە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە دوو کەشتی نەوت هەڵگری سعودی لەکەناراوەکانی ئیمارات تێکشکێنراوە لە هێرشێکدا کە زیانێکی بەرچاویان بەرکەوتووە. هەر دوای ڕاگەیەندراوەکەی سعودیە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داوای ڕوونکردنەوەی زیاتری کردووە لەسەر ئەو ڕووداوە.

وتەبێژی وەزارەت، عەباس موسەوی ڕایگەیاند کە دەبێت ڕوونکردنەوەی زیاتر دەربارەی ڕووداوەکە بڵاوبکرێتەوە. هۆشداری ئەوەشیدا کە نابێت سەقامگیری و ئاسایشی دەریایی ناوچەکە بکەوێتە ژێر مەترسییەوە، بە ڕێکخستنی پیلان و موئامەرە لەلایەن کەسانی قین لە دڵەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار