قادر حاجى عه‌لى: ناکۆکى جه‌وهه‌ریمان له‌گه‌ڵ گۆرانى ئێستا به‌ بنه‌ماڵه‌یى کردنى بزوتنه‌وه‌که‌یه‌

قادر حاجى عه‌لى، دەستەی دامەزرێنەری بزوتنەوەی گۆڕان

2019-06-02 12:13:45



هاوڵاتى
قادر حاجى عه‌لى، یه‌کێک له‌ کاراکته‌ره‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان که‌ تا دوێنێ وه‌ک که‌سى دوومى ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ناوى ده‌هێندرا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ره‌خنه‌ى "توند" له‌سیاسه‌تى به‌رێوه‌بردن و ئیداره‌دانى ده‌گرێت.

قادر حاجى عه‌لى که‌ ماوه‌یه‌کى زۆره‌ دواى راگه‌یاندنى دانیشتنى و دوورکه‌وتنه‌وه‌ى له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ یه‌که‌مجاره‌ قسه‌ ده‌کات و له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا که‌له‌گه‌ڵ چه‌ند رۆژنامه‌نوسێکدا ئه‌نجامیداوه‌ کۆپیه‌کى بۆ "هاوڵاتى" نێردراوه‌  و ده‌ڵێت:" ناکۆکى جه‌وهه‌ریمان له‌گه‌ڵ گۆرانى ئێستا به‌ بنه‌ماڵه‌یى کردنى بزوتنه‌وه‌که‌یه‌".

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌ که‌ له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا بۆچونى جیاوازیان هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر دوو مه‌سه‌له‌ى زۆر گرنگ هه‌بوو که‌ "هه‌موومان له‌سه‌رى کۆک بووین هه‌میشه‌ به‌ڕێزى دووپاتى ده‌کرده‌وه‌ که‌ خه‌باتى بۆ بکه‌ین: یه‌که‌میان دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى له‌کوردستاندا، دووه‌میان ڕێگه‌ نه‌دان به‌بنه‌ماڵه‌‌و به‌خێزان بوونى سیستم‌و سیاسه‌ت به‌گشتى له‌کوردستاندا، زۆر به‌داخه‌وه‌ که‌ئێستا له‌هه‌موو حزبێک زیاتر ئه‌م دیاردانه‌ به‌گۆڕانه‌وه‌ دیاره‌. ئه‌مه‌ش ناکۆکى جه‌وهه‌ریمانه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانى ئێستا".

من له‌مڕۆدا وه‌ک سیاسییه‌کى سه‌ربه‌خۆ ده‌ژیم‌و سه‌ر

به‌ هیچ ئۆرگانێکى حیزبى نیم

قادر حاجى عه‌لى جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ نائاساییه‌ بانگه‌شه‌ى دامه‌زراندنى سیستمى دیموکراسى په‌رله‌مانى بکه‌یت، که‌چى ده‌نگ بۆ سیستمێکى سه‌رۆکایه‌تى بده‌یت.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش روونده‌کاته‌وه‌ که‌ هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان هۆشیاربونه‌ته‌وه‌و پێیوایه‌ بایکۆتکردنى سه‌روو له‌50% ى خه‌ڵک‌و ده‌نگ نه‌دانیان به‌و حزبانه‌ دوو دیارده‌ى پۆزه‌تیڤى لێده‌خوێنرێته‌وه‌، "یه‌که‌م:  به‌بێ جیاوازى له‌نێوان حزبه‌کانى ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسێۆندا خه‌ڵک به‌ده‌نگنه‌دانیان سزاى هه‌موو حزبه‌کانیان دا،پێیان ووتن که‌ له‌ئێوه‌ ناڕازین‌و حوکمى ئه‌م وڵاته‌تان پێ ناکرێت، دووه‌م: ئه‌وانه‌شى که‌ بایکۆتیان کرد سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى که‌ ده‌نگیان نه‌دا به‌حزبه‌کانى خۆیان ده‌نگیشیان بۆ حزبه‌کانى تر نه‌بوو، واتا ته‌واو بێزار‌و نائومێدن له‌هه‌موو سیاسه‌ت‌و سه‌رکرده‌کانى هه‌موو حزبه‌کان".

ئه‌م قۆناغه‌ى ئێستا تیایدا ده‌ژین نسکۆیه‌کى سیاسى‌و

ئیدارى‌و ئه‌خلاقیشه‌

هاوکات له‌مچاوپێکه‌وتنه‌دا بۆچونه‌کانى قادر حاجى عه‌لى که‌سایه‌تى سیاسى که‌ راو سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر کێشه‌کان و  کۆمه‌ڵێک پرسى ترى تایبه‌ت به‌هۆکاره‌کانى چاره‌سه‌ر نه‌کردنى پرسى موچه‌‌و پاشه‌کشێى به‌رده‌وامى ژیان‌و گوزه‌رانى خه‌ڵکى کوردستان له‌سایه‌ى ئه‌م مۆدیله‌ له‌ئیداره‌‌و حوکمڕانى له‌خۆگرتووه‌.

پ: باسه‌ره‌تا به‌ پرسیاره‌ ده‌ست پێبکه‌ین، ناونیشانى ئێستاى سیاسى ئێوه‌ چییه‌؟
قادر حاجى عه‌لى:  من له‌مڕۆدا وه‌ک سیاسییه‌کى سه‌ربه‌خۆ ده‌ژیم‌و سه‌ر به‌ هیچ ئۆرگانێکى حیزبى نیم. گه‌رچى زۆربه‌ى ژیانى خۆم له‌ خه‌بات‌و کارى سیاسییدا به‌سه‌ر بردووه‌، به‌ڵام هه‌رگیز سیاسه‌تکردن بۆ من نه‌بۆته‌ پیشه‌، به‌ڵکو که‌ره‌سیه‌ک بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕێگایه‌وه‌ ژیانى گه‌له‌که‌مانى پێخۆش‌و باش بکه‌م. هه‌روه‌کو چۆن له‌گه‌ڵ هاوڕێکانمدا کاتێک له‌شاخ خه‌باتى چه‌کداریمان ده‌کرد، له‌پێناو چه‌ند پرنسیپێکدا تێده‌کۆشاین‌و ئه‌وه‌نده‌ى بیرمان له‌ شه‌هید بوون ده‌کرده‌وه‌ هێنده‌ بیرمان نه‌ده‌کرده‌وه‌ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان ببین به‌ سه‌رۆکى حکومه‌ت‌و سه‌رۆکى په‌رله‌مان‌و وه‌زیر، ئاوهاش که‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانمان دامه‌زراند بیرمان له‌ده‌ستکه‌وتى شه‌خسى‌و به‌رژه‌وه‌ندى خێزانى نه‌ده‌کرده‌وه‌. ئێستاش ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامى به‌ ژیانى من له‌ سیاسه‌تدا ده‌دات ڕاستگۆیبوونه‌ به‌رامبه‌ر به‌و ئایدیا‌و پرنسیپانه‌ى که‌ کاتى خۆى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانمان له‌پێناویدا دامه‌زراند.

پ: ئه‌م قۆناغه‌ که‌ هه‌ندێک به‌ قۆناغى تاریک‌و نائومێدکه‌ر ناوى ده‌بات، ئێوه‌ ناوى ده‌نێن چى؟
قادر حاجى عه‌لى:
 له‌مێژوى نزیکى ڕاپه‌ڕین‌و شۆڕشه‌کانى کورددا شکستى کاتى‌و سه‌رکه‌وتنى کاتیش تۆمار کراوه‌. کاتێک له‌ 1975 دا شۆڕش بڵاوه‌ى پێکرا، هه‌ندێک به‌ ئاشبه‌تاڵ، هه‌ندێکى تر به‌ نسکۆ له‌قه‌ڵه‌میان ده‌دا. ئه‌م دۆخه‌ش سه‌ره‌نجام تێکشکان‌و بێئومێدییه‌کى گه‌وره‌ى له‌ناو کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌دا دروستکرد. چونکه‌ هه‌م شکستێکى سیاسى‌و هه‌م شکستێکى چه‌کدارى بوو. له‌ساڵى 1988یشدا پاش پرۆسه‌ى ئه‌نفال،جارێکى تر رووبه‌ڕوى کاره‌ساتێکى مرۆیى‌و سیاسى گه‌وره‌تر بوینه‌وه‌، که‌ هه‌ندێ که‌س به‌ئاشبه‌تاڵى چه‌کدارى ناویان ناوه‌، به‌ڵام چونکه‌ ئیراده‌ هه‌بوو، هێزى به‌رگرى‌و شۆڕش له‌ هه‌ردوو جاره‌که‌دا هه‌ستایه‌وه‌‌و ئه‌م ئه‌زمونه‌ى دروستکرد که‌ ئێستا له‌به‌رده‌ستماندایه‌. له‌دواى فه‌شه‌لى حوکمڕانى یه‌کێتى‌و پارتى‌و نائومێدبوونى هاونیشتمانیان له‌م دوو ده‌سه‌ڵاته‌، کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ هێزى به‌رگرى نوێى دروستکرد که‌ له‌ ڕووه‌ سیاسیه‌که‌یه‌وه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا به‌رجه‌سته‌ بوو. بێگومان له‌م قۆناغه‌شدا پاشه‌کشێى سیاسى گۆڕان نائومێدیه‌کى گه‌وره‌ى دروستکردوه‌، به‌ڵام بڕواى ته‌واوه‌تیمان به‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌مه‌ش دوا قۆناغى مێژووى خه‌بات‌و به‌رگرى کۆمه‌ڵگاى ئێمه‌ نابێت بۆ ئازادى‌و دادپه‌روه‌رى.

نائاساییه‌ بانگه‌شه‌ى دامه‌زراندنى سیستمى دیموکراسى
په‌رله‌مانى بکه‌یت، که‌چى ده‌نگ بۆ سیستمێکى سه‌رۆکایه‌تى بده‌یت

به‌ڕاى من ئه‌م قۆناغه‌ى ئێستا تیایدا ده‌ژین نسکۆیه‌کى سیاسى‌و ئیدارى‌و ئه‌خلاقیشه‌. له‌ باشترین حاڵه‌تدا ده‌توانیین بڵێین پاشه‌کشێیه‌کى ته‌واوه‌ له‌ دیموکراسى، گومان خستنه‌ بۆ سه‌ر خه‌باتى په‌رله‌مانى بۆ دامه‌زراندنى سیستمێکى دیموکراسى، ‌وه‌ سه‌رکێشانێکه‌ بۆ ناو قۆناغى سیستمێکى بنه‌ماڵه‌یى سوڵتانى.
ئه‌وه‌ى هه‌ستى پێده‌کرێت دیارده‌ى نه‌مانى جیاوازییه‌ له‌ گوتارى سیاسى حیزبه‌کاندا. لاوازبوونى بڕوا‌و متمانه‌ى خه‌ڵکه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن‌و ده‌ره‌نجامه‌کانى.
جێگاگرتنه‌وه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌کانه‌ به‌ده‌ستکه‌وتى شه‌خسى‌و پۆست‌و پایه‌ بۆ خێزانه‌ سیاسییه‌کان‌و منداڵ‌و خزم‌و که‌س‌و کاریان، وه‌ بێئه‌رزشکردنى گرنگترین ده‌زگاى سیستمى دیموکراسییه‌ که‌ په‌رله‌مانه‌ له‌ڕوى چۆنایه‌تى ‌و چه‌ندایه‌تى‌و هه‌یبه‌ت‌و توانایه‌وه‌.وێرانکردنى ئینتیماى هاوڵاتیانه‌ بۆ نیشتیمانه‌که‌یان. ڕۆچونى ڤایرۆسى گه‌نده‌ڵیه‌ بۆ هه‌ناوى هه‌موو دامه‌زراوه‌کان له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌. زۆر شتى تریش.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌م نه‌هامه‌تیانه‌داهه‌ست ده‌که‌م خه‌ڵک وه‌ک شکسته‌کانى پێشوو ئیراده‌ى هه‌ستانه‌وه‌ى هه‌یه‌. بایکۆت‌و سزادانى حزبه‌کان له‌هه‌ڵبژاردندا ئه‌م ڕاستیه‌ ده‌رده‌خه‌ن که‌ ئه‌مڕۆ به‌ بایکۆتى ده‌نگ، سبه‌ینێش به‌یاسا یان به‌هه‌ر ئامرازێکى ترى مه‌ده‌نى سزایان ده‌ده‌ن.
پ: به‌به‌شدارى به‌شێک له‌هێزه‌ سیاسیه‌کان له‌ حکومه‌تدا، ئاینده‌ى حوکمڕانى له‌کوردستاندا چۆن ده‌بینیت؟
قادر حاجى عه‌لى:  ئاساییه‌ له‌وڵاتێکى دیموکراسیدا به‌توانا‌و به‌رکه‌وته‌یى ده‌نگى خۆت وه‌به‌جێگیرکردنى به‌رنامه‌که‌ت یان به‌شێکى به‌رنامه‌که‌ت له‌حکومه‌تدا به‌شدارى بکه‌یت. به‌تایبه‌ت که‌ به‌رنامه‌ى حکومه‌تى نوێ له‌گه‌ڵ پرنسیپى حزبه‌که‌ت‌و دروشمه‌کانى به‌رنامه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌که‌تدا بگونجێ وه‌ هه‌موو حزبێک که‌ ده‌چێته‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ به‌نیازى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت‌و پرۆژه‌که‌ى یان به‌شێکى جێبه‌جێ بکات، ده‌نا ده‌بێته‌ ئۆپۆزسێۆن.
ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا ئاساییه‌‌و دروسته‌ که‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن دوور له‌ ساخته‌کارى به‌ڕێوه‌ بچێت‌و سه‌ره‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ لاى هه‌موان په‌سه‌ند بکرێت.
ئه‌وه‌ى ئاسایى نییه‌ له‌کوردستاندا هه‌ڵبژاردن جێگه‌ى ته‌واوى گومان بێت‌و سه‌رله‌به‌رى پرۆسه‌که‌ به‌ساخته‌کارى‌و خۆسه‌پاندن به‌هێز بزانیت‌و پاشان له‌به‌ر ده‌ستکه‌وت‌و پله‌و پۆست ڕازى کردنى نوخبه‌یه‌ک له‌کادرى هه‌لپه‌رست‌و بێ ئیش گومان له‌سه‌ر ناڕه‌وایى پرۆسه‌که‌ هه‌ڵبگریت‌و ببیته‌ شه‌ریکى ئه‌و حزبانه‌ى که‌ده‌نگه‌کانیان خواردویت‌و هه‌زارو یه‌ک ڕه‌خنه‌ت لێیان هه‌بووه‌.
ئه‌وه‌ نائاساییه‌ بانگه‌شه‌ى دامه‌زراندنى سیستمى دیموکراسى په‌رله‌مانى بکه‌یت، که‌چى ده‌نگ بۆ سیستمێکى سه‌رۆکایه‌تى بده‌یت.
بانگه‌شه‌ى به‌دامه‌زراوه‌یى کردنى ده‌وڵه‌ت بکه‌یت، به‌ڵام له‌ناو ماڵه‌که‌ى خۆتدا به‌هایه‌ک بۆ دامه‌زراوه‌کانت نه‌هێڵیته‌وه‌‌و له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وان بازنه‌ى بڕیارى سیاسى دروست بکه‌یت.

ئه‌وه‌ نائاساییه‌ که‌ ئه‌زمونێکى زۆر تاڵ‌و تفتت له‌کابینه‌ى پێشودا له‌گه‌ڵ هه‌مان حزبدا هه‌بێت‌و به‌ناشرینترین شێوه‌ له‌حکومه‌ت‌و په‌رله‌مان وه‌ده‌رى نابیت، به‌ڵام خاوه‌ن ماڵێتیان قبوڵ بکه‌یت.
ڕێکخه‌ره‌ گشتیه‌که‌ت به‌ تۆمه‌تى تیرۆر تا ئێستا له‌دادگا داوا کراو بێت، تۆش بچیته‌وه‌ سه‌ر هه‌مان دام‌و ده‌زگاى ئه‌و حکومه‌ته‌.
خه‌ڵکه‌که‌ى خۆت سزاى قورست بدات‌و ده‌نگت نه‌داتێ، به‌ڵام یه‌ک که‌س ته‌حه‌مولى ئه‌م شکسته‌ نه‌کات‌و ده‌ست له‌کار نه‌کێشێته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌نگه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌ ڕاسته‌قینه‌کان‌و ناڕازیه‌کانى خۆت سزا بده‌یت.
ئه‌وه‌ نائاساییه‌ که‌ سوور بزانیت موجامه‌له‌‌و پێدانى پۆست زیاد له‌قه‌باره‌و ئیستیحقاقى خۆت جۆرێکه‌ له‌ به‌رتیلى سیاسى بۆ پێ خزاندن، به‌ڵام بچیته‌ ژێر بارى داواکاریه‌ قه‌به‌کانى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.

پ: گۆڕان له‌ کوێى ئه‌م هاوکێشانه‌ى ئێستادایه‌، قسه‌تان له‌سه‌ر شوناسى سیاسى‌و وه‌زیفه‌ى مێژوویى چیه‌؟
قادر حاجى عه‌لى:
 گۆڕان ئێستا به‌شێکه‌ له‌و ده‌سه‌ڵاته‌، ئه‌وه‌ى گۆڕان له‌پێناویدا دامه‌زرا‌و خه‌ڵکێکى زۆریش قوربانى بۆدا چاککردنى بارودۆخى سیاسى‌و ئابورى‌و کۆمه‌ڵایه‌تى بوو، نه‌ک پله‌‌و پۆست‌و ئیمتیاز دۆزینه‌وه‌، ئێمه‌ ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌مان دروست نه‌کردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چه‌واشه‌ى خه‌ڵک بکات، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌ بوو ڕاستگۆیانه‌ خه‌ڵک له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت ئاشت بکاته‌وه‌، ببێته‌ زمان حاڵى زوڵم لێکراوه‌کانى هه‌رێمى کوردستان. ئه‌مه‌ى ئێستا ڕوو ده‌دات پشتکردنه‌ له‌ده‌نگده‌رانى گۆڕان‌و خه‌ڵکى ئه‌م هه‌رێمه‌، له‌وه‌ى که‌ گۆڕان هه‌وڵێک بێت بۆ گۆڕانکارى ڕیشه‌یى ئێستا ڕێگره‌ له‌ گۆڕانکاریه‌کان.

پ: ناکۆکیه‌ جه‌وهه‌ریه‌کان له‌گۆڕاندا چین، ده‌کرا بزوتنه‌وه‌ک به‌م دۆخه‌ى ئێستا نه‌گه‌یشتایه‌؟
قادر حاجى عه‌لى:
 به‌گشتى ناکۆکى له‌سه‌ر جۆرى ئیداره‌دان‌و دیارى کردنى سیاسه‌تى بزووتنه‌وه‌که‌‌و ناڕوونى له‌جۆرى دروستکردنى بڕیارداندا له‌ بزووتنه‌وه‌که‌دا. که‌موکوڕى له‌ده‌ستورى ناوخۆى بزوتنه‌وه‌که‌یه‌.
وازنه‌هێنان له‌ته‌که‌تول‌و سه‌رکردن به‌یه‌کدا، سیاسه‌ت کردن بۆ سیاسه‌ت نه‌ک بۆ گۆڕانکارى، دروستکردنى هه‌ندێ که‌سى بێ ئیراده‌و ڕیاکه‌ر له‌ده‌ورى سه‌رکرده‌کان.

که‌رکوک هێنده‌ کێشه‌ى ململانێى پارتى‌و یه‌کێتیه‌ بۆ به‌تاڵان بردنى
سامان‌و داهات هێنده‌ کێشه‌ى سیاسى هه‌رێم‌و به‌غداد نییه‌

کاتى دامه‌زراندنى کۆمپانیاى وشه‌و پاشان بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕه‌نگه‌ هه‌ندێک جیاوازى لاوه‌کى له‌بۆچونمان هه‌بوبێت له‌گه‌ڵ خوا لێخۆشبوو کاک نه‌وشیرواندا، به‌ڵام دوو مه‌سه‌له‌ى زۆر گرنگ هه‌بوو که‌ هه‌موومان له‌سه‌رى کۆک بووین هه‌میشه‌ به‌ڕێزى دووپاتى ده‌کرده‌وه‌ که‌ خه‌باتى بۆ بکه‌ین: یه‌که‌میان دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى له‌کوردستاندا، دووه‌میان ڕێگه‌ نه‌دان به‌بنه‌ماڵه‌‌و به‌خێزان بوونى سیستم‌و سیاسه‌ت به‌گشتى له‌کوردستاندا، زۆر به‌داخه‌وه‌ که‌ئێستا له‌هه‌موو حزبێک زیاتر ئه‌م دیاردانه‌ به‌گۆڕانه‌وه‌ دیاره‌. ئه‌مه‌ش ناکۆکى جه‌وهه‌ریمانه‌ له‌گه‌ڵ گۆڕانى ئێستا.
له‌کۆتایشدا ڕێککه‌وتنى ژێربه‌ ژێرى ده‌سته‌یه‌کى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان‌و پارتى بۆ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و یاسا‌و بڕیارانه‌ى له‌به‌رژه‌وه‌ندى ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ بۆ زیاتر خۆسه‌پاندن، نه‌ک بۆ دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى‌و دروستکردنى حکومه‌تى هاوڵاتیان، جگه‌ له‌وه‌ى ده‌ستکه‌وتى ئابورى نوخبه‌یه‌کى به‌رژه‌وه‌ندى خوازى ناو گۆڕانه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌کردنى پایه‌کانى ته‌وریسى سیاسى.ئه‌مه‌ هه‌موى دوور له‌ئیراده‌‌و بڕیارى جڤاته‌کانى گشتى‌و نیشتیمانى‌و هه‌تا خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنیش کراوه‌.
پ: کێشه‌ى موچه‌ بۆچى چاره‌سه‌ر ناکرێت، له‌کاتێکدا ئومێدێکى گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵچنرا بوو دواى ناردنى پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ کۆتایى به‌م کێشه‌یه‌ بێت؟
قادر حاجى عه‌لى:
 وا چاوه‌ڕوان ده‌کرا که‌ ئه‌و پاره‌یه‌ى له‌ بودجه‌ى عێراق ته‌رخانکرابوو بۆ هه‌رێمى کوردستان کێشه‌ى موچه‌ چاره‌سه‌ر بکات، دیاره‌ به‌ هیمه‌تى زۆرى په‌رله‌مانتارانى کورد له‌ به‌غدا توانرا که‌ ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌یه‌ له‌یاساى بودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراقدا جێگیر بکرێت له‌به‌رامبه‌ر ڕاده‌ستکردنى نه‌وتدا، که‌ له‌ ڕاستیدا حکومه‌تى عێراق ته‌نها داواى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى له‌ ڕۆژێکدا کردووه‌، له‌کاتێکدا ئه‌وان له‌ ئێمه‌ باشتر ئه‌زانن که‌ به‌رهه‌م هێنان له‌کوردستاندا به‌ئاشکرا‌و دزیه‌کانه‌وه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتره‌.
له‌سه‌ره‌تاى ساڵه‌وه‌ به‌غداد باپه‌ند بوونى خۆى به‌ناردنى به‌شه‌ بودجه‌ى کوردستان جێبه‌جێ کردوه‌، به‌ڵام لێره‌ حکومه‌ت نه‌ده‌توانێ موچه‌ خوراوه‌کان قه‌ره‌ بوو بکاته‌وه‌، نه‌چاره‌نوسى پاشه‌که‌وته‌کانیش دیارى ده‌کات، به‌ڵکو ئه‌و پاره‌یه‌ى که‌ دێت وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن ده‌درێته‌وه‌ به‌قه‌رزى کۆمپانیا‌و وڵاته‌کان.

به‌بێ جیاوازى له‌نێوان حزبه‌کانى ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسێۆندا
خه‌ڵک به‌ده‌نگنه‌دانیان سزاى هه‌موو حزبه‌کانیان دا

به‌ بۆچونى من خه‌له‌له‌که‌ ئا لێره‌دایه‌، هه‌رگیز نه‌ ئێمه‌ى خه‌ڵکى هه‌رێم نه‌ حزبه‌کانیش نه‌ به‌غدادیش نازانیین ئه‌م هه‌موو قه‌رزه‌ چییه‌ که‌ ده‌بێت تا چه‌ندین ساڵى تریش گیرۆده‌ى دانه‌وه‌ى به‌ین، لێتان ناشارمه‌وه‌ وه‌ پێشتریش له‌چاوپێکه‌وتنێکدا پار ساڵ گوتومه‌ گومانى ته‌واوم هه‌یه‌ که‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ى باس ده‌کرێت که‌گوایه‌ له‌و وڵات‌و کۆمپانیایا‌وبانکانه‌ کراوه‌، نه‌ک هه‌ر ناشه‌فاف‌و ناڕونه‌‌و دوور له‌هه‌موو چاودێریه‌کى په‌رله‌مان کراوه‌، به‌ڵکو ئه‌مڕۆش هیچ به‌رهه‌مێکى دیار نییه‌ که‌ بۆ خزمه‌تى هاووڵاتیانى کوردستان به‌کار برابێت، ته‌نها خۆیان‌و خوا ده‌زانێ که‌ چونه‌ته‌ حسابى کێ‌و له‌چ که‌ناڵێکى تاریکدا وونکراوه‌، ئێستا ئێمه‌ وه‌ک هاونیشتیمانیانى ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌بێت ئه‌و قه‌رزه‌ بده‌ینه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌تا ئه‌م قه‌رزه‌ نادیاره‌ ته‌واو نه‌بێت‌و پڕنه‌کرێته‌وه‌ نه‌پاره‌ى هه‌رێم‌و نه‌ هى عێراقیش ناچێته‌ خزمه‌تى هاوڵاتیانه‌وه‌.

جگه‌ له‌وه‌ى 250 هه‌زار به‌رمیله‌که‌ش نانێرن، جگه‌ له‌ناشه‌فافى هه‌موو داهاته‌کانى تریش، جگه‌ له‌هه‌موو مه‌سره‌فه‌ قورسه‌کانى لێپرسراوان‌و ده‌زگاکان، جگه‌ له‌ ته‌خشان‌و په‌خشان کردن بۆ حزب‌و میدیا زه‌به‌لاح‌و دامه‌زراوه‌کانى ترى، جگه‌ له‌ مه‌سره‌فى حیمایه‌‌و میوان‌و سه‌فه‌ر که‌مانگانه‌ ملیۆنه‌ها دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت. که‌واته‌ چۆن موچه‌‌و خزمه‌تگوزارى دابین ده‌کرێت ؟!!
پ: کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم‌و به‌غداد بۆچى وه‌ک نه‌خۆشیه‌کى درێژخایه‌نى لێهاتوه‌‌و چاره‌سه‌ر ناکرێت؟
قادر حاجى عه‌لى:
 کێشه‌کانى هه‌رێم‌و به‌غداد زۆرن که‌بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام گرنگترینیان ساغکردنه‌وه‌ى کێشه‌ى ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کانه‌، به‌تایبه‌تى که‌رکوک، ئاشکرایه‌ که‌سیاسه‌تى حکومه‌ته‌کانى عێراق پێش پرۆسه‌ى ئازادى ساسه‌تێکى نه‌ته‌وه‌ په‌رستانه‌ بووه‌ ، ئه‌وه‌ى پێیان کرا کردیان بۆ گۆٍینى دیمۆگرافى که‌رکوک، به‌ڵام دواى 2004 بارودۆخێکى وا هاته‌ پێش که‌ده‌کرا له‌هه‌ندێ قۆناغدا چاره‌سه‌ر بکرێت یان تا ڕاده‌یه‌کى باش ناکۆکیه‌کان که‌مبکرێته‌وه‌، وه‌ک له‌کاتى نوسینه‌وه‌ى ده‌ستور‌و دامه‌زراندنه‌وه‌ى حکومه‌تى عێراق که‌ کورد باڵاده‌ست بوو خاوه‌ن پشتیوانیه‌کى نێونه‌ته‌وه‌یى گه‌وره‌ بوو، یان له‌کاتى ده‌رکردنى داعش‌و که‌وتنه‌ ده‌ستى ئه‌و ناوچانه‌ بۆ ژێر کۆنترۆڵى پێشمه‌رگه‌.
له‌حاڵه‌تى یه‌که‌مدا به‌شێوه‌ دبلۆماسیه‌که‌ى ده‌توانرا له‌ڕێگا یاساییه‌که‌یه‌وه‌ فشار بکرێت که‌ به‌ماده‌ى 140 له‌ده‌ستوردا دیارى کرابوو. له‌حاڵه‌تى دووه‌میشدا به‌ بوونى سیاسه‌تێکى ته‌ندروستى هه‌رێم له‌وناوچانه‌ که‌ وابکات نه‌ک ته‌نها کورد به‌رگرى له‌ده‌سکه‌وتنه‌کانى بکات، به‌ڵکو عه‌ره‌ب‌و تورکمان‌و کلدانى‌و ئاشورى هه‌موو پێکهاته‌ ناڕازیه‌کانى تر به‌موڵکى خۆیان بزانیایه‌‌و به‌رگریان لێبکردایه‌، نه‌ک ته‌نها موڵکى پارتى‌و یه‌کێتى بێت. به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌کاندا ناکۆکى نێوان هه‌ردوو حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واکه‌ى کوردستان له‌سه‌ر نفوز‌و ده‌سه‌ڵات‌و نه‌وت له‌که‌رکوک‌و ناوچه‌کانى تر نه‌ک ته‌نها پێگه‌ى هه‌رێمیان لاواز‌و بێبه‌ها کرد به‌ڵکو دانیشتوانى ئتنى‌و ئاینى جیاوازى ئه‌و ناوچانه‌شیان له‌سیاسه‌تى ئه‌م دوو حزبه‌ نائومێد کرد، که‌ وه‌ک سیاسه‌تى کورد ته‌ماشایان ده‌کرد.
ڕاستیه‌ک هه‌یه‌ ده‌مه‌وێت زۆر به‌ ڕاشکاوانه‌ بیڵێم کێشه‌ى که‌رکوک دواى پرۆسه‌ى ئازادى ئه‌وه‌نده‌ى کێشه‌ى نێوان پێکهاته‌ سیاسیه‌کانى کورد خۆیه‌تى، هێنده‌ کێشه‌ى هه‌رێم‌و پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى‌و ئاینیه‌کان نییه‌، هێنده‌ کێشه‌ى ململانێى پارتى‌و یه‌کێتیه‌ بۆ به‌تاڵان بردنى سامان‌و داهات هێنده‌ کێشه‌ى سیاسى هه‌رێم‌و به‌غداد نییه‌، دڵنیام گه‌ر ڕۆژێک پارتى‌و یه‌کێتى به‌یه‌کگرتویى‌و یه‌ک ده‌نگى داواى چاره‌سه‌رى کێشه‌که‌یان بکردایه‌، زۆر باش ده‌یانتوانى له‌گه‌ڵ به‌غدادا یه‌کلاى بکه‌نه‌وه‌، تا ئێستا که‌له‌ڕوى سه‌ربازیه‌وه‌ له‌ده‌ستیشمان داوه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر ده‌سکه‌وتێکى ئاینده‌یى وه‌همى‌و خه‌یاڵى ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا هه‌موو جومگه‌کانى ئه‌و ناوچانه‌ به‌ده‌ست به‌غدادایه‌ که‌چى شه‌ڕ له‌سه‌ر دانانى پارێزگاره‌ که‌ خوا ده‌زانێت ئه‌گه‌ر داشبنرێت له‌م بارو دۆخه‌دا ده‌توانێ پارێزگارى شاره‌که‌ بێت یان نا.
بێ دوو دڵى ده‌ڵێم کێشه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌ره‌نجامى نه‌بوونى مۆدێلێکى سیاسى‌و ئابورى‌و کلتورى ئه‌م دوو حزبه‌ بوو بۆ بنیادنانى پێکه‌وه‌ ژیانێکى دادپه‌روه‌رانه‌ له‌نێوان پێکهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى‌و ئاینه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتر، که‌ هیچ پێکهاته‌یه‌ک هه‌ست به‌خۆکه‌مبینى چه‌وسانه‌وه‌‌و غوبن نه‌کات. بۆیه‌ کێشه‌ى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ى که‌رکوک‌و ئه‌و ناوچانه‌ به‌رهه‌مى ئه‌م شکسته‌ سیاسى‌و ئیدارى‌و سه‌ربازیه‌یه‌ که‌له‌پاش ریفراندۆم قوڵتر بۆته‌وه‌، نه‌ک ته‌نها کێشه‌ى ڕگه‌زپه‌رستى‌و تایفى، بێگومان هه‌ر ئه‌م ئیفلیجى‌و شکسته‌ سیاسیه‌‌و ئیداریه‌ى یه‌کێتى‌و پارتى بوون که‌وایکرد وڵاتانى دراوسێ زیاتر بێنه‌ ناو کێشه‌ى که‌رکوکه‌وه‌ وه‌ ببن به‌ هۆکارێکى تێکدان‌و چاره‌سه‌ر نه‌کردن.
پ: چ ئومێدێک ده‌بینن له‌و نائومێدیه‌ى ئێستا باڵى کێشاوه‌ به‌سه‌ر بارودۆخى هه‌رێمدا؟
قادر حاجى عه‌لى:
 ڕاسته‌ نائومێدیه‌ک باڵى کێشاوه‌ به‌سه‌ر بارودۆخى هه‌رێمدا، خه‌ڵکى متمانه‌یان به‌ هه‌ڵبژاردن، په‌رله‌مان، حکومه‌ت، دادگاکان، حزبه‌کان.....هتد، زۆر لاواز بوه‌، وا هه‌شت مانگ تێپه‌ڕى که‌چى له‌به‌ر ململانێى حزبى‌و ته‌که‌تولاتى ناو حزبه‌کان خۆشیان له‌سه‌ر دابه‌شکردنى پۆست‌و ئیمتیازات ئه‌م حکومه‌ته‌ دانامه‌زرێت. ئه‌گه‌ر له‌ 28 ساڵى ڕابردوشدا ده‌سکه‌وتێک له‌ڕوى سیاسیه‌وه‌ به‌دیهاتبێت وه‌چه‌ند هه‌نگاوێک به‌ره‌و دیموکراسیه‌ت نرابێت، به‌ڵام ئێستا نه‌ک ته‌نها مه‌ترسى له‌ده‌ستدانى ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ هه‌یه‌، به‌ڵکو مه‌ترسى پایه‌دارکردنى مۆدێلێکى نوێ به‌ده‌سه‌ڵاتگه‌رایى بنه‌ماڵه‌یى‌و خێزانى له‌ئارادایه‌ که‌ له‌ نوسینه‌وه‌ى ده‌ستور یه‌کلا بکرێته‌وه‌.

هه‌ر چاودێرێکى سیاسى ڕخنه‌گر ته‌ماشاى مێژووى په‌رله‌مان بکات ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌بینێت که‌ خول به‌خول په‌رله‌مانى هه‌رێم به‌ره‌و لاوازکردن‌و له‌ده‌ستدانى هه‌یبه‌تى ده‌برێت، له‌کاتێکدا په‌رله‌مان دڵى زیندوى سیستمى دیموکراسیه‌.
سه‌یره‌ له‌خولى یه‌که‌مى په‌رله‌ماندا که‌سانى زۆرى خاوه‌ن پسپۆرى یاسایى‌و ئابورى‌وهه‌تا سیاسى ده‌سه‌ڵاتدار له‌سه‌رۆک حزبه‌کان‌و مه‌کته‌ب سیاسیه‌کانى تێدا بوو، به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌موو ڕێزێکم بۆ ژماره‌یه‌ک له‌په‌رله‌مانتاران، له‌ ئێستادا ده‌زگاى په‌رله‌مان بوه‌ به‌ جێگه‌ى دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى کار بۆ بێئیشه‌کانى حزب کاتێک ئه‌مه‌ ده‌ڵێم ئه‌و ڕاستیه‌ش ده‌زانم که‌هه‌ندێکى که‌میان شاره‌زایى باشیان هه‌یه‌‌و جێگه‌ى سوود‌و ڕێزن بۆ هه‌رێم.....زۆر شتى تر هه‌یه‌ که‌ جێگه‌ى به‌راورد کردن نه‌ماوه‌.

به‌ڵام له‌هه‌موو ئه‌م که‌م‌و کوڕیانه‌دا له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م ده‌زگا‌و حزبانه‌دا، هه‌ست به‌ ئیراده‌یه‌کى به‌هێز بۆ خه‌مخواردن له‌چاره‌نوسى ئه‌م هه‌رێمه‌. بایکۆتکردنى سه‌روو له‌50% ى خه‌ڵک‌و ده‌نگ نه‌دانیان به‌و حزبانه‌ دوو دیارده‌ى پۆزه‌تیڤى لێده‌خوێنرێته‌وه‌، یه‌که‌م:  به‌بێ جیاوازى له‌نێوان حزبه‌کانى ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسێۆندا خه‌ڵک به‌ده‌نگنه‌دانیان سزاى هه‌موو حزبه‌کانیان دا،پێیان ووتن که‌ له‌ئێوه‌ ناڕازین‌و حوکمى ئه‌م وڵاته‌تان پێ ناکرێت، دووه‌م: ئه‌وانه‌شى که‌ بایکۆتیان کرد سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى که‌ ده‌نگیان نه‌دا به‌حزبه‌کانى خۆیان ده‌نگیشیان بۆ حزبه‌کانى تر نه‌بوو، واتا ته‌واو بێزار‌و نائومێدن له‌هه‌موو سیاسه‌ت‌و سه‌رکرده‌کانى هه‌موو حزبه‌کان.
ئێمه‌ خۆمان به‌ به‌شێک له‌م کۆمه‌ڵگه‌یه‌ و ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌زانین، ئیراده‌ی ئه‌وه‌مان ماوه‌ کۆمه‌ڵگاکه‌مان هه‌رشتێکی پێویست بێت بۆ گۆڕانکاری و باشکردن به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌که‌ین . 

کۆى ئه‌مانه‌ نیشانه‌ى ئه‌وه‌ن که‌ وشیارى ده‌نگده‌ر به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ چوه‌‌و چیتر ده‌نگى خۆى ناداته‌وه‌ به‌حزبێک که‌ نوێنه‌رایه‌تى نه‌کات‌و له‌گه‌ڵ پرنسیپ‌و دروشمه‌کانى خۆشیدا ڕاستگۆ نه‌بێت.، چیتر دروشمى بریقه‌دارو کوردایه‌تى موزه‌یه‌ف‌و قڕۆشتنه‌وه‌ى خه‌باتى شۆڕشگێڕى‌وقودسیه‌تى هیچ که‌س‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ک نابێت ده‌نگده‌ر بگه‌مژێنێت‌و هه‌ڵخڵه‌تێنێ. 

بۆ من جێگه‌ى ئومێدو دڵخۆشیه‌ که‌ ئیراده‌یه‌کى پۆزه‌تیڤ ماوه‌، یاخى بوون له‌پێناو حه‌ق ماوه‌، وشیاریه‌کى ڕه‌خنه‌گرانه‌ له‌بره‌ودایه‌ که‌ده‌کرێت ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ى ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤێکى باشتر بدۆزێته‌وه‌‌و متمانه‌ى پێبکات .
خۆشبه‌ختانه‌ هه‌م ویژدانى زیندوو له‌ناو هه‌موو چین‌و توێژه‌کان‌و هه‌تا له‌ناو حزب‌و ڕێکخراوه‌کانیشدا ماوه‌، هه‌روه‌ها ڕۆشنبیرى وشیارو به‌توانا‌و دڵسۆز ماوه‌ که‌ ده‌توانن کاریگه‌ریه‌کى باشیان له‌سه‌ر زهنیه‌تى خه‌ڵک هه‌بێت‌و ببنه‌ به‌شێکى گرنگ له‌مانه‌وه‌ى ڕوحى به‌رگرى‌و گۆڕانکاریدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار