لاهور شێخ جه‌نگى: هاوڕێ و هاوبیرى کاک نه‌وشیروان بووم
داواى کاراکردنه‌وه‌ى سه‌رکردایه‌تى هاوبه‌شى گۆڕان و یه‌کێتى ده‌کات
5 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ئه‌مڕۆ یه‌ک شه‌ممه 19 ى 5 ى 2019، به‌بۆنه‌ى دووه‌مین ساڵیادى کۆچى دوایى نه‌وشیروان مسته‌فا رێکخه‌رى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، لاهور شێخ جه‌نگى، به‌رپرسى ده‌زگاى ئاژانس و زانیارى – زانیارى په‌یامێکى بڵاوکردۆته‌وه‌و داواى کاراکردنه‌وه‌ى رێکه‌وتننامه‌ى ده‌باشان و سه‌رکردایه‌تى هاوبه‌شى یه‌کێتى و گۆڕان ده‌کات.
لاهور شێخ جه‌نگى، رایگه‌یاند "درێژه‌دان به رێبازى کاک نه‌وشیروان، درێژه‌دان به رێبازى مام جه‌لاله، کاراکردنه‌وه‌ى رێککه‌وتننامه‌ى ده‌باشان و دروستکردنى سه‌رکردایه‌تى هاوبه‌ش له نێوان یه‌کێتیى و گۆڕان، ده‌توانێت باڵانسى هێز له به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵک و خاکى کوردستان یه‌کلابکاته‌وه".
هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:"ره‌وانشاد نه‌وشیروان موسته‌فا، هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رى په‌نجا ساڵ خه‌باتى نه‌پساوه له‌گه‌ڵ سه‌رۆک مام جه‌لال، ژێرخانێکى فیکرى و سیاسى و پارتیزانى پێ وره‌یان له‌م به‌شه‌ى کوردستاندا بنیادنا، راپه‌ڕینیان سه‌رخست، به هاوکاریى له‌گه‌ڵ پارت و لایه‌نه‌کانى تر، هه‌رێم و په‌رله‌مان و حکومه‌تى کوردستانیان دامه‌زراند".
هاوکات، لاهور شێخ جه‌نگى ده‌شڵێت "به درێژایى ساڵانى لێکتێگه‌یشتن و قۆناغى ئاماده‌کارى بۆ رێککه‌وتنى ده‌باشان، من یه‌کێک بووم له‌و که‌سانه‌ى له‌نێوان یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان دا، هه‌وڵى ناوه‌ندگیرى و ئاسایى کردنه‌وه و سه‌رخستنى پرۆسه‌که‌م دا و له زۆر بوارى ستراتیژى دا، هاوڕێ و هاوبیرى کاک نه‌وشیروان بووم".
ناوبراو جه‌ختله‌وه‌شده‌کاته‌وه کاراکردنه‌وه‌ى رێککه‌وتننامه‌ى ده‌باشان، و دروستکردنى سه‌رکردایه‌تى هاوبه‌ش له نێوان یه‌کێتیى و گۆڕان، ده‌توانێت باڵانسى هێز له به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵک و خاکى کوردستان یه‌کلابکاته‌وه و، "به به‌شداریى پارته سیاسییه هاوهه‌ڵوێسته‌کان، قۆناغ به قۆناغ هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه تێپه‌ڕێنێت".