که‌رکوک له‌نێوان نه‌وت و خوێن

2019-05-31 12:21:45



هه‌ڤاڵ دارا

ئه‌گه‌ر له‌مێژووى دواى ساڵى 2003 بڕوانین هیچکاتێک بۆ که‌رکوک و که‌رکوکییه‌کان هێنده‌ ڕوون نه‌بووه‌،که‌رکوک و نه‌وت پێکه‌وه‌ دوانه‌یه‌کى ته‌واوکارى یه‌کتره‌.

له‌دواى ئه‌م مێژووه‌وه‌ که‌ده‌یبینین به‌جیاوازتر له‌ پێشووتر، خوێن له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ده‌که‌وێت و بارى ئه‌منى له‌ڕێگه‌ى کرده‌ى خۆکوشى و ته‌قینه‌وه‌ى تیرۆریستى ده‌بینرێت،ئه‌گه‌ر له‌مێژووى کرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌کان بڕوانین زیاتر له‌ شه‌ڕى نه‌وت که‌رکوکییه‌کانى بریندار کردووه‌ و به‌رده‌وامیش ئه‌م برینه‌ کولاوه‌ته‌وه‌.

 واته‌ هه‌رده‌م که‌رکوک بۆته‌ شه‌ڕى نێوان ململانێیه‌کانى گشت لایه‌ن و گرووپه‌کان چ له‌ڕووى سیاسیى و یاسایى و ئه‌منیی، حوکمه‌تى عێراقیش هیچ کات ئامانجى سه‌ره‌کى نه‌بووه‌ ژیانێکى ئارام بۆ گشت پێکهاته‌کانى که‌رکوک دابین بکات به‌ده‌سه‌ڵاتى کوردییشه‌وه‌ له‌ڕووى ئه‌منییه‌وه‌ چونکه‌ رێژه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ بوارى پۆلیس و که‌مى ڕێژه‌ و بوونى شه‌ڕى نه‌ته‌وه‌یى و ئایینزایى واى کردووه‌ نه‌توانرێت گشت لاوازییه‌ ئه‌منییه‌کان پڕبکرێته‌وه‌.

کێشه‌ سیاسیه‌کانیش به‌رده‌وام هۆکارێکى سه‌ره‌کى بووه‌ بۆ تێکچوونى دۆخى ئه‌منى و چه‌ندین جار هێزه‌ سیاسییه‌کان یه‌کتر به‌ئه‌نجامده‌رى کرده‌ى توندوتیژى تاوانباربکه‌ن، ئه‌مه‌ش کرده‌یه‌کى تازه‌ى فشارى سیاسیى و ئه‌منییه‌وه‌ بۆسه‌ریه‌کتر، یاخود به‌رده‌وام ناوچه‌کانى حه‌ویجه‌ و زاب و ڕیاز که‌ ڕێژه‌ى نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب زیاتر له‌سه‌دا نه‌وه‌د و نۆیه‌، به‌ مۆڵگه‌ى ته‌قینه‌وه‌ و تیرۆر دیارى ده‌کرێن، ئه‌مه‌ش شه‌ڕێکى تر بوو ده‌کرا، واته‌ شه‌ڕى نه‌وت له‌ژێر چه‌ترى شه‌ڕى سیاسیى و ئه‌منیى تێکه‌ڵ ده‌کران بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر پێکهاته‌یه‌ک یان ئایینزایه‌ک بۆ تاکى خۆیان بسه‌لمێنن ئێمه‌ شه‌ڕتان بۆ ده‌که‌ین و پارێزه‌رى ئێوه‌ین، هیچکامییان بێ جیاوازی(بوونى جیاوازى به‌ڕێژه‌) نه‌هاتووه‌ ببێته‌ هێزى گشت پیکهاته‌کانى که‌رکوک وه‌ک یه‌کدی، ئه‌م شه‌ڕى نه‌وته‌ بوو به‌شه‌ڕى خوێن، چۆن؟، له‌وماوه‌ کاتییه‌ى هه‌ر لایه‌ن و نه‌ته‌وه‌یه‌ک حوکمڕان بووه‌ به‌ ڕێژه‌ى دزینى نه‌وت یان خزمه‌تگوزارى هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ ناکرێت به‌ڵکو پێوانه‌ به‌ ڕێژه‌ى ته‌قیینه‌وه‌ و خوێن ڕژانى که‌رکوکییه‌کان ده‌کرێت، واته‌ خوێن پێوانه‌یه‌ بۆ حوکمڕان، وه‌ک چۆن به‌رمیللى نه‌وت ده‌رهێنانیش پێوانه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌کرێت بڵێین که‌رکوک له‌نێوان ئایینده‌ى نه‌وت و خوێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار